کۆچبەری

 

ئۆزدەن دەمر

 

کۆچبەری؟ چ وشەیەکی سەیرە. ئەوە تەنیا وشەیەک نییە، بەڵکوو کۆمەڵیک چەمک لەخۆ دەگرێت، پاشخانەکەی، ڕابردووەکەی، بەسەرهاتە تاکەکەسییەکانمان و ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر کوردە کۆچبەرەکاندا هاتووە، ئەزموونە مرۆییەکان کە لە مێژوودا ڕوویانداوە. کاتێک مرۆڤ ئەو وشەیە دەبیسێت، ئەو ئەزموونە مرۆییانەی لە مێژوودا ڕوویانداوە و ئەو ڕووداوانەمان بیر دەخاتەوە کە لە کۆچبەریدا ڕوو دەدەن.

بیرۆکەی نووسین لەبارەی کۆچبەریم لە کوێوە هێناوە؟ هەندێکی کەسی و هەندێکی کۆمەڵایەتییە. لەم ڕۆژانەدا دەچمە ئاڵمانیا. چوونم بۆ ئاڵمانیا ڕەنگە کردەوەیەکی تاکەکەسی بێت، ڕەنگە وەک کردەوەیەکی تاکەکەسی دەرکەوێت، بەڵام لە کۆتایی ئەم بابەتەدا بۆتان دەردەکەوێت کە ئەمە تەنیا کردەوەیەکی تاکەکەسی نییە، بە پێچەوانەوە، بە هەمان شێوە کردارێکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیشە؛ بە پلەی یەکەم وەک تاکەکەسی دەست پێ دەکات، بەڵام هۆکار و دەرئەنجامەکانی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیشن.

من بەپێی ئەزموونە کەسییەکانم باس لە دیاردەیەکی نەتەوەیی/ کۆمەڵایەتیی کوردان دەکەم. تا ئەو جێگایەی کە بتوانم لە شەخسیبوون دوور دەبمەوە و خۆم لە هەستی سۆزداری ڕزگار دەکەم و بە کۆدە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەکەمان و تاکەکانی کۆمەڵگەکەمان کە منیش هاوبەشی ئەوانم، مەبەستی خۆم دەردەبڕم.

لە زانکۆ بەشی زمان و ئەدەبی تورکیم خوێندووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە هەمان بەش تەواو کردووە و دواتر لە هەمان زانکۆ دەستم بە کاری لێکۆڵینەوە کردووە و لە هەمان کاتدا دوکتۆرام لە هەمان زانکۆ خوێندووە. ساڵێک دوکتۆرام خوێند و خوێندنەکەم تەواو کرد، دواتر چوومە سەر تێزەکەم. لەم نێوانەدا لەگەڵ مامۆستا ڕاوێژکارەکەم باسی بابەتی تێزەکەم کرد؛ تێزەکەم سەبارەت بە "ڕستە ئاڵۆزە بەراوردکارییەکانی کوردی- تورکی" ئامادە دەکرد.

بێگومان دەمزانی دوای ئامادەکردنی تێزێکی لەو شێوەیە درەنگ یان زوو لە کارەکەم دەردەکرێم، ئەگەر دەرنەکرێم، لەڕووی دەروونییەوە ئازارم دەدەن و هەموو جۆرە بەربەستێک دەخەنە بەردەمم و کارم پێ نادەن. هەرچەندە ئێمەی کورد خۆڕاگرین. من لەو بەشەدا تاکە کورد بووم. تەنانەت مامۆستای ڕاوێژکارم لەم کێشانەی کە دێنە پێشم، ئاگاداری کردبوومەوە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، لە تێزەکەمدا بەردەوام بووم؛ بە مامۆستاکەمم گوت، ئەگەر ئەم بابەتە قەبووڵ بکەیت، ئێمە کاری لەسەر دەکەین، ئەگەرنا، زانکۆیەک لە ئەورووپا دەدۆزمەوە و دەچمە دەرەوەی وڵات. ئەو هەرگیز نەیگوت نەخێر، تەنیا لە کێشەکان ئاگاداری کردمەوە. من بە خۆمم دەگوت، دوای تەواوکردنی دوکتۆراکەم دەچمە دەرەوەی وڵات.

