کورد موعجیزەی دونیای مودێڕنە

دیاکۆ شاسواری

تەلەفزیۆنی ڕووداو لە یەکێک لە دوایین وتوێژەکانیدا، لەگەڵ گەوەرە فیلسووف و پڕۆفیسۆری فەلسەفەی جیهان ژیژەک، دوا بیر و ڕای ئەو فەیلەسووفەی لەمەڕ کوردەوە بڵاو کردەوە. ژیژەک بە ڕوونی و بێ پێچ و پەنا لەمەڕ کوردەوە دوا. ڕوانینی ئەو فەیلەسووفە لەمەر کوردەوە پێشتریش لەمەڕ کوردەوە و بەتایبەت لەمەڕ کوردی ڕۆژئاواوە بڵاو کرابووەوە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆی لێک گرێدراوی لەگەڵ بیری چەپ لە مێژە سەرنجی بەشێکی زۆر لە فەیلەسووف و بیرمەندانی چەپی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بۆ وێنە پێشتریش فەیلەسووف و زمانناسی ناوداری ئامریکایی "نۆڤام چۆمسکی" بە چەندین جار لەمەڕ کوردەوە و بە تایبەت لەمەڕ کوردانی ڕۆژئاواوە دواە و بزوتنەوەی ئەوانی بە بزوتنەوەیەکی ڕزگاریدەری جیهانی ناسیوە. جودا لەوە بەشێکی زۆر لە چەپی جیهانی پشتگیر و هاودڵی ئەو بزووتنەوەیە بووە. بۆ وێنە بزووتنەوەی "سیخمە سەوزەکانی فەڕانسە" ئەوکات بە فەرمی ڕایگەیاند کە خوازیاری سیستەمێکی لە گوێن سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستانە.

ژیژەکیش پێشتر لەمەڕ کوردی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستانەوە دواوە. بۆ وێنە لەسەر کاریگەریی کوردی ڕۆژهەڵات لەسەر شۆرشی نوێی ئێران کە بە شۆڕشی "ژن - ژیان – ئازادی" ناسراوە قسەی کردووە. لەوێدا پێی وایە دروشمی ژن ژیان ئازادی، دروشمێکی پێشکەوتنخوازانە و شۆڕشگێڕانەیە و دروشمی وا لە هیچ ناوچەیەکی ئێران جگە لە کوردستانەوە سەر هەڵنادا.

سلاڤۆی ژیژەک، لە وتوێژی تازەیدا باسی ئەوە دەکا کە لەمێژە هیوای ئەوەی لە دڵدایە سەردانی کوردستان بکا و بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کڕۆنا بەتەما بووە سەردانی زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستان بکا. بەڵام وادیارە نەیتوانیوە و ئێستاش ئارەزووی ئەوەی هەیە ئەگەر بۆی بلوێ سەردانی هەر کام لە پارچەکانی کوردستان بکا. ئەگەرچی ئەو لە وتەکانیدا دەڵێ باشووری کوردستانیش نموونەیەکی جیاوازە و لە سەرانسەری عێڕاق جودایە و نیزامی سیاسی و ئاکادیمییەکەی شتێکی تایبەتە، بەڵام ئەوەش دەڵێ کە بە ڕادەی پێویسست بە چەپیان نازانێ.

ئەوەی لەو دیمانەیەی ژیژەکدا گرینگە دوو بابەتە. یەکەم ئەوەی کە ئەو بەردەوام حەزی خۆی بۆ سەردانی کوردستان زەق دەکاتەوە و بە هۆی ئەوەی بە ناوچەیەکی جیاواز لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوینی دەزانێ، پێی خۆشە ئەو وڵاتە ببینێ. دووەم ئەوەی باسێک لە سەر خوێندنەوەی ڕۆژهەڵاتناسەکان دەکا لەسەر خەڵکی کورد.

وەکی دەزانین ئێستا کورد گرینگیی زۆر دەدا بەوەی ڕۆژئاواییەکان و بەگشتی بیانییەکان لە ڕابردوودا لەمەڕ کوردەوە چییان کوتووە. کتێبی لەو بابەتەش لە باشووری کوردستان زۆر بڵاو دەبنەوە کە بەشێکی هەرە زۆریان بێ کەڵک و بە فیڕۆدانی سامانی گشتییە. بۆ وێنە کراوەتە باو کە کورد لە سەفەرنامەی ئێرانییەکاندا و تا دوایی... کە ئەو جۆرە کتێبانە جودا لە وەرگێڕانی سەقەت و ناکوردی و نازانستییان، لەباری ناوەرۆکیشەوە هیچ بە دەستەوە نادەن.

ئەوەی زیاتر لەو نووسراوەیەدا مەبەستە، بۆچوونی نوسەرانی ڕۆژئاواییە لەمەڕ کوردەوە. بە دەیان کتێب لەو بارەیەوە نووسراون. سلاڤۆی ژیژەک بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەوە لەو نوسینانەی ڕۆژهەڵاتناسەکان دەدوێ و باسی ئەوە دەکا کە ئەو نووسینانە چەندە لەگەڵ واقیعی کوردستان لێک دوورن.

