ئیسلام و ناسیۆنالیزمە لێکدژەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

کورد و پێگەی لە پانتایی ناسیۆنالیسسم و ئاییندا

 

دوکتور ئازاد موکری

 

کورد بە درێژاییی سەدەی ڕابردو، لە ملمالانێی نێوان هێزە ئیسلامی و هێزە ناسیۆنالیستییەکاندا، هەمیشە ماکەیەکی ئامادە بووە. لە لایەن هەر دوو هێزی ناسیۆنالیسستی و ئایینییشەوە گوشار و هەڕەشەی بەردەوام لەسەر خاک و شوناسی هەبووە. خوێندنەوەی مێژووەکانی سەر بە ئێرانی پاش بزووتنەوەی "مەشڕووتەی ئێران" نیشاندەری ڕاستییەکە کە تێیدا، ناسیۆنالیسسمی فارسی-ئێرانی-شیعی، تێیدا بەرەبەرە خەریکی بیچم گرتن و بە خۆداهاتنە. هێزە نەتەوەییەکانی فارس و ناوەندگەرا خەریکی پەرەدان بە تونا و پتەو کردنی بنەما فکری و ئایدۆلۆژییەکانی بزاڤی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستین. بە خوێندنەوەی جیاواز خەریکن پێکهاتەیەک دەڕەنگێنن کە پێشتر بوونی نەبووە، بە واتایەکی دیکە خەریکی سازدان یان دەستکردی شوناسێکن کە لە ڕاستیدا یەکەمجارە دەڵەمە دەبێ و خۆ دەگرێ.

بە واتایەکی دیکە بیرمەندانی ئێرانی، خەریکی سازدانی شوناسن وەک ئۆبژەیەکی ئایدیال کە پێشتر نەبەدی بووە و لە بنەڕەتدا بوونێکی بەرچاو و هەستەکیی نەبووە. بەڵکوو ئەو بوونەی سازکرا و دەیان کتێب و وتاری لەسەر نووسرا بە جێگای ئەوەی پەیوەندیی بە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێرانییەوە بێ، پەیوەندیی بە زەینی سووژەی ئێرانییەوە بوو.

گەڕانەوەی نووسەرانی ئەو سەردەمی ئێرانی بۆ سەرچاوە کەونەکانی ئەدەبی فارسی و کتێب و سەرچاوە سیاسەتنامەکانی شیکەرەوەی بیرۆکەی ئێرانشاری، خواستنەوەی ئەو لایەنانەی مێژوو، کە شوناسێکی جیاواز لە شوناسی ڕاستینی کۆمەڵگای ڕەنگاوڕەنگی ئێرانی ساز بکا، بە مەبەستی ساز کردن و بەڵگاندن و وێناکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەش بوو کە پێشتر بوونی نەبووە و لە ڕاستیدا فڕی بەسەر جیهانی واقیعی خەڵکان، نەتەوەکان و ... ی ئێرانییەوە نەبووە. ئەوان ویستیان سازکراو/دەستکردێکی کۆمەڵایەتی بخەنە ڕوو کە ببێتە بنەمایەک بۆ تێگەیشتی هاوبەش لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێرانی. بە گوتەی "چاڕلز کوولی" دەیانویست و تا ئێستاش دەیانهەوێ لەسەر ئەو دەستکرد/سازکراوە کۆمەڵایەتی و فکرییە، بە شێوەیەک پێداگری بکەن کە خەڵکان/نەتەوەکانی ئێرانی بەو تێگەیشتنە بگەن کە ئەوە بۆچونی ئەوانیشە لە مەڕ ڕاستەقینەی پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێرانەوە. کوولی لەو بارەیەوە دەڵێ: من ئەو شتە نیم کە ئێوە بیر دەکەنەوە کە منم. من ئەو شتە نیم کە بیر دەکەمەوە هەم. من ئەو شتەم کە بیر دەکەمەوە ئێوە پێتان وایە منم." واتە ئەو باس لە گۆڕانێک دەکا کە لە تێگەیشتنی خەڵکدا بەدی هاتووە. گۆڕانێک لە ناسینی ڕاستینەی شتەکاندا.

