ئاڵا و شوناسی نەتەوەکان

ئاڵا گرینگترین بەڵگەی شوناس و هێمای نەتەوەیی وڵاتێکە لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا و بە شێوەیەکی تایبەت و جیاواز، نەتەوەیەک و باوەڕەکانی، بە جیهانییان دەناسێنێت.

 

- ڕۆژ قادری


 

لەدایکبوونی ئاڵاکان

قەومەکان، لایەنگرانی ئایینەکان و دەوڵەت- نەتەوە جۆراجۆرەکان، لە درێژایی مێژوودا، بۆ جیاوازیی نێوان خۆیان لەگەڵ دەوروبەر، لە ئاڵایەک کەڵکیان وەرگرتووە کە پیشاندەری باوەڕەکانی ئەوان بووە. یەکەمین ئاڵا فەرمییەکان، لە وڵاتی چیندا بەکار هێنراوە تا بەشە جیاوازەکانی سوپا دیاری بکەن.

زۆرترین گۆڕانی ئاڵاکان، پەیوەندیدار بە کارامەیی ئەوان لە دەریاکاندا بووە. پاپۆڕەکان ئاڵاکانیان بۆ ناساندن لە مەودای دوورەوە و زۆر ئامانجی دیکە، بەکار دەهێنا. هەندێک لە ئاڵا بەناوبانگەکان وەکوو ئاڵای وڵاتانی هۆلەند و سپانیا، تایبەت بۆ کاروباری دەریایی نەخشێندرابوون.

 

ئاڵا و شوناس

وەک چۆن "سروودی نیشتمانی" لە هەر وڵاتێکدا پیشاندەری "شوناسی نەتەوەیی" لەو وڵاتەدایە، بەو جۆرەش "ئاڵا" پیشاندەری "شوناسی نەتەوەیی" لەو وڵاتەدایە؛ سروودی نیشتمانی بە وشەکانی و ئاڵا بە ڕەنگ و نەخشەکانی باس لە شوناسی نەتەوەیەک دەکەن.

هەر وەکوو ناوی وڵات، ئاڵا و هێماکانیشی، لە ناسینی هەر وڵاتێکدا زۆر گرینگە و پیشاندەری بوونناسی، باوەڕەکان، ئارمانەکان، ڕوانگەکان و ئیدئۆلۆژی و لە هەندێک نموونەشدا، تەنانەت باس لە مێژووی نەتەوەیەک دەکات.

ئاڵا ڕەنگە باس لە دۆخی جو‌غرافیایی، فەرهەنگی و تەنانەت پیشە و جووتیاریی وڵاتێک بکات. ئاڵا گرینگترین بەڵگەی شوناس و هێمای نەتەوەیی وڵاتێکە لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا و بە شێوەیەکی تایبەت و جیاواز، نەتەوەیەک و باوەڕەکانی، بە جیهانییان دەناسێنێت.

ئاڵا و دەوڵەت- نەتەوەکان

بە دەرکەوتنی دەوڵەت- نەتەوەکان، ئاڵاکان ڕۆڵ و گرینگییەکی زیاتریان پەیدا کرد و پێگەیەکی بەرچاوتریان لە بواری سیاسەت و نێونەتەوەییدا بەدەست هێنا. زۆرێک لە وڵاتانی سەربەخۆ، ئاڵایان بەپێی ئیدئۆلۆژی و ڕوانگەی حیزبە سیاسی یان گرووپگەلێک کە سەربەخۆییان بۆ ئەو وڵاتانە بەدەست هێنا، نەخشاند.

لە ئەمڕۆدا، ئاڵای هەر وڵاتێک وەکوو هێمایەکی پڕواتا دێتە ئەژمار کە باس لە شوناس، مێژوو، فەرهەنگ و فەلسەفەی هەر وڵاتێک دەکات. ئاڵا لە دروستبوونی یەکگرتوویی، یەکدەنگی و یەکیەتیی نێوان هاووڵاتییان، لایەنگرانی ئایین و ئایینزا جیاوازەکان و کەمینە نەتەوەییەکان، لە جوغرافیایەکی دیاریکراودا ڕۆڵێکی هەرەگرینگی  هەیە. هەروەها لە هەندێک لە وڵاتاندا، ڕۆژێک لە ساڵ بۆ ڕێزگرتن لە ئاڵای نەتەوەیی دیاری کراوە.

