نەسرین قاسملوو و شێوازی نەتەوەنووسی یان ئێتنۆگڕافی لە بیرەوەریدا

دوکتور ئازاد موکری

 

"ئەوروپاییەک لە وڵاتی کوردان" ناونیشانی کتێبێکە لە نوسینی "نەسرین قاسملوو" هاوسەری "دکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو" کە لە لایەن خاتو "ناهید حوسێنی"یەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

ئەو کتێبە بە چەند هۆ، شیاوی لێ وردبونەوەی خوێنەری کورد و خوێنەری ئەوروپاییشە. من لەو نوسینەدا حەول دەدەم دو هۆکاری گرینگیی ئەو کتێبە بخەمە بەر دیدی خوێنەران. بەشی یەکەم باس لە هۆکارێک بە ناوی "بەریەک کەوتنی کولتورەکان" دەکەم و لەبەشی دووهەمدا باسی "ژیانی ئەوروپاییەک لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتدا" دەکەم.

ئەو کتێبە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش نوسراوە. نووسەر ئەگەرچی ئۆتۆبیۆگڕافیی خۆی نووسیوە، بەڵام لەباری فۆڕمەوە نووسینەکە زیاتر هاوشێوەی ڕۆمانە. نووسەر ناوی خۆی سڕیوەتەوە و بگێڕەوەی ڕووداوەکانی ژیانی خۆی کردووەتە سێهەم کەس و لە گۆشە نیگای سێهەم کەس یان زانای گشتییەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. کەسایەتییەک کە ژیاننامەی دەگێڕێتەوە هەر خۆیەتی بەڵام بۆوەی باری داستانی بگرێ ناوی "لینا"ی لێناوە.

واتە ڕاوی، ڕووداوەکانی ژیانی کەسایەتییەک دەگێڕێتەوە بەناوی لینا. لیناش هەمان نووسەر و بگێڕەوەی چیرۆکەکەیە.

بەشی گرینگی ئەو کتێبە کە لە کۆمەڵناسیی کولتوریدا، خاوەن بایەخە، ئەوەیە کە نووسەر/مرۆڤێکی ڕۆژئاوایی بە پەروەردە و ئاکار و جیهانبینیی تایبەتی دونیای ڕۆژئاواوە،  ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتی کوردستان دەکا.

گێڕانەوەی ئەو نووسەرە لەوبارەیەوە بۆیە گرینگە کە ماوەیەکی زۆر لە نێو نەتەوەی کورد و لە کوردستان دەمێنيتەوە. ئەوەی دەیبینێ و ڕوو دەدا لە نزیکەوە هەستی پێ دەکا. حەول دەدا لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایە تێکەڵ ببێ. لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکانیاندا بەشدار بێ و کایە و وردەکارییە کۆمەڵایەتییەکانیان دووپات کاتەوە. ئەو شێوە کارە لە کۆمەڵناسیدا بە "نەتەوە نووسی" یان "گەل نووسی" ناسراوە. ئەوەش واتە ڕێباز و شێوازێک کە کۆمەڵناسان لە سەدەی بیستەمدا بۆ ناسینی کەلتوورەکانی دیکە گرتیانە بەر. واتە ئەوان بە جێگای ئەوەی تەنیا بۆ ناسینی نەتەوە و گەلێک پشت بە سەرچاوە نووسراوەکان ببەستن، دەچوون و لەگەڵ ئەو گەلانە ماوەیەک دەژیان تا وردەکاریی ژیان و بیر و باوەڕ و کار و کرداریان بزانن. کارێک کە نەسرین قاسملوو لە کتێبەکەیدا بۆمان دەگێڕێتەوە، ڕاست ئەو ڕێگایەیە کە کۆمەڵناسانی نەتەوەنووس باسیان لێ کردووە.

ئەو سەرەتا دەچێتە تاران و ڕەگەڵ مێردەکەی واتە دکتۆر قاسملوو دەکەوێ. ئەو ماوەیەی لەتاران خەریکی ژیانی نهێنییە، بەردەوام لە ئاکار و کردار و زمان و شێوەی ژیانی خەڵکی ئەو شارە ورد دەبێتەوە و زانیارییەکی باش وەدەست دەخا. بەڵام دوای ئەوەی دەچێتە کوردستان و لە ڕێگای تەورێزەوە ڕوو لە ورمێ و واری ژیانی دکتۆر قاسملوو و بنەماڵەکەی دەکا، چاوی نەسرینی قاسملوو یان بگێڕەوەی کتێبەکە وردبین ترە. هەر لە ڕێگا خەریکە هەم وەسفی وڵاتێکی تازە دەکا کە پێی تێخستووە و هەم خەریکە بەراوردی دەکا لە گەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران و ئەورووپاش. ئەوەی نووسەر لەو سەفەرە دەیگێڕێتەوە نیشاندەری ئەوپەڕەی پەرەنەگرتووییی ئابووریی ناوچەکەیە. نیشان دەدا دەوڵەتی ناوەندی، هیچ گوێی نەداوەتە پێشکەوتی ناوچەکە و هیچ بنەمایەکی ئاوەدانیی لەو ناوچەیە ڕەچاو نەکردووە. وەسفی ڕێگاوبان و شوێنی مانەوەکانی سەر ڕێگا و بەراوردی لەگەڵ شوێنەکانی دیکە ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە.

