ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر ژینگە و چەند سەرنجێک

 

- ڕۆژ قادری

 

"ژیان" و "ئاشتی"، دوو گەوهەری بەنرخن کە لە سێبەری ئەواندا، دەتوانرێت بەستێنی گەشە و پێگەیشتن، ئارامی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گەرەنتی بکرێت. لەم ڕووەوە، مرۆڤەکان بەردەوام لە ئاشتی و هاوڕێیەتی پێشوازی دەکەن، بەڵام بەداخەوە لە هیچ قۆناغێکی مێژوودییدا، نەتوانراوە لە شەڕ و تێکهەڵچوون دووری بگیردرێت.

"شەڕ" دیاردەیەکی ناحەزە کە وێڕای ستاندنی گیان و وێڕای وێرانکردنی دەروونی مرۆڤەکان، وێرانکەری سروشت و ژینگەشە، سروشتێک کە دابینکەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤەکانە. بەم هۆیەوە، لە ئەسڵەکانی ٢٤ و ٢٥ی بەیاننامەیەک کە لە ژووەنی ساڵی ١٩٩٢ی زایینیدا لە شاری "ڕیۆ"ی پێتەختی وڵاتی برازیلدا بڵاو کرایەوە، بە ڕاشکاوی ئاماژە بە ڕۆڵی وێرانکەری شەڕ لەسەر ژینگە و ڕۆڵی  پۆزەتیڤی ئاشتی لەسەر گەشەی بەردەوام، کرا.

لە ئەسڵی ٢٤ی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "شەڕ، وێرانکەری گەشەی بەردەوامە. دەوڵەتەکان دەبێ لە کاتی دەرگیرییە سەربازییەکاندا، ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن کە باس لە پاراستنی ژینگە دەکەن. هەروەها دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، لە گەشەی زۆرتردا بەشداری بکەن."

ئەسڵی ٢٥یش دەڵێت: "ئاشتی، گەشە و پاراستنی ژینگە، پێکەوە گرێدراون و لەیەک دانابڕێن."

وێڕای ئەوەی کە وڵاتانێکی زۆر ئەم بەیاننامەیەیان واژۆ کردووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان باس لە  شتێکی دیکە دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە شەڕەکان لە هەنووکەشدا، (شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین؛ شەڕی ئیسرائیل و حەماس) زۆرترین خەسارەکان بە ژینگە دەگەیەنن.

ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠١ەوە، ڕۆژی شەشەمی نوامبری وەکوو "ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لە کەڵکاوەژوووەرگرتن لە ژینگە لە کاتی شەڕ و دەرگیرییە سەربازییەکاندا" دیاری کرد، تاکوو لەسەر زانیارییە گشتییەکان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان جەخت بکرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، تەنیا لە ساڵانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، ١١٨ دەرگیریی سەربازی لە جیهاندا ڕوویداوە کە لە ئاکامدا ٦ ملیۆن کەس ئاوارە بوون و خەڵک و ژینگەی تووشی کێشەگەلێکی زۆر کرد، لەوانە: "کۆچ، بەرزبوونەوەی نەخۆشی و وشکەساڵی و..."، کێشەگەلێک کە هێشتا جێ‌پەنجەیان دیارە و خەساری قەرەبوونەکراوی زۆری لێکەوتووەتەوە و لێ دەکەوێتەوە. ناوچەی کەنداو و وڵاتانی: "ئێران، عێراق، کوەیت و ئەفغانستان"، لەو وڵاتانەن کە هەموویان بەهۆی شەڕەوە زیانیان بینیوە و هێشتا کاریگەریی شەڕ لەسەر ڕووخساری سروشتەکەیانەوە دیارە.