 

هێماکان لە ئاڵاکاندا

لە ئاڵاکاندا هێمای جیاواز بەکار دەهێنرێن، بۆ نموونە "خاچ" نیشانەی مێژینەی فەرمانڕەوایی فەرهەنگی مەسیحی و فەرمانبەری لە ئایینی مەسیحییەت لە وڵاتێکدایە. لە ئاڵای وڵاتەکانی "یۆنان، دانمارک، فینلاند، ئیسلەند، نۆروێژ و سوید" و زۆر وڵاتی تردا "خاچ" بەکار هێنراوە.

هیلالی مانگ و ئەستێرەش، لە هەندێک ئاڵادا بەکار هێنراون. ئەم دووە لە تەنیشت یەکتردا، واتە هیلالی مانگ و ئەستێرەی پێنج گۆشە، بە نیشانەی ئایینی "ئیسلام" و مێژینەی فەرمانڕەوایی فەرهەنگی ئیسلامی و فەرمانبەری لە ئایینی ئیسلام لە وڵاتێکدا بەکار هێنراوە. بۆ نموونە ئەم شکڵانە لە ئاڵای وڵاتانی "تورکیا، پاکستان، ئەلجەزایر، کۆماری ئازەربایجان، مالێزیا و توونێس" بەکار هێنراوە.

ئەستێرەی پێنج پەڕی سوور، بە نیشانەی حاکمییەتی حیزبی "کۆمۆنیست" دێتە ئەژمار و لە ئاڵای وڵاتانێکی وەکوو "چین"  لەبەر هۆکاری فەرهەنگیی تایبەتی خۆیان، کۆمۆنیزمی چینییان لە کۆمۆنیزمی ڕووسی جیا کردەوە و ڕەنگی ئەستێرەکانی کۆمۆنیزم لە چین کران بە زەرد و لە ئاڵای چیندا بەکار براون. لە ئاڵای ڤییەتنامیشدا نیشانەی پێنج گرووپ لە کرێکارانە کە "سوسیالیست"یان لەو وڵاتەدا دامەزراند.

واتای ئەستێرەکان لە ئاڵای هەندێک لە وڵاتاندا جیاوازە؛ وەکوو "هێندووراس" و "فیلیپین" کە سێ ئەستێرەیە و "تورکمەنستان" کە پێنج ئەستێرەیە و نیشانەی ڕێژەی ویلایەت یان پارێزگا یان ناوچە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانەن.

لە هەندێک لە وڵاتەکاندا، وەکوو "قرقیزستان"، ڕێژەی تیشکەکانی خۆر وەها کارامەییەکیان هەیە؛ ٤٠ تیشک لە ئاڵای قرقیزستاندا، بە نیشانەی ٤٠ قیبلە و ٤٠ قارەمانی ئەو وڵاتەیە.

لە ئاڵای هەندێک لە وڵاتاندا، ڕێژەی "نەوار"ەکانی سەر ئاڵاکان، هۆکارێکی تایبەتی هەیە. بۆ نموونە ١٤ نەواری سوور و سپی لەسەر ئاڵای وڵاتی مالزیادا، بە نیشانەی ١٤ پارێزگا یان ویلایەتی ئەو فێدراسیۆنەیە. لە ئاڵای یۆناندا، ٩ نەواری سپی و شین، باس لە ٩ بڕگەی هاواری "ئازادی یان مەرگ" لە زمانی یۆنانیدا دەکات کە لە درێژایی شەڕ بۆ سەربەخۆییی ئەم وڵاتەدا دەیانهێنایە سەر زمان.

نیشانە پیشەیی یان جووتیارییەکانیش لە ئاڵاکاندا، باس لە پیشە یان جووتیاری دەکەن، یان مەبەست لێی، سەرنجدان بە چینی جووتیاری کۆمەڵگەیە. بۆ نموونە ئەم نیشانانە لە ئاڵای وڵاتی " ئانگولا"دا دەبینرێت.

