دیپڵۆماسیی کولتووری و متمانەی ڕۆشنبیری

(پردەکانی پەیوەندیی باشوور و ڕۆژهەڵات و نەبوونی متمانە)

ئازاد ڕۆژهەڵات

 

یەکێک لەوبابەتانەی لە دونیای ئەوڕۆدا گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە و دەوڵەتانی دونیا بە هەندی وەردەگرن و تێچووی بۆ دەدەن، بابەتێکە بە ناوی "دیپڵۆماسیی فەرهەنگی" یان "دیپڵۆماسیی کولتووری". بەڵام لە پێشدا با بزانین فەرهەنگ و کولتوور چین و پاشان باسی لقەکانی دێنینە گۆڕێ و گرینگایەتییەکەی باس دەکەین. وشەی فەرهەنگ لە ڕاستیدا وشەیەکی ئاوێستاییە و واتای زۆر بۆ لێدراوەتەوە. بۆ وێنە بە واتای ڕاکێشانی قورسایی و کێشە. بە واتای کێشانە سەرێیە، بە واتای دەرکێشان و هەڵکێشانە. لە  واتای گشتەکیشدا بە زانست و پیشە و زانیاری و ڕۆشنبیری و سەرکەوتن و زۆر واتای دیکە دەکار کراوە. وشەی کولتووریش کە لە جێی فەرهەنگیش کەڵکی لێ وەردەگرن، لە ڕاستیدا وشەیەکی فەڕانسەوییە و لە ڕیشەی لاتینی "کالتوورا" وەرگیراوە. ئەو وشەیە بە واتای داچاندنی زەوین و کارێک بۆ بەپیت کردنی زەوین و چاندنی گیا و ... دەکار دەکرێ. بەڵام ئەگەر لە ڕەچەڵەکناسیی ئەو دوو وشەیە بینەوە و باسی زانستی لەسەر بێنینە گۆڕێ، بە ئاکامی دیکەش دەگەین هەرچەند دواتر ئاوڕ لەو ڕیشانەش دەدەینەوە.

"ریمۆند" و "ویلیامز" چوار کارکردیان بۆ فەرهەنگ داناوە کە لەگەڵ لایەنە چوارینەکانی فەرهەنگ بگونجێ. ئەوان پێیان وایە فەرهەنگ؛

یان پڕۆسەی گشتیی هەڵدان و گەشە و نەشەی بیر و هونەر و جوانیناسییە کە لەودا کۆی فەلسەفە و ئەندێشە و هونەر و داهێنەرێتیی سەردەمێکی وڵاتێک دەگونجێ و جێی دەبێتەوە؛

یان شێوازی تایبەتی ژیانی نەتەوەیەکە کە لەودا ڕۆحی هاوبەشی کۆمەڵگا خۆ دەنوێنێ.

یان بەرهەم و چالاکییە فکری و بەتایبەت هونەرییەکانە کە زیاتر بواری شیعر و ئەدەبیات و هونەرەکان دەگرێتەوە.

یان سیستەمێکی ئاماژە و نیشانەکانە کە لە ڕێی ئەوەوە تەکووزییەکی کۆمەڵایەتی دادەمەزرێ.

ئێمەی کورد هەر کام لەو لایەنانە بخەینە بەرباس دەتوانین ئاکامی لێ وەربگرین. چون وەکی دەزانین نەتەوەی کورد لە چەند سەدە لەمەوبەرەوە خاوەن ئەدەبیات و زمانی نووسین و بەرهەمی بە پێزی فکری بووە و بەرهەمەکانیش دەتوانین لە نووسینەکانی "ئەحمەدی خانی" و "مەلای جزیری" و "فەقێ تەیران" و "شەڕەفخا ن بدلیسی" و زۆر نووسەر و بیرمەندی دیکەدا ببینینەوە کە هەمووان جەختیان لەسەر گرینگیی سەرهەڵدانی فکری و هونەری و جوانیناسیی کورد کردووە. ئەوە نییە ئەحمەدی خانی چوار سەدە لەوەپێش باسی ئەوە دەکا کە ئەگەر دۆخ لەبار بووبا و ئێمەش دەوڵەتمان بووبا، لە بواری هونەر و زمان و ئەدەبدا، ئێستا ئاڵای داهێنەریتی و هونەری ئێمەش وەک گەلانی بەختەوەرەی دونیا لە ئاسمانان دەشەکاوە. یان کەسێکی وەک "خانای قوبادی" لە مەنزوومەی "خوسرەو و شیرین" و لەبەشی دیباچەدا، لە یەکێک لە ماکەکانی فەرهەنگ کە زمانە دەدوێ و چەند سەدە لەوە پێش باسی ئەوە دەکا؛ ئەگەر زمانەکانی دیکە شەکر بن ئەوە زمانی ئێمە لەوان شیرینترە و ئەگەر ئەو زمانانە بەرهەمی بە پێزیان پێ خوڵقاوە، زمانی ئێمەش دانەماوە و بەردەوام بەرهەمی پێ نووسراوە و پەرەی ستاندووە.

