١٠٠٠ پرسیار

لەگەڵ هەستانەوە، مێشکی پڕ بوو لە پرسیار. چ جلێک لەبەر بکەم، ئایا دەرەوە ساردە یان نا؟ چاکەت لەگەڵ خۆم ببەم یان نا؟ لە کام کۆڵانەوە بچم؟ داخۆم باوەڕم لەگەڵ خۆم ببەم یان نا؟ با کەس لێم نەپرسێت، بۆچی نامەوێت ئەو بم. مرۆڤێکی ئێسکقورسە، ئیتر بەس نییە.

- ئالان عەبدوڵڵا

 

ئەمجارەشیان لەنێو بیرکردنەوەکانیدا ون ببوو، شتێک کە دۆخەکەی خراپتر کرد، مۆبایلەکەی زەنگی لێ دا. وەک هەمیشە، پێش ئەوەی بزانێت کێ بیری دەنگی ئەوی کردووە، لە خۆی پرسی؟ داخۆم ئەوە کێ بێت؟

هەرچەندە ئەوەندە قورس نییە. تەنیا دەستی بخاتە گیرفانی خۆیەوە و مۆبایلەکەی دەربهێنێت، بێگومان ئەو لە ناوی تۆمارکراو دەیزانی کێ ئەوی دەوێت. زۆر جار هەوڵی خۆی دا، بەڵام نەیتوانی خۆی لەم پرسیارە ڕزگار بکات. مۆبایلەکە زەنگ لێ دەدات، ئەویش بە قووڵی بیر دەکاتەوە. کەس نەبوو پێی بڵێت (دە لێگەڕێن ماڵت نەشێوێ، تۆ ئەوت نەخۆش خست). کە ناوی لالەشی بینی، دیسان لە خۆی پرسی؟ داخۆم لالەش چی دەوێت، بۆچی لەم کاتەدا بە دوای مندا دەگەڕێت؟

لە ڕاستیدا، ئەرکەکەی قورسە و هەمیشە کاتی ئازادی نییە، بۆیە ترسی ئەوەی هەبوو کە داوای لێ بکرێت بچێتە کۆڕێکەوە. هەر بەو هۆیەشەوە بیری لەوە دەکردەوە شتێک بخاتە بەر دەموچاوی و لە ڕۆشتن بکشێتەوە، دیسان لە خۆی پرسی؟ بۆچی ئێستا درۆ بکەم؟ لە ڕاستیدا من کارم هەیە و ناتوانم بچم. وڵامی مۆبایلەکەی دایەوە، سڵاوی نەکرد و نەیهێشت ئەویش سڵاو بکات، یەکسەر گوتی: "خێرە هاوڕێم، چییە، بۆ بەردەوام بەدوای مندا دەگەڕێیت؟" هاوڕێکەی بە سەرسووڕمانەوە لە وڵامدا گوتی: "دڵت گەورە بێت هاوڕێم، هیچ نییە." دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ، تێگەیشت کە دەبێ بچێت.

لەگەڵ هەستانەوە، مێشکی پڕ بوو لە پرسیار. چ جلێک لەبەر بکەم، ئایا دەرەوە ساردە یان نا؟ چاکەت لەگەڵ خۆم ببەم یان نا؟ لە کام کۆڵانەوە بچم؟ داخۆم باوەڕم لەگەڵ خۆم ببەم یان نا؟ با کەس لێم نەپرسێت، بۆچی نامەوێت ئەو بم. مرۆڤێکی ئێسکقورسە، ئیتر بەس نییە.

مێشک و پرسیارەکانی بەردەوام پێکەوە لە شەڕدا بوون و ئەو لە ماڵ دەرکەوت. لە کاتی چووندا ڕێگاکەی لەگەڵ هاوڕێکەی یەک خست، تاکوو پێکەوە بچن، بەڵام بەویان گوتبوو "بڵند" خەوتووە.

بەم قسەیە وەک ئەوە وا بوو سەتڵێک ئاوی پێدا بکەن، سەری سووڕما و بە خۆی دەگوت: "داخۆم ئەوان چۆن خەویان بەدەست دەکەوێت؟ ئەگەر کاتی بەتاڵی هەبێت، منیش داوای لێ دەکەم، با هەندێک لە کاتی خۆی بە من بدات. بە قەرز! ئایا شتی وا ڕوو دەدەن؟ ئێستا ئەگەر کەسێکی نەخۆش مردنی لە پێش بێت و دەمێک لە تەمەنی منی بە قەرز بوێت، بۆ ئەوەی تەمەنی درێژ بێت، من چی بکەم؟

بیدەم یان نا، دەترسم چاکەی پێ بکەم بەڵام بۆ ئەو ببێت بە زیان، من نایدەم ئەو باشتر بێت. بۆ خراپە، نەوەڵا من دەیدەم، ڕەنگە بەو کاتە، گوتەیەک لە دڵیدا مابێتەوە و بییەوێت بیڵێت؟ ئەگەر بییەوێت قەرزەکەی بداتەوە، لە کوێ دەیگەڕێنێتەوە؟

ئێستا ئەگەر بڵێم دەتوانێت بیگەڕێنێتەوە، ئەوا لە کام تەمەنی خۆی دەیدات، لە تەمەنی کاتێک گەنج بوو یان لە تەمەنی خۆی کاتێک کە نەخۆش بوو؟ باشە کە شتی وا نییە. نەوەڵا، خۆزگە دەمتوانی ڕۆژە ڕەشەکانم بفرۆشم و ڕۆژێکی باش بکڕم، تەنها بۆ یەکجار، خۆم وەک مرۆڤێک دیتبا.

