مێزۆپۆتامیا و شارستانییەتێک بۆ هەموو مرۆڤایەتی

زاگرۆس جیلۆ

کوردشۆپ - کورد خاوەنی سامانێکی کولتووریی گەورەیە. بەڵام ئەو سامانە کولتوورییە زیاتر زارەکی و ژیانییە نەک نووسراو. واتە ئەو سامانە بەشێکە لە خودی ژیانی خەڵکەکە. لە ئەدەبەوە تا مێژوو، هەموو شتێک بەشێکە لە ژیان و دەربڕینی زیاتر زارەکییە نەک نووسراو. دەرفەتەکانی کورد بۆ ئەوەی مێژووی خۆی بنووسێتەوە و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی پێناسەی بکات، کەم بووە؛ هەر بۆیەش زیاتر داگیرکەران لەسەر مێژووی کورد نووسیویانە و لەبەرئەوەی داگیرکەرانیش نووسیویانە، بە پێی بەرژەوەندیی خۆیان پێناسەیان بۆ کورد کردووە. زۆر جاریش لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە بە دڵی خۆیان دەست بەسەر کورد و کوردستاندا بگرن، کوردستانیان وەک وڵاتێکی زۆر جوان بەڵام کوردیان وەک نەتەوەیەکی وەحشی و بە دوور لە شارستانییەت ناساندووە.

بەڵام لە ڕاستیدا مێزۆپۆتامیا یان کوردستان، سەرچاوەی هەموو شارستانییەتەکانی مرۆڤە و ئەمەش تەنها لێدوانێکی بێ بنەما یان ناسیۆنالیستی نییە. ئەم ڕاستییە ئێستا لە لایەن هەموو سەرچاوە زانستییە مێژووییەکان و تەنانەت ئەوانەی ڕاشکاو نین و بەشەرمنییەوە باسی ئەو بابەتە دەکەن، پشتڕاست کراوەتەوە. چونکە کوردستان یەکەم شوێنی نیشتەجێبوون و گوندنشینی و شوێنی ماڵیکردنی ئاژەڵە و یەکەم شوێنیش ببووە کە  کشتوکاڵی تێدا کراوە. تا ئێستا هیچ شوێنێکی کۆنتر لە کوردستان نەدۆزراوەتەوە کە لەم بارەیەوە دژی ئەم ڕاستییە بێت.

هەر بۆیە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ ژیانێکی جێگیر و دەستپێکردنی کشتوکاڵ، واتە ڕزگاربوون لە ژیانی دڕندەیی و کۆچەری. کە دەڵێین کۆچەر، باسی ئەو کۆچەرانە ناکەین کە ئەمڕۆ هاوین ئاژەڵەکانیان دەبەن بۆ لەوەڕگاکان و لە پاییزدا دێنە خوارەوە بۆ گوندەکانیان. باسی مرۆڤێک دەکەین کە وەک ئاژەڵێکی سەرگەردان شوێنێکی نییە و بەدوای نان و نێچیری ڕۆژانەیدا دەگەڕێت. هەروەها لەگەڵ تێپەڕبوونی ژیانی نیشتەجێبوون و ماڵیکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵ، ته واوی کولتوور و وشەسازیی ژیانی مرۆڤ ده گۆڕێ و لانیکه م 15 هه زار ساڵ له مێزۆپۆتامیا، واته له کوردستاندا ئەم شتە هەیه. بەڵام ئەگەر سەیری ئەم مێژووە دێرینەی شارستانییەتی کوردستان بکەین، ئەمڕۆ ئەو وڵاتانەی خۆیان بە شارستانییەتە پێشکەوتووەکان لە جیهاندا پێناسە دەکەن، زۆرێکیان خاوەنی 3-4 هەزار ساڵ مێژووی کۆنن. بە واتایەکی تر کاتێک شارستانییەتی کوردستان ١٢ بۆ ١٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر هەبووە، ئەو کیشوەرە و خەڵکەکەی دوای ٨ بۆ ٩ هەزار ساڵ توانیان بگەنە ئەو ئاستە و تەنیا کوردستانیان وەک سەرچاوەیەک بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەبوو.

