(ستانداردی دوو فاقە) راگەیاندن و دەزگا دیپڵۆماسییەکانی ڕۆژئاوایی و بەراوردی کورد و ئیسڕائیل

 

هۆزان ڕۆژهەڵات

 

هاوکات لەگەڵ شەڕی "غەززە" دژ بە ئیسڕائیل، هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا بە فەرمانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، شەڕێکی نابەرابەر و نەخوازراویان لەگەڵ کوردانی "ڕۆژئاوای کوردوستان" دەست پێ کردووە. جیاوازیی شەڕی ئیسڕائیل لەگەڵ هێزی حەماس و شەڕی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە چەند خاڵدایە: یەکەم؛ هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هیچ هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەیەکیان لەگەڵ هێزەکانی تورکیا نەبووە. دووەم؛ هێزەکانی بەرگریی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر خاکی خۆیان نیشتەجێن. سێهەم؛ ئەو هێزانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووە. چوارەم؛ کار و کردەوە و چالاکیی چەکداری، ئابووری، سیاسی و دیپڵۆماتیکی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، چ لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چ لە سەردەمی ئامادەبوونی داعش لەو ناوچەیەدا و چ دوای بنبڕکردنی هێزەکانی داعش لە لایەن زۆربەی وڵاتانی دێموکڕاتیکی جیهانەوە پەسند کرا و وەک کارێکی بوێرانە و شۆڕشگێڕانە و لە هەمان کاتدا وەک بەرگری لە هەموو ئینسانییەت شرۆڤەی بۆ کرا. لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشێک لە وڵاتێکی سەربەخۆی دیکەن بە نێوی سووریا و هیچ پێوەندییەکیان بە وڵاتی تورکیاوە نییە.

 بەڵام کە خەریکی خوێندنەوە و شرۆڤەی شەڕی ئیسڕائیل و حـەمـاس دەبین، ئەو خاڵانە تێیدا بەرجەستەن: یەکەم، هێزەکانی حـەمـاس لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەتە دێموکڕاتەکانی دنیاوە، بە هێزی تیرۆریستی ناسراون. دووەم ئەو هێزانە هەرچەند نکۆڵی لە تیرۆریستبوونی خۆیان دەکەن، بەڵام چالاکییە تیرۆریستییەکانی خۆیان نەشاردووەتەوە و بە شانازییەوە بەرگرییان لە کردەکانیان کردووە. سێهەم لە هیچ دەرفەتێک بۆ زەربەلێدان لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەت وڵاتی ئیسڕائیل دەستیان نەپاراستووە. چوارەم لەو شەڕەدا داگیرسێنەری یەکەمی شەڕ هێزەکانی حـەمـاس بوون.

بەو پێیە دەتوانین باسی ئەوە بکەین لە باری کردەی چەکدارییەوە هێزەکانی حـەمـاس لەو شەڕە تایبەتەدا، ورووژێنەری سەرەکیی شەڕ بوون و تاوانی هەڵگیرساندنی ئەو شەڕە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. بەو پێیە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هیچ شەڕێکیان لە دژی دەوڵەتی تورکیە و بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە دۆخی ئێستادا نەبووە. بابەتێکی دیکەی جێگای باس ئەوەیە هێزەکانی حـەمـاس لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل لە وڵاتێکدا دەژین کە ئێستا چارەنووسی بە تەواوی دیاری نەکراوە. واتە چ بەشی کەرتی "غـەززە" چ بەشی فەلەستینی ژێر دەسەڵاتی "دەوڵەتی خۆبەڕیوەبەری فەلەستین"، هیچ کامیان لە وڵاتی ئیسڕائیل سەربەخۆ نین، بەڵکوو دوو بەشی خۆبەڕێوەبەرن لە نێو وڵاتێکدا کە ئێستا ناوی ئیسڕائیلە. بەو پێیە دەتوانین تەنانەت هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر "غەززە" بە شێوەیەک پاساو بدەین کە لە نێو وڵاتێکدا کە بەشێکی خۆبەڕێوەبەری هەیە و بەشێکی سەربەخۆ، بەشی خۆبەڕێوەبەر چالاکیی تیرۆریستی و دژە ئینسانی و جینایەتی بە دژی بەشە سەربەخۆکە بەڕێوەبردووە و بەشی سەربەخۆ مافی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەیە و وڵامی هێرشی تیرۆریستیی ئەوانی داوەتەوە. بەڵام لە وڵاتی تورکیا نە دۆخی یەکەم و نە دۆخی دووەم لە بارەی شەڕێک کە دایانگیرساندووە وەڕاست ناگەڕێ.

ئەوەی لەو نووسینە دەمهەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە؛ بۆچی ئاراستەی وڵاتانی دێموکڕاتیکی دونیا لە کاتێکی دیاریکراودا بۆ  دوو ڕووداوی هاوشێوە، ئەوەندە لێک جیاوازە. زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی دێموکڕاتیکی دونیا بە ڕێبەرایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵاتانی وەک فەڕەنسا، ئاڵمانیا، ئیتاڵیا، بریتانیا و زۆر وڵاتی دیکە، ڕاستەوخۆ هێرشی حـەمـاسیان نە تەنیا دژ بە ئیسڕائیل مەحکووم کردووە، پشتیوانیی لۆجیستیکی، ئابووری و سیاسیی خۆیان بۆ ئیسڕائیل دەربڕیوە.