هەر بەو پێیە ئێرانییە فارسەکان لە بواری ناسیۆنالیستیدا سەرچەشنێکیان خستە بەرچاو و بیری خەڵک، کە تێیدا سنورەکان و زمان و کولتوور بەو شێوەیە دەبێ بناسرێ کە ئەوان دەیڵێن. واتە خەڵکی دەبێ بیر بکەنەوە کە ئەو بیرەی ئەوان لە مەڕ سازکراوی شوناس هەیانە؛ ئەوە ڕاستینە و دەرخەری دۆخ و بارودۆخی ئێرانە. هەڵبەت پێشتریش ماکەی ئایینزا و ئایینیشیان موتوربەی ئەو شوناسە کردبوو.

واتە شوناسی سازکراو/دەستکردی ئێرانی فارسی،شیعەی دوازدە ئیمامیی بە سنوورێکی دیاریکراوەوە.

هەر ئەو دیاردەیە لە تورکیای پاش ئیمپڕاتووریی عوسمانییش پەرەی ستاند و بوو بە بنەمایەک بۆ سازکردنی شوناسێکی کۆمەڵایەتیی تازە. لە عێڕاق و باقی وڵاتانی ناوچەش حەولی لەو شێوەیە دراوە و لەو کورتە یادداشتەدا ناتوانین ئاوڕیان لێ بدەینەوە.

ئەوەی مەبەستی ئەو نوسینەیە ئەوەیە کە یەکەم جارە بیرمەندێک ئاوڕ لە دوانەی ئایین/ناسیۆنالیسسم دەداتەوە و ڕۆڵی ئەو دوو بوارەی بیر و ئەندێشە لە شوناس سازیدا زەق دەکاتەوە.

"پڕۆفیسۆر کەماڵ سولەیمانی" مامۆستای زانکۆکانی ئامریکا و نووسەر و بیرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە نوێترین توێژینەوەیدا، بە تەسەلی لەسەر ئەو بوارە گرینگ و هەستیارە دواوە.

کتێبە نوێیەکەی پڕۆفیسۆر کەماڵ سولەیمانی بە ناوی "ئیسلام و ناسیۆنالیسمە لێک دژەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا" ئەو دوو بوارە لە ژیان و کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە مەودای ساڵەکانی ١٨٧٦ تا ١٩٢٦ی زایینی دەخاتە بەرباس. ئەو کتێبە بە تازەیی لە لایەن "مەهدی ڕەزایی"ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و "ناوەندی بڵاوکردنەوەی زانسستی توێژینەوەیی ئێران-ئاکادیمیا" لە لاهەی هولەند بڵاوی کردووەتەوە.

