ئەو شاعیرە کوردەی فۆرم و ناوەڕۆکی شیعری فارسیی گۆڕی

پێشەوا کوردستانی

     ئەبولقاسمی ئیلهامی (لاهووتی) کەسایەتییەکی شاعیر و سیاستمەدار و ڕۆژنامەوانی سەردەمی مەشرووتە بوو کە لەدایکبووی ساڵی ١٢٦٦ی هەتاوی واتە  ١٨٨٧ی زایینی لە شاری کرماشانە و گۆڕانکاریی بەسەر شیعری فارسیدا هێناوە. لاهووتیی کرماشانی شاعیرێکی کوردە کە توانی بە هۆی گۆڕینی کێشی شیعری فارسی لە عەرووزییەوە بۆ کێشی پەنجە یان بڕگەیی، ببێتە یەکێک لە سەرقافڵەکانی بزووتنەوەی نوێخوازی لە ئەدەبیات فارسیدا. ئەم شاعیرە وێڕای گۆڕینی قاڵبی شیعری لە کلاسیکەوە بۆ نوێ، یەکێک لەو یەکەمین کەسانە بوو کە باسی کۆمەڵایەتی و بابەتی سیاسییان هێنایە ناو شیعری هاوچەرخی فارسییەوە.

نیما یووشیج

 

     یەکێک لە پێوەرەکانی شیعری نوێ، گۆڕینی کێش و فۆرمی شیعری عەرووزی بوو. هەرچەن "نیمایووشیج" بە باوکی شیعری نوێی فارسی ناسراوە و ناوبانگی دەرکردوە، بەڵام بە پێی بەڵگە دە ساڵ پێش ئەو، لاهووتیی کرماشانی دەستی کردوە بە گۆڕانکاری و تازەکردنەوەی شیعری فارسی. بێگومان ئەگەر لاهووتی ئەو ڕچەشکێنییەی نەکردایەت، کەسانێکی وەک "نیما"یش نەیاندەتوانی ڕیگای نوێخوازی ببڕن. بۆیە ئەو هەنگاوەی لاهووتی لای توێژەران و ڕەخنەگرانی شیعری نوێی فارسی گرنگ بووە و باسی ئەو کاریگەرییەیان کردووە. زۆرێک لە توێژەرانی شیعری هاوچەرخی فارسی لە کتێبەکانیاندا ئاماژەیان بە پێگە و دەورەی لاهووتی لە ڕەوتی شیعری نوێی فارسیدا کردووە، کە بەشێکیان بریتین لە:  ئەخەوانی سالس لە کتێبی (بدعت‌ها و بدایع نیما) ( اخوان، ١٣٥٧: ١٢٣، ١٢٤، ١٦٦)، سپانلو لە کتێبی (چهار شاعر آزادی) (سپانلو، ١٣٦٩: ٤٤٦)، حەمیدیان لە کتێبی (داستان دگردیسی روند دگرگونیهای شعر نیمایوشیج) (حمیدیان، ١٣٨٣: ٥٩٠ )،  محەممەد حقووقی لە کتێبی ( مروری بر تاریخ و ادبیات امروز ایران) (حقوقی، ١٣٨٣ : ٣٨٥ )، شەمس لەنگروودی  (تاریخ تحلیلی شعر نو) ( شمس لنگرودی، ١٣٨٧: ٤٩)، شەفیعی کدکنی (ادوار شعر فارسی) (شفیعی کدکنی، ١٣٨٠: ٥٣)، غوڵامحسەین یووسفی لە (چشمەهای روشن) ( یوسفی، ١٣٨٠ : ٤٧١).

