مەلای جزیری لە ئاسمانەوە تا زەوین - بەشی 2

لە قەسیدەی سەد و نۆهەمدا کە بە "شەبچراغی شەبی کوردستان" ناسراوە، تایبەتمەندییەکی دیکەش زیاد دەبێ بە کۆی سامانی جوانیناسیی مەلای جزیرییەوە. ئەویش ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ مەلای جزیری نێوی وڵاتێک بەنێوی کوردستان لە شیعرەکانیدا تۆمار دەکا و عاشقی خانمێکی کوردستانییە.

 

دوکتور ئازاد موکری

 

مەلای جزیری و دابەزینە سەر عەرزی:

وەک کوترا مەلای جزیری ئەوینی زەمینی و ئینسانیشی لە شیعرەکانیدا باس کردووە بۆ وێنە ئەو قەسیدە دوور و درێژانەی وەسفی مرۆڤی ئاسایی دەکەن. جا ئەو مرۆڤە جاری وایە ژنە و کچ و خاتوونێکی چەلەنگە و جاری وایە میر و ئەمیرێکی بە شان و شەوکەت و پێشەنگە.

قەسیدەیەک کە ڕاستەوخۆ بۆ ئەوینی ژنێکی تایبەت نووسراوە و بە نێوی "سەباحەلخەیر خانێ من" ناسراوە نموونەی ئەو جۆرە دەقانەیە.

وەکی کوتمان مەلای جزیری شیعری واشی هەن کە شیعری ڕوو لە زەمین و ڕوو لە ئینسانە. ئەو شیعرانە دوو دەستەن. دەستەیەک کە کەمتر لە ئەدەبیاتی کوردیدا نموونەیان هەیە، ئەویش نەریت و سوننەتێکە بە نێوی "مەدحییە" نووسین یا پەسنی شاهان، کە بەشێکی هەرە زۆر لە ئەدەبیاتی میللەتانی خاوەن دەوڵەتی ناوچەی گرتووەتەوە.

بۆ وێنە لە ئەدەبیاتی فارسیدا، لە سەدەکانی سێ و چوار و پێنج و شەش و تەنانەت تا سەدەکانی دواتریش، بەشێکی هەرە زۆری شیعری فارسی لەسەر ڕەوتی پەسندان و مەدیحەبێژی بۆ پادشایان و دەسەڵاتداران ڕۆیشتووە. دیارە وەک ناوەرۆک، پەسندان یان مەدحی کەسایەتییەکان بۆ خۆی بایەخێکی ئەوتۆی نییە و لە باری کۆمەڵایەتیشەوە ناکرێ و ناشێ بە کارێکی هونەری لە خزمەت مرۆڤایەتیدا، یا لە خزمەت جوانیناسیدا چاوی لێ بکەین. بەڵام ئەو لایەنە یەکجار گرنگە کە ئەگەر شاعیرە گەورەکانی فارسی وەک "ڕوودەکی سەمەرقەندی" و "ئەنوەری" و "خاقانی" و "قائانی" و زۆر شاعیری دیکە، هەرچەند زیاتر لە بەشە جیدییەکەی شیعرەکانیان، شیعری مەدیحەیان نووسیوە، بەڵام ئەو شیعرانە بوونەتە هۆی ئەوەی زمانی فارسی بپارێزرێ و کاری پێ بکرێ و ڕەوان بێ. لەئاکامدا ئەو زمانە زمانێکی دەوڵەمەند و لەکڵ دەرهاتوو بێ.

ئەوەی لەو بەشە لە شیعری مەلای جزیریدا سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە؛ تا ئێستا زۆر کوتراوە کورد دەربار و پادشای نەبووە، تا نەریتی مەدیحە بێژی بۆ ئەوان ببێتە سوننەتێک لە لای شاعیرەکان و لانیکەم بەو هۆیەوە زمان و ئەدەبیاتی کوردی پەرەی بگرێ و ئەو قسەیە تارادەیەک ڕاستیشە. بەڵام مەلای جزیری دوو قەسیدەی درێژی هەیە کە لە پەسنی "میری بۆتان" و "میر شەرەفخان"دا نووسیویەتی. دیارە میرانی بۆتان و میر شەڕەفخان دەسەڵاتدارانی گەورەی سەردەمی سەفەوییەکان بوون. سەردەمێک میری ناوچەکانی بۆتان بوون و سەردەمێک بتلیسیان بە دەستەوە بووە و سەردەمێک شەڕەفخانی بیتلیسی نووسەری شەڕەفنامە حاکمی ناوچەکانی باکووری ئێران وەک تۆنێکابوون بووە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە مەلای جزیری میری بۆتان و میرشەڕەفخانی بە پادشای کوردان زانیوەو لەوەڕا کە شەرەفخانی بدلیسیش کتێبی شەرەفنامەی لە مەڕ مێژووی کوردەوە نووسیوە، دەردەکەوێ کە ئەویش وەک حاکمێک لە سەردەمی سەفەوییەکاندا واتە نزیکەی پێنج سەدە لەوە پێش کەڵکەڵەی کوردایەتی یا کەڵکەڵەی ئینسانی کورد و مێژووی کورد و زمانی کوردیی بووە. هەر بۆیە شاعیرێکی وەک مەلای جزیری بەو هەموو گەورەییەی کە لە ئەندێشە و لە زمانیدایە، دوو قەسیدەی دوورودرێژی بۆ ئەو میرە نووسیوە، کە یەکیان قەسیدەکە بە نێوی "پەسنی میری بۆتان" و بەو بەیتەوە دەست پێ دەکا:

