کۆنفڕانسی لۆزان، کورد و کوردستان

دوکتور ئیسماعیل بێشکچی

 

کۆنفڕانسی لۆزان بۆ کورد و تورک بە شێوەیەکی جیاواز شرۆڤە دەکرێت و هەڵدەسەنگێندرێت.

تورکەکان کۆنفڕانسی لۆزان بە کودەتایەک بۆ تورکیە دەزانن، بەڵام کۆنفڕانسی لۆزان کۆیلایەتیی بۆ کورد هێنا. بارودۆخەکە بۆ گەلی ئاشووری و سریانیش بە هەمان شێوە بوو.

ئەم پەیوەندییانە دەتوانرێت بەم شێوەیە شرۆڤە بکرێت و هەڵسەنگێنرێت،

دوای ناوەڕاستی ساڵی ١٩٢٢، وڵاتانی ڕۆژاوا و لە سەرووی هەمووشیانەوە بریتانیا کە براوەی جەنگی یەکەم بوون، بە تەواوی دەستبەرداری حکوومەتی عوسمانی بوون، دوای کۆنگرەی ئەرزەرووم و سیڤاس، TBMM (ئەنجومەنی گەلی گەورەی تورکیە) دەسەڵاتی لە ئانکارا گرتە دەست و بانگهێشتی لۆزان کرا. کوردان کە دوو ساڵ پێش ئەوە و لە ساڵی ١٩٢٠دا لە سیڤەر بەشدار بوون، بانگهێشت نەکرابوون. لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٢٠دا یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە ئەوە بوو کە مانگێک پێش ئەوە بریتانیاییەکان نوێنەرانی دوایین ئەنجومەنی عوسمانییان بڵاوە پێ کردبوو و ئەنجومەنەکەیان هەڵوەشاندبووەوە، ئەو نوێنەرانەی لێی جیا ببوونەوە، پەیوەندییان بە TBMM کرد.

لەو سەردەمەدا جوغرافیای کوردان کە زۆرینەی کورد تێیدا دەژیا و لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا بوو، سنوورەکانی لە باشوورەوە هەتا سلێمانی، لە باکوورەوە هەتا قەفقاز، لە ڕۆژاواوە هەتا ڕۆژاوای ڕووباری فورات و لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا کەنارەکانی دەریاچەی وان، درێژ دەبووەوە. ئەم جوغرافیایە لەو جوگرافیایەی تورکەکان تێیدا زۆرینە بوون، کەمتر نەبوو و ژمارەی دانیشتووانیشیان بە هەمان ئەندازەی تورکان بوو.

لەو کاتەدا دوای ئەوەی ناوی تورکیە بە BMM زیاد کرا، ئیتر ناوەکەی بوو بە TBMM. تا سەردەمی کۆنفڕانسی لۆزان، هیچ حکوومەتێکی تر لە دەرەوەی حکوومەتی TBMM نەبوو و تەنیا حکوومەتی ئەنجومەن هەبوو. لە لۆزان تەواوی ناوچەی ئەنادۆڵ و ئەرمەنستان و بەشێکی گەورەی کوردستان لەسەر ئەم ئەنجومەنە خران و دوای سێ مانگ، لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٣دا دەوڵەتی تورکیە دامەزرا. هەرچەندە وشەی "کۆمار" بۆ ناوەکەی زیاد کرا، بەڵام هیچ پێگەیەک بۆ کورد دیاری نەکرا. وەک هۆکارێک لەم بابەتەدا دوو شت باس دەکەین.

