لە کۆمەڵگاوە بۆ سیاسەت و ئەدەب - ئەزموونەکانی رەفیق سابیر – بەشی1

تەنانەت لە چوارچێوەی شیعری نوێی کوردیدا زمانی ڕەفیق سابیر زمانێکی جیاواز بوو لەو زمانە ناسراو و شێوە تەعبیر و ڕستەسازییانەی کە شاعیرانی هاوکاتی خۆی و پێش خۆی لە شیعردا دەکاریان کردبوو. ئەو حەولی دا بە ڕۆچوونە نێو قووڵایی واتای زمانەوە، لایەنێکی تازە لە وزەی شاراوە و توانایی زمان دەرک بکا، بدۆزێتەوە و لە شیعردا جێی بکاتەوە. ئەزموونێک کە پێش ئەو لە بواری شیعری کوردیدا نەکرابوو.

 

 کتێبی "لە ستایشی ژیاندا"، نوێترین بەرهەمی شاعیر، نووسەر و بیرمەندی کورد "دکتۆر ڕەفیق سابیر"ە.  زۆربەی ڕۆشنبیر و نووسەرانی کورد ڕەفیق سابیر وەک یەکێک لە کۆڵەکە بەهێز و دیارەکانی شیعری مۆدێڕنی کوردی دەناسن. ئەزموونەکانی لە بواری شیعردا لە کۆمەڵە شیعرەکانی "ڕێژنە" و "پشکۆکان دەگەشێنەوە" کە زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر بڵاو کراونەتەوە، نیشانیان دا ڕەفیق سابیر لە دەربڕین، وێنەسازی، دونیا بینی و تێکنیکی شیعریدا شاعیرێکی خاوەن ستایل و شێوازی تایبەتە. شێوازێک کە زمانی ئەو لە کۆی ئەو گوتارەی کە چەند دەیە لە کوردستان باڵی وەسەر ئەدەبی کوردی کێشابوو و باو و زاڵ بوو جودا دەکاتەوە.

تەنانەت لە چوارچێوەی شیعری نوێی کوردیدا زمانی ڕەفیق سابیر زمانێکی جیاواز بوو لەو زمانە ناسراو و شێوە تەعبیر و ڕستەسازییانەی کە شاعیرانی هاوکاتی خۆی و پێش خۆی لە شیعردا دەکاریان کردبوو. ئەو حەولی دا بە ڕۆچوونە نێو قووڵایی واتای زمانەوە، لایەنێکی تازە لە وزەی شاراوە و توانایی زمان دەرک بکا، بدۆزێتەوە و لە شیعردا جێی بکاتەوە. ئەزموونێک کە پێش ئەو لە بواری شیعری کوردیدا نەکرابوو. زمان و وشە لای ڕەفیق سابیر تەنیا ئاستێکی ڕواڵەتی نییە، بەڵکوو قووڵبوونەوەیە بە ناخی مانای زمان و وشەکاندا، گەڕانەوەیە بۆ ڕیشە و ڕەچەڵەکی ئەو واتایانەی کە کۆی وشەکان و ئاوێتەی وشەکان لەگەڵ یەک لە ڕستەدا پێکی دێنن.

بۆ وێنە با بڕوانینە ئەو شیعرە کە بە نێوی" وەرزی سەهۆڵبەندان ساڵی 1977 نووسیویەتی و لە کۆمەڵە شیعری "ڕێژنە"دا چاپ کراوە.

 لەگەڵ کڕیوەی شەوێکدا هاتم بۆ لات

 لە کاتێکدا قەوارەی برینەکانت

 بە بەفری سوور دادەپۆشی

گۆرانیت دەکرد بە وڵات

 لە کاتێکدا هاتم بۆ لات

 بازووەکانت هەرەس هێنانی کێوێکیان ڕاگرتبوو

 چاوەکانت وەک دوو چرای ناوکەوێڵی هەژارەکان

 لە شەوە زەنگی ڕایاتدا دادەگیرسان

 هاتم بۆ لات

 کاتێک چنگت پڕ لە ئاگر و پشکۆ بوو

 دەموچاوی تاریکایی ڕووبارەکانت پێ دەڕشاند

 لە وەرزی سەهۆڵبەنداندا

هەڵمی خوێنتدا دەگیرساند

 هاتم بۆ لات

 تا برووسکە و گۆرانی بکەین بە وڵات.