کێشی شیعرەکانی لاهووتی

     کێشی شیعر دەوری گرنگی هەیە لە کارتێکردن لەسەر بەردەنگدا. " نیما " لەوبارەیەوە دەڵێ: « کێشە کە بیچم و شکڵی شیعر پێک دێنێت و کەموکۆڕی تێدا ناهێڵێت و کامڵی دەکات. شیعری بێ کێش لە مرۆڤی ڕووتەڵ و بێ جلوبەرگ ئەچێ و جلوبەرگ جوانیی زیاتر بە مرۆڤ ئەبەخشێت. کەوایە کێش بۆ هەموو جۆرە شیعرێک بەپێویست دەزانم» (نیما بەنقل از اخوان ثالث، ١٣٥٧: ٩٧ ). دەسکاریکردنی کێش کە جوانیبەخشیی ئەو هونەرەیە. ساکار نەبووە و پێش لە شاعیرێکی نوێخواز وەک لاهووتی کەم کەس وێراویەتی دەستی بۆ ببات. لاهووتی ئەو بوێرییەی کرد و بە هۆی ئاشنابوون بە کێشی خۆماڵی و کوردییەوە کە ساڵیانێکی دوورودرێژ لەگەڵیدا ژیابوو، دەستی وەردایە کێشە باوەکانی هەزار ساڵەی شیعری فارسی و بەرگی تازەی بە بەر شیعری فارسیدا بڕی و شاعیرانی تر پێشوازییان لێ کرد و کەوتنە شوێن ڕێچکەی ئەو.

     لاهووتی لە شیعرەکانیدا لە کێشی عەرووزی لای داوە و لە دیوانە پەنجا پارچە شیعرییەکەیدا بیست و هەشتیان بە کێشی بڕگەیی نووسراون. ئەو خۆی لەدەستی گیروگرفتەکانی "سەروا" ڕزگار کرد و کێشی عەرووزیی لە شیعری فارسیدا لێک هەڵوەشاندەوە و دەنگێکی تازەی بە دەنگەکانی سەردەمی مەشرووتە زیاد کرد(شفیعی کدکنی، ١٣٨٠ : ٣٤و٤٥). کێشی بڕگەیی هەمان کێشە کە ئەو شاعیرە لە شیعرەکانیدا کەڵکی لێ وەرگرتووە و هۆکاری سەرکەوتنیشی لەو بوارەدا ئاشنا بوونێکی قووڵی شاعیرە بەو جۆرە کێشە. لاهووتی لە "کرماشان" لەدایک بووە و ماوەیەکی زۆر بە هۆی خەباتی سیاسییەوە قاچاخ بووە و لە نێو ڕەشماڵی خزمەکانی لە خێڵ و هۆزەکانی سەنجاوی و قەڵخانیدا ژیاوە. "کەلامی سەرەنجام"یش کە لەسەر کێشی پەنجە یان بڕگەیی نووسراوە پیرۆزترین کتێبی ئەو خێڵانەن کە ئایینی یارسانییان هەیە و لاهووتی لەناویاندا بووە. ئەو لەدایکبووی خێزانێکی ئەو هۆزە کوردانەیە و هەر بە ساوایی و گوێی بە زرینگەی کێشی هۆنراوەکانی ئەو کتێبە کراوەتەوە. کۆنترین بەشەکانی "سەرەنجام" لە سەدەکانی چوارەم و پێنجەمی کۆچیدا نووسراون و ڕیشە و ڕابردوویەکی دوورودرێژی لە نێو کورددا هەیە. 

     جیا لە کتێبی "سەرەنجام"، شانامەی کوردی، شیعری هۆرە و سیاچەمانە و بەیتەکانی ناوچەی موکریان، هەروەها شیعری حەیرانی دەشتی هەولێر و لاوکی ناوچە کرمانجییەکانیش کێشی خۆماڵیی کوردییان هەیە کە تێیاندا زیاتر لە کێشەکانی دە، هەشت، حەوت و شەش بڕگەیی  کەڵک وەرگیراوە. بێگومان لاهووتی ئاشنای ئەو کێشانە بووە بۆیە لە زۆربەی شیعرەکانیدا کێشی دە و هەشت و حەوت بڕگەیی بەکار هێناوە، کە هەمان کێشی باون وا لە شیعری کوردیی بڕگەییدا زۆرترین کەڵکیان لێ وەرگیراوە. لاهووتی جگە لە زمانی فارسی، شیعری بڕگەیی کوردیشی وتووە کە بەڕێز مامۆستا "محەممەد عەلی سوڵتانی" یەکێکیانی لە لاپەڕەی ٦٨ی کتێبی "حەدیقەی سوڵتانی"دا هێناوە و ئەویشیان "مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی" لە لاپەڕەی ٢٦٠ی کتێبی " لاهووتی شاعیری شۆڕشگێڕی کورد" دا چاپی کردوە.