لە لایەکی  دیکەوە کورد کە لە چەند وڵاتی وەک ئێران و عێراق و تورکیا و سووریا و ئەرمەنستاندا بڵاون و هەڵبەت بەشی کاریگەری جوغڕافیا و حەشیمەتی ئەو وڵاتانە پێک دێنن،  بۆخۆیان بە درێژاییی مێژوو، یەکیەتیی خاکیان بووە و شێوە ژیان و داب و ڕەسمی تایبەتی خۆیان پاراستووە و مۆسیقا و هونەر و مێژووی خۆیان هەبووە و کۆی ئەوانە کوردی وەک نەتەوەیەک کردووەتە خاوەن ڕۆحێکی هاوبەشی نیشتمانی کە بە خەمی یەک خەمین و لەشادی و شکۆی یەکدا بەشدارن. نیشانە وڤهێماکانیان هاوبەشە و لەسەر زۆر بابەت هەڵوێست و دژکردەوی هاوشێوە و دەقاودەق وەک یەکیان هەیە و جیاوازییەکانیان لە کەمترین ئاستی خۆیدایە.

بابەتی سێهەم ئەگەر  بخەینە  بەرچاو  کە تێیدا جەخت لەسەر بەرهەمە ئەدەبی و شیعر و چیرۆک و شانۆنامە و هونەرەکان کراوەتەوە، ئەوە لەو بوارەدا کورد هەر لە ڕابردوویەکی دوورەوە خاوەن بەرهەم بووە و لە دونیای ئێستاشدا لە ئاستی نەتەوەیی و جیهانیدا بە  بوونی شاعیران و نووسەرانی گەورەی وەک "گۆران"، "هێمن"، "هەژار"، "شێرکۆ بێکەس" ، "پەشێو" ، "رەفیق سابیر"، "لەتیف هەڵمەت"، "قوباد جەلیزداە"، "شێرزاد حەسەن"، "سوارە ئیلخانیزادە"، "حەسەن قزڵجی"، "سەلاح پایانیانی" و "مەسعوود محەممەد " و زۆری دیکە قسەی  بۆ کوتن پێیە و خاوەن ئیدیعایە.

دوایین خاڵیش کە  باسی سیستەمی نیشانەیی و لە ڕێی ئەوەوە تەکووزیی کۆمەڵایەتی دەکا، لە زۆر نیشانە و هێمادا خۆ دەردەخەن. هەم کەسایەتییە هاوبەشە گەورەکان، هەم ئاڵا کە نیشانەی نەتەوەیە، هەم سروودی نەتەوەییی کورد و زۆر بابەتی دیکەش.

بە پێی ئەو باسانەی کرا بۆمان دەردەکەوێ کە فەرهەنگی نەتەوەی کورد لە هەموو لایەنەکانەوە لە دونیای ئەوڕۆدا توانای دەرکەوتنی بووە و ئەوەش بەرهەم و دەرکەوتەکان بۆ  هەر بەردەنگێکی  بە ئینساف و زانست خوازی دەسەلمێنن.

لێرەدا دەمانهەوێ لەوە  بدوێین کە کاربەدەستانی کورد چەندە توانیویانە لەو سامانە زەنگین و دەوڵەمەندە  کولتوورییە کەڵک وەرگرن و لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دونیای دەرەوە  بەکاری بێنن. ئایا بە پێی هەموو ئەو چالاکییانەی لە سی ساڵی ڕابردوودا، لە هەرێمی کوردستان کراوە ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە سیاسەتمەدار و دەوڵەت-پیاوی کورد، توانیبێتی کولتوور وەک کەرەسەیەک بەکار بێنی بۆ کرانەوەی دەرگا داخراوەکان. ئایا کولتوور و فەرهەنگی کورد لە هەر ئاستێکیدا لە  بەرنامەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کورددا جێگای هەبووە کە ئێمە پێی دڵخۆش بین و ئاماژەی پێ  بکەین و وەک بەشێک لە دیپڵۆماسیی کولتووری ناوی بێنین.

