"عەلی عارف ئاغا" و شیعری کلاسیک و گوتاری نوێی ئەدەبی

عەلی عارفاغا وا نەبێ کە ئاگای لە ئەدەبیاتی سەردەمی خۆی نەبێ. چون هەر وەکی لەو ئەو پێشەکییە کورتەی بۆ کۆمەڵە شیعرەکەی نووسیوە باسی دەکا، ئەو ئاگای لە شیعری شاعیرانی لاوی وەک هەردی، هێمن، کامڕان موکری، و دیارە گۆران و وەچەی دوای ئەو بووە و تەنانەت باسی شیعری روانگەییەکانیش دەکا و دەلی ئاگام لەوە هەیە ئەوانیش هەن، کەچی هەموو ئەوانەی بە شاعیرانی لاو زانیوە.

دوکتور ئازاد موکری

 

"عەلی عارف ئاغا" ناسراو بە "شاری" یەکێک لە شاعیرانی کلاسیکی باشووری کوردستانە. ساڵی 1910ی زایینی لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. عەلی عارف ئاغا لەو شاعیرانەی کوردە کە لە سەردەمی نۆێبوونەوەی بیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی کوردیدا دەستی داوەتە قەڵەم و شیعری نووسیوە. بەڵام لە ناو ئەدەبیاتی کوردیدا زۆر کەم ناسراوە. تەنیا شیعرێکی ناسراوی عەلی عارف ئاغا، شیعرێکە بە نێوی "گوڵ و خونچە" کە هونەرمەندی دەنگ خۆشی کورد "مەزهەری خالقی" ئاوازی لەسەر داناوە بە گۆرانی گوتوویەتی. بەیتی یەکەمی ئاوا دەست پێ دەکا:

 گوڵ و غونچەی بەهارانیش لە تۆ نەشمیلەتر نابێ

 نەمامی عەڕعەڕی کۆرپەش لە تۆ خنچیلەتر نابێ

 جگە لەو شیعرەی، کەمتر بەرهەمی عەلی عارف ئاغا دەزانین کە لە نێو ئەدیبانی کورددا باسی لێ کرابێ و ناسرابێ. گەرچی ئەو نزیک بە هەشتا ساڵ لەمەوبەر شیعری نووسیوە، بەڵام زۆر درەنگیش بەرهەمە شیعرەکانی خۆی بە دەستی خۆی لە ساڵی 1985 چاپ کردووە.

لە لایەکی دیکەوە ناسینی مرۆڤ و ئینسان و خوا و دڵدار و ... لەو سەرچاوانەن کە دەتوانین لە رێگای ئەوانەوە بیری شاعیر و نووسەر بناسین و تاوتوێ بکەین. لە لێکدانەوەی دەقەکانی ئەو شاعیرەدا بە ئاکامێکی باش دەگەین. ناسینی مرۆڤ لە دەقی نووسەرێکدا بە هەر بارێکیدا بێ، چ دڵدارانە چ وەک بوونێک لە کۆمەڵگادا و چ وەک چالاکێکی فیکری و ... گرێ دراوە بە فەلسەفەیەک کە کەسی داهێنەر و شاعیر زەینی لێ پاراو بووە. دڵداری و ئەوینی شاعیر لە کۆی ئەو شیعرانەدا هەر ئەو دڵدار و دڵدارییە گشتیەیە کە هەموو شاعیرانی کلاسیک شیعریان بۆ نووسیوە. تەنانەت زۆر جار ڕیتم و کێش و سەروای شاعیرانی پێشووشی دووپات کردووەتەوە. بۆ وێنە لە شیعری "بێ تۆ"دا:

 ژیانی من لە دووری ژانە بێ تۆ

بەشم هەر حەسرەت و گریانە بێ تۆ

گرانە باری غەمباری لەسەر دڵ

 نەمانم زۆر لە لا هەرزانە بێ تۆ

کێش و سەروای ئەو دەقە لە شیعری "نالی" و "کوردی" وەرگیراوە و زیهەنییەتیش هەر ئەو زیهنییەتەیە کە شیعری ئەو شاعیرانە بۆ دڵداری بوویانە. کەڵکەڵەیەکی دیکەی کە شاعر هەیەتی سەرنجدانە بە دەرباز بوون لە سەختیی ژیان و دیتنەوەی رێگایەکە بۆ رزگاری لە پێچەڵاوپێچی ئەو شتانەی لە دنیادا هەن. پەنا بردن بۆ مەی و خۆ خزاندنە بن سێبەری بێخەبەری لە دونیا، یەکێک لە رێگا کۆنەکانی شاعیرانی پێشینە. دیسان عەلی عارف ئاغا لە زۆریەک لە شیعرەکانیدا، ئاوڕی لە مەی داوەتەوە و هەر بەو شێوەیەی شاعیرانی پێشوو چ بە باری خوازەییدا و چە بە باری کیناییدا کەڵکیان لەو دەستەواژە و ئیستیعارەیە وەرگرتووە، ئەویش هەر بەو شێوەیە کەڵکی لێ وەرگرتووە.

خالید دلێر - کاکەی فەللاح - عەلی عارف ئاغا

 

هەڵبەت ئەوە وەک ڕوانگە و بۆچوونی شاعیرانە باس دەکرێت و بە روانینێکی بایەخدانەرانەوە ناڕوانێتە دەق. دەنا لە دەربڕیندا شیعری زۆر جوان و سەرکەوتووشی لەو بوارەدا خوڵقاندووە. بۆ وێنە لە شیعرێک بە ناوی "لە مزگەوتا" ئەگەرچی لەو کەش وهەوای کلاسیکدا بیر دەکاتەوە بەڵام شیعرەکەی جوان داڕێژراوە.