وێنەی گیا و ڕوەکیش لە ئاڵاکاندا، پیشاندەری گیا و ڕوەکی تایبەتی ئەو وڵاتانەیە. لە ئاڵای وڵاتی لوبناندا، داری "سەدر" و لە ئاڵای کانادادا، گەڵای "ئەفرا" خۆیان دەنوێنن.

وێنەی ئاژەڵانیش نیشانەی حەز یان باوەڕی ئایینیی خەڵکە بە ئاژەڵان. شێر لە ئاڵای سەریلانکا و ئیژدیها لە ئاڵای بووتان لەو نموونانەن. هەروەها هەڵۆی دوو سەری ڕەش بە نیشانەی هێز و تیژبینی لە ئاڵای ئالبانی، ئاڵای نیزامییەکانی ئەو وڵاتە بووە لە شەڕ لەگەڵ وڵاتی تورکیادا.

جگە لەوانەی باسیان لێوە کرا، شکڵ، وشە و ڕستەگەلێکی جۆراجۆری دیکە، لەسەر ئاڵای هەندێک لە وڵاتاندا بوونیان هەیە؛ وەکوو ئەو ڕستەیەی کە لەسەر ئاڵای وڵاتی عەرەبستاندا هەیە کە نیشانەی ئایینی ئیسلامە لەو وڵاتەدا. هەروەها وێنەی "چەرخ" لە ئاڵای وڵاتی هینددا کە نیشانەی باوەڕی "بوودایی" لەو وڵاتەدایە. وێنەی پەرستگەیەکی بەناوبانگ لە ئاڵای کامبووجدا، نموونەیەکی تر لەوانەیە کە باس لە باوەڕە ئایینییەکانی ئەو وڵاتە دەکات.

ڕەنگەکان لە ئاڵاکاندا

ڕەنگی سوور نیشانەی شۆڕش، دلێری، هێز، شەهامەت و چەمگەلێکی لەم بوارانەیە. بۆ نموونە هەندێک لەو وڵاتانەی کە لە شەڕە جیهانییەکاندا بەشدار بوون، بۆ ڕێزگرتن لە گیانفیدایی سەربازەکانیان لە شەڕەکاندا، لە ڕەنگی سوور لە ئاڵاکانیان کەڵکیان وەردەگرت. هەروەها ڕەنگی سوور نیشانەی دلێری و گیانفیداییەکانی سەربازانی وڵاتێکە لە شەڕەکانی وەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ وڵاتەکەیان. ڕەنگی سوور لە ئاڵای ئەرمەنیادا، بەم واتایەیە. سوور لە ئاڵای ڤییەتنامدا نیشانەی ڕوودانی شۆڕشێکە لەم وڵاتەدا. لە هەندێک وڵاتیشدا ڕەنگی سوور بە واتای باوەڕی کۆمۆنیستییە.

ڕەنگی سەوز نیشانەی ئاسایش، هیوا، سەرسەوزی و ئارامییە. سەوز لە ئیسلامدا بە واتای ئیمان و باوەڕ بە ئایینە و باس لە هەرمانی دەکات و هێمایەکە لە جیهانەکەی تر. ڕەنگی سەوز بە شێوە کلاسیکەکەی، ڕەنگی ئایینی ئیسلامە و لە ئاڵای وڵاتانی عەرەبستان، کۆماری ئازەربایجان و ئەفغانستان و... خۆی دەنوێنێت. هەروەها لە ئاڵای وڵاتانی جامائیکا و ئۆزبەکستاندا، باس لە سەرسەوزی و دارستانەکانی ئەو وڵاتانە دەکات.

ڕەنگی سپی لە ئاڵای زۆرینەی وڵاتاندا، وەکوو ئۆزبەکستان و هیند، بە واتای ئاشتییە. بەڵام لە هەندێکی تردا، واتای شتی تریش دەدات. لە ئاڵای وڵاتی فینلانددا، باس لە بەفر لە زستاندا دەکات، یان لە ئاڵای کانادادا نیشانەی ناوچە بەفرییەکانی باکووری ئەم وڵاتەیە. لە ئاڵای تاجیکستاندا نیشانەی پیشەی گرینگی ئەم وڵاتەیە، واتە "لۆکە". ڕەنگی سپی لە ئاڵای ئەندنۆزیدا بە واتای ڕۆحە کە بەرامبەری ڕەنگی سوورە کە باس لە لەش دەکات. سپیبوونی خاچ لە ئاڵای یۆناندا، بە نیشانەی پاکیی شەڕی سەربەخۆیی یۆنانە.

