ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، بیرەوەری یان ڕەخنەی سیاسی؟

 

 

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ژانری بیرەوەری نووسین لە نێو نووسەرانی کورددا، بڕەوێکی زۆری پەیدا کردووە. ئەو بەستێنەش بە چەند هۆ بۆ کورد گرینگە. یەکەم ئەوەی نووسەرانی کورد لەو بیرەوەرییانەدا بەشێکی زۆر لەو ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی خەڵکی ئاسایی لێی بێ ئاگان دەخەنە بەرچاوی خوێنەران و بەو شێوەیە خوێنەری کوردیش لە ورد و درشتی ڕووداوەکانی دەوروبەری خۆی تێدەگا و ڕێگای بۆ وردبوونەوە و شیکاری دەست دەکەوێ.  لە لایەکی دیکەوە ئەو نووسینانە وەک کەرەسەی خاو لە دەست مێژوونووسانی هاوچەرخدان و دەتوانن بۆشاییەکی گەورە پڕ بکەنەوە. ئەگەرچی خودی ئەو بیرەوەریانە بە تەنیایی میژوو نین، بەڵام کەرەسەی باشن  بۆ ساغ کردنەوەی مێژووی هاوچەرخی کورد. ئەو ڕەوتە ئەگەرچی مێژینەیەکی درێژتر لە دەیەی ڕابردووی هەیە، بەڵام لە "چێشتی مجێور"ی "مامۆستا هەژار"ەوە بڕەوەێکی زیاتری پەیدا کرد. وەک دەزانین پاش بڵاو بوونەوەی چێشتی مجێور، ڕوانگە و کاردانەوەکان وەک یەک نەبوون. ئەوانەی بە چاوی مێژوو لێیان ڕوانی ، زۆر بابەتیان تێدا دیتەوە  کە گومانیان لە ڕاست بوونی کرد و ئەوانەش کە وەک ئاراستەی بیری سیاسیی نووسەر لێکیان داوە، بە بێ بایەخیان نرخاند و وایان مەزەندە کرد کە هەژار بە ئەنقەست و لە بەرژەوەندیی لایەنێکی تایبەت ئەوەی نووسیوە و لەئاکامدا ئەوانەی وەک سەربوردەی نووسەر و ئەدیبێک بۆی  چوون، هەم لایەنی زمانییەکەیان بە بەرز نرخاند و هەم ئەوەشیان زانیبوو کە دەکرێ   بیرەوەری، کوت و مت وەک دونیای واقیع  نەبێ و نووسەر زۆر  شتی لە بیر چووبێ و تەنانەت  زۆر ڕووداوی بە هەڵە لە بیر مابێ و لە دواییشدا تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە چون بیروڕای خۆی  نووسیوە،  لەوانەیە زۆر کەسیشی بوغزاندبێ و زۆر کەسی خۆشەویستیشی گەورە کردبێتەوە. هەر کام لەو گریمانانە لەبەرچاو بگرین، دیسانیش کتێبێکی وا، خاوەن بایەخە و دەکرێ لە دەلاقەی ئەو کتێبەوە  کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردەواری سەردەمی نووسەر ڕونتر ببینی.

