کۆنفڕانسی لۆزان، کورد و تورک-بەشی دووهەم

دوکتور ئیسماعیل بێشکچی

 

بریتانیای گەورە هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە دەوڵەتێک بە ناوی کوردستان دابمەزرێنێت. بە تایبەت دوای کۆنفڕانسی مارس (ئادار) لە ساڵی ١٩٢١ لە قاهیرە، هەرگیز ئەو بیرکردنەوەیەی نەبووە. لە کۆنفڕانسی قاهیرە لە ئاداری ١٩٢١، تی.ئی. لۆڕێنس، گێرترود بێڵ، مارتن سایکس، ئارنۆڵد ویڵسن بەشدارییان کرد. ئەو کەسانەی قسەیان کرد، گوتیان کە شەڕی شێخ مەحموود بەرزنجی لەگەڵ ئینگلیزەکان زۆر هەڵەیە. هەروەها دەتوانین ئەوەش وەبیر بێنینەوە کە مستەفا کەماڵ بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئینگلیزەکان پاڵپشتیی شێخ مەحموود بەرزنجیی دەکرد و تەنانەت چەکیشی بۆ نارد.

نیو ساڵ لەمەوبەر کۆنفڕانسی سەدەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزانمان ڕاگەیاند کە لە شاری لۆزان لە سویس بەڕێوە چوو. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم ئەوەی لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆنفڕانسەکەدا بینیومە، بیخەمە ڕوو. ئێمە لەگەڵ جەلال تەمەل، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی IBV، بەشداریمان لە کۆنفڕانسی سەدەمین ساڵیادی لۆزان کرد.

ئەو فڕۆکەیەی لە فڕۆکەخانەی ستەنبوڵەوە هەڵفڕی، لە فڕۆکەخانەی ژێنیڤ نیشتەوە. مەودای نێوان ژێنیڤ و لۆزان ٤٠ کیلۆمەترە. سویس وڵاتێکە کە جگە لە کارتی بانکی لە بواری پیشەسازیی بچووکیشدا پێش کەوتووە. لە هەمان کاتدا وڵاتێکە کە کشتوکاڵی بەهێزی هەیە. لە هەردوو دیوی ڕێگاکەدا زۆر شوێنمان بینی کە بەرهەمی تێدا نەبوو و بۆ پاراستنی بەرهەمەکان لە باران، بە دارە گەورەکان داپۆشرابوون. مەڕوماڵات زۆر بوون، باڵەخانەکان کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی وەک تراکتۆر و کۆمباینیان تێدا هەڵدەگیرێت، زۆر بوون و دەتوانیت بە شێوەیەکی فیزیکی ئەو شتانە ببینیت و لەو دۆخە تێبگەیت کە ژێرخانی کشتوکاڵی هەیە. لە بەرهەمگەلی وەک نن، پەنیر، مریشک و ئەو سەوزییانەی کە لەسەر سفرە دانرابوون، دەرکەوت کە سویس وڵاتێکی کە لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری زۆر بەهێزە و لەسەر بەهێزترکردنی جەخت دەکاتەوە. (بڕوانە Doğan Ceren، سویس، جوانترین وڵاتی بەرزاییەکانی ئاڵپ، بەرگی یەکەم، بڵاوکراوەکانی سێرێنس، شوباتی ٢٠٢١ سویس، ل ١٧٦، ١٧٨، ٢٩٦ پشتەوە).

***

کۆنفڕانسەکە لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانی هۆتێل ڕۆیاڵ ساڤۆی لە شاری لۆزان ڕێک خرابوو. لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا ئەم هۆڵە هەمیشە پڕ بوو، دەتوانین بڵێین لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆنفڕانسەکەدا ٥٠٠ کەس بەشدارییان کرد. لە کۆنفڕانسەکەدا نوێنەرانی باشوور، باکوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات، وتاردەریان هەبوون. بەڵام بەڕای من نەبوونی نوێنەر و وتاردەر لە قەفقازەوە کەموکوڕییەکی گەورە بوو.

