پڕۆفیسۆر عەبباس وەلی خەڵکی مهابادە. خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەییی لە شاری تەورێز تەواو کردووە، خوێندنی باڵای لە تاران درێژە پێ داوە و لەوێ لە ساڵی ١٣٥١/ ١٩٧٣ لە زانکۆی میللیی تاران لە زانستی سیاسیدا پلەی لیسانس(بەکالۆریۆس)ی وەرگرتووە.
دواتر بۆ خوێندنی بەرز چووەتە بریتانیا، لە ساڵی ١٣٥٥/ ١٩٧٦ لە زانکۆی کیل، پلەی ماستەری لە بواری تیوریی سیاسیدا بە دەست هێناوە و لێکۆڵینەوەکەی بۆ وەرگرتنی ئەو پلەیە بریتی بوو لە "تێپەڕین بەرەو کاپیتالیزم لە بیرکردنەوەی سیاسیی ڕووسی لە نێوان ساڵانی ١٨٦١ – ١٩١٧ دا".
عەبباس وەلی بە نووسینی لێکۆڵینەوەیەک بە ناوی: "زەوی، کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێرانی بەر لە سەرمایەداریدا" خوێندنی دوکتۆرای خۆی لە بواری کۆمەڵناسیدا لە زانکۆی لەندەن تەواو کردووە.
لە ساڵی ١٣٦٣/ ١٩٨٣ لە کۆمەڵناسیی مێژووییدا پلەی "پی ئێچ دی"ی بەدەست هێنا و بەدوای ئەوەدا دەستی کرد بە لێکۆڵینەوەی پاش دوکتۆرا لە زانکۆی لەندەن و لەسەر پڕۆژەیەک کاری کرد بە ناوی: "دین و ڕووناکبیران لە شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا" (١٩٨٣- ١٩٨٥)
وەلی، لە ساڵی ١٩٨٦ لە زانکۆی وەیلز لەشاری سوانزی کاری ئاکادێمیی خۆی دەست پێ کرد و لەوێ وانەی تیۆریی سیاسی و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەگوتەوە تا بەر لەوەی لە ساڵی ٢٠٠٥ بە پێی داخوازی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە بۆ هەولێر و زانکۆیەکی نوێ دامەزرێنێت.
کاراکتێر دیزاینێر: هێمن قارەمانی
عەبباس وەلی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە هەولێر سەرۆک و دامەزرێنەری زانکۆی کوردستان بوو. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ لە بەر بۆچوونی جیاواز لەگەڵ حکوومەت سەبارەت بە بەڕێوەبردنی زانکۆکە هەولێری بەجێ هێشت.
عەبباس وەلی دوای هەولێر چووە ئەستەنبوڵ و لەوێ لە زانکۆی بۆغازیچی بوو بە سەرۆکی بەشی بیری مۆدێڕنی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دێپارتمانی کۆمەڵناسیی ئەو زانکۆیەدا (٢٠٠٨ – ٢٠١٧ )
لە ناو نووسینەکانی پرۆفیسۆر عەبباس وەلیدا دەکرێ ئاماژە بەم کتێبانە بکرێ:
ئێرانی بەر لە سەرمایەداری: مێژوویەکی تیۆری (وەشانخانەی I.B. Tauris ١٩٩٣)
هێندێک بابەت لە سەر بنچینەی ناسیۆنالیزمی کورد (وەشانخانەی Mazda ٢٠٠٣ )
کوردەکان و دەوڵەت لە ئێران: ساز کردنی شوناسی کورد (وەشانخانەی I.B.Tauris ٢٠١٢)
ساڵانی لە بیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران (وەشانخانەی Palgrave-Macmillan ٢٠١٩)
دەسەڵات و خۆڕاگری لە کوردستان
کۆماری زەبروزەنگ