ئاڵای کوردستان

کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاڵای فەرمیی خۆی هەیە .

ئاڵای کوردستان کە لە سێ ڕەنگ پێک هاتووە و خۆرێک بە ٢١ تیشکەوە لە نێوەڕاستییەتی، هاوشانی هێما نەتەوەییەکانی دیکەی وەک: سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و پێشمەرگە، بە ڕەمزی هەرمانیی نەتەوەیی کورد دەژمێردرێت و لەلای زۆربەی هێز و پارتە سیاسییەکانی چوار پارچەی  کوردستان بە فەرمی ناسراوە و لە بۆنە فەرمییەکاندا هەڵ دەکرێت.

دروشمی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە ٢١ تیشکی یەکسان و ھاوشێوەی ھەیە کە لای هەندێک بە نیشانەی ڕێکەوتی ٢١ی ٣ دەگەیەنێت کە سەرەتای ساڵی کوردییە و هەندێک بە نیشانەی ٢١ خانەدانی "ماد"ی دەزانن کە پێکەوە پەیمانیان بەست و دەسەڵاتی مادیان دامەزراند.

 

واتای ڕەنگەکان لە ئاڵای کوردستاندا

ڕەنگی سوور لە ئاڵای کوردستاندا بە واتای شۆڕش، خوێنبەخشین لە جەنگ دژی دوژمنان، ئازایی، هێز و یەکسانییە؛ ڕەنگی سەوز بە واتای سەوزایی، ئاوەدانیی وڵات و پاراستنە و ڕەنگی سپی بە واتای ئاشتی، ئارامی و ئاگربەستە.

ئاڵای کوردستان لە درێژایی مێژوودا

لە ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی ١٩١٤ی زایینیدا، ئاڵای کوردستان بە قوماشێكی زێڕین دروست كرابوو و ئایەتێكی قورئانی تێدا بوو.

ئاڵای کوردستان لە سەردەمی شێخ مەحموود لە ساڵی ١٩١٩دا، لەسەر باڵەخانەی ئەفسەری سیاسیی بەریتانیا هەڵ كرا كە بریتی بوو لە مانگێكی سوور و ڕووبەرێكی سەوز.

ئاڵای کوردستان لە سەردەمی شۆڕشەكەی "سمكۆخانی شكاک" لە ساڵی ١٩٢٢دا هەڵك را و تێیدا نووسرابوو: كوردستانی ئازاد.

 لە کاتی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥دا، ئاڵایەكی كردە پێشەوایەتی بۆ شۆڕشەكەی کە ڕەنگی سەوز بوو و ڕۆژێكی لە نێوەڕاستدا بوو.

لە سەردەمی كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی ١٩٣٧دا، ئاڵایەكیان هەبوو و ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە دەبا بە قورئان و خەنجەر و ئەو ئاڵایە سوێندیان خواردبا.

حیزبی ئازادیی كوردستان لە ساڵی ١٩٣٨دا دامەزرا و ئاڵاكەیان بریتی بوو لە دوو خەنجەر و سی ئەستێرە.

لە سەردەمی دامەزراندنی كۆماری کوردستان لە ڕێكەوتی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٦٤٦ی کوردیدا، بە بۆنەی لابردنی دوایین دامودەزگا و ئاسەواری حکوومەتی پاشایەتی بەدەستی هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان کە شارەوانیی مەهاباد بوو، لەوێ بە فەرمی و لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا، ئاڵای کوردستان هەڵ کرا.

ئێستا لە پارلمانی هەرێمی کوردستاندا، بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٦ی ١١/١١/١٩٩٩ی زایینی کە لە یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ١٩٩١ سەرچاوەی گرتووە، شێوازی ئاڵاکە و پێوانەکان و شیوازی هەڵکردن دیاری کراوە.

لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینیدا، پارلمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کرد کە بەرابەرە لەگەڵ، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بینای شارەداریی مەهاباد لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ی زایینی لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە.

KURDŞOP
661 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!