کێشەی سەرەکی چییە؟

کێشەی سەرەکیی کورد/کوردستان، دابەشبوون و پارچەپارچەکردنی کورد و کوردستانە. دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، ئەمە گرینگترین قۆناغ و پرۆسەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری میزۆپۆتامیا دروست بوو. لە هەر پارچەیەکی کوردستان، لەهەمبەر کوردان و کوردستان، سیاسەتی لەنێوبردنی کوردان و کوردستان لەسەر خاک و لە دڵ و زمان و مێشکی کوردەکان، بەڕوە چوو. بۆ نموونە ئەمە سیاسەتێکە کە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بە بەردەوامی لە تورکیە بەڕێوە دەچێت. ئەگەر لە هەندێک قۆناغیشدا لاوازیش بێت، بەڵام بۆ نموونە لە سەردەمی دەسەڵاتی تاک حزبیدا، بەبێ هیچ ئیمتیازێک بەردەوام بوو.

دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، عەرەبیش دابەش بوو، بەڵام عەرەب بە شێوەیەک دابەش بوو کە دەوڵەتی جیاوازیان دروست کرد. ئەمڕۆ ٢٢ دەوڵەتی عەرەبی لە کەنداوی بەسرە هەتا فارس هەیە کە عەرەبەکانی فەلەستینیشیان تێدایە. بەهۆی ئەوەوە ناوەڕۆک و ئامانجی دابەشکردنی عەرەب و کورد جیاوازە.

ڕێکەوتنی سایکس- پیکۆ

لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩١٦دا، لەنێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ئەو سەردەمە، بەریتانیای گەورە و فەڕانسە، ڕێککەوتنێکی نهێنی بە ناوی "سایکس- پیکۆ"  ئەنجام درا. دواتر ڕووسیەی ئیمپراتۆریش پەیوەندیی بەم ڕێککەوتنەوە کرد. ئەم ڕێککەوتنە نهێنییە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا لەلایەن "ترۆتسکی"یەوە ئاشکرا کرا. دواتر "بۆلشویکەکان" لەو ڕێککەوتنە نهێنییە کشانەوە. سەرەڕای ئەوەش بریتانیا و فەڕانسە توانییان ئەو ڕێککەوتنە نهێنییە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم جێبەجێ بکەن. ناوچەی باکووری میزۆپۆتامیا لەژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی و خاکەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (خاکی کوردستان) لەنێوان بریتانیا و فەڕانسە دابەش کرا.

هەریەک لە عێراق و ئوردن و فەلەستین بوون بە بەشێک لە بریتانیا و بەڕێوەبەریی ماندا (ئینتیداب یان قەیوم) دامەزران، هەروەها هەر یەک لە سووریە و لوبنانیش لەژێر دەستی فەڕانسەدا بوون و بەڕێوەبەریی قەیووم لەو وڵاتانە دامەزران؛ ئێمە دەتوانین ئەو بەڕێوەبەرییانە وەک کۆلۆنییەکیش ناو ببەین.

بە ڕای من گرینگترین و سەرەکیترین پرسیار کە لێرەدا دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە بۆچی کوردستان دانەمەزرا؟

هەرچەندە لەو سەردەمەدا لە باشووری کوردستان، شێخ مەحموود بەرزنجی بە ئینگلیزەکان دەڵێت: "من پاشای کوردستانم، وەک پاشای کوردستان قبوڵم بکەن". هێزەکانی ئیمپریالیزم نەک هەر کوردستانێکی سەربەخۆیان دانەمەزراند، بەڵکوو تەنانەت کوردستانێکی کۆلۆنیالیشیان دانەمەزراند.

