بریندار لەگوێن فۆڕمێک لە بوون

 

- شاهۆ حوسێنی

(هۆکارناسیی ڕاپێچکردنی بریندار  بۆ گرتووخانە)

 

لە ماوەی یەک دەیەی ڕابڕدوو، مەودای سەرهەڵدان و دەرکەوتنی دژایەتییەکان لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی دژی دەسەڵاتی پێشێلکەر، سەرکوتکەر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژبەڕۆژ کورتتر بووەتەوە، بە جۆرێک کە ئیتر ئێستاکە ڕۆژ نییە دژایەتی و ناڕەزایەتییەک دژی کۆماری ئیسلامی لە گۆشەیەک لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێران سەرهەڵنەدات. دژکردەوەی کۆماری ئیسلامیش دژی ئەم ناڕزایەتییانە بێگومان یەکجار زۆر توند، بێشەرمانە، نامرۆڤانە و بە دوور لە هەر جۆرە پڕەنسیپێکی مرۆیی ‌و دێمۆکراتیکە. هەر بەتەنیا شەهیدانی شۆڕشەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بەپێی داتا نافەرمییەکان و لەگەڵ ئەوەدا گوشارێکی زۆری نیزامی و ئەمنی باڵی بەسەر هەرجۆرە بڵاوکردنەوەی هەواڵدا کێشاوە، بەڵام باس لە شەهیدبوونی سەدان کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار کەس دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی شەهیدان و بریندارەکان لەژێر هەڕەشە و گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکاندان و هەرجۆرە هەواڵێک یان کردەوەیەک دژکردەوەیەکی توندی ئەمنیی بەدوادا دێت.

برین پێناسەی جینایەت

برین دەشێ زۆر پێناسە و مانای جیاواز هەڵبگرێت، لە پزیشکیدا، لە ئەدەبیاتدا، لە کۆمەڵناسیدا و لە فەلسەفەدا پێناسە و وێناکانی برین و بریندار بێگومان جیاوازن. برین لە جیهانی شۆڕش و بەرخۆداندا پێناسە و هێمایەکی گرینگە. برین هێمای بەرخۆدان و پێناسەی جینایەتە دژ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و برینداریش برین وەک ئاڵایەک هەڵدەگرێت، واتە بریندار دەبێتە لەقاودەر، ئەوی‌ تری هێمای، سوبژەی سەربەخۆ و ئەڵترناتیڤی داپڵۆسێنەر، پاوانکەر و پاوانخواز، لە ڕاستیدا بریندار دەبێتە ئەوی‌ تری دیکتاتۆر، سەڕەڕۆ و پاوانخواز. لە ڕاستیدا هەر بریندارێک لەخۆگری چوار هێمایە: یەکەم، برین وەک ئاڵای جینایەت؛ دووەم، خەباتکار و شۆڕشگێڕێک کە دژ بە پاوانخواز و داگیرکەر ڕاساوە؛ سێهەم، ئەوی ‌تری زاڵمێک‌ کە ملکەچی داپڵۆسان و داگیرکردن نابێت؛ چوارم، ئاڵاهەڵگری جینایەتی زاڵمێک و زوڵمێک. لێرەوەیە کە شۆڕشگێڕێک کە بریندارە پێویستە بسڕدرێتەوە و وەک هێما لەنێو کۆمەڵگەدا نەمێنێت، دەسەڵاتە پاوانخواز و دیکتاتۆرەکان کە نەیانتوانیوە مرۆڤ وەک شۆڕشگێڕ بسڕنەوە و بە جەستە لەنێوی برن، لەڕێی ڕاپێچی ‌گرتووخانەکردن، بەندکردن و زیندانیکردنی، هەوڵی سڕینەوەی برین و بریندار دەدەن، واتە هەوڵی پێشگرتن بە سەیرووورەتی شۆڕش و بەرخۆدان دەدەن.

بریندار ئەوی ‌تری دەسەڵاتی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامییە، بریندار فۆڕمێک لە بوونە، جۆرێک ئەگزیستێنسە کە کۆدی شوناسی داسەپاو لەلایەن کۆماری ئیسلامی وەک ئەوی ‌تری شکاندووە. بریندار بووەتە فۆڕمێک شوناس، بووەتە ناسنامە و گوتارێک، بەگشتی بووەتە ڕێچکەیەک بۆ بەگژداچوونەوەی پاوانخوازێتی، سەرەڕۆیی و زۆرداری.

بریندار دازاینە، بوونێکی کە لەنێو جەرگەی تێگەیشتن، فام، خۆپێناسەکردن و خۆدەرخستندایە، بریندار کێشە و قەیرانێک لە بووندا نییە، بەڵکوو فۆڕمێکبوونە، برین بەشێک لە بوونی شۆڕشگێڕە، تایبەتمەندییەکی ڕواڵەتی کە لە تەنیشت تایبەتمەندییەکانی ‌تر "بوون" کامڵ دەکات. بریندار، ڕەخسیو و ڕزگار لە ئەوی ‌تر، خۆداڕێژراوی و خۆچارەنووسی تەوەرەی مرۆڤ بە مانای ئەگزیستێنسە. مرۆڤی بریندار بەڵام سەربەخۆیە لە هەڵبژاردن، هەڵوێستگرتن و بڕیاردان، ئەو سەربەخۆیانە بوونی خۆی بەسەر شووناسدا دەسەپێنێت، ئەو بوونی ملکەچی شوناس ناکات، واتە بوونی ئەگزیستێنس بوونێکە کە شوناس دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و سەربەخۆییی خۆی بەسەر شوناسدا دەسەپێنێت، ئەو خالقی شوناسە نە مەخلووقی شوناس، بۆیەش بە دژ هەر جۆرە شوناسێکی داڕێژراو لە دەرەوەی بوونی ئەو ڕادەوەستێتەوە، کەوابێ بریندار فۆڕمێکبوونی ڕاساو بە دژ شوناسە، ئەو بوونی سەربەخۆیانەی، شوناسی داڕێژراو لەلایەن خۆیەوە، بە هیچ بوون و شوناسێکی ‌تر ناگۆڕێتەوە.

KURDŞOP
342 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!