ڕۆژاوای کوردستان، پاییزی لێ نایەت!

ئاراس حەسۆ

نەتەنیا پاییز، هەموو وەرز و ڕۆژەکان، کوردان ڕووبەڕووی ماتەمێنی، کۆمەڵکوژی و هێرش بوونەتەوە، ئیتر لە ڕۆژنامەکاندا تۆمار ناکرێن. ئەوە یازدە دوازدە ساڵە لە ڕۆژاوای کوردستان، کورد دەیەوێت بە خۆسەریی خۆی، بە ڕەنگ و بوونی خۆی لە جیهاندا ببێتە خاوەن پێگە، بە هەر سەرکەوتن و پێشکەوتنێکیش، ڕووبەڕووی چەندین تێچووی قورس بووتەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کاتێک دەستەی پەروەردەی ئیدارەی خۆسەر ڕایگەیاند کە خەریکە ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات و دەرگای قوتابخانەکان دەکرێنەوە، منداڵەکانمان لە کۆڵانەکانی کۆبانی بینی بە چ جۆش و خرۆشێک و بە چ ڕووخسارێک و چ جوانییەکەوە سروودی "ئەی ڕەقیب"یان دەگوتەوە بۆ ئەوەی ئەلفوبێی زمانی کوردی بخوێنن. ئەو منداڵانە بە جانتای قوتابخانە و کەرەستەی قوتابخانەکانییانەوە لە کۆڵانەکانی شارەکەماندا دەدرەوشانەوە. بەڵام نازانم بۆچی دایکم لەم وروژاندنە دەترسا، هەر جارێک پێدەکەنین دەیگوت: "پێکەنینەکەت خێر بێت." تەنانەت ئێمەش لەم پێکەنینانە دەترساین.

هەر لەو کاتەوەی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان شانبەشانی عەرەب، سوریان و ئاشوورییەکان بەڕێوەبەریی خۆسەریان ڕاگەیاندووە، دەبینین هەموو ساڵێک لە پاییزدا ئەم خۆسەرییە ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار دەبێتەوە. ساڵی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش بە تانک و زرێپۆش و چەکی قورسەوە هاتنە کۆبانی و ئەم شارەیان گەمارۆ دا و هەوڵیان دا ژەهرەکەیان بەسەر ئەم شارەدا بڕژێن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و شەڕڤانان بەتوندی بەرپەرچیان دانەوە و تەنانەت لە هەنووکەشدا لەگەڵ ئەو گرووپە کۆنەپەرستەدا شەڕ دەکەن. دیسان لە ساڵی ٢٠١٨دا، دەوڵەتی تورک، شاری عەفرینی وێران و بۆردومان کرد و دوای بەرخۆدانی شەڕڤانان لە ماوەی ٥٨ ڕۆژدا، شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد و داگیریان کرد. هەر بەوەوە نەوەستاون، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی ٢٠١٩دا شاری سەرێکانی و گرێ سپییان بە فسفۆڕی سپی سووتاند و هەزاران کەس دەر کران و ئەو هێرشانە هەر لەم پاییزەشدا بەردەوامە و کورد دەبنە قوربانی. خەتای کوردان چییە؟! خەتای ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت بە زمانی دایکیمان بخوێنینەوە و بنووسین.

ئێستا دەبینین کە حکوومەتی تورکیا بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی هێرش دەکاتە سەر شارەکانمان و نان و ئاو و ڕووناکیمان لێ دەستێنێتەوە و شەو و ڕۆژ بۆردومانمان دەکات. هەموو جیهان ئەمە دەبینن، سەیری ئەوە دەکەن کە چۆن منداڵان لەسەر تەرمی باوکە شەهیدەکانیان دەگرین. سەیری دەکەن کە چۆن دڵی دایکێک بەسەر کوڕە شەهیدەکەیدا خەریکە دەتوێتەوە. ئەوان سەیری ئەوە دەکەن کە چۆن دڵی ڕۆژاوا هێواش هێواش خەریکە ڕاوەستێت و کەس خاوەندارێتیی لێ ناکات.

چەندە ناڕاحەت بووم کە ئیسرائیل و حـەمـاس شەڕیان بوو و بەشێک لە کوردەکان هەستانەوە و چوونە سەر شەقامەکان و دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین. بەڵام لێرە، ڕۆژاوا ڕۆژانە بۆردومان دەکرێت و دەیان شەهید و سەدان برینداری هەیە و کەس نەیگوت با ئاوێک بەم ئاگرەدا بکەم!

ئێمەی کورد واین، ئەگەر دوژمنیشمان بێت، کاتێک یەکێکیان خوێن لە لووتی بێت، دەڵێین ئایی، مەهێڵن ئەم کارەساتە بەسەر کەسدا بێت. ئەو نادادپەروەری و کۆمەڵکوژییانەی کە شەو و ڕۆژ لە ڕۆژاوای کوردستان ڕوو دەدەن، ئایا ئەوان گوناحیان پێ دێ؟! تەنیا ئێمە زیانمان بەرکەوتووە، دەیان هێزی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەم خاکە بچووکەدا خێمەیان لێداوە و گاڵتە بە منداڵانی ئەم وڵاتە دەکەن.

ئەمڕۆ هەمووان شمشێرەکانیان هەڵگرتووە و سەری کوردیان خستووەتە ژێر چەقۆوە. تەنیا دەمانەوێت منداڵانمان بە زمانی دایکیی خۆیانەوە بچنە قوتابخانە و داوای هیچی ترمان نەکردووە.

لە دێرسیم، ڕۆبۆسکی، هەڵەبجە و ئەنفال بڕوانن، نە پاییز و نە وەرزی تر لە کورد نایەت. خۆر لە کوردان نایەت! کورد ئەگەر بە کوردی قسە بکات، ڕووبەڕووی شمشێر و لێدان دەبێتەوە. تەنیا یەک وشە لە دەمماندا ماوە. مردن، کەمێک زیاتر لە شوێنی خۆت بووەستە، دەمانەوێت هەناسەیەک ئازادی لە پیتی باوباپیرانمان وەربگرین.

KURDŞOP
634 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!