کورد و کوردستان بە هاوکاری و هاوئاهەنگی و یەکخستنی هێزەکانی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکان، بریتانیای گەورە و فەڕانسە و دوو دەوڵەتی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورک، عەرەب و فارس، دابەش بوون و پارچەپارچە کران. لەم قۆناغەدا نابێ لاوازی و هەڵەکانی کورد لەبەرچاو نەگرین. لە حاڵەتی کەرتکردن و پارچەپارچەکردن و دابەشکردندا، دەبێ ئەو پەیوەندییانەش لەبەرچاو بگرین. بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سایکس- پیکۆ چەندین کۆبوونەوە لەنێوان بریتانیا و فەڕانسە ئەنجام درا. لە کۆبوونەوەی سەرەتاییدا بڕیار درا ناوچەکانی بارزان و بادینان وەک سووریە بدرێتە فەڕانسە. ئەم دابەشبوون و پارچەپارچەکردنە بە پرۆسەیەکی تایبەتدا تێدەپەڕێت، سەرەتا بەسەر باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا دابەش کرا، دواتر باشوور لە ناوخۆدا دابەش کرا. بەڵام وەک باسمان کرد، هەموو باشوور کەوتە ژێر دەسەڵاتی بریتانیای گەورە.

ئەو مێزەی پەیماننامەی لۆزانی لەسەر واژۆ کرا

*

ئەم قۆناغە پەیوەستە بە کورد و کوردستانەوە، لە پلاندانانەوە تا جێبەجێکردن، قۆناغێکە کە هەموو نەتەوەیەک هەوڵ دەدات خۆی بسەلمێنێت و بوونی خۆی بپارێزێت و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. و مافی ئەوان دەپارێزرێت.

دەبێ بزانین کە لە یەکێتیی سۆڤییەتدا، لینین و ستالین و ترۆتسکی و لە ئەمریکاش سەرۆک ویڵسۆن، بەرگرییان لەو ڕاستییە دەکرد کە گەلان بۆ خۆیان دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. بەڵام لەو قۆناغەدا سۆڤییەت هەرگیز لەگەڵ کورداندا نەبوو. هەمیشە پاڵپشتیی سیاسەتی ئەو کەسانەی کردووە کە کورد و کوردستانیان دابەش کردووە. ئەمە بەو مانایەیە کە هەر لە سەرەتاوە شێوازی پێناسەکردنی گەلان لە مافەکانیان، لە بنەڕەتدا کەموکوڕی و نوقسانی تێدایە. ڕیشەی کێشەی کورد و کوردستان لەم قۆناغەدایە. بە ڕێککەوتنێک، کەوتە ژێر پاراستنی ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی. ئەم قۆناغە دژ بە کورد لە سەردەمی کۆمەڵەی گەلاندا ڕوویدا. گەورەترین نادادپەروەری لەلایەن کۆمەڵەی گەلەوە لە کورد و کوردستان کرا. لەو کاتەوە لە ناوچەکانی باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان هەمیشە سەرهەڵدان هەبووە. هه‌موویان به‌هۆی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه‌که و هاوکاریی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووریی ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیسته‌کان بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانە‌ی ناوچه که باسمان کرد، سەرکوت کران.

کۆمەڵەی گەلان دوای جەنگی جیهانیی یەکەم بۆ بنیاتنانەوە و پتەوکردنی ئاشتیی نێودەوڵەتی دامەزرا. کۆمەڵەی گەلان نەیتوانی ئەوە بکات و ڕێگری لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم بکات. بەڵام هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی ئاشتیی نێودەوڵەتی تەنانەت لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمیشدا بەردەوام بوون. لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٥دا دامەزرا. دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گۆڕانکاریی زۆر لە جیهاندا هاتە ئاراوە. بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی کورد و کوردستان نەهاتە ئاراوە. دۆخی دابەشبوونی کورد و کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام بوو. دەتوانین لە دوو مادەی سەرەکیی خوارەوەدا باس لە نەدانی دەوڵەت بە کورد بکەین:

١- ئەو بۆچوونە هەڵەیەی کە مەجلیسی گەورەی تورکیە، مەجلیسی تورک و کوردە

هەموو کەسێک لە لۆزان کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم بۆچوونە هەڵەیەی کە حکوومەتی BMM حکوومەتێکی هاوبەشی کورد و تورکە و ئەم شتانەی خوارەوە بوونە هۆی ئەو بۆچوونە هەڵەیە.

a) عیسمەت ئینۆنوو وەک نوێنەری سەرەکیی TBMM پەیوەندیی بە کۆنفڕانسەکەوە کرد، تەنانەت ئەگەر بە ڕەچەڵەکیش کورد بێت، بەڵام پەیوەندیی بە گەلی کوردەوە نەبوو، بەڵام وەک ڕاوێژکار نێردرابوو.

