دیپلۆماسیی ئەدەبی و شیعری کوردی

شێرکۆ بێکەس وەک شاعیرێکی ئاگادار لە گۆڕانکارییەکانی دەوروبەری، لە شیعری کوڕی زەریادا، خنکانی سەمەدی بێهڕەنگی دەکاتە چیرۆکە شیعرێک و بە زمانێکی دەوڵەمەند دەیگێڕێتەوە. هەروەها وەک شاعیرێکی ئازادیخواز هێمای دەسەڵاتی پادشایەتیی ئێران کە لە "ئاڵای سێ ڕەنگی شێر و خورشید نیشان"یدا خۆ دەنوێنێ، دەداتە بەر ڕەخنە.

(سەمەدی بێهڕەنگی و ئەدەبیاتی کوردی و چەند سەرنجێک)

 

 

دوکتور ئازاد موکری

 

لەناو هەموو میللەتاندا، ئەدەبیات جودا لە بوار و دەرفەتی دەرخستنی جوانی ناسانەی هەموو ئەو دیاردانەی پەیوەندییان بە ئینسان و سروشت و کۆمەڵگاوە هەیە، دەکرێ ئەرکێکی دیکەشی بخرێتە سەر شان، بۆ جۆرێک پەیوەندی و ڕێکخستنی پەیوەندی لە نێوان گوتارە جیاکاندا. لە نێوان نەتەوە جوداکانیشدا دەتوانێ مەجالێک بێ بۆ یەکتر ناسین و وتووێژ. بە واتایەکی تر جۆرێک لە سیاسەت یا دیپلۆماسیی ئەدەبی لە ڕێی ئەدەبیاتەوە دەکرێ ساز بکرێ و ئەو دیپلۆماسییە ئەدەبییە دەبێتە هۆی پەیوەندی سازکردنی واتادار و درێژخایەن. پەیوەندییەک لە نێوان نەتەوەکاندا کە لەمێژە باسی لێ دەکرێ و ئێستا بە وتووێژی کەلتوور و ئەندێشەکان ناودەبرێ.  دیارە لە دونیایەکدا کە کۆمەڵناسانی وەک "ساموئیل هانتینگتۆن" باس لە "وێک کەوتن" و "لەبەر یەک ڕاوەستانی کەلتوورەکان" دەکات، ئەدەبیات دەتوانێ مەودایەکی باش بێ بۆ لێک تێگەیشتن، لێک نزیککردنەوە و وتووێژی وڵات و نەتەوە و کەلتوور و بیروڕا جیاوازەکان.

 بەڵام هەر وەک دەزانین هەموو ئەدیب و نووسەرێک نە توانا و نە تەنانەت زانیاریی ئەوەی هەیە کە بتوانێ ئەدەبیات لە سنوورەکانی وڵاتی خۆی بەرێتە دەرێ. یا تەنانەت واتا و فۆڕم و زمانەکە، لە سنوورەکانی ناوچە و شار و دەڤەری ژیانی خۆی، ناتوانێ بترازێ. بەڵکوو ئەو نووسەرانەی کە گرنگیی واتای "نێوان دەقێتی" دەزانن، حەول دەدەن بە خواستنەوەی ئەو مۆتیڤ و نیشانە و ئاماژە کەلتوورییانەی لە وڵاتانی دەوروبەر و لە کەلتوور و لە ئەدەبی وڵاتانی دەوروبەردا دەیبیننەوە، بە جۆرێک ڕێگایەک بۆ وتووێژ و دانانی بناغەیەک بۆ خۆشەویستییەکی ئاوێتەی جوانیناسی ساز بکەن.

لە ئەدیبانی جیلی پێشوودا "شێرکۆ بێکەس" لە چەندین بەرهەمدا هەوڵی داوە شیعر جودا لەو پێکهاتەیەی هەموو تایبەتمەندییە جوانیناسانەکانی شاعیرانەی تێدایە، وەک دەلاقە و پانتایەک بۆ ئەو بیرۆکەیە دەکار بکا.

