"خەڵاتی زارا" و خەبات بۆ ناسنامە

بێهزاد قادری

 

ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانبار، دووەمین ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی "زارا" لەلایەن ڕێکخراوی کەلتووریی "کوردشۆپ" و بە بەشداریی نووسەران، ڕووناکبیران و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و خەڵاتەکە پێشکەش بە خاتوو "ئەمینە عەمەر"، نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان کرا. ئەم خەڵاتە ساڵی ڕابردوو و دوای دەسبەسەرکردن و سەپاندنی پێنج ساڵ بەندکردن بەسەر خاتوو "زارا محەممەدی"، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوی ئەم مامۆستایە و بۆ پێداگریکردن لەسەر مافی زمانی کوردان ڕاگەیەندرا و بۆ یەکەمجار پێشکەش بە ناوەندی فەرهەنگی- هونەریی "ڤەژین"ی مەریوان لە ڕۆژهەڵات کرا. هەروەها بڕیار وایە کە ساڵانە ئەم خەڵاتە پێشکەش بە کەس یان ناوەندێکی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بکرێت کە بە شێوەیەکی بەرچاو و کاریگەر خزمەتی زمان و کەلتووری کوردی دەکات.

ئەم پێشەکییەم لەسەر ئەم خەڵاتە باس کرد تاکوو ئەو بەستێنە بئافرێنم کە باس لە کۆمەڵێک سەرنجی گرینگ لەسەر ئەم خەڵاتە و کەشی بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە لە ئەمساڵدا بکەم، هەروەها بابەتێکی گرینگ بکەمەوە، ئەویش خەبات بۆ ناسنامەیە.

پێم باشە هەر لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەوە دەست پێ بکەم. بە حوکمی ئەوەی بۆ خۆم لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بووم (بەر لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە)، بەوردی زۆر ڕەهەندم ئانالیز و لەبەرچاو گرت. ئەوەی هەر لە دەستپێکەوە قورساییی ڕێوڕەسم و خەڵاتەکەی پیشان دەدا، بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی ئەکادمیک، ئەدەبی، ڕۆشنبیر و سیاسیی بەرچاوی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا بوو. بە واتایەکی تر، باڵانسێکی جوان لەنێوان بەشەکانی کوردستان ڕاگیرابوو و ئەمە پیشاندەری ئەوە بوو کە ڕێوڕەسمەکە بە پارچەیەکی کوردستان بەرتەسک نەکراوەتەوە و ڕێکخراوی "کوردشۆپ"یش بە بیرێکی نیشتمانییەوە و لە بەستێنێکی بەرفراوانتردا چالاکی دەکات کە خودی بەخشینی خەڵاتەکەش بە کەسایەتییەکی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان ئەم بابەتە دەسەلمێنێت. هەروەها بەشداریی ئەم کەسایەتییانە لە گشت کوردستانی گەورە لەم ڕێوڕەسمەدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە کوردشۆپ دەیەوێت کەشێکی نیشتمانیی وەها بخوڵقێنێت کە دەرفەتی لێکنزیکبوونەوەی زیاتری کەسایەتییە کوردەکانی هەر چوار بەشی کوردستان بێنێتە ئاراوە و وەبیرمان بێنێتەوە کە خەباتی هەر هەموومان بۆ ناسنامەی کوردستانی، یەک خەباتە و یەک ئامانجی لە پشتە.

ڕێوڕەسمەکە لە هۆڵێک کە بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان ڕازێندرابوویەوە، بە سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. ئاڵا و سروودی نیشتمانی، دوو هێمای نەتەوەییی هەر گەل و وڵاتێکە کە بە بەشێکی گرینگ لە ناسنامەی هەر گەل و وڵاتێک دادەنرێت. بۆ ئێمەی کوردیش بە هەمان شێوەیە، بەڵام لە دۆخێکدا کە خاکت داگیر کراوە و هەوڵەکان بۆ داگیرکردنی مێشک و بیریشت لەلایەن داگیرکەرانەوە بە چڕی بەردەوامە، ڕێزگرتن و بەرزنرخاندنی هێما نەتەوەییەکانت، پێداگرییە لەسەر ناسنامەکەت و جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەیکە ئێمەش نەتەوەیەکی خاوەن ناسنامەی جیاوازین.

لە ڕێوڕەسمەکەدا "وڵات قادری"، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردشۆپ، وتاری خۆی پێشکەش کرد. هەرچەند لەو وتارەدا کۆمەڵێک بابەتی زۆر گرینگ ورووژێنرابوو و پەنجەی لەسەر نرابوو، بەڵام من لێرە بەپێی مەجال باس لە یەک دوو خاڵێک دەکەم. ناوبراو لە وتارەکەیدا بە شێوەیەکی بەربڵاو پەرژایە سەر گوتاری کوردایەتی و کوردستانیبوون، گرینگیی زمان، ئەدەب و کەلتووری کوردی و ئامانجی ڕێکخراوی کوردشۆپ و هەروەها ئامانج و مەبەست لە بەخشینی خەڵاتی زارا. بەگشتی وتارێکی تەواو کوردانە بوو و دانە بە دانە جەختی لەسەر ئەو خاڵانە کردبووەوە کە ئێمە دەبێ لە خەبات بۆ ناسنامەمان لەبەرچاومان بێت. بۆ نموونە، ئاخافتن و خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیمان لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانمان؛ کارکردنی بەردەوام و پێداگرانە لەسەر زمانمان و بەرهەمهێنانی دەق و کتێب بە زمانی کوردی بۆ هەرچی دەوڵەمەندترکردنی زمانەکەمان؛ هەڵبژاردنی ناوی جوان و خۆشی کوردی بۆ منداڵانمان؛ خاوەندارێتیکردن لە کەلتوور و ئەدەب و هەر شتێک کە پەیوەندیی بە ژینگەی کوردییەوە هەیە و هتد. کە هەرکام لەمانە باس لە ڕەهەندێکی خەبات بۆ ناسنامەمان دەکات (دەقی وتارەکە لەسەر ماڵپەڕی کوردشۆپە).