     کاریگەری لە ناوەڕۆکی شیعری نوێی فارسیدا

     لێرەدا پێویستە ئاماژەیش بە ناوەڕۆکی شیعرەکانی بکەین. لاهووتی لە تەمەنی شانزە ساڵیدا بۆ درێژەدان بە خوێندن لە کرماشانەوە ئەچێتە تاران و لەوێ بە ئاشنابوون لەگەل ئەندێشەی چەپ و مۆدێرنی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەچێتە ناو بزووتنەوەی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئەو دەمی تاران. ئەو وەک ڕۆشنبیرێکی مارکسیست تێکەڵی مەشرووتە خوازان دەبێت و ناوەڕۆکی شیعرەکانی ئەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەندێشەی چەپ و یەکسانیخواز و داکۆکی کردن لە مافی چینی " زەحمەتکێش"، " کرێکار" و " جووتیار" لە شیعرەکانیدا ڕەنگی دایەوە(سپانلو، ١٣٧٦ : ٦). لاهووتی یەکەمین شاعیری ڕەنجبەر و زەحمەتکێشانی ئێرانە و لە شیعرەکانیدا زیاتر لە هەموو شاعیرانی تر باسی مافەکانی کرێکار و زەحمەتکێشانی کردوە(نصرتی، ١٣٧٩ : ٥٩ ). "سەدرەدین عەینی" کە شاعیر و ڕۆژنامەوانێکی تاجیکستانە سەبارەت بەو دەنووسێت: «لاهووتی شایانی ئەوەیە کە مێژوو نازناوی "ئەدیبی سوور" ی پێ ببەخشێت، چونکە یەکەم کەسە کە شیعری ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕانەی بە زمانی فارسی نووسیوە و شیعرەکانی جوانترین سەرەتان بۆ ئەدەبیاتی پیشەیی چینی زەحمەتکێش لە زمانی فارسیدا (عینی، ١٩٢٦ : ٥٨٦).

     لاهووتی پاش ئەوەی بەهۆی دژایەتیکردنی دەسەڵاتدارانی تاران، حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرئەچێت پەنا بۆ تاجیکستان دەبات کە لەو سەردەمەدا یەکێک بووە لە کۆمارەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت و لەوێ دریژە بە نووسینی شیعر و ڕۆژنامەوانی دەدات. شیعری نوێی تاجیکستان کە وڵاتێکی فارسە لە ساڵی ١٩٠٧ی زایینی بە بەرهەمەکانی سەدرەدینی عەینییەوە دەستی پێ کرد، بەڵام لاهووتی بەپێی ئەزموون و بە هۆی شارەزایی لە بنەما و پێکهاتەی شیعری نوێی ئێران و ڕووس، پەرەی پێ دەدا و ئەم جۆرە شیعرەی لە ناو شاعیرانی بەرەی یەکەمی سەرزەمینی تاجیکستاندا کرد بە باو و برەوی پێ دا.

     هەروەک وترا لاهووتی شاعیرێکە کە بە هۆی داهێنانەکانییەوە لە کێشی شیعردا، یەکێک لە ئاڵاهەڵگرانی گۆڕانکاریی فۆرم  و ناوەڕۆکە لە شیعری فارسیدا. هەروەها یەکەم شاعیری چینی چەوساوە و زەحمەتکێشان بووە و یەکەمین شاعیرە کە شیعری شۆڕشگێڕانەی ڕادیکاڵی نووسیوە. لە نووسینی شیعری ڕئالیسمی سوسیالیستی بە زمانی فارسیشدا وەک یەکەم کەس ناوی لێ براوە و وەک کەسایەتییەکی ئەدیب و ڕۆژنامەنووس و شۆڕشگێڕی کورد لەم بوارانەشدا کاریگەریی لە سەر شیعری فارسی بووە. 

KURDŞOP
355 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!