بەراوردی هەڵەی دوو کەسایەتیی کورد لە کتێبی ژنانی ناوداری کورددا

 

کتێبی "ژنانی ناوداری کورد" لە نووسینی "عەبدولجەبار موحەممەد جەباری" و وەرگێرانی "موحمەد ئەحمەدی" حەولێکە بۆ ناساندنی ژنانی چالاک لە بوارەکانی ئەدەبیات بە تایبەت شیعر و چیرۆک، مێژوو، خەباتی چەکداری و مەدەنی، چالاکیی پەروەردەیی و فێرکاری و چالاکی لە بواری ئایین و ئایینزاکاندا. واتە نووسەر حەولی داوە بە کورتی لە کۆنەوە تا ئێستا ژیان و بەسەرهاتی ژنانی کارمە و چالاک لەو بوارانەدا بناسێنێ. ئەو ژنانەی کورد بوون و بە کردەوە لە کۆمەڵگادا چالاکییان هەبووە.

دیارە بە پێی ئەوەی لە زۆربەی کۆمەڵگاکان و بە تایبەت کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا، ژنان بەردەوام لە پەراوێزدا بوون سەرهەڵدانی کەسانی چالاک و  ناوبەدەرەوە لە بوارە ناوبراوەکان گرینگ و شیاوی سەرنج و ئاوڕ  لێدانەوەیە. هەر بۆیە حەولی ئەو نووسەرە لەو بوارەدا جێگای ڕێزە، ئەگەرچی ژیاننامە و باس لە سەر زۆربەی کەسایەتییەکان ئەوەندە کورت هەیە کە هیچ زانیارییەک بە  دەست خوێنەر نادا. لە لایەکی دیکەوە مێتۆدی نووسینی کتێبەکەش زۆر کۆنە و زیاتر لە کەشکۆڵە کۆنەکان دەچێ تا کتێبێکی توێژینەوەیی لەسەر ژنانی کورد.  بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە  لەو کتێبەدا باسی بەراورد و پێکگرتنی "مەستوورەی ئەردەڵان" و "مەهیندوختی موعتەمیدی"یە. دیارە هەر دووکی ئەو نووسەر و شاعیرانە جێگای ڕێزن و بەرهەمی سەربەخۆیان هەیە بەڵام شێوەی خستنەڕووی باسەکەی نووسەر لە کتێبەکەیدا نازانستییە و لەو ڕێگایەوە دەمهەوێ باسێک لە ئاوڕدانەوە لە شێوازی نازانستیی سەرچاوەی دۆزینەوەی ئەو کتێبە بخەمە بەرچاو.

یەکەمیان کە وەک بیروڕای تاکەکەسی دەکرێ قسەی لەسەر بکرێ ئەوەیە کە گرداری ئەو کتێبە کە ژیاننامەی ژنانی ناوداری کوردی کۆکردوەتەوە، لە هەندێ شوێندا بیر و ڕای خۆشی بە بێ بەڵگەیەکی زانستی و دوور لە چوارچێوە باوەکانی زانستە مرۆییەکان دەربڕیوە. بۆ وێنە نموونەی هەرە  بەرچاوی بەراوردی دوو کەسایەتیی ناسراوی وەک "مەستوورەی ئەردەڵان" و "مەهیندوختی موعتەمیدی" کردووە. من لێرەدا نامهەوێ پلە و پایەی مەهیندوختی موعتەمیدی بێنمە خوارێ و بە شان و شەوکەتی مەستوورەی ئەردەڵاندا هەڵبڵێم، چون کردە و بەرهەمی هەرکام لەو دوو نووسەرە ژنە، پلە و پایەی ئەوان بە خوێنەر دەناسێنێ، بەڵام گوتنی ڕاستییەکان لە ڕەخنەیەکی وادا کارێکی ناچارییە و ئەگەر نەکرێ، ڕەنگە ڕاستییەکان لە ژێر پەردەی گوماندا بمێننەوە و ون  بن.

بۆ دەوامەی ئەو باسە پێویستە ئاوڕێکی زۆر کورت لە بەرهەمەکانی ئەو دوو خاتوونە بدەینەوە. دکتۆر مەهیندوختی موعتەمیدی ساڵی ١٣٠٨ی کۆچی هەتاوی لە بانە لە دایک بووە. پلەکانی خوێندنی تا ئاستی دکتۆڕای ئەدەبیاتی فارسی  بڕیوە و لە ئاکامدا بووەتە مامۆستای زانکۆ . دوو کۆمەڵە شیعری بە زمانی فارسی  بڵاو  کردووەتەوە بە ناوەکانی "دەریای فرمێسک" و "گوڵەکانی ئاویەر". هەندێ بەرهەمیشی لە "جوبڕان خەلیل جوبڕان" وەرگێڕاوە وەک "نامە خەتییەکان"ی جوبران خەلیل جوبڕان، "فرمێسکەکان و بزەکان" نوسینی "مەی زیادە"، توێژینەوەیەک لەمەڕ "مەولانا خالیدی نەقشبەندی"یەوە.  دکتۆر مەهیندوختی موعتەمیدی لە سەدەی بیستەمدا ژیاوە و گرینگترین بەرهەمیشی دوو کۆمەڵە شیعر ی فارسییە کە لە قالبی کلاسیکدا نووسیونی و هەم ناوەرۆک و هەم ڕاوێژیان بە گشتی لاسایی شاعیرانی پێشووی ئەدەبی فارسییە. وەک باسیش کرا چەند کتێبی جوبران خەلیل جوبڕانیشی کردووەتە فارسی.