 بە واتایەکی تر کوردستان بوو بە سەرچاوەی مرۆڤبوون و نیشتەجێبوون و ماڵیکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵی ئەوان. دەکرێ بڵێین مرۆڤایەتی بۆ یەکەمجار لە مێزۆپۆتامیا و کوردستانەوە تەنیا فێری ژیان نەبووە. هاوکات لەگەڵ نیشتەجێبوون، گۆڕانکاریی گەورە لە بیرکردنەوەی خەڵکدا ڕووی داوە، هەموو ژیانی مرۆڤەکان گۆڕاوە. هەموو بیروباوەڕی خەڵک گۆڕاوە. بە واتایەکی تر لە ئەدەبەوە بۆ مۆسیقا تاکوو هونەر، ئابووری، ئیدارە و هتد، شۆڕشێکی گەورە لە ژیانی مرۆڤدا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕووی دا و بەهۆی ئەوەوە، لە ڕووی زانستییەوە ئەو قۆناغە بە "شۆڕشی نیۆلیتیک" (شۆڕشی بەردینی نوێ) پێناسە دەکرێت.

دەتوانین بڵێین لەگەڵ شۆڕشی بەردینی نوێدا مرۆڤی ئەمڕۆ گەیشتە فۆرم و شێوازی کۆمەڵایەتیی نیشتەجێبوونی ئێستامان. واتە پێش شۆڕشی بەردینە نوێکان، دەکرێ بڵێین قەبووڵکردنی کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ لە شێوەی خێڵ یان کۆمەڵە مرۆڤێک کە گەڕۆک بوون و نیشتەجێ نەبوون لە ئارادا بووە. هەموو وزە و هێزی مرۆڤی ئەوکات تەنها بۆ دۆزینەوەی نانی ڕۆژانە، یان ڕاوی ڕۆژانە بەکاردەهێنرا. هەر بۆیەش کولتووری ئەوکات کەلتوورێکی سەرگەردان و ناجێگیر بوو کە کەلتووری ڕاوچی-کۆکەرەوەی سەرگەردان و ناجێگیر بوو و گۆڕانکاری و گەشەسەندنێکی گەورە لە هزر و لە کولتووری مرۆڤدا ڕووی نەدەدا. بێگومان مرۆڤایەتی ماوەیەکی زۆر بەو شێوەیە ژیاوە. تەنانەت بە گوێرەی زانایان، لە سەردەمی بەردینی نوێوە تا ئەمڕۆ، هەموو ژیانی شارستانیی مرۆڤ تەنها 2٪ی تەمەنی مرۆڤایەتییە. بە واتایەکی تر مرۆڤ 98٪ی ژیانی لە دەرەوەی شارستانیەتی نیشتەجێکراو بەسەر بردووە. بەڵام لەگەڵ شۆڕشی بەردینی نوێدا، هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ گۆڕا و مرۆڤایەتی چووە قۆناغێکی ترەوە.

هەر بۆیە کۆمەڵگای کوردی تا ئەمڕۆ تایبەتمەندیی کۆمەڵگای نیۆلیتیکی پاراستووە و تەنانەت لە چیرۆک و ئەدەبیاتەکەیەوە تا دەگاتە دەنگبێژیییەکەی، هەموو مرۆڤەکان دەتوانن بڵێن پاشماوەی ئەو کولتوورەن. لە کوردستاندا چەندین چیرۆک هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی بەردینی نوێ. چیرۆک یان ئەفسانە و ئەدەبیاتی زارەکی، شێوازی بیرکردنەوە و تێفکرینی سەردەمی خۆیەتی. ئەگەر سەیری شارستانیەتەکانی دوای مێزۆپۆتامیاى ژووروو بکەین، کاتێک دادەگەڕیین بۆ مێزۆپۆتامیاى خواروو، ئەگەر بە وردی بە نووسراوە بزمارییەکاندا بگەڕێین، بۆمان دەردەکەوێ کە کە تەنیا بە گوێرەی پێناسەی خۆیان ناوەکانیان گۆڕیوە و ئەو چیرۆکانەی لە مێزۆپۆتامیای سەروودا گوتراون، بە شێوازی جودا لە لایەن شارستانییەتەکانی دیکەوە گوتراونەتەوە و نووسراونەتەوە.

