کوردەکان لە چی دەچن؟

مرۆڤ دەبێ واقیعبین بێت، ئەو کەسانە، ئەم قسەیە بە ڕوانگەیەکی باش و پاکەوە ناڵێن. چونکە لە چاوی ئەو کەسانەوە مەحاڵە کوردێک پاک بێت یان جوان بێت. بە گوتەی ئەوان، کورد نەخۆش، ناحەز و تەمبەڵە.

 

ئیسماعیل ئاکبابا

 

بێگومان زۆر کەس ئەم قسەیەیان بیستووە: "تۆ بە هیچ شێوەیەک لە کورد ناچیت." بەڵام ئەم ڕستەیە تەنیا بۆ کورد نییە. بۆ عەرەب، سووری و ئەرمەنیش بەکار دێت.

لە زانکۆ چەند جارێک گوێم لێ بووە، کەسانێک بە کۆمەڵێک کچ و کوڕی کوردیان دەگوت: "بەڕاستی؟ ئێوە بە هیچ شێوەیەک لە کورد ناچن.''

چەند جار بەبێ ئیزن وڵامی چەند کەسێکم دایەوە: "بۆ کورد چۆنە؟" "ئایا لەنێوچاوانیانەوە کورد دەنووسن یان کلکیان هەیە؟''

هەندێک لێکۆڵینەوەم کرد و بۆم دەرکەوت کە ئەو نەتەوانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هەندێک دەوڵەتدان، لە میدیای ئەو دەوڵەتانەدا بە باشی وێنا ناکرێن و هەمیشە بە خراپ سەیر دەکرێن. بۆیە کاتێک کەسێک کوڕێکی قۆز یان کچێکی جوان (بەپێی جوانیناسیی کۆمەڵگە؛ چونکە لە چاوی مندا جوانی لە هەڵوێست و بیرکردنەوەدایە) دەناسێت و دەزانێت کە کوردە، قسەی یەکەمیان ئەوەیە: "Hiç Kürde benzemiyorsun"، یانی "تۆ بە هیچ شێوەیەک لە کورد ناچیت."

بۆ تاقیکردنەوە، وێنەی "زادینا شاکر"، کچە شۆخ و چاو سەوزە کوردەکە، "عیشە شان" و هاوڕێکانی لەنێو کۆمەڵگەدا کە بە جوان و قەشەنگ ناسراون پیشانی هەندێک کەسم دا و گوتم: "ئەمانە هونەرمەندی کۆنی کوردن، ئەمانە گەنجی کوردن، ئەمانە منداڵی کوردن، ئەم کچە کوردە و هتد." بەڵام وڵامی هەندێک کەس بەم شێوەیە بوو: "ئەمە لە کورد ناچێت." بەڵام کاتێک وێنەی خەڵکی هەژارم پیشان دەدان، گوتیان: "دیارە ئەمە کوردە"، بەڵام جارێکیان نەیانگوت کورد، گوتیان: "doğulu" (ڕۆژهەڵاتی).

لە سەردەمی نازییەکاندا، جوولەکەکان لە کارتۆنەکاندا وەک دێوەزمەیەک نیشان دەدران بۆ ئەوەی خەڵک خۆشیان لێیان نەیەت. کاتێک لە ئۆردووگاکانی کارکردنی ناچاری بوون، بۆ ئەوەی دڵیان پێ نەسووتێت، لەنێو خۆڵ و پیسیدا بەجێ دەهێڵران. بۆیە بەپێی جوانیناسیی ئەو سەردەمە ڕەگەزپەرستە ئاڵمانییەکان باوەڕیان بەوە نەدەکرد کە کچێکی جوان یان کوڕێکی قۆز جوولەکە بێت.