یەکێک لەو کتێبانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا، هەر لەو بواردەدا نووسراوە و بە هەر دوو ڕوانگەی ئەرێنی و نەرێنی لەسەری نووسراوە، کتێبی شاعیری پێشووتری  کورد و سیاسیی دواتر "هەڤاڵ کویستانی"یە. ئەو کتێبە کە بە ناوی "ئەوکاتەی نیستمان هی هەمووان بوو" بڵاو کراوەتەوە، هەر دوای بڵاو بوونەوەی دوو تاقم لەبەرانبەریدا دژکردەوەیان نواند. تاقمێک ئەوانە بوون کە پێیان  وابوو هەڤاڵ کوێستانی وەک ئەندامی "کۆمەڵەی ڕەنجدەران" ڕاستەقینەی مێژوویی بەرئاوەژوو کردووەتەوە و شتی ناڕاستی داوەتە پاڵ ڕێبەرانی سیاسیی "یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان" و بەتایبەت بە ڕوانگەکانی ئەو لە مەڕ "نۆشیروان مستەفا" تووڕە بوون و پێیان وابوو ئەوە خۆ یەکلاکردنەوە و تۆڵەکردنەوەی سیاسییە و لەو ڕێیەوە هەڤاڵ ویستوویەتی کەسێکی وەک نۆشیروان مستەفا بڕووخێنێ. تاقمێکیش هەڵویست و گێڕانەوەکانی ئەویان بە بوێرانە و چاونەترسانە وەسف کردبوو.

ئەوەی من  لە خوێندنەوەی ئەو کتێبەوە دەستم کەوت چەند بابەتە. یەکەم ئەوەی هەڤاڵ کوێستانییش وەک زۆربەی بیرەوەری نووسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پلەیەکەوە ڕووداوەکان دەگیڕێتەوە کە زیاتر تاوانباران دەبینێ و خۆشی  چ ئەو کاتەی لە ئێستگەی شۆڕش کاری کردووە چ ئەو دەمانەی وەک کادر ئەرکەکانی ڕاپەڕاندووە، لە هەموو هەڵە و کەم و کووڕییەک بێبەری دەکا. بەڵام سەرەڕای ئەوەش کتێبەکەی هەڤاڵ کوێستانی بە لای منەوە کتێبیکی بەنرخە. چون ئەو بەرهەمە تەنیا هەڵگری کۆمەڵێک بیرەوەریی ڕووت نییە. نووسەر  حەولی داوە لە شێوازێکی ئەدەبی گێڕانەوەیی بۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی کەڵک وەربگرێ. ئەوەش  نووسینەکەی ئەو لە نووسراوەی نووسەرانی دیکەی بیرەوەری نووس جیا دەکاتەوە. واتە هەم پاژبەندی بیرەوەرییەکانی وەک ڕۆمان دەچێ و هەم دەستپێکی هەموو بەشەکانی لە وەسف و شێوازی گێڕانەوەی ڕۆمان نزیکە. زمانێکی ئەدەبیی دەوڵەمەندیشی دەکار کردووە، کە لەوڕۆدا کەمتر لەو شێوە ڕاوێژ و زمانە پاراو و دەوڵەمەندە لە  ناو نووسەرانی کوردستاندا دەبینرێ.

سەرەڕای ئەوە لایەنێکی دیکەی یەکجار گرینگی ئەو کتێبەی هەڤاڵ کوێستانی ئەوەیە کە؛ وەک دەزانین  شێوەی باو، بیرەوەری نووس ڕووداوەکان تۆمار دەکا و کەمتر کاری بە شیکاریی وردبوونەوە لە هۆکار و چییەتیی ڕووداوەکانە و بیروەری نووس نایە هۆکارەکان بخاتە بەرچاو و لایەنەکان بە پێی کردەیان هەڵبەسەنگێنێ و ڕەخنەیان لێ بگرێ، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەروودوا، ڕووداەکانی ژیان و دەورەبەری تۆمار دەکا.