ڕێکەوتی ١١ی گوڵانی (مەی) ٢٠٢٣، یادگەی نیشتمانیی بارزانی کرایەوە، هەروەها ئەوەی کە لە کاتی کردنەوەی ئەم یادگەیەدا نوێنەری کوردستانی قەفقاز نەبوون، سەرنجی منی ڕاکێشا.

یەکێکی دیکە لە کەموکوڕییە سەرەکییەکان نەبوونی وتاردەر یان بەڕێوەبەرانی ژن بوو. لە بەرنامەیەکی تەواودا ناوی ژنێک وەک بەڕێوەبەر تەنیا بۆ یەک پانێلی پاشنیوەڕۆ لە ڕۆژی یەکەمدا نووسرابوو، بەڵام دواتر لە هەموویدا، پیاوەکان بەڕێوەبەر بوون.

(**)

لە پانێلی دووەمدا، لە بەشی پرسیار و وڵامدا، ژنان ڕایانگەیاند کە "وەک پێویست مافی قسەکردنمان پێ نادرێت" و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرز کردەوە. بەشێکی زۆریان بە جلوبەرگی نەتەوەیی کوردییەوە بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون. لەنێو بەرنامەی تەواودا، شتێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە هەندێک کەس کە وەک وتاردەر ناویان نووسیبوو، لە کۆنفڕانسەکەدا بەشدارییان نەکرد.

***

یەکێک لەو کەسانەی لە کۆنفڕانسەکە قسەی کرد، باسی لەوە کرد کە کوردستانی عوسمانی بەسەر سێ بەشدا دابەش بووە، کوردستانی ئێرانیش بۆ خۆی هەر جودا بوو. بەڕای من ئەمە لێدوانێکی ناتەواوە لە ڕووی هاوبەشی و دابەشکردنەوە، بۆیە با ئاوەها بڵێین باشترە: کۆمەڵگەیەک لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوودا دابەش و پارچە پارچە کراوە و ئێستا ئەم دۆخە دووبارە دەبێتەوە و زیاتر دەبێت.

کوردستان لە نیوەی یەکەمی سەدەی حەڤدەهەمدا، لە ساڵی ١٦٣٩، بە پەیمانی کۆشکی شیرین لەنێوان دەوڵەتانی عوسمانی و ئێراندا بەسەر دوو بەشدا دابەش کرا.

ئەو بەشەی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ئێراندا بوو، لە چارەکی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا لەلایەن ڕووسەکانەوە هێرشی کرایە سەر. بەشەکانی باکووری ئەم بەشەی کوردستان بە ڕێککەوتنی ساڵی ١٨٢٨، کەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیەی تێزارەوە.

بە ڕێککەوتنی سایکس- پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦، کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر سێ بەشدا دابەش بوو و ئەو دۆخە بە پەیماننامەی ١٩٢٣ی لۆزان، مسۆگەر کرا.

بۆ ئەوەی بزانین بیرۆکەی دابەشبوون و پارچە پارچەکردن چۆن پەرەی سەندووە، پێویستە لەسەر بابەتێکی دیکە قسە بکەین. لە یەکەم گفتوگۆی نێوان بریتانیا و فەڕانسە سەبارەت بە ڕێککەوتنی سایکس- پیکۆ، ڕایانگەیاند، ناوچەکانی بارزان و بادینان وەک سووریە بۆ فەڕانسە و سلێمانی و کەرکووک بۆ بریتانیا دەبێت. ئەم دۆخە، پرسەکانی پەیوەندیدار بە دابەشکاری ڕوون دەکاتەوە. کوردستان بەسەر باشوور و باکوور و ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات دابەش دەبێت و پاشان باشوور جارێکی دیکە لەناو خۆیدا دابەش دەبێتەوە. (بڕوانە: حەسەن یڵدز، ئەوانەی بە ناوی کوردستانەوە سیاسەتیان کرد، لە شارە گەورەکان بوون نەک وڵاتەکانیان. دەنگ، ژمارە ١٢٨، ئاداری ٢٠٢٣، ل. ١٦).

وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا، تەواوی پارێزگای موسڵ کەوتە ژێر دەستی بریتانیا. بەو پێیەی فەڕانسە ڕایگەیاند کە ئەو زەوییانەی بەر ئەو کەوتووە، بچووکن، بۆیە لەو گفتوگۆیانە کشایەوە. بە ڕێککەوتنی ئانکارا لە ٢٠ی تەشرینی یەکەمی ١٩٢١، حکوومەتی ئانکارا دانی پێدا نرا و سنوورەکانی نێوان سووریە و تورکیە دیاری کران.

***

تورکەکان لۆزان وەک تاپۆی تورکیە دەبینن؛ سلێمان دەمرەل (١٩٢٤-٢٠١٥)، نۆیەمین سەرۆکی تورکیە، چ ئەو کاتەی سەرۆوەزیران بوو و چ ئەو کاتەی سەرۆککۆمار بوو، پەیمانی لۆزانی وەک تاپۆی تورکیە ناساندبوو.

ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان و پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیە بۆ تورک و کورد مانای زۆر جیاوازیان هەیە. بۆ نموونە کاتێک لۆزان لەلایەن تورکەکانەوە بە تاپۆ دەناسرێت، بۆ کورد بە مانای کۆیلایەتی دێت. عوسمان بایدەمیر کە لە کۆنفڕانسی سەدەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزان وتارێکی پێشکەش کرد، باسی لەوە کرد کە پەیمانی لۆزان وەک کفنێک بۆ کورد دووردرا.

***

کۆنفڕانسی سەدەمین ساڵیادی ڕێککەوتنی لۆزان بە وتاری ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان (Kurdistani Diaspora Confederation) دەستی پێ کرد، پاشان د. هێمن هەورامی، نوێنەری سەرۆک مەسعوود بارزانی و شیفا بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان، قسەیان کرد.

پاشان پانێلیستەکانی پانێلی یەکەم بۆ سەر کورسی بانگهێشت کران، لەم بەشەدا هەندێک ئەکادیمیست و سیاسەتوان کە کورد نەبوون، قسەیان کرد. منیش یەکێک بووم لەو پێنج کەسەی لەم بەشەدا قسەم کرد.

هەروەها بێرنارد کۆچنەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەڕانسە بۆ قسەکردن لەم بەشەدا بانگهێشت کرابوو، بەڵام بێرنارد بەشداری کۆبوونەوەکە نەبوو. لە پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆی ئۆهایۆ، پڕۆفیسۆر. لیام ئەندەرسۆن لەم بەشەدا قسەی کرد.

هەروەها ڕۆجەر نۆردمان، سیاسەتمەداری سویسی و ئەندامی کانتۆنی ڤۆد، لەم بەشەدا قسەی کرد. هەروەها فۆتۆگرافەری بریتانی، ڕیچارد وایڵدینگ، یەکێک لە وتاردەرانی ئەم بەشە بوو.

لە بەرنامەی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکەمدا، ئەو نوێنەرانەی کە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواوە هاتبوون. قسەیان کرد.

***

لە بەرنامەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووەمدا، مەلا بەختیار لە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، هۆشیار زێباری لە پارتی دێموکراتی کوردستان، مستەفا هیجری لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئامەد، قسەیان کرد.

مەلا بەختیار لە وتارەکەیدا باسی لە کۆلۆنیالیزم و کەمالیزم و بۆلشەفیزم کرد. باسی لەوەش کرد کە ئەو سێ لایەنە لەگەڵ ئەو کەسانە بوون کە کورد و کوردستانیان دابەش کرد و پارچە پارچەیان کرد و پشتیوانیی ئەو سیاسەتانەیان کرد کە ئەو لایەنانە بەڕێوەیان دەبرد و هەمیشە هەڵوێستیان لە دژی کورد و کوردستان بووە.

لە سەرەتادا گوتم کە عوسمان بایدەمیر باسی لەوە کرد کە لۆزان کفنی کوردە. عوسمان بایدەمیر لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە پەیوەست بوون بە پەیمانی لۆزانەوە و واژۆیان کرد و پشتیوانییان لێ کرد.

هۆشیار زێباری باسی دۆخی باشوور کرد.