زولفوو تگرەل، باڵوێزی ئامەد، کەسێکی تایبەت و هاوبەشی ئیتیحاتچی و کەمالیستەکان بوو، کاتێک نۆرەی ئەو هات لە کۆنفڕانسەکەدا قسە بکات، وتی نەخۆشە و هۆتێلەکەی بەجێ نەهێشت و مافی خۆی بە عیسمەت ئینۆنوو دا.

b) ئەو پەیامەی کە لە کوردستانەوە بۆ کۆنفڕانسەکە نێردرابوو و تێیدا هاتبوو "ئێمە لەگەڵ تورکەکان پێکەوەین"، لەلایەن "والی"یانەوە ئامادە کرابوو و نێردرابوو.

لەو سەردەمەدا، لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٢دا، هیچ بڵاڤۆکێک لە هیچ ڕێکخراوێکی کوردی نەبوو کە نوێنەرایەتیی کورد بکات.

دوو سێ ساڵ پێش ئەمە، دەزگاکانی وەک کۆمەڵەی گەشەپێدانی کوردستان و گۆڤاری کۆمەڵەی ژین، کاتێک ئینگلیزەکان لە ئەستەنبوڵدا دەسەڵاتیان هەبوو، داخران و قەدەغە کران.

c) سەرەڕای بڵاوکردنەوەی ئەو بۆچوونە هەڵەیەی کە TBMM مەجلیسێکی هاوبەشی تورک و کوردە و چەند کوردێکی وەک نوێنەری کورد هێنایە مەجلیسەکە، بەڵام ڕۆشنبیرانی کورد، بەتایبەتی نوێنەرانی کۆمەڵگەی پەروەردەیی کورد، کە دەسبەسەر کران، دەیانزانی کە ئەوان تەنیا فێڵیان کردووە، بەڵام دەرفەتیان نەبوو دەنگی خۆیان بگەیەننە و زۆربەیان ناچار بوون بەهۆی مەترسیی سەر ژیانیان بەرەو شوێنەکانی تر هەڵبێن و خۆیان بشارنەوە.

d) یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دیکەی ئەو دۆخە، هەڵوێستی هەڵەی وڵاتانی ڕۆژاوا بوو لەسەر پرسی ئەرمەنستان لەنێوان ساڵانی ١٨٧٨ تا ١٩٢٣، واتە ٤٥ ساڵ بەردەوام بوو.

لە ماوەی نێوان سێڤەر و لۆزان، لە دەریای سپییەوە تا دەریای ڕەش، پرۆژەی ئەرمەنستانی گەورە لە بەرنامەی کاردا بوو، کە باکووری کوردستان واتە (ویلایەتی ستتە) (شەش ویلایەت)ی لەخۆ دەگرت.

ویلایەتی ستتە یان ئەو شەش ویلایەتەی کە باس کران، بریتین لە: ئەرزیرۆم، سێواس، مەمورەتوولەزیز یان هارپوت، ئامەد، بەدلیس و وان. زۆر شت کرا بۆ ئەوەی بڵێین کوردستان دەبێتە بەشێک لە ئەرمەنستان، بۆیە نابێ لەبیرمان بچێت کە کوردە موسڵمانەکان لەبری ئەوەی بچنە نێو ئەرمەنستانی مەسیحییەوە لەگەڵ تورکمانی موسڵمان کەوتن.

