ڕۆشنبیر(ی)

 

- ئۆزدەن دەمر

 

ڕۆشنبیری چییە؟

ڕۆشنبیری چەمکێکە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری لە فۆرمی مۆدێڕنی خۆیدا. بێگومان پێش ئەم قۆناغەش کەسانێک هەبوون خەریکی کاری ڕۆشنبیری بوون، بەڵام خودی چەمکێکی لەو شێوەیە لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا دەرکەوت. ئەم چەمکە یەکەم جار کە دەرکەوت وەک چەمکێکی پیرۆز سەیر دەکرا، بۆیە ئەو مانا و ئەرکەی کە لەسەری بوو، مانا و ئەرکێکی ڕاستەقینە بوو. دەگوترا ئەو کەسانەی ئەم کارە دەکەن، ئاستی زانست و کولتووری مرۆڤایەتی/ کۆمەڵگە بەرز دەکەنەوە و پەرەی پێ دەدەن. لە سەرەتادا مەبەستێکی وەها پیرۆز هەبووە، کەسانێک بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان بەکاریان دەهێنا و هەندێکیش بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی یان ئایینی- مەزهەبی بەکاریان دەهێنا.

بۆ ئەم چەمکە لە کورمانجیدا وشەکانی وەک "ڕۆناکبیر، منەوەر و entelektuel"یش بەکار دێن. منەوەر وشەیەکی عەرەبییە و entelektuel وشەیەکی لاتینییە کە ئەمڕۆ لە زۆر زماندا بەکار دەهێنرێت.

ڕۆشنبیر کێیە؟

ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە بە بیری ڕووناکی خۆی، کۆمەڵگە ڕووناک دەکاتەوە. فیکر و زانیاری دەئافرێنێت و بە زانستەکەی کۆمەڵگە ڕێنمایی دەکات. هەڵبەت لە ڕابردوودا مەبەست لە کۆمەڵگە، هەموو مرۆڤایەتی بوو، واتە نەک نەتەوە یان کۆمەڵگەیەکی ئایینی، بەڵکوو هەموو مرۆڤایەتی؛ بەڵام دوای ناسیۆنالیزم، ڕۆشنبیرانی نەتەوەیی هاتن، واتە ئەو کەسانەی کە نەتەوەکانیان ڕووناک دەکەنەوە، بە زانستی خۆیان ڕێگای سەربەستیی ئەو گەلانە ڕووناک دەکەنەوە؛ ئەوان بە فیکر و زانیاریی خۆیان بەرژەوەندیی گەلەکەیان دەپارێزن. بێگومان هەموو ڕۆشنبیرێک ئەوە ناکات و پێویست ناکات بەرژەوەندیی نەتەوەیەک بخاتە پێشەوە، بەڵام دوای ناسیۆنالیزم دۆخەکە زۆرتر بەو شێوەیەیە.

بۆ نموونە دەکرێت کەسانی وەک فەیلەسووف و زانایانی ئایینی لەم کاتەگۆرییەدا هەژمار بکرێن، ئەم کەسانە لە ڕابردوو و تا ئەمڕۆش لە کۆمەڵگەدا دیار و بەرچاون. هەروەها کەسانی وەک زانا، ئەکادیمیسییەن، هونەرمەند، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ئەو کەسانەی کە لە کاری فیکری و زانستیدا پسپۆڕن، ئەمڕۆکە بە ڕۆشنبیر دادەنرێن.

ڕۆشنبیریی کوردی چییە؟

ئەمڕۆ باس لە ڕۆشنبیرانی فەرەنسی و ڕۆشنبیرانی ئەڵمانی و ڕۆشنبیرانی ژاپۆنی و هتد دەکەین؛ واتە بە ناوی نەتەوەی خۆیانەوە بانگیان دەکەین. ئەمڕۆ خەڵک زۆر بە کەمی باسی میللەتێک بە ناوی کورد دەکەن، و ناسیۆنالیستی کورد هەن، ئەمڕۆش گەلی کورد توانیویەتی ڕۆشنبیری خۆی بەرهەم بهێنێت. به‌داخه‌وه بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی- کولتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی- زمانی و کۆمه‌ڵناسیی کورد لەگەڵ گەلانی تر زۆر جیاوازە.

