پێوەندیی " ناری"ی شاعیر و "شێخ مەحموودی مەلیک"

پەیوەندی و خۆشەویستیی "مامۆستا ناری" و "مەلیک مەحموودی نەمر" بەڕادەیەک گەرم  بووە کە هەمیشە بە شیعر نامەیان لەگەڵ یەک  دەگۆڕییەوە. تەنانەت ئەم پەیوەندی و دۆستایەتییە گەیشتووە بە کوڕەکانی شێخی نەمر وەک "شێخ ڕەئووف" و "شێخ لەتیف" و "شێخ بابەعەلی"و " شێخ ئەحمەد".

ئەنوەر کەریم سەعید

     کە باسی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی دەکەین ڕیزێک ئەستێرەی گەش و پرشنگدار لە ژێر پەڵە هەوری فەرامۆشییەوە دێنە دەرەوە و ئاسمانی ئەدەبی کوردی دەڕازێننەوە. ئەحمەدی خانی، فەقێ تەیران، جگەرخوێن، نالی، سالم، کوردی، مەحوی، ناری، ئەدەب، حەریق، مەولەوی، بێسارانی و خانای قوبادی و ... سەدان شاعیری پایەبەرزی تر بەشێکن لەو ئەستێرانەی شانازیی نەتەوەی کوردن. هەروەک دەزانین لە ڕابردوودا حوجرەکان لە کوردستان تاکە سەرچاوەی خوێندن و خوێنەواری و زانیاری بوون و ئەم ئەستێرە گەشانە و دەیان سەرکردە و پیاوی زانا و نیشتمانپەروەرمان لە حوجرەی مزگەوتەکانەوە سەریان هەڵداوە و پێگەیشتوون.

     یەکێک لەو ئەستێرانەی ئاسمانی ئەدەبی کوردی مامۆستا " ناری"یە کە نازناوی شیعریی مەلا "کاکە حەمەی بێلوو"ە و بە "کاکە حەمەی مەریوانی"ش ناوی لێ دەبەن. ئەم شاعیرە ساڵی ( ١٨٧٤ ز) لە گوندی "کیکن"ی مەریوان لەدایک بووە و ساڵی (١٩٤٤ ز) لە گوندی "بێلوو"ی خاومیراوای مەریوان کۆچی دواییی کردووە. "ناری" مامۆستایەکی ئایینیی نیشتمانپەروەر و شاعیرێکی هەست ناسک بووە کە بە ئەسپی تیژباڵی خەیاڵ باوەشێک شیعری پڕ لە جوانیی خستووەتە سەر خەرمانی ئەدەبی کوردی. ئەم شاعیرە بەرهەمی شیعریی زۆری بووە و ئاستی بەرزی ئەدەبیی شیعرەکانی پیشانی دەدەن چەند هێندەی تر شیعری بووە بەڵام ئێستا دیوانە شیعرییە تاقانەکەی لەبەردەستدایە کە تەنیا چەپکێکی بچووکی شیعرەکانی لەخۆ گرتووە.

     دوو هۆکار بوونەتە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ تەنیا ئەم بەشە کەمە لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە لە بەردستدا بن: یەکەم سووتانی گوندی بێلوو بەگشتی و ماڵ و کتێبخانەکەی مامۆستا "ناری"یش بەتایبەتی لە شەڕی نێوان عەشیرەتەکانی مەریواندا؛ دووەم کەمتەرخەمیی ناوەندەکانی چاپەمەنی بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا کە چل ساڵ پاش کۆچی دواییی "مامۆستا ناری" واتە ساڵی ( ١٩٨٤ ز) بۆ یەکەم جار "کاکەی فەللاح" شیعرەکانی کۆ کردەوە و لە دیوانێکدا لەچاپی دان. بەشی زۆری شیعرەکانی دیوانی " ناری"  بۆ "شێخ مەحموودی نەمر" و کوڕەکانی نووسراون بەچەشنێک کە لەو دیوانە ١٥٠ لاپەڕەییەی مامۆستا "کاکەی فەللاح چاپی کردووە، ١٩ پارچە شیعری بۆ شێخ مەحموود و کوڕەکانیە.

     ئەمە ئەوەمان پیشان دەدات کە " مامۆستا ناری" هەستێکی قووڵی نەتەوەیی و نیشتمانیی بووە و گرنگیی بە خەبات و شۆڕشی "شێخ مەحموودی مەلیک" داوە. کەچی لەو کۆڕ و کۆنگرە و سیمینارانەدا کە تاکوو ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ "مامۆستا ناری" گیراون، تەنیا باسی لایەنێکی کەسایەتی و شیعرەکانی ئەم هۆنەرە کراوە، ئەویش لایەنی عیرفانی و ئایینیی ئەوە. هەرچەن ناوەڕۆکی شیعرەکان دەری دەخەن کە "ناری" سۆفییەکی سەوداسەر و عارف بووە بەڵام لە هەمان کاتدا کەڵکەڵەی نەتەوە و نیشتمانەکەی لە دەروونیدا بووە و خۆشەویستیی سەرکردەی کوردان واتە "مەلیک مەحموودی نەمر"یش هەمیشە لە ناخیدا بووە و هاوکات کە سۆفییەکی ئەدیب بووە، ڕۆشنبیرێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریش بووە و شیعرەکانی لە گۆڤار و چاپەمەنییەکانی سەردەمی "شێخ مەحموودی نەمر"دا بڵاو بووەتەوە.

