پەیوەندییەکانی کورد و ئازەربایجان

 بە بۆنەی سەردانی فەرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئازەربایجان

 

مێژووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش  کراوە، پڕە لە ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وا کە بە پێجەوانەی ویست و بڕیاڕی گەلانی سەردەست و حکوومەتە چەوسێنەرەکانیان، برووسکەی دڵخۆشی و پێکەوە ژیان و تەناهی بە گەلانی چەوساوە و بندەست دەدەن. بۆ وێنە لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی گەلانی ناوچەدا، دەتوانین ئاماژە بە بەرز و نزمیی پەیوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و ئازەری بکەین. دیارە پەیوەندیی ئەو دوو نەتەوەیە بە هۆی هاوسنوور و تەنانەت هاوچارەنووس بوون لە هەندێ بڕگەی زەمانیدا، خاوەن بایەخە و بۆیە دەبی باسی لەسەر بورووژێ و تاوتوێ بکرێ.

هەڵبەت ئاماژە بەو خاڵەش جێگای بایەخە؛ کە دەوڵەتانی ناوچە زۆر جار حەولیان داوە  پەیوەندیی ئاسایی و دروستی نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە لە بەرژەوەندیی خۆیان تێک بدەن و بارێکی نائاساییی بدەنێ. دەکرێ بۆ نموونە ئاماژە بە لەبەر یەکدا ڕاگرتنی کورد و ئازەری لە سەرەتای شۆڕشی گە لانی ئێراندا بە نموونە باس بکەین، کە دەولەتی کۆماری ئیسلامی حەولی دا  لەو ڕێیەوە نزیکایەتیی مێژوویی و خەباتی هاوبەشی ئەو دوو نەتەوەیە لە زەین و بیری خەڵکیدا بسڕێتەوە و سەرەتا تا ڕادەیەکیش سەرکەتوو بوو.

بەڵام بە تێپەڕینی کات، دیاردە مێژوویییەکان جارێکی دیکە خۆیان نیشان داوە و پەیوەندییەکان بەرەو دۆخی ئاسایی چوونەوە و بۆ جارێکی دیکە نەتەوە ژێردەستەکان هەستیان  بە ئازار و ژانی هاوبەش کرد و جار لە گە ڵ جار لێک تێگەیشتن و هاوخەباتییان پتەوتر بوو.

زەمینەی مێژووییی ئەو لێک تێگەیشتن و ژانە هاوبەشەی نێوان کورد و ئازەربایجانی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێکهاتنی ویلایەتی ئازادیستان  بە سەرۆکایەتیی "شێخ موحەممەد خیابانی" و دواتر لە ساز بوونی "کۆماری ئازەربایجان" لە لایەن "فیرقەی دێموکڕاتی ئازەربایجان"ەوە ئەو پەیوەندییە پتەوتر کرا.  لە مەجلیسی ئازادیستاندا نوێنەری کوردستان حوزووری هەبووە و دواتر لە سەردەمی کۆماری ئازەربایجاندا، هاوکات لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی موحەممەد، کۆماری کوردستان ڕاگەیاندرا. بەڵگە مێژووییەکانی کورد و ئازەربایجانی ئەوە دەسەلمێنێ کە هاوکاری و هاوفکری لە نێوان ڕێبەرانی هەر دوو کۆمارەکەدا  لە ئارادا بووە و تەنانەت کەسانی کۆماری کوردستان بۆ فێربوونی هیندێک کاروباری تەکنیکی لە  بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و ... سەفەری تەورێزیان کردووە. بەشێک لەو بیرەوەرییانە و ئەو هاوکارییە لە کتێبی چێشتی مجێوری مامۆستا هەژاردا ئاماژەیان پێ کراوە. هەروەها ئەو هاودڵییەی بۆ ئەو دوو کۆمارە لە نێو ڕۆشنبیرانی چەپی ئێرانیدا هەبووە، لە بیرەوەرییەکانی م.ئەلف. بێهازین، نووسەر و وەرگێڕی ناودار و نورەدین کیانووری و زۆر نووسەری دیکەدا دەبینینەوە.

لە دونیای ئێستادا یەکێک لە گرینگترین پەیوەندییە سیاسییەکان کە دەتوانێ کاریگەریی لەسەر چارەنووسی داهاتووی سیاسیی ناوچەکەدا هەبێ، پەیوەندیی ئازەربایجان و کوردستانە. کە دەڵێین ئازەربایجان، هەم ئازەربایجانی ئێران و هەم کۆماری سەربەخۆی ئازەربایجان مەبەستە و هۆکارەکەشی لە ژێرەوە دەخرێتە ڕوو.

پەیوەندیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجان گرینگە، بە هۆی ئەوەی کە ئەو دوو نەتەوە بندەستە بەیەکەوە زۆرینەی حەشیمەتی ئێران پێک دێنن. لە لایەکی دیکەوە هەزاران کیلۆمیتر سنووری هاوبەشیان هەیە. هەروەها بە درێژاییی میژووی مودێڕنی ئێرانیش هەر  دوو نەتەوە لە هەموو مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کۆلتوورییەکان بێبەش کراون. بۆیە پێکهاتنەوەی پەیوەندیی نوێ لەسەر بنەمای تێک گەیشتن و بۆ بەرژەوەندی هاوبەش بۆ هەر دوو نەتەوەی کورد و ئازەری دەسکەوتی گرینگی بە دواەوە دەبێ و دیارە بە پێچەوانەش ڕاوەستان دژ بە یەکتر و خستنە پشت گوێی ئەو پەیوەندییە کە لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش و لێک تێگەیشتنە، دەتوانێ هەم لە خزمەت داگیرکەرانی کوردستان و ئازەربایجان دابێ و هەمیش هەر دوو نەتەوە لەباری سیاسییەوە لاوازتر بکات.

داهاتووی پەیوەندییە سیاسییەکانی ناوچە ئەگەر لە ئێستاوە پلانی ژیرانەی بۆ دابنرێ، دەتوانێ ڕێککەوتنی زلهێزە ناوچەییەکان کە سەد ساڵە دەوامی هەیە بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

هەر بەو بۆنەیەوە دەتوانین ئاماژە بە  نوێترین پەیوەندیی سیاسی و دیپڵۆماتیک لە ناوچەکەدا بکەین، کە لە گۆڕانی کرۆکیی سیاسەتی ناوچەدا دەتوانێ مانایەکی تازە ببەخشێ.

وەک دەزانین ڕۆژی سێشەمبە ١٨/٧/٢٠٢٣ نێچیروان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی سیاسی و ئابوری، لە هەولێری پایتەختی کوردستانەوە گەیشتنە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان و لە لایەن گەورە بەرپرسانی ئازەربایجانییەوە بەفەرمی پێشوازییان لێ کرا. ئەو سەفەرە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ئیلهام عەلیێف بووە.

ئەو سەفەرە بە چەند هۆ دەتوانێ مانای زیاتر لە سەفەری شاندێکی کوردی بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ هەبێ. لەو سەفەرەدا سەرکۆماری ئازەربایجان؛ ئیلهام عەلیێف بە فەرمی و بە ڕەچاو کردنی هەموو پڕۆتۆکۆلە دیپڵۆماتیکەکان، پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. لەو سەفەرەدا لە کاتی چاوپێکەوتنی دوو سەرۆکدا، ئاڵای هەر دوو وڵات بە نێشانەی هاوشان بوونی دوو وڵات و دوو سەرۆک دانراون و وڵاتی خانەخوێ واتە ئازەربایجان، بێ شەرم و پێچیاویی سیاسی، شاندی سیاسیی کوردی وەک شاندێکی فەرمیی دەوڵەتێکی خاوەن پلە و ناسنامە وەرگرتووە و بە دوور لە تێبینیی وڵاتانی ناوچە، پەیوندییەکانی خۆیانی تێدا باس کردووە کە لە دوو  بواری سیاسی و ئابووریدا دەبێ و ئەو پەیوەندیانەش بە گوتەی عەلیێف ئاکامی باشی بۆ هەر دوو و ڵاتی کوردستان و ئازەربایجان لێ دەکەوێتەوە.

 ئەوەمان لەبیر بێ؛ ئەو سەردانە لە کاتێکدایە، کە پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی نێوان دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئیران لەوپەڕی نالەباری و سستی و تەنانەت داژیەتیدایە. لە لایەکی دیکەوە ئازەربایجان لەو کەمە وڵاتانەی موسوڵمان نشینە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل نە تەنیا ناشارێتەوە، بەڵکوو  ئەو وڵاتە  بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێ. ئەوانە و پەیوەندیی تورکیا و ئۆکڕاین کە لەو دواییانەدا بەرەو گەرموگوڕی ڕۆیشتووە و تەنانەت تورکیا پشتیوانی لە بوونە ئەندامی ئۆکڕاین لە ناتۆدا دەکا و بە پێچەوانەوە ئێران بە ناردنی درۆن بۆ ڕووسیا لە دژی ئۆکڕاین و ناتۆ دەجووڵیتەوە، ئاماژەی ئەوەن کە پەیوەندییە سیاسی و دیپڵۆماتیکەکانی ناوچە خەریکن بەرەو گۆڕان دەچن.

 

 

KURDŞOP
682 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!