بەڵام نووسینی نووسەر لەوبوارەدا بەوە کۆتایی نایە. کاتێک دەگاتە ئەو ئاواییەی بنەماڵەی قاسملوو بە سەرۆکایەتیی "محەممەد خانی قاسملوو" یان "وسووق خان" لەوێ نیشتەجێن، وەسف و گیڕانەوەکانی بایەخێکی دیکە پەیدا دەکەن. سەرەتا ئەوەی کە ئەو نوسەرە خەریکە دەچێتە ناو یەکێک لە بنەماڵە هەرە ناسراو و دەوڵەمەندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. دووەم ئەوەی کە دەچێتە ناو بنەماڵەی یەکێک لە خان و ئاغا ناسراو و دەستڕۆیشتووەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. سێیەم ئەوەی کە دەچێتە نێو بنەماڵەی یەکێک لە سیاسەتمەدارە هەرە مەزنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. واتە لەبەر ئەو هۆکارانە دەتوانین بڵێین هەر ڕستەیەکی کە ئەو نووسەرە لە ماوەی مانەوەی لەو ماڵەدا دەینووسێ بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ توێژەرانی کۆمەڵناسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ هۆگرانی سیاسەت لە کوردوستان خاوەن بایەخە.

گێڕانەوەی نەسرین قاسملوو لە کتێبەکەیدا، لەمەڕ ژیانی بنەماڵەییی یەکێک لە خانە گەورەکانی کوردستان، وردەکاریی ژیان و دامودەزگای دیوەخانمان بۆ دەردەخا. ئەوجار ئیتر خوێنەر تەنیا چیرۆکێک ناخوێنێتەوە کە چیرۆکنووس بە خەیاڵ ژیانی دیوەخانێکی خوڵقاندووە، بەڵکوو گێڕانەوەی ژنێک دەخوێنێتەوە کە بووەتە بەشێک لەو دیوەخانە و ژیانی ئەو دیوەخانەی بە هەمو خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە دیوە.

لە لایەکی دیکەوە نووسەر هەر لە چوارچێوەی ئەو دیوەخانەدا نامێنێتەوە و هاتۆچۆی دەرێ و ناو ڕەعییەتەکانیش دەکا و بەراوردی ئەو دوو جۆرە ژیانە لە ڕێگای قسەکانییەوە دەکا و دەتوانین ڕادەی دووریی ژیانی خان و دیوەخان لە ژیانی خەڵکی ئاسایی و ڕەشۆکی تێبگەین.

باری سێیەم، ژیانی بنەماڵەیی ڕێبەرێکی سیاسیی گەورەی کوردی ڕۆژهەڵاتە. هیچ سەرچاوەیەک لەبارەی ژیانی سیاسی و ئاساییی دکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو بەقەد ئەو کتێبەی وردەکاری تێدا نییە. نووسەری ئەو کتێبە عەبدولڕەحمانی قاسملوویەک پێشان خەڵک و خوێنەرانی دەدا کە عاشقی بووە. لەگەڵی ژیاوە. لەگەڵی دەرسی خوێندووە، لەگەڵی بووەتە مامۆستای زانکۆ لە پڕاگ، لەگەڵی ئاوارە بووە، ژیانی نهێنیی تاقی کرددووەتەوە و لە ئاکامدا بووەتە یارمەتیدەری لە ڕەوتی شۆڕشدا. ئەو کتێبە ئەو ڕاستییە دەردەخا کە چۆن ئەوروپاییەک توانیوێتی پاش ئەوەی بە وردی لە کێشەی کورد و نەهامەتییەکانی تێگەیوە، بە دڵ و بەگیان بێتە ڕیزی شۆشگێڕەکانی کوردەوە و وێڕای ئەوان بۆ مافی ڕەوای نەتەوەیەکی بندەست حەولی داوە و لە مەترسیدارترین پڕۆسەکاندا بەشداریی کردووە. لە لایەن دەزگای سیخوڕی ساواک و سەرۆکی ئەو سیستەمە دژە ئینسانی و مەترسیدارەوە لێپیچینەی لێ کراوە. لەگەڵ منداڵە وردەکانی ئاوارەی شار بە شاری ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان بووە. مەجبوور بووە بە سەدان ڕۆژ ببێتە خزمەتکاری شۆڕشگێڕانی کاری نهێنیی نێوشار و یارمەتیدەری شۆڕشگێڕانی سەر شاخەکانی کوردستان. بە گشتی ئەو کتێبە کتێبێکی شیاوی لێ وربوونەوە و خوێندنەوە و لێ فێڕ بوونە، هەم بۆ خوێنەری کورد و هەم بۆ خوێنەری ئەورووپایی. چون ئەورووپاییەک نووسیوێتی کە ئاشقی کوردەکان و زام و دەردەکانیانە.

KURDŞOP
667 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!