ئەحلام مەنسوور، ژنێک لە ڕەگەزی ئەدەبیات

 

ئەحلام مەنسوور لە ساڵی ١٩٥١ لە خانەقینی باشووری کوردستان لەدایک بووە.

 لە ساڵی ١٩٥٦ دەخرێتە بەر خوێندن و لە ساڵی ١٩٦٢ قۆناغی سەرەتایی و ساڵی ١٩٧٠ قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە "خانەقین" تەواو کرد و هەر لەم سەردەمەیشدا بوو بە ئەندامی حزبی شیوعیی عێراق.

لە ساڵانی خوێندنی ئامادەییدا لەگەڵ "لەیلا قاسم"ی هاوڕێی پێکەوە چالاکیی قوتابخانەیان بە ڕێوە دەبرد. پاشان ساڵی ١٩٧٠ لە بەشی زمانی کوردیی زانکۆی بەغدا وەرگیرا و هاوڕێکەیشی لەیلا قاسم لە بەشی کۆمەڵناسی وەردەگیرێت. ئیدی لەوە بەدواوە ئەحلام هۆگری زمانی کوردی بوو، هاوڕێکەیشی ئاشنایەتیی لەگەڵ کتێبەکانی عەلی ئه‌لوەردی پەیدا کرد و لە بەشی ناوخۆیی کۆلێژی ئاداب پێکەوە درێژەیان بە خوێندنەکەیان داوە.

هاوکاتیش ئەحلام ئاشنایەتیی لەگەڵ هەردوو مامۆستا ڕەفیق سابیر و هێمنی شاعیردا پەیدا کرد کە بێگومان ڕۆڵیان لە پێگەیاندنیدا دەبێت و فێری چیرۆکنووسین و خوێندنەوەی مارکسیزمیان کردووە. هەر لەم دەمەیشدا ئەحلام چەند شیعرێکی کورتی بە زمانی عەرەبی و چەند کورتەچیرۆکێکی بڵاو کردەوە.

کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی

 

وەک یەکەمین ژنەڕۆژنامەوانی کورد لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥دا لە دەزگای هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی دامەزراوە و دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە ساڵانی هەشتاکانیشدا دەستی کردووە بە نووسینی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی. یەکەم نۆبەرەشی بە ناوی "ئامە ڕەشە"وە بڵاو کردەوە کە باسی ڕووداوەکانی شاری خانەقینی کردووە.

لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕۆمانێکی بە ناوی "ئەڵوەن" نووسی کە دەتوانین بڵێین یەکەمین بەرهەمە بە زمانی کوردی لە بواری ڕۆمانی فێمینستیی سۆسیالیستیدا. لەم ڕۆمانەدا قارەمان ئامە ڕەش و دەیان ژن و کچی هەژار بە هەموو کێشە و ئاریشەکانیانەوە لە سەرتاسەری ڕۆمانەکەدا دێنە گۆ.

پاش ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لە شاری سلێمانی جێگیر بوو و هەر لە زانکۆی سلێمانی لە بەشی ڕاگەیاندن و کۆمەڵناسی دامەزراوە و درێژەی بە بەرگریکردن لە ژنان و هەژاران دا.

ئەحلام مەنسوور جگە لە ڕۆمانەکانی ئەڵوەن و پرد، چەند کتێبێکی تریشی بڵاو کردووەتەوە، وەک: خەون و خوێن، هەروەها دیستۆپیا و کتێبی ئەزموون. ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی ماجستێری لە کورتەچیرۆکدا وەرگرت و لە پاش ئەو بوو بە مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سلێمانی و تا کۆتاییی تەمەنی لەسەر ئەم کارەی بەردەوام بوو.

لە رێکەوتی ١٠/١/٢٠١٣ دڵە گەورە و میهرەبانەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی یەکجاریی لە کوردستان کرد.

KURDŞOP
822 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!