گرینگیی بەرهەمهێنانی دەقی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

- ڕۆژ قادری

 

هەمووان دەزانین کە ئێستا سەردەم سەردەمی تەکنۆلۆجیا، ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. بە سەدان ملیۆن مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان دەسپێڕاگەیشتنیان بە ئینتەرنێت هەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکاندا ئێکاونت و پەیجی تایبەتی خۆیان هەیە. بەگشتی ئێستا ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژیانی خەڵکدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن و بوون بە بەشێکی گرینگ لە ژیانی تاکەکان.

تەکنۆلۆجیا، ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیان لە جیهاندا داناوە: ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجی و... هتد. بە کورتی و بە پوختی ژیانی ئێستای مرۆڤەکان لە جیهاندا، چ لە وڵاتانی پێشکەوتوو و چ لە وڵاتانی لە حاڵی گەشە و جیهانی سێیەمدا، بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەنە. لەم پەیوەندییەدا دەتوانرێت لە هەزاران گۆشەنیگاوە هەزاران بابەت هەڵبژێردرێت و قسەیان لەسەر بکرێت و شرۆڤە بکرێن. ئێمە لەم گوتارەدا دەپەرژێینە سەر گرینگیی بەرهەمهێنانی دەق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی بەرهەمهێنانی دەقی کوردی.

بەرهەمهێنانی دەق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتێکی باشیان هێناوەتە ئاراوە تاکوو خەڵک لە سەرتاسەری جیهان بە زمانی خۆیان دەق بەرهەم بهێنن و بڵاوی بکەنەوە. لەم بوارەشدا زمانی ئینگلیزی بە حوکمی ئەوەی بە زمانی تەکنۆلۆجیا ناسراوە و لە جیهاندا قسەی یەکەم دەکات، سەرتر و باشتر لە هەموو زمانەکان دەرکەوتووە و زۆرترین کاری لەسەر کراوە، واتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆرترین دەق بە زمانی ئینگلیزی بەرهەم دەهێنرێت. ئەمە تەنیا چەند بوار لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو دەستی بەسەر هەموو بوارەکاندا گرتووە. بە واتایەکی تر، لە بوارەکانی زانست، سیاسەت، بابەتە کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەوانییەکان و...، زۆرترین دەق بە زمانی ئینگلیزی بەرهەم دەهێنرێت.

ئێستا گرینگیی ئەم بابەتە لە چیدایە؟ بەرهەمهێنانی دەق لە هەر بوارێکدا (ئەگەر تەنانەت بوارێکی زۆر سادەی وەک بابەتێکی گاڵتەجاڕی یان قسەی ڕۆژانەی تاکێک بێت) و بە هەر زمانێک لە دونیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەو زمانە هەیە. واتە ئەو زمانە وەگەڕ دەخات، بەهێزی دەکات و زیندووی ڕادەگرێت. بەهێزی و زیندووییی هەر زمانێکیش بە واتای بەهێزی و زیندووبوونی ئەو نەتەوە و ئیتنیکەشە کە بەو زمانە قسە دەکات. واتە ئەمە کاریگەریی لەسەر ناسنامەی ئەو نەتەوەیەش هەیە و لەسەر بوونی خۆی لە جیهاندا جەخت دەکاتەوە.

بۆیە بەرهەمهێنانی دەق لە هەر بوارێکدا، وێڕای کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجییەکانی خۆی، کاریگەریی ڕاستەوخۆیشی لەسەر زمان و ناسنامەی نەتەوە و ئیتنیکەکان هەیە. کەواتە ئەوەی خوێندنەوەی بۆ ئەم بابەتە گرینگە هەبێت، دەتوانێت لە دەرفەتەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی و نەتەوەکەی کەڵک وەربگرێت. واتە کاری باش و کاریگەر لەسەر سەرەکیترین فاکتەری بوون و ناسنامەی خۆی (زمان) بکات.

بەرهەمهێنانی دەق بە زمانی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

ئێمەی کورد خاوەن کیانی سەربەخۆی خۆمان نین، جگە لەوەی ئاو و خاکمان داگیر کراوە، داگیرکەران هەمیشە هەوڵی ئاسمیلاسیۆن و داگیرکردنی بیر و مێشک و هزری ئێمەشیان داوە و لەم بوارشدا بەداخەوە هەتا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون. ئەم ئاسمیلاسیۆن و داگیرکردنی مێشک و قەدەغەکردن و سنووردارکردنی زمانەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان، کاریگەرییەکی زۆر نەرێنیی لەسەر بوونیشمان لە دونیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و کاریگەرییەکانی ئەم ستەمە نەتەوایەتییە لەسەر بوون و بەشداریمان لە دونیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هێندە زۆرە کە لە دەیان گوتاری وادا دەتوانرێت باسی لێوە بکرێت و شی بکرێتەوە و خەسارناسی بکرێت.

داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە هەوڵیان داوە کە لەنێو خۆیاندا بمانتوێننەوە و بڵێن کە نەتەوەیەک بە ناوی کورد و جوگرافیایەک بە ناوی کوردستان بوونی نییە و ئەوەیش کە هەیە قەومێکی نائاگا و دواکەوتووە بە ناوی قەومی کورد کە لە ناوچە کوردنشینەکانی چوار وڵاتی "ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا"دا دەژین. ئەوان بە قەدەغەکردنی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی لە کوردستان، تەنانەت بە قەدەغەکردنی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی، هەمیشە کاریان بۆ ئەوە کردووە کە زمانی کوردی لاواز بکەن و تەنانەت لەنێوی ببەن. وێڕای ئەوانە، کاریان بۆ ئەوە کردووە کە خودی کوردانیش لە زمانەکەیان و لە شوناسەکەیان دوور بکەونەوە، واتە تووشی نامۆییی نەتەوەییان کردوون تاکوو نەتوانن خۆیان لە چوارچێوەی "کوردستانیبووندا" پێناسە بکەن.

بۆ نموونە هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەداخەوە زۆرن ئەو کوردانەی کە بەم شێوەیە خۆیان پێناسە دەکەن: "ئێرانی یان کوردی ئێرانی." ئەم جۆرە پێناسەکردنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر مامەڵەکردنی ئەو کەسانە لەگەڵ زمانەکەشیان داناوە. بۆ نموونە قسەکردن و نووسین و خوێندنەوە بە کوردی یان بە شەرم دەزانن یان بە پێویست و گرینگی نازانن. هەر ئەو کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە زمانی فارسی و وەک فارسێک دەردەکەون و بچووکترین بەسەرهات و ئاخاوتنی ڕۆژانەشیان وەک مرۆڤێکی فارسە! ئەمانە ئاگایانە یان نائاگایانە زیان بە شوناسی خۆیان و زمانی کوردی دەگەیەنن و لە ڕاستای بەرژەوەندیی نەتەوەی باڵادەست دەجووڵێنەوە. کەسی واش لەنێو کورددا پەیدا دەبێت کە وێڕای ئەوەی توانای نووسین بە زمانی کوردیی هەیە، بەڵام ئاگایانە خزمەت بە زمانی داگیرکەران دەکات و بەو زمانانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەق بەرهەم دەهێنێت.

بەڵام کوردانی بەهەڵوێست و ناسیۆناڵیست نابێ ئەم گۆڕەپانە گرینگە بۆ نائاگایان، نەزانان و داگیرکەران چۆڵ بکەن. تەنانەت نووسینی یەک ڕستەش بە زمانی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاریگەریی خۆی دادەنێت. ئێمەی کورد لە هەموو بوارەکاندا دەبێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەقی کوردی بەرهەم بهێنین و خاوەندارێتی لە زمان و شوناسی خۆمان بکەین. مەرج نییە ئێمە تەنیا لە بواری سیاسییەوە دەق بەرهەم بهێنین تاکوو خاوەندارێتی لە زمان و شوناسمان بکەین، بەڵکوو بەرهەمهێنانی دەقی کوردی لە بوارەکانی "ئابووری، کۆمەڵایەتی، زانستی، سینەما و ئەدەبیات و..." و تەنانەت لە بوارەکانی قسەی ڕۆژانە و گێڕانەوەی بەسەرهات، خاوەندارێتیکردنە لە زمان و شوناسمان، تەنانەت ئەگەر بە قەد یەک ڕستەش بێت. ئەمە بۆ خۆی پووچەڵکردنەوەی هەموو پلان و پیلانەکانی داگیرکەرانیشە کە دژی زمان و شوناسمان دایانڕشتووە.

کۆتاقسەشم ئەوەیە کە دەبێ بە هەموو تواناوە خەڵکی خۆمان لە گرینگیی ئەم بابەتە ئاگادار بکەینەوە. ئەمەش شێوازێکە لە خەبات و خزمەت بە نەتەوەکەمانە و دژایەتیکردنی داگیرکەرانیشە.

KURDŞOP
662 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!