بەڵام بەم کارە دەوڵەمەند و زلهێزەکان بە زۆر تەمەنمان دەبەن؟ هاهەو، وەک ئەوەی ئێستا وا نەبێت. بەم پرسیارانە گەیشتە شوێنی کۆڕەکە. لە کۆڕەدا هەمووان قسەیان دەکرد و ئەو تەنیا لە دڵی خۆیدا بیری دەکردەوە، هەندێکجار وا خۆی نیشان دەدا کە گوێگرە.

هاوڕێیەکیان پرسیارێکی لێ کردن. ئێستا داواتان لێ بکرێت یەکێک هەڵبژێرن، هاوسەر یان دایک، ئێوە کێ هەڵدەبژێرن؟ ئەو کەسەی لە منداڵییەوە دایکی نەبینیبوو، وەستا و بە هێمنی گوتی: "نازانم، ئێوە بڵێن."

یەکێکیان خوێندەوار بوو، لە ساڵێکدا تەنیا یەک کتێبی دەخوێندەوە، گوتی: "باشترە پێکەوە هەڵیاننەسەنگێنین." کەسێک بە دەنگێکی بەرز وڵامی دایەوە: "باشە ئەمە پرسیارە؟! هەموو ژنەکان لە لایەکن و دایکم لە لایەکی ترەوەیە."

هەمووان بە بۆچوونی ئەو سەریان سووڕما. چونکە ئەو ژنی نەهێنابوو، وڵامی لێ وەرنەدەگیرا. ئەو ئەگەر وڵامی نەدایەتەوە، باشتر بوو، بەڵام نازانم بۆچی هەندێک کەس هەن دەبێ خۆیان ناحەز بکەن. لەنێو ئەو پرسیارەدا، بێدەنگ مابوو، کاتێک لێیان پرسی بۆچوونت چییە، دەنگی لێوە نەهات، چەند جارێک هەژاندیان تا بە هۆش خۆی هاتەوە، بەڵام وڵامی نەدایەوە، کاری ئەو وڵامنەدانەوە بوو. هاوڕێکانی باش دەیناسن، یەکەمجار نەبوو کە وڵام نەداتەوە، لە خوێندنیشیدا شکستی هێنابوو، لە تاقیکردنەوەدا، بە پرسیار وڵامی پرسیارەکانی دەدایەوە.

دوای کۆڕەکە، لە ڕێگای گەڕانەوەدا لە خۆی دەپرسی. ئەوە چ پرسیارگەلێکی بەتاڵن کە سەرنجی خەڵک ڕادەکێشن، هەرچەندە پرسیاری گرینگتر زۆرن، مرۆڤ شایەنی ئەوەیە مێشکی خۆی ماندوو بکات، منیش بەو شێوەیەم، مێشکم بەم جۆرە پرسیارانە ماندوو دەکەم، هەروەها لە پرسیاری گەورەش دەترسم. ئایا ژیان پرسیارە و مردن وڵامە؟ بەڵێ ئێمە فێر بووین کە زۆر پرسیار بێ وڵام بهێڵینەوە تا مردن وڵامیان بداتەوە.

ئەو پرسیارەی هاوڕێکەمان لە کۆڕەکەدا کردبووی، پرسیارێکی بێ وڵام بوو، یان لە داهاتوودا وڵامەکەی دەدرێتەوە. من دەزانم کە دایک ژیانێکی ناوازەیە، بەڵام ئەمە هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بڵێم دایکم لە ژنەکەم گرینگترە، تا ئێستا هەڵوێستی ژنەکەمم نەبینیوە. ژنەکەمیش ماڵی باوکی بەجێ هێشت و هات لەگەڵمدا بژی، من جوان نیم و دەوڵەمەند نیم، داخۆم بۆ؟

ئەوەندەی بیر دەکەمەوە و بەراوردیان دەکەم، هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نابینم. جگە لەمەش هیچ وڵام و چارەسەرێکم نەدۆزییەوە، ئەگەر بیدۆزمەوە، بەداخەوە ناتوانم بە ڕوونی بڵێم. مرۆڤ ناتوانێت بە ئازادی ئازارەکانی دەروونی دەرببڕێت، بۆ دەبێ بەردەوام خۆی فریو بدات، چۆن ئازادانە بژی؟

بەم پرسیارانە چووبووە نێو ماڵەوە و لەسەر دەنگی دایکی و ژنەکەی لە خەیاڵەکانی بەئاگا هاتبووەوە، کاتێک پێکەوە پێیان گوت: "تا ئێستا لە کوێ بوویت، دڵمان لەلای تۆ بوو، هەر چیمان دەکرد نەماندەتوانی بخەوین."

KURDŞOP
652 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!