٢- کۆبوونەوەی دوو قۆڵیی نێوان ئینگلیز و کەماڵییەکان

لە سەرەتاوە کۆبوونەوەیەک لە ئاستێکی بەرز لەنێوان "کورزۆن"، نوێنەری بریتانیای گەورە لە کۆنفرانسی لۆزان و عیسمەت ئینۆنوو، ئەندامی سەرەکیی شاندی حکوومەتی TBMM، ئەنجام درا.

تەنانەت ئەگەر بە ڕاستی باسی بارودۆخی کوردیش نەکرابێت، بەڵام کاتێک باس لە پارێزگای موسڵ و مافی کەمینەکان دەکرا، باسی مافی کوردیش کرا، بەڵام تورک دروشمی چەواشەکارانەی "تورک و کورد پێکەوەن"ی بەکار هێنا.

عیسمەت ئینۆنوو لە لۆزان، بۆ چەواشەکاری بەردەوام باسی یەکیەتیی نێوان تورک و کوردی کردبوو.

هەمیشە دژی قسەکانی لۆرد کورزۆن سەبارەت بە کورد، قسەی کردووە. بەڵام کاتێک کەمتر لە دوو ساڵ تێدەپەڕێت و لە ساڵی ١٩٢٥ و لە سەردەمی شۆڕشەکەی شێخ سەعیددا، دەوترێت لە تورکیە هەموو کەسێک تورکە و تەنیا تورک دەتوانێت داوای مافە نەتەوەییەکانی خۆی بکات. وەک دەزانرێت ئەو کۆنفڕانسە کە لە ١١ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٢ دەستی پێ کرد لە ٤ی شوباتی ١٩٢٣دا کۆتایی پێ هات و شاندی تورکیە گەڕایەوە ئانکارا. دوای ئەمەش لە ١٧ی شوباتی ١٩٢٣ کۆنگرەی ئابووریی ئیزمیر دامەزرا و سەرمایەداری قەبوڵ کرا و ئیمتیازاتی زۆر بە زلهێزە دەرەکییەکان درا.

لە ١ی نیسانی ساڵی ١٩٢٣دا، ئەنجومەنی یەکەم کە هێشتا دێمۆکرات بوو، هەڵوەشایەوە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی دووەم دەستی پێ کرد کە دەنگ بە لۆزان بدات. ئەو کۆنفڕانسە کە لە ٢٣ی نیسانی ١٩٢٣دا جارێکی دیکە ڕێک خرابوو، بە ڕێککەوتنێک لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ کۆتایی پێ هات. ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی دووەمەوە پەسەند کرا کە لەلایەن مستەفا کەماڵەوە دەستنیشان کرابوون. زانیاری زۆر کەم لەسەر ئەو کۆبوونەوانە بە ڕای گشتی درا کە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا (٢٣ی نیسانی ١٩٢٣ تا ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣) ئەنجام درابوون. جگە لەوەش لەسەر دیدارەکانی نێوان تورک و ئینگلیزەکان لە (٤ی شوباتی ١٩٢٣ هەتا ٢٣ی نیسانی ١٩٢٣) هیچ زانیارییەکمان نییە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئینگلیز و تورک کە تا دوێنێ دوژمن بوون و لەگەڵ یەکتری ڕێک نەدەکەوتن، هەروەها ئینۆنوو و کورزۆن کە بە توندی وەڵامی یەکتریان دەدایەوە، چۆن ئاشت بوونەوە؟ ڕوونە کە ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە سەبارەت بە دۆخی کورد و پرسی موسڵ (کە بۆ ماوەیەک دوا خرا)، سەبارەت بە بیرە نەوتییەکان بوو. بۆچی ئەو بڕگەیەی لە ڕێککەوتننامەی سیڤەردا هاتووە کە پێگەی کورد جێگیر دەبێت ئەگەر دۆخەکە گونجاو بێت، بۆچی لە ڕێککەوتنی لۆزان لا برا؟

سەبارەت بەم بابەتە دەتوانین بڵێین: ئەو سەردەمە عێراق لە سێ پارێزگای موسڵ و بەغدا و بەسرە پێک هاتبوو.