ئەو کتێبە لە جۆری خۆیدا کتێبیکی تاقانە و کەم وێنەیە. بەو هۆیەی یەکەم جارە دوو بواری جیاوازی وەک ناسیۆنالیسسم و ئایین لە سازکردنی شوناسدا و بە شێوەیەکی هەڵوارتە خراونەتە بەرباس. واتە پێشتر توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵناسی وا بوون کە باسی کاریگەریی ئەو دوو بوارەی ئەندێشەیان بە جودا لەسەر ساز بونی شوناسی نەتەوەیی کردووە. یان هەر دوو بوارەکە پێکەوە خراونەتە بەرباس. بەڵام ئەوەی لە توێژینەوەی پڕۆفیسۆر سولەیمانیدا گرینگە ئەوەیە کە ئەو ڕۆڵێکی جیاواز بۆ ئایین پێناسە دەکا. واتە تێزی سولەیمانی لەسەر ئەو بنەمایە ڕاوەستاو و دامەزراوە کە ئایین نەتەنیا ڕۆڵی لکێنەری لە ناو نەتەوەکانی نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ڕۆڵێکی جیاکەرەوەی هەیە بۆ سازکردنی شوناسی نوێ. ئەگەر پێشتر باس لە یەکیەتیی ئیسلامی بە هۆی هەبوونی دیاردەی ئایینەوە کراوە و نووسەران و توێژەران پێیان وا بووە ئایینی ئیسلام لانی کەمی پەیوەندی و تەبایی و هاوسەنگیی لە نێو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساز کردووە، بە پێچەوانەوە، پرۆفیسۆر سولەیمانی لە توێژینەوەکەیدا باسی ئەوە دەکا چۆن هەر کام لە نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەو جواغڕافیایە، خەریکی سازکردنی نەتەوەی ئایدیالی خۆیانن لە سەر بنەمای ئایین. واتە ئایین لەو توێژینەوەیەدا نەتەنیا دیاردەیەک نییە کە لە بەرانبەر ناسیۆنالیسمدا ڕاوەستابێ و بە شێوەیەک ڕۆڵی یەکپارچەکردنەوەی نەتەوەکانی نییە و ئیتر ئەو دیاردەیە "حبل المتین"ی هەموو بڕوادارنی ئایینی ئیسلام نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە تورکەکان بە شێوەیەکی تایبەت ئایینی ئیسلامی تورکی ساز دەکەن و پێیان وایە ئیسلامی تورکی سەرەتیی هەیە بە سەر چەشنەکانی دیکەی ئیسلامدا. هەر بەو شێوەیە عەڕەبەکان خەریکی سازکردن/یان دەستکردی ئیسلامی لە چەشنی عەڕەبی قوڕەیشیی خۆیانن. ئێرانییەکانیش کە پێشتر باسمان کرد ئیسلامی شیعیی خۆیان بۆ بە هیز کردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و بۆ هەراوکردنی مەودای ئیسلامەتیی خۆیان لەگەڵ ئیسلامەکانی ناو ئەو جوغڕافیایە دەکار دەکەن.

ئەوانە بەشێک لەحەولی پڕۆفیسۆر کەماڵ سولەیمانین لەو کتێبە ناوازەیەیدا. بەڵام بەلای منەوە قورساییی کاری سولەیمانی جودا لەو باسە ئەوەیە کە کورد وەک ماکەیەکی شوێندانەر لە بزاڤ و ڕەوتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنێتە بازنەی خوێندنەوە و شیکاریی خۆیەوە. باسی هەمان پڕۆژە دەکا کە نەتەوە سەردەستەکانی ناوچە هەیانبووە و ویستویانە لە ڕێگای ئایینەوە گوڕوتینێک بە بزاڤی نەتەوەخوازیی خۆیان بدەن و لەهەمان کاتدا سنوورەکانی بیر و نەتەوەییی خۆیان هەر لە ڕیگای جیاواز کردنەوەی ئیسلامەکەی خۆیان، زیاتر و باشتر بنەخشێنن. کوردیش لەو خوێندنەوەیەی سولەیمانیدا، حەولی داوە ئیسلام و ئایین بکاتە کەرەسەیەک بۆ بردنە پێشەوەی ڕەوتی نەتەوەسازی و شوناسخوازیی خۆی. ڕەوتە سیاسییەکانی وەک بزووتنەوەی "شێخ عوبەیدیللای نەهری" و "شێخ سەعید" و کەسایەتییەکانی وەک "نەورەسی" و زۆر بابەتی دیکە لەو باسانەن کە بوونەتە هەوێنی بابەتێکی توێژینەوەیی زانستی لەسەر جۆرێکی دیکە لە شوناسخوازیی کوردان لە سەدەی ڕابردوودا.

خوێندنەوەی ئەو کتیبە کە لە ڕوانگەی نووسەر و ئاکایمیسیەنێکی کوردەوە نووسراوە و پشت ئەستورە بە سەرجاوە و بەڵگەکانی عوسمانیی، سەردەمی ئاماژە پێکراوی توێژینەوەکە، زۆر ڕاستیی بۆ خوێنەر دەردەخا و دونیایەکی نوی لە خوێندنەوەی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خوێنەر دەناسێنێ. دەتوانم بڵێم لە خوێندنەوەی ناسیۆنالیسمدا ئەو کتێبە نویترین ڕوانگە و جیاوازترین بۆچووونەکانی خستووەتە بەرباس.

 

 

KURDŞOP
1983 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!