ئەڤین تەیفوور
بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە
چیرۆکی ڕاستەقینە
لەم جۆرە چیرۆکانەدا ڕووداوەکە لە دەوری کەس، کات، شوێن و ڕووداوە ڕاستەقینەکان دەسووڕێتەوە. لەم پڕۆسەیەدا ئیدی منداڵان بەرەو ڕاستیی دەوروبەر و کۆمەڵگەکەیان دەچن و ئەم جۆرە چیرۆکە ڕاستەقینانە یارمەتییان دەدەن کە بە ئاسانی و خۆشەویستی شێوازی ژیان و دەوروبەریان بناسن.
لەم پەیوەندییەدا "ڕەمەزان پەرتەڤ" لە کتێبەکەیدا وەها دەڵێت: "چیرۆکی ڕاستەقینە چ لە ڕووی تەوەر و پاڵەوانەکانەوە، چ لە ڕووی ئەزموون و فۆرمەوە، لە چوارچێوەی عەقڵ و ئەگەردایە. مرۆڤەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا هەمیشە دەتوانن ڕاستیی پاڵەوانەکان و ڕووداوەکانی ئەم جۆرە چیرۆکانە ببینن" (پەرتەڤ ڕەمەزان، ٢٠٠٨، زارۆک و چیرۆک دەستپێکا پەداگۆژیا کوردی، ٩٥ ر).
منداڵان لە ڕێگەی چیرۆکی ڕاستەقینەوە جیاوازیی نێوان فانتازیا و ڕاستییان بۆ دەردەکەوێت. هەروەها فێری ڕێگای ژیان، ئاژەڵ، زانست و پەروەردە دەبن. فێر دەبن کە چۆن کۆڵان، ماڵ و ژوورەکەیان خاوێن بکەنەوە. فێر دەبن لە ژیاندا بۆ خۆشەویستی یارمەتیی دەوروبەریان بدەن و ئەگەر ڕووبەڕووی سەختییەکی ڕاستەقینە بوونەوە، لە بەردەمیدا بەهێز بن و بتوانن خۆیان لەو سەختییانە ڕزگار بکەن.
چیرۆکی خەیاڵی یان فانتازیا
مرۆڤ بێ خەیاڵ نابێت، چونکە بە عەقڵ لە ئاژەڵ جیا دەکرێتەوە. خەیاڵ یەکێکە لە هێزەکانی عەقڵ، یان یەکێکە لە توانا باڵاکانی ڕامان. هەر لەو ساتەوەی منداڵ لەدایک دەبێت، خەونەکانی ڕۆژانە گەورەتر دەبن. ئەم جۆرە چیرۆکانە گرینگترین ڕۆڵیان لەو چیرۆکانەی هەیە کە دایکان و باوکان پێش خەوتن یان بۆ کات بەسەر بردن بۆ منداڵانیان دەیخوێننەوە.
چیرۆکی خەیاڵی یان فانتازیا هەر لە کۆنەوە هەبووە. لەم چیرۆکانەدا ئاژەڵان، باڵندەکان، بوونەوەرە نامۆکان، جندۆکەکان یان ساحیرەکان ڕۆڵیان هەیە. تایبەتمەندیی خەڵک، نەتەوە و ڕەگەزەکان لە خەیاڵی چیرۆکە ئەفسانەییەکانەوە دەردەکەون. چ لە ڕابردوودا و چ لە ئێستادا، لە چیرۆکی منداڵاندا، خەیاڵ گرینگترین ڕۆڵی هەبووە و هەیە. دوکتۆر "ئەنتۆوان ئەلشێرتۆنی" لە لێکۆڵینەوەیەکیدا ڕایگەیاندووە: "یەکێک لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی چیرۆکی منداڵان، خەیاڵە. خەیاڵ لە گرێدان و ڕاکێشانی منداڵان بۆ چیرۆک، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت" (ئەل- شەرتۆنی ئەنتۆوان، ٢٠٢٠، خەیال د زارۆکان دە).
چیرۆکی مێژوویی
چیرۆکی مێژوویی یەکێکە لەو چیرۆکانەی کە باس لە ڕابردووی نەتەوەیەک دەکات کە لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی سادەوە پێشکەش بە منداڵان دەکرێت. لە ڕێگەی ئەم چیرۆکانەوە، منداڵ ئەو کەسایەتی و ڕووداوە قارەمانانە دەناسێت کە لە مێژوودا هەبوون. منداڵان هێز و متمانە بەخۆبوونی لێوە فێر دەبن. هەروەها لە ڕێگەی ئەو چیرۆکانەوە دەتوانن ئەزموونە سەختەکانی ژیانیان بە ئاسانی تێپەڕێنن.
لەم پەیوەندییەدا "نوورا شاوی و فاتمە ممانی" دەڵێن: "لە ڕێگەی چیرۆکی مێژوویییەوە منداڵ فێری مێژووی گەل و پاڵەوانەکانیان دەبێت. زۆربەی کات منداڵ بە خوێندنەوە و گوێگرتن لە چیرۆکی پاڵەوانە مێژووییەکان لاساییی ئەو پاڵەوانانە دەکاتەوە و هەوڵ دەدات کەسایەتیی خۆی لەگەڵی ڕێک بخات" (شاوی نوورا، ممانی فاتمە، ٢٠١١- ٢٠١٢، چیرۆکێن زارۆکان د دبستانان دە، ٣٠ ر).
چیرۆکی ئایینی
منداڵ لە ڕێگەی ئەم جۆرە چیرۆکە ئایینییەوە فێری ئایینەکەی دەبێت و فێری نوێژکردن و خۆشویستنی خودا و سروشت دەبێت. ئەم جۆرە چیرۆکە بە زمانێکی سادە باسی خودا و دروستکردنی گەردوون و مرۆڤەکان بۆ منداڵان دەکات.
لەسەر ئەم بابەتە "حەسەن شهاتا" لە بەرهەمەکەیدا وەها دەڵێت: "جۆرەکانی چیرۆکی ئایینی چیرۆکەکە گرێ دەداتەوە بە بابەتی ئایینییەوە کە تێیدا باس لە نزاکردن، ئیمان، کردار و ژیانی پێغەمبەران دەکات. هەروەها باس لە چیرۆکەکانی قورئانی پیرۆز و کتێبە ئاسمانییەکان و ئازایەتیی ئایینی و ئەخلاقی و ئەو شتانە دەکات کە خودا بۆ شوێنکەوتووانی ئامادەی کردووە. هەندێکیشی باسی هەڵە، سزا، بارودۆخی گەلان و پەیوەندییان لەگەڵ پرسی باوەڕبوون بە خودای گەورە و هەڵوێستیان لەسەر چاکە و خراپە دەکات."