بەڵام بە داخەوە ڕەخنەگرانی ئێمە کەمتر پەرژاونەتە سەر دۆزینەوەی دەقەکانی شێرکۆ بێکەس لەو بارەیەوە و دۆزینەوەی دەقی زۆر شاعیری دیکەی کورد کە لەو بوارەدا هەوڵی یەکجار جددییان داوە. بۆیە ئەدەبیاتی ئێمە تا ئێستا یا نەیتوانیوە یا زۆر کەمتر بۆی رەخساوە سنوورەکانی دەڤەر و ناوچەی خۆی ببەزێنێ. ئەگەر هێندێک کەسیش ئاماژە بە چەند ناو دەکەن، نە ئەو چەند ناوە نوێنەری هەموو ئەدەبیاتی کوردین و نە هەموو توانا و وزەی ناخەکیی ئەدەبیاتی کوردی نیشان دەدەن. بەڵکوو ئەدەبیاتی کوردی لەو بوارانەدا توانای لەوە زیاترە کە بدۆزرێتەوە و پەردەی لەسەر لابدرێ. لە سەری بنووسرێ و لەگەڵ نەتەوەکانی وەک فارس، تورک، عەڕەب و تەنانەت لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دووریش پردی پەیوەندی ساز بکرێ. چون بە پێی خوێندنەوەیەک کە لە دەقە شیعرەکانی شاعیرانی سەردەمی شێرکۆ بێکەس تا شاعیرانی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کراوە، دەردەکەوێ کە زۆر شاعیرمان هەن کە حەولیان داوە شیعر بۆ ئەو بوارە پەیوەندییە بەکار بێنن. ئەگەر نموونەیەک باس بکەین و بیخەینە بەرچاو دەتوانین بڵێین شێرکۆ بێکەس لە شیعرێکیدا کەڵکەڵەی ئەوەی هەیە کە باس لە شۆڕشگێڕ و رۆشنبیرێکی چەپی ئێرانی بەناوی "خوسرەوی ڕووزبێهـ" دەکا کە بەند کراو دواتر تیرەباران کرا.

ئەو شوێنەی دەڵێ: " وەک شاملوو بۆ روزبێ خولیامە و ..." بەڵام شیعری لەو گرینگتری شیرکۆ لەو بوارەدا لە کۆمەڵە شیعری "رووبار"دایە. شیعرێکە بە ناوی "کوڕی زەریا" کە پێشکەش بە "سەمەدی بێهڕەنگی"ی کردووە. کوردی زەریا، شیعرێکی گێڕانەوەییە. شێرکۆ بێکەس ئەو شیعرە گێڕانەوەییەی ساڵی 1979 نووسیوە. ئەگەر لەو سەردەمەوە تا ئێستا ڕەخنەگرانی کورد

توانیبایان بە شێوەیەکی دروست ئەو شیعرە وەربگێڕن، لەسەر لایەنە ماناییەکانی ئەو شیعرە بنووسن، دەیتوانی دەروازەیەکی پەیوەندیی باش بێ لە بەینی نووسەر و ڕۆشنبیر و شاعیرانی کورد و تورکی ئێراندا. چون سەمەدی بێهڕەنگی بە ڕەچەڵەک نووسەرێکی تورکزمانە. نووسینەکانیشی بە زمانی فارسییە. لە کۆی نووسینەکانیدا خەمی منداڵانی ڕەشوڕووتی تورکی هەیە کە بەشێک لە کێشەکانیان کێشەی زمانە. واتە سەمەدی بێهڕەنگی لایەکی زەینی لای ئینسانی تورکی ئێرانییە کە چەوساوەتەوە. لایەکی زەینیشی بە گشتی بە هۆی ئەوەی کەسایەتییەکی ڕۆشنبیری چەپ بووە، لای چینی چەوساوە و ژێردەستی ئەو کۆمەڵگایەیە، بە فارس و تورک و عەرەب و کوردییەوە.

سەمەد بێهرەنگی

بە هۆی دژایەتی و دوژمنایەتییەکی سەرسەخت کە "سیستەمی پاشایەتیی پەهلەوی" لەگەڵ بیری چەپ بووی، پاش ئەوەی سەمەدی بێهڕەنگی لە "ڕووباری ئاراس"دا خنکا، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە مەرگی سەمەدی بێهڕەنگی مەرگێکی سیاسییە. واتە دەزگا جاسووسی و ئیستخباراتییەکانی ئێران و نوێنەرانی سیخوڕیی سیستەمی پاشایەتیی ئێران، کە دژایەتی و دوژمنایەتییان لەگەڵ هەر چەشنە ڕۆشنبیریێک هەبوو، سەمەدی بێهڕەنگیان کوشتووە و بەو شێوەیە سەمەدی بێهڕەنگی لە لای چەند چین لە خەڵکی ئێران، بوو بە قارەمانێکی تاقانە. لە لای ئەو تورکانەی کە زوڵمی نەتەوەییان لێ کرابوو، لەلای هەموو ئەو چەوساوە و خەڵکە کرێکار و جووتیار و ڕەش و ڕووتەوە کە ئەو لە چیرۆکەکانیدا زمانحاڵی ڕەنج و رۆژە رەشییەکانی ئەوان بوو و هەروەها لە لای منداڵان کە چیرۆکی بۆ دەنووسین وچیرۆکێکی بەنێوبانگی بە ناوی "ماسییە رەشە بچکۆلەکە" هەبوو کە خەڵاتی جیهانییشی بردبووەوە.