 

 لە مزگەوتا کە دەرچووم بێ وچان ڕووم کردە مەیخانەش

کە پەیمانم شکان و نۆشی خۆم کرد یەک دوو پەیمانەش

 لەلای مەیخانەچی دامنا لە ڕەهنا مێزەر و بەرماڵ

لەگەڵ خەرقە و عەسادا تا عەبا و تەسبێحی سەد دانەش

 لە ڕێی بەد ناوییا فەوتا بە جارێ ماڵ و سامانم

فرۆشتم هەرچی هەمبوو تاکوو جامە و جام و جامانەش

بە دوای یارا گەڕام شارانی عالەم بەڵکوو بیبینم

 لە ئاکۆ تاکوو باکۆ، چوومە تاران و سنە و بانەش

 بەڵام بەختی بەدم هاودەم بوو یارم نادیاری بوو

 بە جارێ بوومە نیشانەی فسانە و مەسخەرە و تانەش

وەکوو مەجنوونی سەرگەردان سەرم یەک بارە لێ شێواو

 لە دەستم چوو کەماڵ و حاڵ و ماڵ و حورمەت و لانەش

 

 واتە ئەگەرچی دەربڕین لەو شیعرەدا دەربڕینێکی جوانە، بەڵام شێوەی کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژە مێژووییە ئەدەبییەکانی وەک مەی و مەیخانە و خەرقە وتەسبیح و کۆی ئەو دەستەواژە کلاسیکیانە، گۆڕانێکی ئەوتۆیان لە باری مانایییەوە بە سەر دا نەهاتووە.

عەلی عارفاغا وا نەبێ کە ئاگای لە ئەدەبیاتی سەردەمی خۆی نەبێ. چون هەر وەکی لەو ئەو پێشەکییە کورتەی بۆ کۆمەڵە شیعرەکەی نووسیوە باسی دەکا، ئەو ئاگای لە شیعری شاعیرانی لاوی وەک هەردی، هێمن، کامڕان موکری، و دیارە گۆران و وەچەی دوای ئەو بووە و تەنانەت باسی شیعری روانگەییەکانیش دەکا و دەلی ئاگام لەوە هەیە ئەوانیش هەن، کەچی هەموو ئەوانەی بە شاعیرانی لاو زانیوە. حەولی نەداوە لە باری فۆڕم و ماناوە لە شیعری ئەوانە نزیک بێتەوە. تەنانەت لە شیعرێکیدا بە نێوی "هێزی دڵداری" ویستوویەتی لە باری فیکرییەوە جوابی ئەو شیعرە ناسراوەی "گۆران" بداتەوە کە بە نێوی "باخچەی پاشا" ناسراوە.

گۆران لەو شیعرەدا ئاوا دەدوێ:

باخچەی پاشا لەو بەرئاوە

 خێڵی دوژمن دەوری داوە

دەڕۆم ڕێگام لێ گیراوە

ناڕۆم چاوکاڵ لێم تۆراوە

 

 لەو شیعرەدا عەلی عارف ئاغا بە شێوەیەک هەڵوێست دەگرێ لە بەرابەر شیعرەکەی گۆراندا و شیعری هێزی دڵداری دەنووسێ.

 

گەر باخی پاشا لەوبەر ئاویش بێ

 بەهوردووی دوژمن ڕێ گیراویش بێ

 بە شوورەی پۆڵا بەستراویش بێ

 ئەبمە شاباز و هەڵمەت ئەهێنم

 لە باخچەی پاشا گوڵ بۆ یار دێنم

 

 هێز نییە لەبەر هێزی دڵدارا

 کە خۆی ڕاگرێ لە دەشت و شارا

 لەناو ئاگر و دەریا و کۆسارا

 بە ئیمانی عەشق قەڵا ئەشکێنم

بنچینەی ستەم لە بن دەردێنم

 

یار بۆ چەپکێ گوڵ تەشریفی بێنێ

 فرمێسکی عەتری لە چاو بڕژێنێ

 زۆر عارە عاشق کە دابمێنێ

 گیان فیدا ئەکەم هونەر ئەنوێنم

بۆ ئاواتی ئەو چۆن دائەمێنم

 

لە شیعری باخچەی پاشای عەبدوڵلابەگی گۆراندا، شاعیر دەیهەوێ بە شێوەیەکی ڕۆمانتیک شیعرەکە کۆتایی پێ بێنێ و دڵداری و بێ هیواییەکیش لێک گرێ دەدا، واتە دڵدار ناتوانێ گوڵی سوور بۆ یار بێنێ و زامی سەر سینەی خۆی لە جێی گوڵە سوورەکە پێشکێش بە یار دەکا. لێرەدا عەلی عارف ئاغا ڕەوتێکی حەماسی بە شیعرەکە دەدا وە پێی وایە هێزی دڵداری لە شیعرەکەی گۆراندا سڕاوەتەوە و گۆران دڵدارەکەی رادەست کردووە و دڵدارێکی خاو و تەسلیمی خوڵقاندووە. پێی وایە گۆران لەو شیعرەدا شکستی بە ئەویندار و هێزی ئەوین هێناوە. کەچی ئەو دڵدارێکی خوڵقاندووە کە دەتوانێ بنچینەی قەڵای پاشا لە بەین بەرێ. دەتوانێ دەرفەت بۆ عیشق و بۆ خۆشەویستیی گەورەتر بخوڵقێنێ. بەو شێوەیە نەتەنیا عەلی عارف ئاغا نەیویست بە شوێن ئەو گوتارەدا بڕوا، بەڵکوو بە شیعریش ویستوویەتی وڵامیان بداتەوەوە و بە شێوەیەکی داهێنەرانە دەق لە بەرابەر دەقی ئەواندا بخوڵقێنێ.

KURDŞOP
580 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!