بۆ نموونە، شەڕی ماڵوێرانکەری عێراق و ئێران لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینیدا کۆتایی پێهات و "سەدام حوسێن"، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیدا لەسێدارە درا؛ بەڵام ئێستا، هێشتا کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە لەسەر ژینگە و سروشت (بەتایبەتی سروشت و ژینگەی کوردستان) بە زەقی دیارە؛ دەگوترێت، "هورەلعەزیم"، یەکێک لە تاڵاوە گەورەکانی باشووری ئێران، بە فەرمانی "سەدام حوسێن" وشک کرا تاکوو ڕێگای دزەی هێزەکانی ئێران لەم تاڵاوەوە بۆ نێو خاکی عێراق ببەسترێت. لە هەنووکەدا و بە بڕوای هەندێک لە کارناسان، وشککردنی تاڵاوی گەورەی "هورەلعەزیم"، لە گرینگترین هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی تەپوتۆز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

یان لە ئەفغانستاندا کە ساڵانێکی زۆرە دەرگیری و شەڕە، وێڕای ئەوەی کە زەوییەکانی پڕە لە مینە چێنراوەکان، نیوەی دارستانەکانی خۆی لە هەندێک لە ویلایەتەکاندا لەدەست داوە. بەپێی ڕاپۆرتێک کە بەرنامەی ژینگەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵەکانی ڕابردوودا بڵاوی کردووەتەوە، زۆرتر لە ٥٠ لەسەد لە داری پستە کێوییەکانی ئەفغانستان بڕدراون، ئەمانە لە حاڵێکدایە کە ژیانی ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئەفغانستان، بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ، بە سەرچاوە سروشتییەکان و زەوییەوە بەنە.

هەروەها پاش هێرشی نیزامیی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیدا، ئێکۆسیستەمی عێراق وەها خەساری بەرکەوت کە تا بە ئەمڕۆش جێ‌پەنجەی هەر دیارە. بەگشتی بەشێکی گەورە لە جۆراوجۆریی بیۆلۆژیکیی عێراق، بەهۆی شەڕەکانی ئێستا و ڕابردووەوە، بۆ هەمیشە لەنێو چووە و زۆرێک لە دارستانەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ خاک یەکسان بووە.

ناوەندە بەرپرسەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەمەڕ مەترسییەکی درێژخایەن هۆشداری دەدەن کە لە ڕێگای پیسبوونی ئاوە ژێرزەوینییەکان و شێوازە ناستانداردەکانی لەنێوبردنی زبڵ، یەخەی عێراقی گرتووە. "ئانجلیکا کلاوسێن"، لە کۆمەڵەی نێونەتەوەیی پزیشکانی دژی شەڕە ناوکییەکان، دەڵێت: "وێڕای هەموو ئەم قەیران و کارەساتانە، بەداخەوە ڕێژەی لەدایکبوونی ئەو منداڵانەی کە  کەمئەندام دێنە دونیاوە، ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیادبووونە."

کارەساتێکی دیکە کە ژینگەی ناوچەکانی دیکەی جیهانی لەگەڵ مەترسی ڕووبەڕوو کردووەتەوە، ڕوودانی شەڕە نێوخۆییەکانە. بەپێی ڕاپۆرتی بەرنامەی ژینگەیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم ٤٠ لەسەد لە شەڕەکان و دەرگیرییە نێوخۆییەکان لە ٦٠ ساڵی پێشوودا، لەگەڵ بەهرەبەرداری و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە سروشتییەکان پەیوەندیی هەبووە. شەڕە نێوخۆییەکان لە زۆرینەی وڵاتانی ئافریقاییدا، بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ، بۆ داگیرکردنی سەرچاوە بەنرخە سروشتییەکان بووە. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دەرگیریی زۆر بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ئاوییەکان و خاکی بەپیت لە ئارادا بووە و هەیە.

ئەم قەیرانانە هێشتا لە وڵاتانی عێراق و سووریەدا بەردەوامە. گرووپە تیرۆریستی و چەکدارەکان، لەوانە داعش، بارێکی گرانیان لەسەر شانی ژینگەی ئەو وڵاتانە خستووە. داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە، بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی شەڕکردن، ئاو و خاکی ئەم وڵاتانەیان پیس کردووە. داعش بە تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان و کەڵکوەرگرتنی نەگونجاو و نەشیاو لەم سەرچاوانە، ژینگەی ئەم ناوچانەیان وێران کردووە و بەرەو لەنێوبردنیانی بردووە. لە سووریەشدا کە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە تووشی شەڕ بووە، وێڕای دەرد و ڕەنجی مرۆڤەکان و ڕووخانی ئابووریی ئەو وڵاتە، کارەساتێکی گەورەی ژینگەییش ڕووی داوە.