 

***

بەشێک لە وتاردەران باسیان لە پلانەکانی بریتانیا بۆ کورد کرد. باس لە سەدەی نۆزدەهەمدا کرا کە نەوت لە کەرکووک دۆزراوەتەوە و دەرهێنراوە و لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشراوە. نەوت بۆ بریتانیا زۆر گرینگ بوو، دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، ئینگلیزەکان کە وڵاتێکیان بە ناوی عێراق دروست کرد، ویلایەتی موسڵیان بە بەشێک لە عێراق حیساب کرد.

بریتانیای گەورە هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە دەوڵەتێک بە ناوی کوردستان دابمەزرێنێت. بە تایبەت دوای کۆنفڕانسی مارس (ئادار) لە ساڵی ١٩٢١ لە قاهیرە، هەرگیز ئەو بیرکردنەوەیەی نەبووە. لە کۆنفڕانسی قاهیرە لە ئاداری ١٩٢١، تی.ئی. لۆڕێنس، گێرترود بێڵ، مارتن سایکس، ئارنۆڵد ویڵسن بەشدارییان کرد. ئەو کەسانەی قسەیان کرد، گوتیان کە شەڕی شێخ مەحموود بەرزنجی لەگەڵ ئینگلیزەکان زۆر هەڵەیە. هەروەها دەتوانین ئەوەش وەبیر بێنینەوە کە مستەفا کەماڵ بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئینگلیزەکان پاڵپشتیی شێخ مەحموود بەرزنجیی دەکرد و تەنانەت چەکیشی بۆ نارد.

کاتێک شەریف مەککە حسێن (١٨٥٢-١٩٣١) بە ئامانجی ڕزگاربوون لە دەوڵەتی عوسمانی هاوکاریی ئینگلیزەکانی کرد، لەو کاتەدا شێخ مەحموود بەرزنجی گوتی: "ئێمە ئیسلام ڕزگار دەکەین، خەلیفەی دیل ڕزگار دەکەین" و ئەویش خەریکی شەڕی ئینگلیز بوو، مرۆڤ سەرسام دەبێت! ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی کورد لە سەردەمی شێخ مەحمووددا گۆڕانکارییەکانی جیهانیان بە باشی نەخوێندووەتەوە، وات بەباشی لێی تێنەگەیشتوون.

لە ڕاستیدا ڕۆشنبیر و سیاسەتوانانی کورد لە شارە گەورەکانی وەک ستەنبوڵ دەژیان، لە کۆمەڵگەی کوردی دابڕابوون و ئەو گۆڤار و ڕۆژنامەیانەی دەیاننارد، نەیاندەتوانی کاریگەرییەکی گەورە دروست بکەن.

***

بریتانیای گەورە، ساڵی ١٩٢٠ بڕیاری دابوو کە پێویستە دەوڵەتی تورک وەک درێژەپێدەری عوسمانییەکان هەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بۆلشەفیزم بکات.

وتاردەرانی کۆنفڕانسی سەدەمین ساڵیادی لۆزان تیشکیان خستە سەر پرسی موسڵ. سیاسەتوانانی تورکیە دەیانویست مووسڵ بخەنە سەر تورکیە. هەروەها مستەفا کەماڵ زۆر لەسەر ئەوە جەختی کردەوە. نوێنەری مستەفا کەماڵ لەگەڵ هەندێک یەکەی سەربازی، لە ڕواندز بوون، لەسەر ئەم بابەتە تا کۆتایی ساڵی ١٩٢٣، ململانێیەکی دیپلۆماسی لەنێوان تورکیە و ئینگلیزدا. من باوەڕم وایە کە دواجار ئەم کێشەیە بەو شێوەیە چارەسەر کرا.

ڕەنگە مستەفا کەماڵ گوتبێتی تورکیە لە موسڵ دەکشێتەوە، بەڵام ڕەنگە داوای لە ئینگلیزەکان کردبێت داواکەی کورد بۆ سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی قەبووڵ نەکەن و دەنگیان پێ نەدەن. بریتانیای گەورە ئەم داواکارییانەی مستەفا کەماڵی بە شێوەیەکی بەرفراوان قەبووڵ کردووە، بە ئاسانی دەتوانین ئەمە لەو گۆڕانکاری و پێشهاتانە بزانین.