بەڵام ئەوەی هەڤاڵ کوێستانی کردوویەتی ئەگەرچی بەشێکی هەر بەو  ڕێچکەیەدا  ڕۆیشتووە و ڕووداوەکانی ژیانی خۆی لە ناوشۆڕشدایە، بەڵام ئەو کتێبە تەنیا ڕووداوەکانی ژیانی ئەو نییە . کتێبی "ئەو کاتەی نیشتمان هی هەمووان بوو"،  جگە لەو باسە، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی دۆخی شۆڕشی کوردە لە باشووری کوردستانیش. ئەوەش کارێکە  کە کەمتر کەس و بەتایبەت کەمتر نووسەری چالاکی سیاسی خۆیان لە قەرەی داوە. ئەو هەر ڕاست ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بەو حیزبەوە دەگێڕێتەوە کە خۆی تا ئێستاش ئەندامێتی و بە پشتگیریی ئەو حیزبە وەک پاڕلمانتاری کوردستان لە پاڕلمانی عێڕاق هە ڵبژێردار. بەڵام هەموو هەڵەکانی سەردەمی شۆڕش دەگێڕێتەوە. ڕاستگۆیی نووسەری ئەو کتێبە لەوەدایە کە لە جیاتی ئەوەی لە ڕووداوە سیاسییەکاندا، حیزبە ڕەقیبەکانی حیزبی خۆی بداتە  بەر تیری ڕەخنە، ڕاست ڕێبەرایەتیی سیاسیی حیزبێک دەداتە بەر ڕەخنە کە خۆی ئەندام و کادری بووە و کاری گرینگی  بۆ ڕاپەڕاندووە. بۆ وێنە ئەو هەر دوو ڕێبەری سیاسی و ناوبەدەرەوەی ئەو حیزبە واتە "جەلال تاڵەبانی" و "نۆشیروان مستەفا" لە شوێنە جیاوازەکان دەخاتە داوی ڕەخنەی خۆیەوە. ئەگەرچی ڕەخنەکانی لە نۆشیروان مستەفا زەقتر و بێ ترسترە و لە ڕەخنەی جەلال تاڵەبانیدا، لەوپەڕی پارێزەوە قەڵەم وەگەڕ دەخا. بەڵام ڕەخنەی ئەو تەنانەت لووتکەی دەسەڵاتی ئەوکاتی حیزبەکەی و سەردەمی نوێنەرایەتی نووسەریشی نەبواردووە.

لە دەلاقەی کتێبەکەی هەڤاڵ کوێستانییەوە، خوێنەر ئیتر هەر جوانییەکانی شۆڕش نابینێ و تێدەگا ئەو شۆڕشەی کە بەهەزارن ڕۆڵەی پاکی بۆ قوربانی بووە، لە زۆر سەردەمیدا، تووشی گەندەڵیی سیاسی و دەسەڵات بووە و  نموونەکانیشی مەرگی ئەو کەسانەیە کە نۆشیروان مستەفا بە ڕاشکاوانە و بێ هیچ هۆیەکی دیاریکرا دەیانکوژێ. هەڤاڵ کوێستانی هەموو ئەو ڕووداوانەی کە باسی سڕینەوەی کەسانی دیکەی تێدایە و لەلایەن نۆشیروان مستەفاوە ئەنجام دراون بە وردی دەگێڕێتەوە و لە لایەکی دیکەوە ئەگەرچی شتی لەو بابەتە لەمەڕ جەلال تاڵەبانییەوە ناڵێ، بەڵام بە  نیانی ئەوەش دەدرکێنێ کە ئەویش کەم و زۆر ئاگای لەو کردەوانەی نۆشیروان مستەفا بووە و خۆی لێ بێدەنگ کردووە. گرینگترین ڕەخنەشی لە جەلال تاڵەبانی ئەوەیە کە بە حەولی ئەو بووە کە کۆمەڵەی ڕەنجدەران، کە خۆی قەوارەیەکی سیاسیی بەهێز بووە لە نیو هێزە سیاسییەکانی ئەوسەردەمی باشووری کوردستاندا، لە ناوەرۆکی خۆی بەتاڵ کراوە و بە زۆر و ڕاسپاردەی ئەو، نۆشیروان مستەفا  کراوەتە سکرتێری لەحاڵێکدا کە نۆشیروان مستەفا، بڕوای بە ڕێبازی ئەو  حیزبە هەر نەبووە. "ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هە موان بوو" شێوازێکی دیکە لە هەڵویست و بیرەوەریی سیاسیمان پێ  دەناسێنێ.

KURDŞOP
638 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!