زمان لەگوێن دەرکەوتەی سیاسی (نەتەوەخوازیی زمانی بنەمای نەتەوەخوازیی سیاسی)

- شاهۆ حوسێنی

نەتەوەخوازیی ‌فارسی خۆی لەنێو بازنەی "سەروەریی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران، سەروەریی زمانی فارسی و هێژمۆنیی ئێتنیکیی فارسدا" دەبینێتەوە و هەوڵی سەپاندنی "ئێرانخوازی" وەک ئەمری سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووری بەسەر هەموو نەتەوە جیاوازەکانی نێو ژێئۆپۆلەتیکی‌ ئێراندا دەدات.

لە ڕاستیدا، "حکوومەتی ‌فارسی" وەک ئەمری سیاسی لەنێو چوارچێوەی ئێرانخوازیدا، لەڕێی زمانی فارسییەوە بەسەر تاکی ئێرانیدا دەسەپێندێرێت. هەروەها فارس هەوڵ دەدات لەڕێی بە مێژوویی و کەلتووریکردنی ئەمری سیاسی، بیروڕای گشتیی نەتەوە غەیرەفارسەکان بەلاڕێدا بەرێت تاکوو هەم بەم شێوەیە ڕەوایی لە خەباتی مافخوازانە و شوناسخوازانە و نەتەوەخوازانەی نەتەوەکانی ‌تر و یەک لەوان کورد بسڕێتەوە، هەمیش لە قوبحی دیکتاتۆرییەت و پاوانخوازێتیی خۆی کەم بکاتەوە. ئەوان هەوڵ دەدەن لەڕێی بە مێژووییکردنی ئێران وەک ژێئۆپۆلەتیک، پێش بە پارچەپارچەبوونی ئێران بگرن، لەڕێی بەمێژووییکردنی زمانی فارسی وەک ئەمری مێژوویی، پێش بە گەشە و دەرکەوتنی زمانەکانی ‌تر و یەک‌ لەوان زمانی‌ کوردی بگرن. لە ڕاستیدا ئەوان لەلایەک بە مەبەستی مسۆگەرکردن و پەرەدانی هێژمۆنیی خۆیان هەوڵی بەسیاسیکردنی هەموو دیاردە کەلتووری، شوناسی و زمانییەکان دەدەن، لەلایەکی ترەوە لەڕێی سیاسی‌سڕینەوە لەم دیاردانە هەوڵی قەباحەت‌سڕینەوە لە پاوانخوازێتیی خۆیان دەدەن.

ئەرک و کارکردی زمان

زمان وەک تواناییەکی دەروونی بۆ بیرکردنەوە، لەگەڵ مرۆڤ لەدایک دەبێت و مرۆڤ بەرهەم دێنێت. مرۆڤ لەگەڵ زمان پەرە دەستێنێت، باڵا دەکات و دەمرێت. زمان چوارچێوەی دەرکەوتنی مرۆڤە، پێناسەی مرۆڤە و مرۆڤ لەڕێی زمانەوە دەناسرێت و دەناسێندرێت. دەشێ بگوترێت کە مرۆڤ و زمان "ژانووس"ێکن، بە جۆرێک کە نە زمان بێ مرۆڤ بوونی دەبێت و نە مرۆڤ بەبێ زمان بوونی دەبێت. مرۆڤ لەڕێی زمانەوە خۆی و ئەویدی پێناسە دەکات، سنوور دیاری دەکات، کردەوە و دژکردەوە دەنوێنێت، هەڵوێست دەگرێت و هەست دەردەخات.

زمان نیزامێکی پێکهاتمەندە بۆ پەیوەندیگرتن لەنیوان مرۆڤەکاندا. لە ڕاستیدا زمان لەڕێی وشەکان، نیشانەکان، ڕستەکان و نووسراوەکان مەبەستێک، خواستێک یان چەمکێک دەگەیەنێت. دەشێ بگوترێت زمان سەرەتا بەستێنێکە کە لەودا مانایەک، مەبەستێک و هزرێک پەروەردە دەکرێت و دواتر لەڕێی زمان، وەک "نیشانە ڕواڵەتییەکان"، ئەم مەبەست و هزرە دەگەیەنرێت.