موسڵ، ھەرێمی ئێستای کوردستان، ھەولێر، سلێمانی، دھۆک لەگەڵ کەرکووک لە شنگالەوە هەتا خانەقین و ھەروەھا ئەو ناوچانەش کە لە کوردستان دابڕابوون، لەخۆ دەگرت.

بریتانیای گەورە دەیویست موسڵ بخاتە سەر عێراقی تازە دامەزراو، چونکە لە ساڵی ١٩٠٨دا نەوت لە کەرکووک دۆزرایەوە و نەوتی خاویش بۆ پیشەسازیی بریتانیای گەورە زۆر گرینگ بوو.

مستەفا کەماڵ هەروەها دەیگوت: "باوکانمان ٤٠٠ ساڵ ئەم ناوچەیەیان بەڕێوە بردووە، ئەم شوێنە هی ئێمەیە، هی تورکیەیە" و دژی پلانی بریتانیا بوو.

لەم مژارەدا قەیرانێکی سیاسی و دیپلۆماسی لەنێوان مستەفا کەماڵ و ئینگلیزەکاندا سەری هەڵدا. بەڵام لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٣دا ئەم قەیرانە سیاسییە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەر کرا.

ڕەنگە مستەفا کەماڵ ئەمەی بە بریتانیای گەورە گوتبێت: ئێمە لە موسڵ دەکشێینەوە، بەڵام نابێ وڵامی هیچ داواکارییەکی کورد سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی و حوکمڕانی بدەنەوە.

ئەمە خاڵێکی گرینگە، بۆ نموونە بریتانیای گەورە، لە بۆتسوانا تا غانا، لە هیندوستانەوە تا کینیا، هەموو کۆلۆنییەکانیان بە دامەزراندنی حکوومەتی خۆسەر بەڕێوە برد.

لەو ڕووەوە بەڕێوەبردنی کۆلۆنییەکانی بریتانیا لە بەڕێوەبردنی کۆلۆنییەکانی فەڕانسە جیایە.

تەنیا ناوچەیەک کە بریتانیا، بەڕێوەبەریی خۆسەری تێدا دانەمەزراند، کوردستانە. بە ڕای من ئەوەش وەک وڵامێک بە خواستەکانی مستەفا کەماڵ بووە.

بەڕێوەبەریی ناوچەی کوردستانی عێراق "حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق"

لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەمریکا دەستێوەردانی سەربازیی لە عێراق کرد، لە ئەنجامی ئەو دەستێوەردانەدا، دەستوورێکی نوێ لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا نووسرا. بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق، هەرێمی کوردستانی عێراق دامەزرا. ئێستا هەرێمی کوردستانی عێراق حکوومەتی هەیە. بەڵام ئەم ئیدارەیە بەس نییە تاکوو نوێنەری کورد لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنفڕانسی ئیسلامیدا بەشدار بێت. لەو دامەزراوانەدا تەنیا ئەو دەوڵەتانە نوێنەرایەتییان هەیە کە لە نزیکەوە دەناسرێن. هەر بۆیە پێویستە ئەو دامەزراوەیە ببێتە دەوڵەت، هەموو مەرجەکانیش بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەت، گونجاون. هەروەها لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بۆچوونی زیاتر لە 90٩٠ لەسەدی خەڵکی بەدەست هێنا.

*

کاتێک لەنێو کورددا باس لە دەوڵەت دەکرێت، بۆچوونێک لەنێو بەشێک لە کوردەکاندا گەشە دەکات کە دەوڵەت خراپە و کورد پێویستی بە دەوڵەت نییە.

ئەم بۆچوونە بۆچوونی کورد نییە، بۆچوونی دەوڵەتانی تورکیە، عێراق، ئێران و سووریەیە یان بۆچوونی لایەنێکە کە دەیەوێت کورد وەک کۆیلە بۆ هەتاهەتایە بهێڵێتەوە.