 ئەی شەهنشاهی موعەززەم حەق نیگەهدارێ تەبی

سووڕەیی ئیننا فەتەحنا دوور و مادارێ تەبێ

ئەو قەسیدەیە قەسیدەیەکی دوور و درێژی بیست و دوو بەیتییە. لە قەسیدەیەکی دیکەشدا بە نێوی "پەسنی میر شەڕەف"دا کە ئەویش قەسیدەیەکی بیست و دوو بەیتیی دیکەیە، بە شێوەیەکی دیکە دیسان لە گەورەیی و شکۆ و جەلالی میری کوردان میرشەڕەف دەدوێ. ئەویش بەو بەیتەوە دەست پێ دەکا:

 خانی خانان لامعێ نەجما تە هەر پڕ نوور بێ

 کەشتیا بەختی تە ئەز بادی موخالیف دوور بێ

میر شەرەفخانی بەدلیسی

 

ئەو قەسیدەیەش دیسان باسی گەورەیی و شکۆی میر شەڕەف یا میرشەڕەفخانی بەدلیسی دەکا کە حاکمی جزیرە و بۆتان بووە. دیارە بێجگە لە میرشەڕەفخان، کورد زۆر کەسی پلەداری دیکەی هەبووە کە بە ڕەچەڵەک کورد بن و حاکمی هەندێک ناوچەش بووبن، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی شاعیرانی دیکە مەدحیان بۆ نەنووسیون؟ وڵامی ڕێتێچوو بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە کە ئەو حاکمانە تەنیا بە ڕەچەڵەک کورد بوون، بەڵام بە کردەوە بڕوایان بە کوردایەتی و زمانی کوردی نەبووە و گرنگییان پێ نەداوە بۆیە شاعیران ڕوویان لێ وەرگێڕاون و ڕوویان تێ نەکردوون.

وەکی کوتمان لە شیعری ئەویندارانەدا مەلای جزیری لە سەدەمین قەسیدەیدا بە نێوی "سەباحەلخەیر خانێ من"دا کە لەسەر شێوازی تەرجیع بەند نووسیویەتی، هەموو نوماد و نیشانە پیرۆز و سەرووزەمینییەکان دەسڕێتەوە و هەر لە ڕستەی یەکەمەوە لەگەڵ ئینسانێک دەدوێ کە ئەو ئینسانە  بوونەوەرێکە هەموومان ژیان و خۆشەویستیمان لەگەڵ تەجرەبەمان کردووە و دیومانە. واتە زمانی لەو زمانە تەم و مژاوی و پڕ لە خوازە و ڕەمز و نومادەوە دەگۆڕدرێ بە زمانێکی ساکاری بێ گرێ و گۆڵ. بۆیە ئەو شیعرە شیعرێکە زمانێکی ساکارتر لە شیعرەکانی دیکەی هەیە. لەگەڵ ئینسانێکدا دواوە. ئەو ئینسانە کۆمەڵێک وەسفی ئینسانیی هەیە. هەرچەند نیگاکە نیگایەکی نەریتییە واتە ئەو لایەنانە لە ژن و لە ئینسان دەبینرێ کە زیاتر پێوەندییان بە جوانیی ڕواڵەتییەوە هەیە، بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە مەلای جزیری لەو قەسیدەیەدا لە نەریتی بەینابەینیی ئەوین لا دەدا و ئەوینی ئینسانی دەئەزموێ.

 

»صَباحُ الْخير« خانێ من، شەهێ شیرین زەبانێ من

تویی ڕووح و ڕەوانێ من، ببت قوربان تە جانێ من

»تعالی الله« چ زاتی تو، چ وێ شیرین سفاتی تو!

نە وەک قەند و نەباتی تو، یەقین رووح و حەیاتی تو

حەیات و راحەتا جانم، «صَباحُ الْخير يا خانم»

وەرە بیناهییا چەهڤان، ببینم بەژن و بالایێ

تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەو شیعرە ئەوەیە کە جودا لەوەی ئاراستەی شاعیر لە ئاسمانەوە بۆ زەوی دەگۆڕدرێ، خودی زمانەکەش زمانێکی یەکجار ساکارترە لەو زمانە پێچیاو و دژوارەی کە لە شیعرە عیرفانیەکانیدا مەلای جزیری تاقیکردووەتەوە.

بێجگە لەو شیعرە لە قەسیدەی سەد و نۆهەمدا کە بە "شەبچراغی شەبی کوردستان" ناسراوە، تایبەتمەندییەکی دیکەش زیاد دەبێ بە کۆی سامانی جوانیناسیی مەلای جزیرییەوە. ئەویش ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ مەلای جزیری نێوی وڵاتێک بەنێوی کوردستان لە شیعرەکانیدا تۆمار دەکا و عاشقی خانمێکی کوردستانییە.

پوڕ ژ دینا تە غەریبم خانم

ژ تە سەر تا ب قەدەم حەیرانم

هەر ب جان تەشنەلەبێ لەعلانم

دل د بەندا گرها زولفانم

.....

عاشقێ نازک و مەحبووبانم

تو نەبین بێ سەر و بێ سامانم

گولێ باغێ ئرەمێ بوهتانم

شەبچراغێ شەبێ کوردستانم

 

 

ئەو شیعرە کە لە پێنج بەنددا کوتراوە دیسان بابەتێکی ئینسانی وە ئەوینێکی کوردستانی باس دەکا. مەلای جزیری لەو دەقەدا هەم ئەو هەم بەردەنگەکەی دیارە و هەم شوێن و کاتی ئەوینەکەشی ڕوونە. ئەو دەقە لە ئەوینێکی سەر زەوینی و خاوەن ڕوخساری ڕوون دەدوێ و  بێ ڕەنگ و ڕوو و لێڵ و نائاشکرا نییە.

 

KURDŞOP
749 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!