ژیژەک دەڵێ وێنەیەک کە من لە سەردەمی لاویمدا لە کوردستانم هەبوو، بە هۆی ئەو نووسینانەوە بووە کە نووسەرانی ڕۆژئاوایی لەمەڕ کوردستانەوە نووسیویانە. ئەو پێی وایە ئەو نووسەرانە وێنەیەکی ناڕاست و دوژمنکارانەیان لە کورد بە دەستەوە داوە. دەڵێ ئەو نوسەرانە خەڵکی کورد بە خەڵکێکی شێتۆکە و بێ ئاوەز بە بەردەنگیان دەناسێنن. بەڵام بە تێگەیشتنی ئێستای، ئەو قسەیە لە دوای وەدەستهێنانی ناسیای لەمەڕ کوردەوە لای ئەو مانای خۆی لەدەست داوە. ئەو دەڵی کورد ئێستا نموونەی مرۆڤی بەئاوەز و تێگەیشتوو و پێگەیشتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نەتەنیا دەتوانن هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن، بەڵکوو دەتوانن دونیا بگۆڕن. بۆیە ژیژەک دەڵێ کوردەکان موعجیزەی دونیای تازەن. هەر بەو هۆیە دەڵێ: کورد دەتوانێ ببێتە نموونەیەک نەک تەنیا بۆ وڵاتانی دەوربەری، بەڵکوو دەتوانێ نموونەیەک بێ بۆ هەموو جیهان. ژیژەک دەڵێ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی هزرییەوە زۆر پێشکەوتویە.

لە دواییدا ئەو فیلسوفە گەورەیە پێشنیاری ئەوە دەکا کە کورد لە ڕێی دونیای دیجیتال و پڕۆگرامینگەوە ببێتە پێشەنگی پیشەسازیی نوێ، بە بێ گەڕانەوە بۆ پیشەسازیی کۆن و وەک دوا ئاواتی ژیانیشی دەڵی: ئارەزوومە بێمە کوردستان جا هەر بەشێکی بێت.

جودا لەوەی کە ژیژەک کەسێکی گەورە و گرینگە لە جیهانی هزری ئەوڕۆدا، ئەوە بۆ کورد گرینگترە کە یەکیک لە گەورەترین فەیلەسووفانی جیهان بەئاواتەوە بێت و لە نزیکەوە وڵاتەکەی ببینێ و سەردانی زانکۆکانی بکات. لێرەوە دەمێنێتەوە جۆری تێگەیشتنی سیاسەتمەداران و زانکۆکانی باشووری کوردستان. ئەگەر بە ڕاستی شتێک لە پەیوەندیی فکری و پەیوەندیی سیاسی و لۆبیگەریی جیهانی لە کوردستاندا لە ئارادابێ، دەبێ زانکۆکانی باشوری کوردستان و سیاسەتوانانی باشوور بە ئامێزی ئاواڵەوە، سلاڤۆی ژیژەک وەک بیرمەند و ئاکادیمیسیەن و فیلسوفیکی مەزن بانگ بکەن و حوزووور و بیروڕای ئەو لەوێوە لە ڕاگەیاندنەوە بە گوێی هەموو جیهان بگەیەنن. تا هەم عەرەب و هەم تورک و فارس و ڕۆژئاواییەکانیش جارێکی دێکە و ئەوجار لە زمان فەیلەسووفێکی گەورەوە ڕاستی و دروستیی ویست و ئاواتەکانی مرۆڤی کورد ببیستن.

 بێگومان بوونی کەسی وەک ژیژەک لە کوردستان نیشاندەری پلەی بیر و هزری ئێستای سیاسی و ڕۆشنبیریی خەڵکی کورد دەبێ نەک دزە کردنی کۆمەڵێک سیخوڕ-نووسەری کوردی ئێرانی کە خەریکن بە ناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و بەڵام لەسەر ڕاسپاردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گاڵتە بە کوردی ڕۆژهەڵات دەکەن و مشەخۆری لەسەر نەبووونی سیاسەتی کەلتوووری لە باشوور، بووەتە پیشەیان. ئەوەی ئێستا لە دیپڵۆماسیی کەلتووری و پلانی فەرهەنگی بۆ کورد گرینگە بوونی کەسایەتییە کاریگەرەکانی بیانی و کوردی بە ئەزموونە لە شوێنە گرینگەکانی کوردستان، نەک بوونی ئەو ەناو نووسەرانەی لە لایەن دەستە ناشارەزا و هەڵبەت گەندەڵەکانی بە ناو نوووسەر و وەرەگێڕەوە، لە تارانەوە بۆ سلێمانی و کۆڕی وەک فیستیڤالی گەلاوێژ بانگ دەکرێن و دواتر گاڵتە بە عەقڵییەت و کیانی کوردیش دەکەن. ئایا حیکمەتیک لە کوردستان هەیە ژیژەکەکان بانگ بکا و واش بکا ئەو فەیلەسوووفانە لە هاتنیان پەشیمان نەبنەوە؟

KURDŞOP
600 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!