کەلتووری مۆدێڕن و دەسەڵاتی مۆدێڕن

- شاهۆ حوسێنی

 

زیاتر لە سەدەیەکە خەبات ‌بۆ ئازادی و پەرەدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ‌کۆمەڵگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی پێ‌ کردووە، بەڵام ئەوەی بەردەوام بەرهەم دێتەوە، پاوانخوازیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییە و ڕۆژهەڵاتی ناوین نەتەنیا هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، بگرە پاشکەوتووتریش بووە. ئەم ڕەوتە ئەگەر سەرنجێکی وردی نەدرێتێ، نە دەشێ بە ڕوونی شی ‌بکرێتەوە و نە دەشێ چارەسەریش بکریت. بێگومان ئەمەی لە ڕۆژاوا وەک پێشکەوتنی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبینرێت، بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی، دەرکەوتنی ئایدیای ئابووریی مۆدێڕن، ڕۆشنگەری بە مانای ڕەخساندنی بەستێنی زەینی و مەعریفی، پەرەپێدان و پێشکەوتن، پێگەیاندنی مرۆڤی مۆدێڕن لەڕێی پەروردە لەسەر بنەمای هزر و ئەندێشەی مۆدێڕن و تێپەڕێن لە جیهانی مانایی، کەلتووری و هزریی نەریتییە.

 

کەلتووری‌ مۆدێڕن

مۆدێڕن نە بە مانای نوێبوون لە ڕواڵەتدا کە بە مانای دەرچوون لە نەریتە مسۆگەربووەکان وەک حەقیقەتی چەسپاو و پیرۆز کە مرۆڤی ملکەچ، گوێڕایەڵ و بەتاڵ لە ئیرادە کردووە بەرەو تەوەربوون، سەربەخۆبوون و سووژەبوونی مرۆڤ و بانتر لەوە پلۆرالیزمی حەقیقەتەکان، ڕوانگەکان، سووژەکان، بنەمای گەیشتن بە خواست و ویستە مۆدێڕنەکان، پەرەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە. واتە سەرەتا بەها، نۆڕم و کەلتوور نوێ دەبێتەوە ئینجا ڕەنگدانەوەی ئەم نوێبوونەوەیە لە ڕووخان و ژیانی ڕواڵەتی و جیهانی دەرەوەی مرۆڤدا، بەتایبەت کۆمەڵگەی مرۆڤ ڕەنگ ‌دەداتەوە.

شۆڕشی پیشەیی پەرەسەندن و پێشکەوتنی پیشەیی بەرهەم دێنێت. ژیان لە گوند و عەشیرەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ شارەکان وەک ناوەندێک لە دەرەوەی هێز و بازنەی دەسەڵاتی زەینی، کەلتووری و ڕواڵەتیی ژیان و دەسەڵاتی نەریتی، بنەمای پەیوەندیی مرۆڤەکان لە خوێن و بنەماڵەڕا دەگوازرێتەوە بەرەو پەیوەندییەکانی پیشەیی، چینی و هزری. واتە مرۆڤ لە جەغزی پەیوەندیی نەریتی‌ڕا فڕێ دەدرێتە نێو جەغزی پەیوەندیی پیشەیی. بەم شێوەیە ئاڵقە و دەروەستایەتیی نەریتەکان لەنێو دەچن، کۆمەڵگەیەکی نوێ  و جیاواز لە عەشیرە، خێڵ و بنەماڵە دەردەکەوێت کە بە نەتەوە وێنا دەکرێت و پێناسە دەکرێت. ئەم فۆڕمە نوێیە کۆمەڵایەتییە بەرهەمهێنەری سیستەم و نەزمێکی نوێی سیاسییە کە وەک دەوڵەتی مۆدیڕنی دێموکراتیک پێناسە دەکرێت. بەم شێوەیە لە تەنیشت مۆدێڕنیتە وەک هزر و فەلسەفە، مۆدێڕنیتەی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئابووریی مۆدێڕنیتەی سیاسییش بەرهەم دێت و بەم شێوەیە هەموو کوچکەکانی نوێبوونەوە و مۆدێڕنبوون دەردەکەون.

تەوەرەی سەرەکیی هەموو ئەم چوارچێوە و فۆڕماسیۆنەی ئێمە وەک مۆدێڕن، مۆدێڕنیتە و نوێبوونەوە دەیناسین، مرۆڤە. واتە مرۆڤ دەبێتەوە بە چەق و تەوەرەی سەرەکیی جیهان و ژیان و هەرچی ڕێسا و نۆڕم و بەهایە بۆ پەرەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، پێگەیشتنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و خزمەت بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەرهەم دێت. بێگومان هەموو ئەوانە لەسەر ئەساسی کەلتووری مۆدێڕن واتە ڕوانگە، هزر و ئەندێشەیەکی نوێ لەمەڕ مرۆڤ بەرهەم دێت.

 

دەسەڵاتی مۆدێڕن

دەسەڵاتی مۆدێڕن نە لە فۆڕمی ڕواڵەتیدا بەڵکوو وەک کەلتوور و ڕوانگەیەکی مەعریفی بەرهەمی گەڕانەوەی مرۆڤ وەک تەوەرە بۆ نێو جیهانی ژیان و ئەندێشە. لە ڕاستیدا مرۆڤی دەستکرد، گوێڕایەڵ و ملکەچی ژینگەی نەریتی، دەبێتە مرۆڤی سەربەخۆ، خۆپێناسەکەر و خۆبنیادنەر کە خوڵقێنەری دەسەڵاتە و دەسەڵات بۆ خزمەت بە پەرەسەندنی بەرژەوەندی و پاراستنی جیهانی تاکێتیی ئەو لەلایەن تاکەوە بنیاد نراوە. ئەوە لە کاتێکدایە لە جیهانی نەریتیدا دەسەڵات خوڵقێنەری تاک، خواست و جیهانی ژین و ئەندیشەی تاکە، دەسەڵات بان مرۆڤ، ژیان، ژینگە و هزری تاک دەخوڵقێنێت.

بەپێچەوانە لە جیهانی مۆدێرندا دەسەڵات وڵامدەر بە تاکە و پارێزەری جیهانی تاکێتی و کۆمەڵایەتیی تاکە. دەسەڵات بە ئیرادەی تاک و بە شێوەیەکی کاتی دەور دەگێڕێت و نە بە مەبەستی حکوومەتکردن و حوکمکردن بەسەر تاکدا کە بە مەبەستی پاراستنی تاک و پارێزگاری لە جیهانی تاک. ڕەوتی دەرکەوتنی دەسەڵاتی مۆدێڕن بەم شێوەیە کە سەرەتا ژینگە و جیهانی سەربەخۆی تاک دەردەکەوێت و لە پاشان تاک جیهانی سیاسی و دەسەڵات دەخوڵقێنێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە جیهانی شێوە مۆدێڕنی ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرەتا حکوومەتی شێوە مۆدڕێن دەردەکەوێت بە مەبەستی مۆدێڕنکردن و نوێکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە، بەڵام کە بە دەسەڵات گەیشت لە هەموو کەرەسەیەک بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوام و بەردەوامیی دەسەڵاتی خۆی و ژێرچەپۆکە هێشتنەوەی تاک کەڵک وەردەگرێت.

KURDŞOP
568 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!