هاوکاریی شیعر و فەلسەفە - بەشی یەکەم

فەیلەسووفەکان زیاتر لە ڕێگەی ئەقڵ و بیرکردنەوەوە سەرنجیان لەسەر کێشەکانی زانینی مرۆڤ و تێگەیشتن لە سروشت و گەردوونە. ئەوان دەیانەوێت بە داهێنانەکانی خۆیان چارەسەرێک بۆ کێشە هەبووەکان بدۆزنەوە و هەمیشە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن. بەڵام شاعیران زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە ڕێگەی بیر و هەست و خەیاڵەوە، لە بواری ئافراندنەوە، لە پێش فەیلەسووفانەوە بن و بۆشاییی ئێستا پڕ بکەنەوە. بەهۆی سروشتەوە هیچ ئاستەنگێکیان نەخستە بەردەم گەشەکردنی عەقڵ و خەیاڵی مرۆڤ.

کامران سمۆ هەدلی

 

من بەم پرسیارە کە "شیعر و فەلسەفە چین؟"، دەست بە مژاری تێکەڵیی نێوانیان دەکەم. بەڵام هەتا ئەمڕۆش هیچ پێناسەیەکی نەگۆڕ بۆ هەردووکیان بوونی نییە. هەموو فەیلەسووف و شاعیران پێناسەی جیاوازیان لێیان هەیە. هەر کامیان بەپێی تێڕوانینی خۆیان، پێناسەیان دەکەن. فەیلەسووفەکان چەندە فەلسەفەکانیان لەسەر بابەتگەلی جیاواز جێگیر کردبێت، پێناسەی جیاوازیشیان بۆ کردووە. هەروەها شیعر چەندین پێناسەی جیاوازی هەیە و لە ئێستاشدا پێناسەی تریشی بۆ دەکرێت. هەر بۆیە پێناسەیەک بۆ فەلسەفە نییە کە هەمووان لەسەری کۆک بن، هەروەها بۆ شیعریش بە هەمان شێوەیە. بۆ نموونە ئەگەر چەند شاعیرێک لە یەک کاتدا سەیری یەک دیمەنی سروشت بکەن، ئەوا لە شیعرەکانیاندا دیمەنەکە بە شێوەیەکی جیاواز وەسف دەکەن. هەریەکەیان بەپێی باری دەروونی و ئارەزووی خۆی دیمەنەکە وەسف دەکات. بەم شێوەیە شیعرەکانیان لە یەکتر جیاواز دەبێت و پێناسەی شیعرەکانیشیان جیاواز دەبێت.

ڕەنگە مرۆڤ بتوانێت بە چەند نموونەیەک پێناسەی فەلسەفە بکات، بەڵام پێناسەکردنی شیعر مەحاڵە.

بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەی شیعرەوە دەگوترێت "ئەو شیعرەی بە لۆژیک نووسراوە و ئەوەش کە بەبێ لۆژیک نووسراوە، شیعرە". واتە شیعر بەبێ مەبەست و فەلسەفە، تەنیا بە چەند وشەیەکی خۆشیش دەنووسرێت. بەڵام ئەو شیعرانە وەک شیعرانێک کە ئامانجێکیان هەیە، بەهایان پێ نادرێت و تەمەنیان درێژ نابێت.

بە چەند پێناسەیەک دەست پێ دەکەم کە شاعیران و فەیلەسووفان زۆرتر بۆچوونیان لێ نزیکە.

فەلسەفە، گەڕانە بۆ مەعریفە و شێوازی بیرکردنەوە.

فەلسەفە، زانست نییە، شێوازی زانینی گەڕانی زانستییە.

شیعریش، لە ئەقڵ دەربازبوون و دووربینی خەیاڵە.

شیعر، تەڤگەری هزرە و لەگەڵ بوونی مرۆڤایەتیدا بەردەوامە. سەرکێشی ڕازاندنەوە و هەیەجاندان بە وشەیە. ئەگەر شیعر سەرکێش و نوێنەری هەستەکان بێت، فەلسەفەش سەرکێش و نوێنەری ئەقڵە.

فەلسەفە، خۆشەویستیی گەڕان بەدوای زانستە. ئامانجی سەرەکیی فەلسەفە ناسینی کۆمەڵگە و سروشتە. لە سایەی زانستەوە مرۆڤەکان دەتوانن خاوەنی ئەقڵ و بیرکردنەوەیەکی جیهانی بن. بیرکردنەوە بەبێ زانین و زانینیش بەبێ بیرکردنەوەی فەلسەفی، پێک نایەن. بە شێوازێکی تر مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، فەلسەفە سەرچاوەی هەموو بەشی زانست و زانیارییەکە. یان فەلسەفە خودی زانستی زانینە.

فەلسەفە، زانینی بیرکردنەوەی گەڕان بە دوای مەعریفەیە.

لە فەلسەفەدا هیچ شتێک بە تەواوی ڕاست و هەڵە نییە.

فەیلەسووفەکان بەدوای زانینی ڕاستیی شتەکاندا دەگەڕێن، دەپرسن و بە پرسیارەوە دەیانەوێت ڕاستیی ڕووداوەکان بزانن. بە شێوەیەکی سیستەماتیک و شارەزایانە وڵامی پرسیارەکانیان دەدەنەوە. بە پرسیار و وڵامەکانیان بۆچوونەکانیان دەخەنە بەردەم خوێنەرانیانەوە.