شێرکۆ بێکەس وەک شاعیرێکی ئاگادار لە گۆڕانکارییەکانی دەوروبەری، لە شیعری کوڕی زەریادا، خنکانی سەمەدی بێهڕەنگی دەکاتە چیرۆکە شیعرێک و بە زمانێکی دەوڵەمەند دەیگێڕێتەوە. هەروەها وەک شاعیرێکی ئازادیخواز هێمای دەسەڵاتی پادشایەتیی ئێران کە لە "ئاڵای سێ ڕەنگی شێر و خورشید نیشان"یدا خۆ دەنوێنێ، دەداتە بەر ڕەخنە. واتە شێرکۆ بە زەینێکی ئینتزاعی و سوڕیئالەوە ئەو شیعرە دەنووسێ و ئەو سێ کەسایەتییەی کە لە ئاڵای ئێرانی پاشایەتیدا هەبوون، وەک شێر، هەتاو و شەمشێر لە ئاڵاکە دەکاتەوە. شێرکۆ لە شیعرەکەیدا، سەمەدی بێهڕەنگی لەگەڵ ئەو سێ هێمایەی ئاڵاکە ڕووبەڕوو دەکاتەوە و دەیانخاتە وتووێژ.  دواجار هەرکام لەو هێمایانە ئەرکێکیان پێ دەسپێردرێ. خۆر ئەرکێک وە ئەستۆ دەگرێ. شێر کارێک رادەپەڕێنێ. شمشێریش بەرپرسیارێتییەکی تایبەت بە خۆی دەبێ. هەر سێ ئەرکەکە ئەرکی دژ بە دەسەڵاتدارێتیی تاریکی و زوڵم و دیکتاتۆرییەتن.

دواتر سەمەد لەگەڵ ئەم سێ هێمایەی ناو ئاڵاکە دەدوێ.  شاعیر خۆر و شمشێر و شێر لە ئالای ئێرانی پاشایەتی دێنێتە دەرێ.  سەمەد لێیان دەپرسێ ئایا ئێوە جارێکی دیکە ئامادەن بگەڕێنەوە ناو ئاڵای ئێران. خۆر دەڵێت تۆ لە هەر کوێم دانێی من دەچمە ئەوێ. شێرکۆ زۆر شاعیرانە دەڵێ:" سەمەد خۆری هەڵگرت و دای بە نووسەرێک/ کە داستانی تیربارانی وڵات و خوێن و هەتاوی دەنووسی و/ برسیشی بوو/ نووسەرەکەش خۆرەکەی خستە دڵیەوە و/ دڵیشی دا بە هەژاران/.

 شێرکۆ بێکەس سەمەد لەگەڵ شێر ڕووبەڕوو دەکاتەوە. شێر پێی وایە دەبێ ئەو ئەرکێکی گرنگی پێ پسپێردرێ. ئەو دەتوانێ سوارچاکێکی بێ. شیرکۆ لێرەدا نەتەوەکان لیک نزیک دەکاتەوە و دەڵێ: سەمەد شێری دا بە سولەیمانی موعینی کە ڕێبەری شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دژی نیزامی شاهەنەشایی بووە. لیرەدا شاعیر هاوخەباتیی چەوەساوەکانی تورک و کورد نیشان دەدا. دواجار شمشێر بە دیاری دەدا بە خۆسرەو. دەکرێ خوسرەوی ڕووزبێهـ بێ، کە یەکێ لە خەباتکارە فارسەکان بووە دژی نیزامی گەندەڵی پاشایەتی. لە ئاکامدا شاعیر دەڵێ دوای ئەوەی سەمەدی بێهڕەنگی خۆری بەخشی بە نووسەران تا چیرۆکی رووناکی بنووسن. شێری دا بە شۆڕشگێران بۆوەی بوێرتر بن.  شمشێری دا بە پاڵەوانانی نەتەوەیی بۆ وەی بەجەرگتر بن. لە کۆتاییدا بۆ خۆی چووە ناو ئاو. لە ئاودا بوو بە کازیوەی هەموو خەڵکی وڵاتی خۆی.

 لێکدانەوە و ناساندن و نووسین لەسەر ئەو جۆرە بەرهەمانە بە زمانی نەتەوەکانی دیکە، ڕێگایەکە بۆ دیالۆگ و وتووێژی فەرهەنگی و کەلتووری لەگەڵ نەتەوەکانی دەوروبەر و گەلانی دووریش.  لە سەردەمێکدا کە مەترسیی لێک ڕاسانی کەلتوورەکان یا بە واتای هانتینگتۆن، مل لەبەر یەک نانی کەلتوورەکان، لە ئارادایە، باشترین دەلاقەی دووان هونەر و ئەدەبیاتە.

KURDŞOP
588 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!