 دیارە لەبەشەکانی دواتری ئەو نووسینەدا باسی خەسارەکانی ئەو کار پێ نەکردنە دەکەین، بەڵام لەو بەشەدا تەنیا باسێکی گشتی دێنینە گۆڕێ. لە سی ساڵی ڕابردوودا لە ئاستی ناوچەییدا حەول دراوە پردێکی پەیوەندی لەگەڵ چالاکانی فەرهەنگیی پارچەکانی دیکەی کوردستان و  بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵببەسترێ. بۆ ئەو مەبەستە سەردەمێک تێچووی باڵاش دراوە، بەڵام ئەی لێکەوتە و دەسکەوتی ئەو حەولە چی بووە. ئایا ئەو پەیوەندییانە توانییان دواجار ئاکامێکی ئەرێنییان بۆ کورد لێ بکەوێتەوە. ئەگەر بە دوور لە سیاسەت و تەنیا بۆ ڕوونکردنەوە و بەرژەوەندیی  نەتەوەیی وڵامێکی ڕاستگۆیانە بدرێتەوە، دەتوانین بڵێێن پەیوەندییە کولتوورییەکان  بە داخەوە لە خراپترین دۆخدا بوون. دیارە بۆ خستنە ڕووی داوایەکی وا بەڵگەی قورس و قایم پیویستە.

ئەوەی لە سازکردنی پەیوەندیدا گرینگە هەبوونی پردێکی متمانەیە لە نێوان دوو وڵات و هەرێم کە دەیانهەوێ ئاڵوێری نیشانە و هێما کولتوورییەکانیان بکەن . ئەو متمانەیە لەوەوە دەتوانێ ساز بێ کە ئەو پردە بە دەستی چ کەسایەتی و بنکە و نەهادێک ساز دەکرێ . ئایا ئەو بنکە و نەهاد و کەسایەتییەی ئەو ئەرکە قورسەی دیپڵۆماسیی کولتووریی پێ سپێردراوە جێگای متمانەی  نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و بە گشتی چالاکانی ئەو بوارە هەیە؟ ئەگەر وڵام ئەرێ بێ ئەوە بێگومان بەرهەمی ئەو پەیوەندییە شیرین و بەکەڵک دەبێ و ئەگەریش نا بێ، ئەوە هەر لەسەرەتاوە دەتوانین بڵێین پەیوەندییەک ساز دەبێ لەسەر نەبوونی متمانە بە سازدەری پەیوەندییەکە و باقی ئەو ڕەوتە دەبێتە ڕەوتێکی نەخۆش و بەرهەمی باشی لێ ناکەوێتەوە . لەهەر دوو بەشی باشوور پردەکانی پەیوەندی ئەگەر هەڵبسەنگێندرێن ئەوە ڕاستییەکان خۆیان دەردەخەن. ئەو کەسانە  بۆ سازکردنی پەیوەندی جێگای متمانەن، زانیارییان  هەبێ و قەڵەم و ناویان ئیعتبار بەخش بێ. ئەو کەسانە دەتوانن ئەو دیپڵۆماسییە بەرەو ئاقاری باش بەرن بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆیان تووڕ هەڵدەن. ئەو  کەسانەی کە سەرێکیان لە سندووقی بەرژوەندیی وڵاتانی داگیرکەردایە و سەرێکیان سروودی نەتەوەیی تێدا دەزرینگێتەوە  ناتوانن متمانەی نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانی داهێنەر وەدەست  بێنن و ئەگەریش جار جار ئەوانیش تێکەڵ بە پەیوەندییەکانیان دەکەن زیاتر بۆ ژێستێکی ڕۆشنبیرانە و کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لەو ناوانەیە.

سیاسی و کار بەدەستی کورد لە بەشی کولتووردا پێویستە جارێکی دیکە ئەو پرسیارە لە خۆی بکاتەوە  ئاکامی سی ساڵ پەیوەندیی کولتووری لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبە ت ڕۆژهەڵات بۆ جار  لەگەڵ جار بی متمانەیی زیاتر بووە. ئەو ڕاستییە هەم لە هەولێر و هەم لە سلێمانی خۆ دەنوێنێ و پێویستە مشووری لێ بخورێ. ڕاستیی ئەو ماجەرایە دەتوانین لە فستیڤالی گەلاوێژی ئەوساڵدا دەستنیشان بکەین، کە بەتاڵ  بوو لەهەرچی ڕۆشنبیری و نووسەر و ڕۆشنبیری جیددی و تاقمێک نووسەری فارس هێنرابوون کە هەر ڕووی کۆڕەکەیان نەدیت و ... نووسەرانی جیددیی باشوور و ڕۆژهەڵاتیش و ئەو دوو سێ کەسەش کە هاتبوون زیاتر لە دەرەوەی کۆڕە فەرمییەکان لەگەڵ نووسەرانی جیددیی سلێمانی لە دەروە خەریکی بیر و ڕا گۆڕینەوە بوون. ئەو ڕەوتە نەخۆشە دەبێ چاک بکرێ تەنانەت ئەگەر سی ساڵیشی بەسەردا تێپەڕ بووبێ.

KURDŞOP
854 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!