"شێخ مەحموودی مەلیک" کە لە ساڵی ١٩٢٢  بوو بە مەلیک و حاکمی باشووری کوردستان و داوای مافە ڕەواکانی کورد و نیشتمانێکی سەربەخۆی دەکرد، یەکێک لەو کەسایەتییانەیە کە پلەوپایەی لای " ناری" زۆر گرنگ بووە. "ستیڤن لۆنگریک" لە کتێبکەیدا (عێراق لە 1900 – 1950دا) لەبارەی فەرمانڕەواییی "شێخ مەحموود"ەوە دەڵێت: ‌دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی شێخ مەحموود ناوچەکانی هەڵەبجە و سلێمانی تا دەگاتە ڕ‌واندزی گرتەوە و ماوەیەکیش کۆیە و ناوچەکەیشی سەر بە میرییەکی شێخ بوون و بەدەیان سەرۆک خێڵی کوردی چوونە پاڵی و زمانی کوردی بووە زمانی فەرمیی میرییەکەی و فەرمانبەری لە کورد بەولاوە کەسی تر نەبوون. هەرچەند بەرژەوەندیی زلهێزە جیهانییەکان لەگەڵ ئەوەدا نەبوو کە وڵاتێک بۆ کورد دروست بێت و حکوومەتەکەی "مەلیک مەحموود" زۆر بخایەنێت؛ بەڵام لەو سەردەمەدا بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری دەستی پێ کرد و کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوان وەک "زێوەر"، "ڕەفیق حیلمی" و "ناری" و ... سەریان هەڵدا. "مامۆستا ناری" و بەشێکی زۆر لە ئەدیبان و نووسەران و ڕۆشنبیران، پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ "شێخ مەحموودی نەمر" و حکوومەت و شۆڕشەکەی بووە و ئەو ڕێبەر و سەرکردەیان زۆر خۆش دەویست و تا دوا ساتەکانی ئەو خەبات و شۆڕشە نەتەوەییە پشتیان چۆڵ نەکرد.  

    پەیوەندی و خۆشەویستیی "مامۆستا ناری" و "مەلیک مەحموودی نەمر" بەڕادەیەک گەرم  بووە کە هەمیشە بە شیعر نامەیان لەگەڵ یەک  دەگۆڕییەوە. تەنانەت ئەم پەیوەندی و دۆستایەتییە گەیشتووە بە کوڕەکانی شێخی نەمر وەک "شێخ ڕەئووف" و "شێخ لەتیف" و "شێخ بابەعەلی"و " شێخ ئەحمەد". ئەم پێوەندی و خۆشەویستییەی " ناری" بۆ " مەلیک مەحموود" و بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٠ی زایینی کە لە دوای کارەساتی مووسڵ و کوشتنی باوکی شێخ مەحموود بە دەستی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عوسمانی، ڕوو دەکاتە مەریوان و خەڵکی مەریوان بە بەگزادە و ڕەعیەت و شێخ و مەلاوە هەتا توانیان ڕێزیان لێ گرت و زۆر بەباشی میواندارییان لێ کرد.  

     ڕووداوێکی مێژووییی تر ئەم پێوەندی خۆشەویستییەی " مامۆستا ناری" بۆ "شێخ مەحموودی حەفید"مان زیاتر بۆ ئاشکرا دەکات. لە ساڵی ١٩٢٧ دا کە ئینگلیزەکان لە شەڕێکدا بە تۆپ و فڕۆکە و سپایەکی زەبەلاحەوە هێزەکەی "شێخ مەحموود"یان شکست دا و ئەویش ناچار بوو بچێتە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گوندی " پیران" دانیشێت. لەشکری شێخ بڵاوەی پێ کرد و زۆر بێدەسەڵات کەوت. حکوومەتی ئێران ترسی لێ نیشت و لە مەریوان پیلانیان داڕشت و ئامادەکارییان کرد. لەپاش بەینێک ترسی ئەوە پەیدا بوو ئێران هێز بنێرێتە سەر "شێخ مەحموود". مەلاکانی مەریوان و خەڵکی نەتەوەپەروەر بە سەرکردایەتیی "مامۆستا ناری" کەوتنە خۆیان و هێزێکی گەورەیان پێک هێنا و بۆ پاراستنی شێخ لە شاخەکانی دەوروپشتی "پیران" دامەزران. بەشێکیان چوونە شاخەکانی گوندی "دۆڵەبێ" و بەشێکیشیان لە کێوەکانی سەردۆش پشتی "پیران" دامەزران و ئەو هێزە تا ئەو مەترسییە ڕەوییەوە لەوێ مانەوە و پاسەوانیی ئەو سەرکردەیەی کوردیان کرد. سپای ئێران کە بەو هێزەیان زانیبوو ئیتر لە پیلانەکەیان  و لە هێرش بردن بۆ سەر شێخ مەحموود پاشگەز بوونەوە.  

     کەوایە پەیوەندیی "ناری" و شێخ مەحموودی نەمر" سێ ڕەهەندی بووە: لە لایەکەوە هەردووکیان هۆگری شیعر و ئەدەبیات بوون و پێکەوە دەمەتەقێی ئەدەبییان کردووە. لە لایەکی ترەوە پەیوەندیی خێزانی و بنەماڵەییان بووە و"ناری"  لە لای شێخ و کوڕەکانی پێگەی بەرز بووە و دۆستایەتییەکی گەرم لە نێوانیاندا بووە.  لە هەمووان گرنگتر خەبات و شۆڕشی نەتەوایەتیی "شێخ مەحموود"ی سەرکردەیە کە "مامۆستا ناری"ی بۆ لای شێخ کەمەندکێش کردووە و کردوویەتی بە یەکێک لە ڕێڕەوانی ئەو و پەیوەندییەکی نەپساوەیان پێکەوە بووە .

KURDŞOP
592 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!