بریتانیای گەورە، لە هیندوستانەوە تا کینیا، هەموو کۆلۆنییەکانیان بە دامەزراندنی حکوومەتی خۆسەر بەڕێوە برد. لەو ڕووەوە بەڕێوەبردنی کۆلۆنییەکانی بریتانیا لە بەڕێوەبردنی کۆلۆنییەکانی فەڕانسە جیایە. تەنیا ناوچەیەک کە بریتانیا، بەڕێوەبەریی خۆسەری تێدا دانەمەزراند، کوردستانە. بە ڕای من ئەوەش وەک وڵامێک بە خواستەکانی مستەفا کەماڵ بووە.

***

بەشێک لە وتاردەران ڕایانگەیاند کە یەکەمین کۆنفرانسی لۆزان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تورکیا ڕێکخرابوو.

***

لە کۆنفڕانسی سەدەمین ساڵیادی لۆزان، وڵامی ئەو پرسیارانەم دایەوە کە لێم دەکرا. پرسیاری یەکەم ئەوە بوو کە دەڵێن ڕێککەوتنی لۆزان بۆ سەد ساڵە و کاتێک سەدە تەواو بوو، مەرجەکانی لەدەست دەدات، ئایا ڕاستە؟ من وەها وڵامم دایەوە: پەیمانی لۆزان ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی هەمیشەییە، شەڕی ئەوە هەمیشە بۆ حکوومەتەکان دەمێنێتەوە.

پرسیاری دووەم سەبارەت بە زمانی کوردی بوو. ئایا ئەو کوردانەی نەخشەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دادەڕێژن، دەتوانن زمانی کوردی بکەنە زمانی دیپلۆماسی؟ لەسەر جێگرتنی زمانی کوردی چی بگوترێت؟

لە وڵامدا گوتم لە باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا هیچ کێشەیەک لەم بابەتەدا نییە، بەڵام لە باکوور کێشەیەکی گەورە هەیە. سەپاندنی هەژموون و ئاسمیلەکردن لەلایەن تورکیەوە دژی کورد بەردەوامە. بە ڕای من ئەم کێشەیە لە کاتی خەباتی گەریلا و پارتە سیاسییەکانی وەک HEP, DEP, DEHAP, HADEP, HDP  زیاتر پەرەی سەندووە.

لەنێو ئەم خەباتەدا، کاتێک پێویست بوو کوردستانیبوون ببێتە ڕۆژەڤ، تورکبوون پەرەی سەند. ئه م هه‌ڵوێسته به‌رامبەر به کوردبوون، هه‌ژموونیی تورکبوونی زیاتر کردووه. هەروەها بووەتە هۆی فراوانبوونی ئاسمیلەکردن.

لەم ڕووەوە پێویستە پەرە بە هۆشیارییەکی پتەو و بەرفراوان بۆ زمانی کوردی بدرێت. بەبێ زمانی کوردی، خەباتی نەتەوەیی هیچ مانایەکی جیددیی نییە.

***

 چونکە پێویست بوو لە کاتی خۆیدا بگەینە فڕۆکەخانە، لە بەشی پاشنیوەڕۆی کۆنفڕانسەکەدا بەشداریمان نەکرد، واتە لە پانێلی کۆتاییدا بەشداریمان نەکرد.

لەم پانێلەدا ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان، دیپلۆماتکارانی کورد، عێراقی، بورهان جاف، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە یۆنان و کینیا، مەهمەت تانرڤەردی، سیاسەتمەداری کورد لە ئاڵمان، پڕۆفیسۆر هاوڕێ مەنسوور بەگ و پارێزەری کورد شێخموس ئۆزدەمیر بەشدارییان کرد.

* کۆنفڕانسەکە لەلایەن ناوەندی سویسیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانەوە ڕێک خرابوو.

** بەرگی بەرنامە چاپکراوەکە بریتی بوو لە:

Yeras of Division Kurdistan 1923-2023 A Century After The Rereaty of Lozanne Opinion and Perspectif 27 & 28th May 1923' bû.

KURDŞOP
517 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!