تێکڕای ڕاگەیاندنەکانی دونیاش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زوومیان کردووەتە سەر دۆخی شەڕ لە ئیسڕائیل. دیارە دەزانین ئاراستەی هەموو ڕاگەیاندنەکانی دونیا بە یەک شێوە نییە. بەشێک لە وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامی زوومیان کردووەتە سەر کەرتی "غـەززە" و بە شێوەیەکی بایەخدەرانە و لایەنگرانە باسی شەڕەکە و ئەو جینایەتانە دەکەن کە دەوڵەتی ئیسڕائیل لەوێ دەیخوڵقێنێ. بەشی هەرە زۆری ڕاگەیاندنە ڕۆژئاواییەکانیش وەک سی ئێن ئێن، بی بی سی، ڕۆیتێڕز، ڤی ئۆ ئەی، ئاسۆشیتد پرێس و زۆر ڕاگەیاندنی دیکە، زوومیان کردووەتە سەر شەڕی عەڕەب و ئیسڕائیل و لایەنگرانە و بایەخدەرانە هەواڵ، وێنە و فیلمەکان بە دژی لایەنی عەڕەبی و لایەنی حـەمـاس بڵاو دەکەنەوە.

لەو نێوەدا لە بواری کاری دیپڵۆماسیشدا، دیپڵۆماسییەکی خەست خەریکە چالاک دەبێ. لایەنێک لە هێزەکان بەڕێبەراتیی ئەمریکا و ئەورووپای ڕۆژئاوایی لە ڕۆژەکانی سەرەتای شەڕەوە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیان ساز کرد و بۆ ڕیسواکردن و مەحکوومکردنی هێرشە تیرۆریستییەکانی حـەمـاس چەندین دانیشتنی نێوخۆییان بووە، بۆ ئەوەی ئیمکانەکانی یارمەتیدانی ئیسڕائیل تاوتوێ بکەن. هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند ناڤیی گەورەی فڕۆکەهەڵگری بە پێنج هەزار چەکدارەوە ڕەوانەی کەناراوەکانی "غـەززە" کردووە. هەمووی ئەوانە ڕاستییەک بە ئێمە دەڵێن؛ شەڕی ئیسڕائیل و حـەمـاس بە بەر چاوی جیهانەوە ڕوو دەدا. ئەو باسە نایهەوێت داکۆکی لە لانێک بە دژی لانێکی دیکە بکا.

ئێمە لەو باسەدا دەمانهەوێ بڵێین شەڕێکی نابەرابەریش لە "غـەززە" لە ئارا دایە کە لەو شەڕە نابەرابەرەدا هیچ لایەنێک لە دزێوییەکانی شەڕ ناشاردرێنەوە. ڕاگەیاندنەکان چ بە دژی عەڕەبەکان وە چ بە دژی ئیسڕائیل خەریکن دزێوییەکانی شەڕ جارێکی دیکە بە جیهان دەنوێننەوە. نوێنەرانی سیاسیی وڵاتانی جیهانیش بۆ وێنە یەکیەتیی ئەوروپا و ئەمریکا و هێزەکانی ناتۆ، خەریکی خۆتەیارکردن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیلن. لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی عەڕەبی، یەکێتیی عەڕەب و وڵاتانی موسڵمان، خەریکی خۆ تەیارکردن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حـەمـاس .

لە جەنگەی ئەو شەڕانەدا ئەوەی لە بیرچووەتەوە پارچەیەک لە خاکی جیهانە کە بە دوور لە چاو و ویژدانە ئاگاکانی جیهان بۆمباران دەکرێ و جینایەتی شەڕی تێیدا ڕوودەدا. دامودەزگا خزمەتگوزاری و پەروەردەیی و ئایینییەکانی خاپوور دەکرێن. بەڵام تەنانەت هیچ ڕاگەیاندنێکی ڕۆژئاوایی و عەڕەبی، هەواڵێکی لێ بڵاو ناکەنەوە. ئەوە بە واتای لەبیربردنەوەی شەڕێکە کە دەوڵەتی تورکیا بەسەر کوردیدا سەپاندووە.

ئەگەر پارتی کرێکارانی کوردستان ڕۆڵی لە ورووژاندنی دەوڵەتی تورکیادا هەبووە، دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان نابێتەوە و خەڵکی سڤیلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج. جودا لە هەمووی ئەو باسانە ورووژێنەری سەرەکیی تورکیا هەر لایەنێک بێ، وەک چۆن خەڵکی "غـەززە" بێتاوان و بێدەرەتانن لە شەڕێک کە بەسەریاندا سەپاوە و خەڵکی سڤیل و مەدەنی، قوربانیی خواستە دزێوەکانی حـەمـاس  و دەوڵەتی ئیسڕائیل دەبن، بە هەمان شێوە لە شەڕی هەڵگیرساو لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، ئەو کەسانەی قوربانی دەبن خەڵکی سڤیل و مەدەنین. ئەو کەسانەی دەکوژرێن هەر ئەو شەڕڤانانەن کە چەند ساڵ لەوە پێش هەموو هێزە دێموکڕاتەکانی جیهان، ستایشی ورە و توانایی ئەوانیان دەکرد بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دزێوترین شەڕ و ناخۆشییەک کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتبوو، ئەو شەڕ و ناخۆشیەش بوونی دڕندانەی هێزەکانی داعش بوو. ئەی چۆنە لە دۆخی ئێستادا وڵاتانی دێموکڕاتی جیهان لە بەرابەر ژینۆسایدێک کە خەریکە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەڕێوە دەچێ، بێدەنگن. وڵاتانی ڕۆژئاوای جیهان دەیانتوانی و دەتوانن سەرەڕای مەحکووم کردنی هەڵسوکەوتی نالەباری پەکەکە، لە قاودەری دزێوییەکانی شەڕی داسەپاوی تورکیا بە سەر ڕۆژئاوای کوردستاندا بن و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کەسانێک بن کە سەردەمێک شکۆیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گێڕایەوە.

KURDŞOP
630 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!