ڕێکخراوەیەکی هۆلەندیی چالاک لە کاروباری ژینگەیی، ناسراو بە "پێکس" کە لێکۆڵینەوەی وردی لەبارەی دۆخی ژینگەی سووریە ئەنجام داوە، لەبارەی کارەساتی ژینگەیی ئەم ناوچەیە چەندین ڕاپۆرتی داوە، کە تێیدا هاتووە: لانیکەم ٢٥ ساڵ کات دەبات تاکوو ژینگەی سووریە بتوانێت تا ڕادەیەکی کەم خۆی ببووژێنێتەوە و تا ئەو کات، خاک و ئاوی ئەم وڵاتە ئیتر بەکەڵک نایەت. ئەم ماددانە تەندروستیی مرۆڤەکانیش دەخاتە مەترسییەکی جیددییەوە.

لە ئێستاشدا کە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین و شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ئارادایە، هەر شاهیدی کاریگەرییەکانی ئەم شەڕانە لەسەر ژینگەی ئەو وڵاتانەین و دەبێ بڵێین کە کاریگەرییە ژینگەییەکانی شەڕەکان، سنوورە جوگرافیاییەکانیش دەبەزێنێت و نەبوونی بەڕێوەبەریی دروست لە کاتی شەڕدا و نۆژەننەکردنەوەی سروشتی وێرانکراوی دوای شەڕ، هەروەها دەتوانێت بە کاریگەریدانان لەسەر تەندروستیی خەڵک و خەسارگەیاندن بە سروشت، قوربانی بگرێت.

 

لەلایەکی ترەوە و لە ئێراندا، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای هێزەکانییەوە و بەتایبەت سپای پاسداران، جیا لەوەی کە لە درێژایی زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتیدا سەرجەم سامان و سەرچاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەتاڵان بردووە، پیلانی کاولکاری و تاڵان و وێرانکردنی سروشت، ژینگە و دارستانەکانی زاگرۆسی لە بەرنامەدایە و تەنانەت لە مەزرا و باخاتی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانیش دەستپارێزی ناکەن و بە بیانووگەلێکی جۆراوجۆرەوە و بە بەڕێوەبردنی مانۆڕە نمایشییەکان و بە هاندانی خۆفرۆشەکان، دارەکانی دارستانەکانی زاگرۆس دەبڕن و بۆ پارێزگا و شارەکانی ناوەندیی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەگوازنەوە و دواتر ئاگر لە دارستان و ژینگە و سروشتی ناوچەکانی کوردستان بەردەدەن و زۆرجاریش مەزرا و باخاتی خەڵکی کوردستانیش کراونەتە قوربانیی ئەم پیلانانە. هەر لە ئەمساڵدا هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زاگرۆس سووتێنران و لەنێو چوون.

لەلایەکی ترەوە بەردەوام شاهیدی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستانین، کە تا ئێستا لەسەر خەسارە ژینگییەکانی ئەم دەستدرێژییانە لێکۆڵینەوەی ورد نەکراوە و ئامارێک لەبەر دەستدا نییە.

کۆتایی

چاوخشانێک لەسەر دۆخی ژینگە لەو ناوچانەی کە تێیدا شەڕ ڕووی داوە یان شەڕ بەردەوامە، پیشان دەدات کە ژینگەی نەتەنیا ئەو ناوچانە، بەڵکوو ژینگەی هەموو جیهان لە مەترسیدایە و دەبێ کاری جیددیتری بۆ بکرێت، چونکە لە ئەمڕۆدا، زۆرتر لە هەر کاتێکی تر، گۆی زەوی، ژینگە و ژیانی مرۆڤەکان، مەترسیی لەسەرە.

KURDŞOP
670 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!