 دیارە کاتێک باسی ساڵی 1977 دەکەین، دەبێ ئەزموونە هاوشێوەکانی هاوجیل و هاوڕێیانی ڕەفیق سابیر لەو سەردەمەدا بێنینە بەرچاوی خۆمان. کۆی ئەو بەرهەمانە خاوەن زمانێکی ساکارتر، شێوەی ڕستەبەندیی ساکارتر و ئاوێتەی وشەکان لەگەڵ یەک، لە شیعری ئەو سەردەمی شاعیرانی کورددا، ئاوێتەیەکی یەکجار ساکار بوون و دوور بوون لەو زمانە پێچیاوەی کە لەو شیعرەدا ڕەفیق سابیر پێکی هێناوە. دیارە ئەو شیعرە بۆ "شەهید ئەوڕەحمانی خدربانەیی" نووسراوە کە هاوڕێیەکی کرێکاری شاعیر بووە و لە "بەندیخانەی ڕایات" لە ژێر شکەنجەدا شەهید کراوە. ئەوەی گرنگە بۆ یەکەم جارە شاعیر لە شێوە دەربڕینێکی پێچیاو بۆ نیشاندانی بەهێزبوونی مرۆڤێک بە شیوەیەکی جوداواز کەڵک وەردەگرێ. "کاتێ هاتم بۆ لات بازووەکانت هەرەسی کێوێکیان ڕاگرتبوو". پەیوەندیی هەرەس و مرۆڤ، هەمیشە پێوەندییەک بووە کە تێیایدا هەرەس بە سەر مرۆڤدا زاڵ بووە. بەڵام لێرە ئەو ئەو پەیوەندییە بەراوەژوو دەکاتەوە. لە باسی پەرەگرتنی تاریکاییدا بەردەوام لە دەقەکاندا تاریکایی، هەمیشە مرۆڤی داپۆشیوە. بەڵام لێرەدا هاوکێشەکە لای شاعیر گۆڕاوە و پەیوەندییەکی جیاواز بە دەربڕینێکی جیاوازەوە خراوەتە روو. چنگی پڕ لە پشکۆی کەسێک کە شیعرەکەی بۆ نووسیوە، دەموچاوی تاریکایی دەڕووشێنێ. بەردەنگ و شاعیر پێکەوە "برووسکە و گۆرانی دەکەن بە وڵات". کۆی ڕستەبەندی و ئەو وێنە شیعرییانەی سازیان دەکا، نوێترن لە هەموو ئەو شیعرانەی کە هاوسەردەم لەگەڵ ئەو نووسیویانە. ئەو شیعرە ئەگەر نێوی شەهید ئەوڕەحمانی خدر بانەیشی لێ دەراوێژی، شیعرێکە بە تەنیا دەتوانێ درێژە بە ژیانی خۆی بدا. شیعرێک لە دژایەتی لەگەڵ زوڵم و زۆر و ستایشی شۆڕشگێڕێک کە دەیهەوێ ئەو گرێ و تەنگ و چەڵەمە کۆمەڵایەتییە بڕەوێنێ.

ئەگەر زمان لە شیعری هاوسەردەمەکانی ڕەفیق سابیردا ئاستێکی ڕووکەشانەی هەیە و لە زۆر بەرهەمدا لە ئاستی ڕاگواستنی واتا زیاتر تێناپەڕێ، زمان لای ئەو  گەڕانەوە بۆ واتا، مێژوو، بیر و هەموو ئەو گەنجینە واتایانەیە کە زمان لەگەڵ خۆی هەڵیگرتوون. ئەو جودا لەوانە جاری وایە بارێکی زیاتر دەخاتە سەر ئەو لایەنە و  کەشی نوێ و ژیانی نوێی وشەکانیش لە ڕستەکانیدا لەبەرچاو دەگرێ.