بەڵام ئەمە لە شاعیران داوا ناکرێت. شاعیران دەتوانن بە هزر، هەست و خەیاڵی خۆیان وڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە. بۆ نموونە دەتوانن بپرسن و بڵێن بۆ خاکی وڵاتەکەم سوورە؟ (واتە دەیانەوێت بڵێن، بۆچی وڵاتەکەم لەنێو شەڕ و ململانێدایە، بۆچی ئەوەندە خوێن لە وڵاتەکەمدا دەڕژێت).

هەروەها دەتوانن بەم جۆرە وڵامی پرسیارەکە بدەنەوە، خاکی سووریان لە هەسارەی "مەریخ"ەوە هێناوە و لە وڵاتی مندا ڕژاندوویانە. پێویست ناکات شاعیران بە دوای ڕەنگی سووری نیشتمانەکەیان و مەریخدا بگەڕێن. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت کە "سۆقرات" بۆچوونی خۆی بەرامبەر بە شاعیران بەو شێوەیە دەربڕیوە. بە بڕوای سۆقرات شاعیر وەستای وشەکانە و ئەرکی سەرەکییان شاردنەوە و پێچەوانەکردنەوەی ڕاستییەکانە.

من ئەم بۆچوونەی سۆقرات بە ڕاست نابینم و پێم وایە مەحاڵە خەڵک ئەم بۆچوونە وەربگرن. چونکە لە سروشتدا هەموو شتێک پەیوەندیی بە یەکەوە هەیە و چەندین نهێنی هەن کە بە چاوی ڕووت نابینرێن. هونەرمەند و شاعیران بە هێزی هزر، هەست و خەیاڵ شتگەلێکی شاراوە لە سروشتدا دەبینن و پیشانی خەڵکی دەدەن. من دەڵێم ئەرکی شاعیران نەتەنیا پێچەوانەکردنی ڕاستییەکان نییە، بەڵکوو ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و پێشخستنی بیرکردنەوەی خەڵکە. لێرەدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، سەروەری ئەقڵ فەلسەفەیە، سەروەری هەستەکانیش شیعرە! هەر بۆیە شیعر و فەلسەفە دوو دیاردەی هاوسەنگن لە هزر و هەستی مرۆڤدا.

لە کۆنەوە هەتا سەردەمی ئێستا، ململانێ و پەیوەندیی نێوان شیعر و فەلسەفە هەر بەردەوامە. پێدەچێت ئەم باسانە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان شیعر و فەلسەفە بەم زووانە کۆتایی پێ نەیەت.

فەیلەسووفەکان زیاتر لە ڕێگەی ئەقڵ و بیرکردنەوەوە سەرنجیان لەسەر کێشەکانی زانینی مرۆڤ و تێگەیشتن لە سروشت و گەردوونە. ئەوان دەیانەوێت بە داهێنانەکانی خۆیان چارەسەرێک بۆ کێشە هەبووەکان بدۆزنەوە و هەمیشە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن. بەڵام شاعیران زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە ڕێگەی بیر و هەست و خەیاڵەوە، لە بواری ئافراندنەوە، لە پێش فەیلەسووفانەوە بن و بۆشاییی ئێستا پڕ بکەنەوە. بەهۆی سروشتەوە هیچ ئاستەنگێکیان نەخستە بەردەم گەشەکردنی عەقڵ و خەیاڵی مرۆڤ.

پێشتریش گوتم، پێکهاتنی بیرکردنەوە بەبێ زانین مومکین نییە، زانینیش بەبێ بیرکردنەوەی فەلسەفی مومکین نییە. لەگەڵ پێشکەوتنی مەعریفەی مرۆڤدا، هێزی خەیاڵی مرۆڤ بەرفراوان و پەرەی سەندووە. بە واتایەکی تر مەعریفە و خەیاڵی مرۆڤ پێکەوە گەشە دەکەن. پێشەنگە سەرەکییەکانی ئەم گەشەسەندنە بیری فەلسەفی و هەستی شیعرییە.

ئەگەر فەلسەفە سەرچاوەی هەموو زانین و زانیاری بێت.

شیعریش شارەزای پێشخستنی هەست، خەیاڵ و جوانکردنی بیرکردنەوەیە. پێم وایە، شیعر بەبێ فەلسەفە و فەلسەفە بەبێ شیعر، ناتەواون.

شیعر و فەلسەفە بەبێ یەکتر، کوێر و بێ چێژن. بەڵام شاعیران وریا بن، بۆ ئەوەی شیعرەکانیان نەکەوێتە ژێر سێبەری فەلسەفەوە و تامی شیعر لەدەست نەدات. تەنانەت ئەگەر هەندێک سێبەری شیعر لەسەر فەلسەفە هەبێت، زیانی زۆری پێ ناگەیەنێت. دەگوترێت: "لایەنێکی شیعری هەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە سەرقاڵی فەلسەفەن و هەموو شاعیرانیش کەمێک فەیلەسووفن."

KURDŞOP
372 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!