سێ تایبەتمەندیی گرینگی زمان بریتین لە: توانایی زاوزێ، بان چین ‌و توێژی و گرێبەستی ‌کۆمەڵایەتی (واتە دیاردەیەکی گەوهەری، مسۆگەر و هەمیشەیی نییە). یەکێک لە گرینگترین هزر و ئەندێشە مۆدێڕنەکان "نەتەوەخوازییە" کە لە هەناوی زماندا پەروەردە کراوە و لەڕێی زمان وەک نیشانە بە شێوەی نیزامێکی پێکهاتەمەند دەرکەوتووە، زمان بەهۆی ئەوەیکە دەرخەری ئەزموونی گشتیی نەتەوەیەکە، دەورێکی گرینگی لە ڕاگواستنی شوناسی نەتەوەیی هەیە. زمان بەرهەمی توخمگەلێکە کە وەڕناگێڕدرێنەوە، بەهۆی ئەوەیکە لەخۆگری ڕوانگەی ڕەسەن و تایبەتی ژینگەیەکی تایبەتە کە زایەڵەی ڕاستەقینەی پەروەردەکراو لەنێو ئەو توخمانەدایە.

"بنێدیکت ئەندرسۆن" لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نەتەوەکان سەرەتا لە زماندا دەردەکەون تا لە خوێن. ئەو لە درێژەدا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نەتەوەکان بەرهەمگەلێکی کەلتوورین کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا بە شێوەی زمانە لۆکاڵییەکان دەرکەوتن، واتە پەرە و مسۆگەربوونی زمانە لۆکاڵییەکان و پاشەکشەی زمانی کلیسا، بەستێنی دەرکەوتنی نەتەوەکان بووە.

زمانی فارسی سەپێندراوێکی سیاسی

زمانی فارسی کۆڵەکەیەکی‌ گرینگی نەتەوەخوازیی ‌فارسی، ئێرانی زەینی و ڕواڵەتی و هەروەها دەسەڵاتی فارسییە. لە ڕاستیدا زمانی فارسی وەک کۆگشتییەک لە دیاردە زەینییەکان بە مانای شوناس، ئەندێشە و ڕوانگە، لە تەنیشت دیاردە ڕواڵەتییەکان وەک نیشانە، وشە و ڕستە، هەم هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەیەکی نەتەوەییە و هەمیش بەرهەمهێنەری کۆمەڵگەیەکی‌ نەتەوەییی بەربڵاو وبەرفراوانە لەڕێی سەپاندنی دیاردە زەینی و ڕواڵەتییەکان. بە کورتی دەشێ بگوترێت کە زمانی فارسی گرینگترین و سەرەکیترین بنەمای دەرکەوتنی نەتەوەخوازیی ئێرانی و بەرهەمهێنەری دەسەڵاتێکی پاوانخواز، سەرەڕۆ و داپڵۆسێنەرە.

زمانی فارسی لە ڕاستیدا زمانی داگیرکەرە، بەستێنێکی زەینی و چوارچێوەیەکە کە لەودا مانا و فام و تێگەیشتووییی فارسیی تێدا بەرهەم هاتووە. نەتەوەخوازیی ئێرانی و پان‌ئێرانیسم وەک ئایدیۆلۆژی سەرەتا لە زماندا هەم وەک تواناییەک بۆ بیرکردنەوە و هەم وەک دەرکەوتەیەکی دەروونی و بەستێنێک بۆ پەروەردەکردنی هزر و ئەندێشە و هەمیش وەک دیاردەیەکی ڕواڵەتیی لەخۆگری نیشانە ڕواڵەتییەکان بەرهەم هاتووە. بۆیەش لەلایەک لەخۆگری چوارچێوەیەکی مانایی و تێگەیشتوویی فارسییە و لەلایەکی‌ ترەوە کەرەستە و بەستێنێکە بۆ سەپاندنی جیهانی هزر و ئەندێشەی فارسی و لە ئاستی کەلتووری- کۆمەڵایەتیدا سەپاندنی شوناسی فارسی و لە ئاستی سیاسیدا سەپاندنی هێژمۆنی، سەروەری و دەسەڵاتی سیاسیی فارسییە، ئەمەش لەڕێی خوڵقاندنی مرۆڤی گوێڕایەڵ ‌و ئۆبژەیە، ئەو مرۆڤەی کە لەڕێی سەپاندنی زمانی فارسی بەسەریدا لە ناوەڕۆکی لۆکاڵیی خۆی بەتاڵ کراوە، لە ژینگەی کەلتووری و مەعریفی لۆکاڵی بێگانە کراوە و بە دیاردە بێگانەکان ناوئاخن کراوە.

زمانی کوردی، زمانی ئازادی

زمانی کوردی زمانی ئازادییە، زمانی مسۆگەرکردنی شوناس، سەربەخۆییی تاکی کورد، چوارچێوەی دەرکەوتنی خود و سنووری جیاکەرەوە لەگەڵ ئەویدیی بێگانەیە. لە ڕاستیدا زمانی کوردی وەک توانایی بیرکردنەوەی بە کوردی، بەستێنێکە بۆ دەرکەوتنی خودی کوردی. زمانی کوردی کۆڵەکەی هەڵسوکەوتی ئاگایانە، بیرمەندانە و ڕسکانی مرۆڤی کوردییە. دەشێ بگوترێت بە حوکمی ئەوەیکە زمان توانایی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن، تێگەیشتوویی و فامە، زمانی کوردی توانایی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە خودی کوردانە و فامی خودی کوردییە وەک تاک و نەتەوە و ئەمەش بە مانای تواناییی تاکی کوردی بۆ پێشگرتن لە داگیرکران و توانایی بۆ ڕزگاری و ئازادییە.