بەڵام مەستوورە ئەردەڵان سەدە و نیوێک پێش مەهیندوختی موعتەمیدی ژیاوە. لە سەردەمێکدا کە هیچ قوتابخانەیەک نەبووە. ئەو لە حوجرە و بە شێوەی نەریتی فێری خوێندەواری بووە. پاشان کە گەورە دەبێ دەست دەکا بە شیعر نووسین و شیعری فارسی و کوردیی جێگای بایەخی نووسیوە. شیعرە فارسییەکانی لە ساڵانی ڕابردوودا هاتووەتە ناو کتێبی قوتابخانەکانی گشت ئێرانەوە. ئەو شیعرانە ئەگەر بەراورد بکرێن لەگەڵ شیعری ئەو سەردەمی فارس لە باشترین شاعیرانی ئەو سەردەمی فارس نامێنێتەوە و وەک ژنیش ئەگەر قسە لەسەر بەرهەمە شیعرییەکانی بکەین باشترین ژنە شاعیری ئەوکاتی فارسی نووس بووە. هەم غەزەلەکانی شان لە شانی غەزەلی شاعیرانی خولی گەڕانەوەی فارسی دەدا و هەم قەسیدەکانی بە  بەرزی و جوانیی قەسیدە ڕازاوەکانی ئەوانە. نیگاشی نیگایەکی کونجکۆڵ و کۆمەڵایەتییە و بەشێک لە ژانی ژنانەی خۆی لەو شیعرە فارسییانەدا دەربڕیوە و بووەتە بەشێک لە میراتی ئەدەبی. هەر  بۆیە وەکی باس کرا دەقەکانی وەک دەقی ئەدەبی هاتوونەتە ناو کتێبی قوتانخانەکانی ئێرانەوە. شیعرە کوردییەکانیشی بە بەراورد لەگە ڵ کات و شوێنی خۆی شان لە شانی باشترین شاعیرانی ئەوکاتی کورد دەدا. تەنانەت کەسێکی وەک نالی کە مەزنترین شاعیری ئەوکاتی کورد بووە  بە جۆرێک ململانێی لەگەڵ کردووە و تەنانەت دژی وەستاوەتەوە و لە قەسیدەیەکی دوور و درێژدا حەولی داوە شکۆی ژنانەی بشکێنێ. ئەگەرچی تاقمێک لەگەڵ ئەو نیگایە نین و نووسینی ئەو قەسیدەیەی نالی بە نیشانەی ڕێز و شان و شەوکەتی مەستوورە  دەزانن.

 هەر کام لەو ڕوانینانە دروست بن،  یان ئێمە هەر  کامیان بپەژرێنین، شتێک لە جێی خۆی دەمێنێتەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە مەستوورەی ئەردەڵان کەسایەتییەکی کاریگەر و گرینگ بووە لەو بڕگەیە لە مێژووی کورددا کە شاعیرێکی وا گەورە ڕوو بەڕووی دەوەستێتەوە.

جگە لە شیعر مەستوورە کتێبێکی لەسەر مێژووی کورد نووسیوە بە ناوی "مێژووی ئەردەڵان" کە چەند جاریش کراوەتە کوردی. ئەو کتێبە یەکێک لەسەرچاوە هەرە گرینگەکانە لە مێژووی کورددا بۆ ناسینی ڕەوتی مێژووی کورد و بە تایبەت ساز  بوون و پێکهاتن و گەشە و نەشە و تێداچوونی میرنشینی ئەردەڵان و هەر توێژەرێک لەو بوارەدا کار بکا، مەجبووورە کەڵک لەو کتێبە سەرچاوەیەی مەستوورە وەربگرێ و بیخوێنێتەوە. هەر لەبەر ئەو کتێبەشە کە دەگوترێ مەستوورەی ئەردەڵان یەکەم ژنە مێژوونوسی نەتەنیا کورد، بەڵکوو هەموو جیهان بووە.  

ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە نووسەری ئەو کتێبە واتە کتێبی ژنانی ناوداری کورد دەنووسێ " ئەگەر بمانهەوێ ئەو، واتە مەهیندوختی موعتەمیدی لەگەڵ مەستوورە گەورەترین شاعیری ژنی کورد هەڵبسەنگێنین دەزانین کە تێگەیشتن و هونەر و توانایی قسە و دەم و ڕاوێژ و زوهد و داوین پاکی مەهیندوخت یەکجار لە مەستوورە سەرتر  بووە، چون ئەگەر مەستوورە توانای شاعیری و پێنووسێکی ڕەوانیشی بووە، خۆ ژیانێکی تێر و پڕی بووە و لە بنەماڵەیەکی دارا بووە و خاوەن ئیختیاری ژیانی حاکمی کوردستان بووە، بەڵام مەهیندوخت لەگەڵ ژان و ئازار دەستەو ئێخە بووە.

هیچ کام لەو قسانەی نووسەری بەڕێز کردوویەتی نێشانەی سەرتر بوونی نووسەرێک بە سەر نووسەرێکی دیکەدا نین. ئەوەی پێگەی بنەماڵەیی کەسێکی وەک مەستوورە بەرز و پێگەی بنەماڵەیی مەهیندوختی موعتەمیدی نزمتر بووە هیچ پێوەندی بە توانایی نووسین و هونەری شاعیرانەی ئەوانە نییە. ئێمە دەق هەڵدەسەنگێنین و بە پێی دەقەکان هەم مێژووی ئەردەڵانی مەستوورە کتێبێکی تاقانەیە و هەم پێگە و پلەی مەستوورە لە شیعری فارسیدا یەکجار بەرزترە لە مەهیندوخت و هەم لە شیعری کوردیدا مەستوورە جێگەی تایبەتی خۆی هەیە و مەهیندوخت تەنیا یەک غەزەلی کوردی هەیە.

KURDŞOP
835 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!