ئەو ئەزموونە بۆیە جیاوازە، چون لەگەڵ شێوازێک لە سەمبولیزم و دونیایەکی سورڕێئال کە لە ڕێی وێنە سازییەکانیەوە دەیخەمڵێنێ، زمان بەرەو ئاستێکی بەرزتر لە شیعری کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبا. ئەزموونی لە گوێن زمانی ڕەفیق سابیر تەنانەت لە نێو شیعری شاعیرانی ئێرانیشدا بەو قووڵی و قورسییە کەمتر دەبینرێ.  شیعری ئەو کەشێکی جیهانیتر لە شیعری فارسی، عەڕەبی و کۆی ئەو بەرهەمانەی هەیە کە تا ئێستا لە بواری شیعری کوردیدا هاوجیلەکانی بڵاویان کردووەتەوە. واتە ڕوانینی ئەو بۆ دیاردەکان ڕوانینێکی یونیڤێرساڵ و جیهانییە نە ڕوانینێکی ناوچەیی و لۆکاڵ. ئەوە بەو واتایە نییە کە بۆ وێنە باسی نیشتمان و نەتەوە  و هەروەها هێنانە ناو دەقی مرۆڤی ئەو جوگڕافیایە، ببێتە باسێک کە بە ناوچەیی بژمێردرێ. چون هەر ئەو ئەزموونەی ئێمە لێی دەدوێین بۆ شیعری شاعیرانی بیانیش وەڕاست دەگەڕێ. واتە ئەگەر کەسێکی وەک "تی ئێس ئیلیوت" لە شیعری "کاولە خاک"دا باسی تایبەتمەندییەکانی ئەو شوێنانە دەکا کە شیعرەکە پێوەی دەست پێ دەکا، باسی ئەو یاری و بزاوتانە دەکا کە لە دنیای ڕۆژئاوایی و لە وڵاتی شوێنەزای ئەو ڕوو دەدەن، ئەندێشەیەکی گەورە و جیهانی لە پشت ئەو شیعرە و لە پشت ڕستە و واتا و تەعبیرەکانیدا هەیە، کە ئەو کولتوور و فەزا ناوچەییە بەجیهانی دەکا. ڕەفیق  هەوڵی داوە بە شێوەیەکی گلۆکاڵ دیاردە ناوچەییەکانی خۆی جیهانی بکات. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو حەولە لە "لاوکی هەڵەبجە"دا دەتوانین ببینینەوە.

لە لایەکی دیکەوە شیعری ئەو لە ئاستی شیعری ناوچەدا شیعرێکی ناباوە. بەو واتایە کە شیعری فارس و عەڕەب و کورد لە ناوچەدا زیاتر شیعرێکی ڕواڵەتیی یەک ئاستییە. شیعرێکی پێچیاو و بیر لێکراوە بە واتە ئەدەبیەکەی نییە. واتە شیعرێکی خاوەن پلان کە هەڵگری دونیایەک یا جەهانبینیەکی تایبەت بێت . شیعری ڕەفیق سابیر، شیعرێکە کە کەشفکردن و دەستەمۆکردن و  ئاوێتە بوون لەگەڵ وردەکارییە واتایی و فۆڕمییەکانی، پێویستی بە ئەزموونێکی ئەدەبی، ڕۆشنبیری و تەنانەت ڕۆحیی تایبەت هەیە. پێویستی بە ناسینی مێژوو و ئوستوەرە کەونەکان هەیە. هەرچەند لەو نووسینەدا نامانهەوێ ئاوڕ لە شیعرەکانی ڕەفیق سابیر بدەینەوە و تەنیا وەک دەروازەیەک بۆ باسی ئەزموونی شاعیر و نووسەرێک ویستم ئەو باسە بێنمە پێش کە لە کتێبی "لە ستایشی ژیاندا" ئێمە ئەزموونی کەسێک دەخوێنینەوە کە زیاتر بە شاعیر ناسراوە. شیعرەکانی لە کوردستان و لە ئاستی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە و ئاوڕدانەوەی ورد و ڕەخنەییانە و بابەتییانە لەسەر شیعرەکانی ڕەفیق سابیر هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی دیکە و لێرەدا تەنیا وەک دەروازەیەک بۆ باسەکە ئاماژەمان بەوە کرد کە ڕەفیق سابیر شاعیرە و ئێمە ئەزموونی ژیانی شاعیرێک لەو کتێبەدا دەخوێنینەوە. لە درێژەدا باسی ئەوە دەکەم کە ئەو کتێبە  لە چ پاژگەلێک پێک هاتووە و هەڵگری چ ئەزموونێکە.

KURDŞOP
755 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!