مەسەلەکە ئەوەیە، ئێمەی کورد ساڵانێکی زۆرە لە سینەما و میدیای دەوڵەتیدا وەک نەزان، ناحەز و خراپ نیشان دەدرێین. لە فیلمە کۆنە سینەماییەکاندا بە شاڵ و چەفی و بە تورکییەکی هەڵە و گاڵتەجاڕانەوە (تەنانەت بە کوردیش نەبوو) وێنا دەکراین. لە هەواڵەکاندا، کاتێک ڕووداوێکی خراپ لە شارێکی تورکیادا ڕووی دەدا، لە ڕۆژێکدا لەبیر دەکرا و ئەگەر زۆر خراپ بووایەت، چەند ڕۆژێک لەسەری قسە دەکرا و لێی دەرباز دەبوون. بەڵام کاتێک ڕووداوەکە لە باکووری کوردستان ڕووی دەدا، میدیاکان ڕووداوەکەیان پیشان دەدا وەک ئەوەی لە هەموو ناوچە و شارێکی کوردیدا ڕوویدابێت و زۆرجاریش بۆ ماوەیەکی زۆر سەرنجیان لەسەر بوو و وا نیشانیان دەدا کە کورد باش نییە. پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ڕووخساری جوان و جوانیناسیدا هەیە. ئەگەر شتێک باش دەرکەوتبا، باش دەبوو. لە فیلمەکاندا مرۆڤە کۆمێدی و جوانەکان هەمیشە ڕۆڵی باشیان دەگێڕا، کەسانی ناشرینیش لە ڕۆڵی خراپدا دانرابوون. و لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەکاندا ئەم ڕستەیە لەنێو خەڵکدا بڵاو بووەوە: "تۆ بە هیچ شێوەیەک لە کوردان ناچیت."

شەرمەزارترین شت ئەوەیە کە ئێستا کوردەکان ئەمە بە یەکتری دەڵێن. کاتێک ھەندێک کورد ھەندێک کوردێکی جوان یان قەشەنگ دەبینن، بە یەکتری دەڵێن: "ئێوە لە کورد ناچن، بە ھیچ شێوەیەک لە کورد ناچن."

بۆیە کاتێک کوڕ یان کچێکی تورک، فارس یان عەرەب (بەڵام زۆربەیان تورکن)، کوردێکی قۆز یان جوان دەناسن و دەبنە هاوڕێی، یەکەم قسەیان ئەوەیە: "تۆ لە کورد ناچیت."

مرۆڤ دەبێ واقیعبین بێت، ئەو کەسانە، ئەم قسەیە بە ڕوانگەیەکی باش و پاکەوە ناڵێن. چونکە لە چاوی ئەو کەسانەوە مەحاڵە کوردێک پاک بێت یان جوان بێت. بە گوتەی ئەوان، کورد نەخۆش، ناحەز و تەمبەڵە. هەر بۆیە کاتێک کوردێکی قۆز یان جوان دەناسن، پێی دەڵێن: "تۆ لە کورد ناچیت" و بەم شێوەیە وا خۆیان نیشان دەدەن کە قسەی خۆش دەڵێن. بەڵام کەس وەدەنگ نایەت بڵێت: "ئەی کورد چۆنە؟".

مرۆڤ دەبێ سەرەتا ئەوە تێبگات کە جوانی و قەشەنگی لە هەڵوێست و فیکر و بیرکردنەوەدایە. وەک گەلانی تر، لەنێو کوردانیشدا بەپێی جوانیناسیی ئەو سەردەمە، کەسانی جوان و قەشەنگیش هەن. کاتێک کەسێک، کوردێکی قۆز و جوان دەبینێت، ئیتر ناڵێت: "تۆ لە کوردان ناچیت."

شێوەی بیرکردنەوە بەم شێوەیە دەگۆڕدرێت، کاتێک مرۆڤ شتێکی هەڵە دەبینێت، ڕاستی دەکاتەوە. چیتر کورد لە میدیاکان بە خراپی نیشان نادرێت و دەستەواژەی "ئێوە وەک کورد نین" بەکار ناهێنرێت. بە تایبەتی کورد دەبێ خۆی لە بەکار‌هێنانی ئەو دەستەواژەیە بەدوور بگرێت. ئێمە میللەتێکی جوانین و دەبێ ئەمەمان قەت لەبیر نەچێت.

KURDŞOP
667 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!