کاتێک دەوڵەتێک ئەم بۆچوونە بۆ کورد دەردەبڕێت، ئەوە بۆ قازانجی کورد نییە، ئەوە بۆ سەرکەوتن و قازانجی خودی ئەو دەوڵەتانەیە.

ئەگەر دەوڵەتت نەبێت هیچت نابێت، ئیرادەیەکی سیاسی یان دامەزراوەیەکت نابێت. تەنانەت ناتوانی مۆزەخانە دروست بکەیت، تەنانەت ناتوانی گۆڕستانەکانیشت دروست بکەیت.

پێویستە ئەوە بزانین کە لە باشووری کوردستان، کوردان، ئەو دامودەزگا و تایبەتمەندییانە تەنیا لە سەردەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا مانایان پەیدا کردووە کە خۆیان سەرکردایەتیی دەکەن.

ئەنجام و داخوازی

سەد ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ١٩٢٣دا لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی لۆزان، نادادپەروەری و ستەمێکی مێژوویی بەرامبەر بە کورد کرا و گەلی کورد بوون بە یەکێک لە گەورەترین گەلانی بێ دەوڵەت لە جیهاندا.

کوردستان دابەش بوو و بوو بە کۆلۆنی لەنێوان دەوڵەتەکاندا، هەرچەندە قەرەبووکردنەوەی مەحاڵە، بەڵام لەم سەردەمەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان ناچارن شتێک بۆ کورد بکەن.

باکووری کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی تورکیەدایە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە، ڕۆژاوای کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی سووریەدایە، کوردانی قەفقاز کە لەژێر دەستی ئازەربایجان و ئەرمەنستاندایە، هیچ مافێکی نەتەوەیییان نییە.

وەک دەزانرێت باشووری کوردستان کە تا ئێستاش لەژێر دەسەڵاتی عێراقدایە، مافی فیدراڵیی هەیە. پێویستە بەم زووانە کار بۆ دەوڵەتبوونی فیدراسیۆنی باشوور بکرێت، دەبێ باشووری ڕۆژاوا سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت.

ئەو کارەی لە باشووری ڕۆژاوا دەکرێت کە بەشێکی لەژێر کۆنترۆڵی سووریەدایە و بەشێکیش لەلایەن تورکیەوە داگیر کراوە، لە دۆخێکی نادیاردایە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە، لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتێکی ئیسلامی ڕۆژانە گەنجانی کورد لەسێدارە دەدرێن.

لە باکووری کوردستانیش کە ڕێژەی هەرەزۆری کوردانی لێ دەژین، دەبێ کورد بۆ بەدەستخستنی مافی نەتەوەیی خۆیان و دێمۆکراسی، خەبات بکەن.

دەزانین کە کاریگەری و ڕۆڵی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو سەردەمەدا (کۆمەڵەی گەل) و ڕێککەوتنی لۆزان، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی کورد لەم دۆخەی ئێستادا بێت.

کورد دەیەوێت بەو خەباتەی کە لە پێنج پارچەی کوردستان ئەنجامی دەدەن، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی ئەم سەردەمە لەگەڵ گەلی خۆیاندا ببینن. ئەمە قەرزێکی کوردە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان کە دەبێ بۆ کورد بگەڕێندرێتەوە.

(*) دیدارمان لەگەڵ توێژەر جەلال تەمەل، ڕۆڵ و کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە ئامادەکردنی ئەم لێدوانەدا، سپاسی مامۆستا جەلال تەمەل دەکەم.

(**) بەیاننامەکە پێشکەش بە "کۆنفڕانسی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان" کرا کە لە ٢٧ و ٢٨ی گوڵانی ٢٠٢٣ لەلایەن ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی دەرەوە، لە شاری لۆزان لە سویس ڕێک خرابوو.

KURDŞOP
708 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!