لەم نێوانەدا پەتای کۆرۆنا دەستی پێ کرد. زانکۆ گوتی کە پەتای کۆرۆنا کاریگەریی نەرێنیی لەسەریان دروست کردووە، بۆیە ناچار دەبن هەندێک کەس لە کارەکانیان دەربکەن. ئەو کەسانەی کە دەبوو لە کارەکانیان دوور بخرێنەوە، بۆ سەرۆکی بەشەکانیان نارد. سەرۆکی بەش کە لە مەیلی من بە کوردایەتی و بڕیارم لەسەر کوردبوونم تێگەیشتبوو، ناوی شەش کەس کە ئەو خۆشی نەدەویستن یان ئایدیۆلۆژییان لەگەڵ بەڕێوەبەریی زانکۆ جیاواز بوو، دا بە بەڕێوەبەریی زانکۆ و بەم جۆرە بوو کە لە کارەکەم دەرکرام.

ئەمە وەک ڕووداوێکی شەخسی دەردەکەوێت، بەڵام دەزانین لە پشت ئەم ڕووداوەوە سیستەم و ئایدۆلۆژیای دەوڵەت هەیە. دەزانین هەرکەسێک لەسەر کورد و پرسی کورد کاری کردبێت، ئەگەر لە لەگەڵ دەوڵەت نەبووبێت، لە کارەکەی دەرکراوە.

پاشان، بیهێنە بەرچاوت، دەوڵەتێک کە نەهێڵێت لە هیچ کام لە دامودەزگاکانیدا زمانەکەت بەکار بهێنیت، هەتا سی ساڵ لەمەوبەریش زمانەکەت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا قەدەغە کرابوو، مۆسیقاکەت و کولتوورەکەت و هەموو شتێکی پەیوەندیدار بەوانەوە قەدەغە کرابوو، چۆن بڵێین ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی ئێمەیە؟

ئایا کۆچبەری چارەنووسی ئێمە کوردانە؟ ئەمڕۆ ئێمە ٤٠- ٥٠ ملیۆن کوردین، دەوڵەتمان نییە. ئەمڕۆ گەلی یەک میلیۆن کەسی دەوڵەتی خۆیان هەیە، کۆچبەریش بەهۆی بێدەوڵەتییەوە بووەتە پشکی ئێمە. زۆرترین کورد لە شاری ئەستەنبوڵ دەژین، نزیکەی دوو بۆ سێ ملیۆن کورد لە ئەورووپادان. کورد لە هەموو شوێنێکە.

من لەم ڕۆژانەدا بە خەمی زمانەکەمەوە دەچمە ئاڵمانیا. من لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە لە خاکی خۆم نەماوم، لە شارەکانی ڕۆژاوای تورکیام. شارەکانی تورکیا و ئاڵمانیا بۆ من نامۆن، لانیکەم لە ئاڵمانیا زمانەکەم قەدەغە نییە و دەزانم بە هۆی کوردایەتیمەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک کێشەم بۆ دروست نابێت.

لە ئێستادا دەچمە ئاڵمانیا، بەڵام لە هەمان کاتدا خەون دەبینم. خەون بە وڵاتێکی سەربەخۆوە دەبینم، خەون بە وڵاتێکەوە دەبینم کە زمانەکەم لە هەموو دامودەزگا و بەشەکانیدا ئازاد بێت و بە دڵڕاحەتی و سەرفەرازی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکار بهێنرێت. خەون بە وڵاتێکەوە دەبینم کە چیتر کۆچبەری نەماوە، لە ڕاستیدا کۆچکردن لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە بۆ ئەو وڵاتە هەیە، گەلانیش ئارەزووی خۆیان بۆ کۆچکردن لەوێ دەردەبڕن. خەیاڵکردن شتێکی خراپ نییە. هەموو شتێک لە خەیاڵەوە دەست پێ دەکات.

هەم پێدەکەنم و هەم دەگریم. پێدەکەنم، چونکە سەرەتایەکی نوێیە لە ژیانمدا و دەرفەتێکم بۆ ڕەخساوە کە ئاواتەکانم بەدی بهێنم. من دەگریم، چونکە زیاتر لە وڵاتەکەم دوور دەکەومەوە و خێزانەکەم بەجێ دەهێڵم. چونکە لە شوێنی خۆم بەختەوەر نیم، کۆچ دەکەم بۆ ئەوەی بەختەوەر بم، تا گەڕانەوەم بۆ وڵاتێکی ئازاد.

KURDŞOP
760 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!