بەر لە هەر شتێک، وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا - سەیری بابەتەکەمان بە ناونیشانی بێدەنگکردنی بێدەنگی بکەن - گەلی کورد زۆر چەوساوەتەوە، کوردستان بەسەر چوار بەشدا و لەنێوان سێ نەتەوە و چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە. بەپێی ئەم ڕاستییە بەردەوام دەبین.

ئەمڕۆ ناتوانین وەک ڕۆشنبیرێکی یەکگرتوو سەیری ڕۆشنبیرانی کورد بکەین. ڕۆشنبیریی هەر بەشێک بەپێی ئەو دۆخەی کە تێیدا جێگیر بووە، شکڵ دەگرێت. دۆخی باشوور و ڕۆژاوا کەمێک ئارامترە و تا ڕادەیەک لە باکوور و ڕۆژهەڵات پێشکەوتووترە.

ئێستا با بێینە سەر ئەو ئەرکانەی کە پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد بە فراوانی جێبەجێی بکەن؛ بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیرانی کورد دە هێندە لە بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیرانی گەلانی دیکە زۆرترە و نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە دەوڵەت و دەزگایەک لە پشت ڕۆشنبیرانی کوردەوە نییە، ڕۆشنبیرانی کورد زیاتر تەنیان. لانیکەم لە باکوور و ڕۆژهەڵات بەم شێوەیەیە.

ڕۆشنبیرانی کورد کێن و ئەرکی ڕۆشنبیرانی کورد چییە؟

ڕۆشنبیرانی کورد ئەو کەسانەن کە پێویستە سەرەتا پێڕەوی لە بوارەکانی پسپۆڕیی خۆیان بکەن، پاشان بەپێی هۆگریی خۆیان پێڕەوی لە هەندێک بواری تر بکەن و پێش هەموو شتێک خۆیان و دواتر کۆمەڵگەی کوردی لەو بوارانە ئاگادار بکەنەوە. بێگومان پێش دونیا دەبێ ئاگاداری کۆمەڵگەکەیان بن؛ پێویستە مێژووی گەلەکەت، کولتوری گەلەکەت، جوگرافیای کوردستان بزانیت و زمانی خۆت بزانیت. کەسێک کە زمانی دایکیی خۆی نەزانێت، ناتوانێت بڵێت من ڕۆشنبیری کوردم، ڕەنگە ڕۆحی کوردیی هەبێت، بەڵام هێشتا ڕۆشنبیری کورد نییە، چونکە زمانی کوردی نازانێت.

پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد بە کوردی بیر بکەنەوە، بیرکردنەوە و زانیارییەکانیان بە کوردی بنیات بنێن و بنووسن، بە کوردی قسە بکەن و قسە بۆ خوێنەری کورد بکەن؛ ئەگەرنا بە زمانێکی تر خزمەت بەو زمانەی تر دەکەن. بێگومان ئێمە کوردی ئەمڕۆ دەناسین و بۆ بەرژەوەندیی گشتی، مرۆڤ دەتوانێت زمانی تر لەم پڕۆسەیەدا بۆ هەندێک مەبەست بەکار بهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئەم هەڵبژاردنی زمانە بە ئەنقەست و زیرەکانە بێت.

کەواتە ئەو کەسانەی کە بە ڕەچەڵەک کورد نین، بەڵام کوردی دەزانن و کۆمەڵگەی کوردی دەناسن و حەز دەکەن بە کارەکانیان خزمەتی کورد بکەن، دەبێ وەک ڕۆشنبیری کورد هەژمار بکرێن یان نا؟

سەر سەران و سەر چاوان.

ئەگەر ئامانجیان سیخوڕی یان شتێکی لەو جۆرە نەبێت و ئەگەر بە کارەکانیان خزمەت بە گەلی کورد بکەن، بە دڵنیاییەوە پێویستە ڕێزی تایبەتیان لێ بگیردرێت.

KURDŞOP
651 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!