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا ئینفۆگرافییەک لەسەر چالاکییەکانی کوردشۆپ لە دوو ساڵی ڕابردووی زایینیدا بڵاو کرایەوە. لەم ئینفۆگرافییەدا بە جوانی، بەربڵاوی و نەتەوەییبوونی چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە پیشان درا کە هەر کام لە جێی خۆیدا زۆر گرینگە و جێگای ڕێز و پێزانینیشە. لەبەر نەبوونی مەجال لەم نێوانەدا تەنیا بە کورتی باسی بەخشینی خەڵاتی زارا دەکەم. لە پێشەکیی ئەم یادداشتەدا ئاماژەم بەم خەڵاتە و دروستبوونی بیرۆکەی ئەم خەڵاتە کرد.

بە ڕای من خەڵاتی زارا یەکێک لە گرینگترینی ئەو خەڵاتانەیە کە لە کوردستان پێشکەش دەکرێت. خەڵاتی زارا تەنیا خاوەندارێتیکردن لە مامۆستایەکی زمانی کوردی نییە کە حوکمی بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابێت، بەڵکوو ئەم خەڵاتە پشتیوانیکردنە لە هەموو مامۆستایەکی زمانی کوردی، بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی کە لە دۆخێکی جیاوازدا (وەک خاتوو زارا محەممەدی) وانەی زمانی کوردی دەڵێنەوە. ئەم خەڵاتە پێداگریکردنە لەسەر مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیمان لە هەر چوار بەشی کوردستان و جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو مافانەی کە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە لێمان زەوت کراوە. بەخشینی خەڵاتی زارا یەکێکی تر لە ڕەهەندەکانی خەبات بۆ ناسنامەمانە.

یەکێکی تر لە گرینگترین کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە خەڵاتبەخشین و ڕێوڕەسمگەلە، پەرەدان بە هزری کوردستانییە، پەرەدان بە هۆشیاریی نیشتمانی و پەرەدان بە هزری شوناسخوازییە. دەنگدانەوەی ئەم بابەتە لە میدیاکان و سۆشیالمیدیادا بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هزر و سەرنجی خەڵک بەگشتی و لاوان بەتایبەتی بۆ لای پرسی "زمانی کوردی" و بۆ لای پرسی کوردستان. ئەمە بۆ خۆی زیاتر هێڵی نێوان ئێمە و ئەویدیمان پڕڕەنگ دەکاتەوە و شۆکێکیشە بۆ وەخەبەرهێنانەوەی کەسانێک کە تووشی نامۆیی نەتەوەیین. ئەم بابەتە تاکوو ڕادەیەکی زۆر دەبێتە هۆی گەشەی زیاتری زمانەکەمان و ئەمە ئێمە لەو خەباتەیدا کە باسم کرد (خەبات بۆ ناسنامە) بەهێزتر دەکات.

پاشان ڕێوڕەسمەکە بە چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانیی کوردی لەلایەن دوو هونەرمەندی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان، "نوورشین و پەروین" ڕازێندرایەوە کە ئەوەش بۆ خۆی کەشێکی هونەریی تایبەتی بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی. لە بڕگەکانی دواتری ڕێوڕەسمەکەدا، ڕاپۆرتی لێژنەی داوەرانی خەڵاتەکە خوێندرایەوە و ناوی براوەی ئەمساڵی خەڵاتی زارا ئاشکرا کرا (ئەم وتارەش لەسەر ماڵپەڕی کوردشۆپە). دواتر خەڵاتی زارا پێشکەش بە "خالید جەمیل محەممەد" وەک نوێنەری خاتوو "ئەمینە عەمەر" لە ڕێوڕەسمەکەدا کرا و ڤیدیۆیەکی ئامادەکراو و پڕۆفیشناڵ لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی خاتوو "ئەمینە عەمەر" بڵاو کرایەوە. هەموو ئەم بڕگانە زۆر بە جوانی و بە ئەتەکێتەوە بەڕێوە چوون کە هەر کامی لە جێی خۆیدا جێی باس و بەرزنرخاندنە. بە واتایەکی تر خاڵە بەهێزەکان هێندە زۆر بوون کە قسەیەکی بۆ ڕەخنەی ئەوتۆ نەهێشتووەتەوە.

ئەوەش بڵێم کە سەرنجڕاکێشیی ئەم ڕێوڕەسمە هەتا کۆتاییی ڕێوڕەسمەکە بەردەوام بوو و لە بڕگەی کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربووان بە پەیامی ڤیدیۆییی مامۆستا "زارا محەممەدی" کە بۆ ڕێوڕەسمەکە هاتبوو، سوورپرایز بوون. هەرچەند خاتوو زاراش بە دۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت و هاوسەرەکەشی (کاک سەیوان ئیبراهیمی، چالاکی مافی زمان) لەلایەن ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانەوە سزای ١٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام بە ورەیەکی پۆڵایینەوە پەیامی پڕناوەڕۆکی خۆی گەیاند. ئەم فیلمەش وەک دەقی وتارەکان لەسەر ماڵپەڕی کوردشۆپ دانراوە.

وەک کۆتاقسە، هیوادارم لەم شەڕەی کە بۆ بوون و ناسنامەمان دەکەین، شاهیدی وەها خەباتگەلێک بین، چونکە شەڕی ئێمە، شەڕی ناسنامەیە، شەڕی بوون و نەبوونە.

KURDŞOP
482 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!