"هێردێر" لەسەر ئەو باوەڕەیە کە زمان بەردەوامیی میژوویی و کەلتووری گەرەنتی دەکات، بۆیەش زمانی کوردی وەک بەستێن و مەجالێک بۆ بەردەوامیی میژوویی و کەلتووریی کورد، وەک تاک و نەتەوە، دەور و نەخشێکی گرینگی هەیە.

نەتەوەخوازیی کوردی وەک دژکردەوەیەک بە دژ ئەویدیی داگیرکەر سەرەتا نەتەوەخوازییەکی زمانییە، واتە لەگەڵ ئەوەدا کورد لەنێوان سێ زمانی بێگانەدا پارچەپارچە کراوە، سێ زمانی بێگانە هەوڵی سەپاندنی کەلتوور، بەها و شوناسی دژەکورد و ناکوردانەی بەسەر کورددا داوە، لەڕێی زمانی کوردییەوە ڕێبەرانی نەتەوەخوازی کوردی هەوڵی یەکگرتوویی و یکپارچەییی کوردیان داوە. هەوڵیان داوە لەڕێی زمانی کوردییەوە سنوورە دەستکردە ڕواڵەتی، زمانی و کەلتوورییە داسەپاوەکان بشکێنن. هەرچەند ڕەنگە نەتەوەخوازیی کوردی زۆرجار لەنێو ئەم سنوورە دەستکردانەدا قەتیس مابێتەوە، واتە هەوڵی دابینکردنی مافی چارەی خۆنووسینیان لەنێو ئەم ژێئۆپۆلەتیکە دەستکردانەدا دابێت، بەڵام هەموویان بە ڕایەڵی زمانی کوردی لێک گرێ دراونەتەوە، واتە نەتەوەخوازیی کوردیی هەموو پارچەکان لەڕێی زمانی کوردییەوە جیهانێکی کوردیی یەکگرتوویی بەرهەم‌ هێناوە. لە ڕاستیدا زمانی کوردی توخمی سەرەکی و بەردەوامی نەتەوەخوازیی کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان بووە.

کوردستان تا بەر لە دەرکەوتنی نەتەوەخوازیی کوردی و ئەندێشەی کورد وەک نەتەوە و نەتەوە بان‌عەشیرە و خێڵ، کۆمەڵگەیەکی داپچڕاو، پەرتەوازە و لێکدابڕاو بوو، بەڵام زمانی کوردی توانی بەسەر هەموو خێڵ‌ و عەشیرەکاندا پردێک لێ ‌بدات و کۆمەڵگەی عەشیرەییی کوردی بە هەموو جیاوازی و سنووربەندیی خێڵەکییەکانی لەنێو نەتەوەی کورد‌دا کۆ بکاتەوە. کەوابێ یەکێک لە گرینگترین بەستێنەکان کە نەتەوەخوازیی کوردیی تێدا پەروەردە کرا و بەستێنی پەرە و مسۆگەرکردنی نەتەوەخوازیی کوردی بوو، زمانی کوردی بوو.

یەکەم بەستێنەکانی دەرکەوتنی نەتەوەخوازیی کوردی دەشێ بگوترێت بریتی بوون لە: شێعر، بەیت و چیرۆکگەلێکی حەماسیی کوردی کە لە زماندا پشکوتن و هەر لەڕێی زمانی ‌کوردیشەوە گواسترانەوە بەرەکانی ‌تر و بەم شێوەیە نەتەوەخوازی وەک ڕووبارێکی ڕەوان لەنێو بەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا چاخەکانی زەمانی بڕیوە. دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە بە زمانی کوردی، لە تەنیشت پەرەی خوێندن بە زمانی کوردی، دەورێکی گرینگی هەبووە لە پەرە و مسۆگەربوونی نەتەوەخوازیی کوردی، بۆیە دەشێ بگوترێت کە نەتەوەخوازیی سیاسیی کوردی لە کوردستان سەرەتا وەک نەتەوەخوازیی زمانی و کەلتووری دەرکەوتووە و لە درێژەدا گەیشتووەتە ئاستی سیاسی، بە واتایەکی‌ تر بنەما سەرەکییەکانی نەتەوەخوازیی سیاسیی کوردی بریتین لە نەتەوەخوازیی زمانی و نەتەوەخوازیی کەلتووری.

KURDŞOP
484 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!