بێگومان نەک هەر چیرۆک و ئەدەبیاتی کوردستان، بەڵکو شێوازی نیشتەجێبوونی کوردستان و ماڵیکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و هەموو شتێکیان وەرگرتووە. کاتێک شارستانیەت لە مێزۆپۆتامیاى ژووروو بۆ مێزۆپۆتامیاى خواروو گوازرایەوە، یەکەم دەوڵەتەکان لە ڕێگەى سۆمەرییەکانەوە دامەزران. واتە ڕەنگە شارستانییەتی نیشتەجێبوون لە مێزۆپۆتامیاى سەرەوە و کوردستان دامەزرابێ. هەرچەندە مشتومڕى زۆر لەسەرى هەیە، بەڵام من پێم وایە دەوڵەتى یەکەم هەر لە لایەن کوردەوە دامەزراوە. بەڵام لەبەرئەوەی کورد ئێستا دەوڵەتی نییە، ناتوانێ لەم دونیایەدا کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە دابەش کراوە، خاوەندارێتیی مێژووی خۆی بکات. چونکە ئەگەر سۆمەرییەکان کورد نەبن، هەموو ئەزموونەکانی کۆمەڵگای نیۆلیتیک، کولتوور، هونەر، ئیدارە، سیاسەت و هەموو دەسکەوتەکانی ئەو فۆرمە کۆمەڵایەتییە ناتوانن بگەنە فۆرمێکی باڵاتر و ئەو ئاستە لە دەوڵەتداری.

 بێگومان ئەوە بابەتێکە کە پێویستە زاناکان کاری لەسەر بکەن و ئەو ڕاستییە پشتڕاست بکەنەوە. بەڵام هێشتا کاتێک مرۆڤ سەیری ئەو ڕاستییانە دەکات کە لە هەموو لێکۆڵینەوەکاندا دێنە دەرەوە، ناتوانێ بڕوای خۆی و ئەو ڕاستییانەی کە هەن، دەرببڕێ و ئەوەی تریش، من باوەڕم وایە، ئەو زانستەی کە هەیە بە پێی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران قسە دەکات و لە خزمەت سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کوردستاندا بەردەوام هەوڵ دەدات ئەم ڕاستییە بشارێتەوە.

بەڵام هاوکات لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانە بۆ لەناوبردنی مێژووی کورد و کوردستان، سەرچاوە سەرەکییەکانی پێکهاتەی کورد و شێوازی ژیانی کۆمەڵگەی کوردیش هەموو زانیارییەکانی مێژووی کورد دەخەنە ڕوو. بە تایبەتی وێژە و ئەدەبی زارەکی تەنانەت دەنگبێژییش بە تەواوی کەلتوور و شێوازی ژیانی کورد و کوردستان دەخەنە بەر چاو. لە لایەکی ترەوە لە هەموو شوێنێکی کوردستان کاتێک شوێنێک هەڵدەکۆڵی، دەبینی شارستانییەت لەناو زەوییەوە دەردەکەوێ. واتە ئەو شارستانییەتەی نێژراوە لە زەوییەوە دێتە دەرەوە. ڕەنگە مرۆڤایەتی چاوی لەو شارستانییەتە دابخا، پشتگوێی بخا و نەیهەوێ ئەو ڕاستییانە ببینێ. بەڵام هیوادارم ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردی بەپێی ئەو واقیعە بژین و قەدری گەورەییی کولتووری کۆمەڵگەی کوردی بزانین. ئەگەر کولتوور و شێوازی ژیان لە کوردستاندا ئەوەندە بەهێز نەبووایە، نەیدەتوانی لە بەرانبەر ئەو هەموو هەوڵانەی ئاسمیلەکردن و لەناوبردن بوەستێتەوە. زۆرێک لە کولتوور و نەتەوەکان کە کولتوورێکی بەهێزیان لەسەر ئەم خاکە نەبوو، نەمان و لەناوچوون؛ بەڵام کورد هەمیشە ماوەتەوە و هەمیشە دەمێنێتەوە.

لە کۆتاییدا دەکرێ بڵێین کورد شارستانییەتێکی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بنیاد نا، کە هەموو جیهان دەڵێ مێزۆپۆتامیا لانکەی هەموو مرۆڤایەتییە، بەڵام هەموو مرۆڤایەتی نەیتوانی قەرزی وەفاداری بە کوردان بدەنەوە.

KURDŞOP
755 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!