ئەڤین تەیفوور
زۆرێک لە گرینگیی ئەم جۆرە ئەدەبیاتە لەسەر منداڵان بینراوە. چیرۆک واتە هەر شتێک کە بۆ منداڵان، بە مەبەستی شادی و پەروەردەکردنیان، بنووسرێت. ئەو ڕووداوانەی لە کات و شوێنێکدا بەسەر هەندێک کارەکتەردا هاتوون، جا ڕاستەقینە بن یان خەیاڵی، یان کارەکتەرەکان مرۆڤ بن یان ئاژەڵ بن یان شتی تر، مەبەست لێی ئەوەیە کە بناغەی کارەکتەری داهاتووی منداڵەکە بە شێوەیەکی باش، دروست بکات. هەروەک عیسا ئەل- شەماسی گوتوویەتی: "چیرۆک لەنێو ئەدەبیاتی منداڵاندا پلەی یەکەمی هەیە. چ بە شێوەی دەنگ بێت یان گێڕانەوە بێت، چێژی لێ وەردەگرن. کارەکتەر، ڕووداو، ڕەنگ و وێنەکانی نێویان، سەرنجیان ڕادەکێشن و خەیاڵیان فراوانتر دەکەن." (ئەل- شەماسی عیسا، ٢٠١٤، ئەدەبیاتی منداڵان لەنێوان کەلتوور و پەروەردەدا) بۆیە خۆشەویستیی منداڵان بۆ چیرۆک باو و دیارە. ئەوان پێش ئەوەی بچنە قوتابخانە، زۆر حەز دەکەن خۆیان و خەیاڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بناسن. هەروەها ئەمانە کۆمەڵێک نموونەن لە چیرۆکە بەناوبانگەکان کە لە جیهاندا ناسراون:
The Little Prince, Antoine de Saint-Exupéry, (1943).
Charlotte's Web, E. B. White (1954).
The Secret Garden, Frances Hodgson Burnett (1911).
La Bella y la Bestia, Gabrielle-Suzanne (1740).
The Wind in the Willows, Kenneth Grahame (1908).
ئەمڕۆ ئێمە لە جیهانێکی دیجیتاڵی کراوەدا دەژین کە هەسارەی زەویی وەک گوندێکی بچووک لێ کردووە و ئەمەش وای کردووە کاریگەریی نەرێنیی زۆر شت لە ژیاندا بەهێزتر لە پێشوو بێت. ئەمڕۆ لە پەرەسەندنی تەکنەلۆجیا و نەبوونی نزیکایەتی لە خێزان و لەدەستدانی ڕۆڵی باپیرە و داپیرەکان، ڕێگە دەدات کاریگەریی ژینگە نەرێنییەکان لەسەر منداڵان زیاتر بێت.
بۆیە گرێدانی منداڵان بە چیرۆکەوە، لە تەمەنێکی بچووکدا، ڕێگە بەو منداڵە دەدات لە بابەتە نەرێنییەکانی کۆمەڵگە دوور بکەوێتەوە و لەسەر بناغەیەکی باش پەروەردە بکرێت. چەندین چیرۆک هەن کە تیشک دەخەنە سەر جوانی و بەهێزیی پەیوەندیی نێوان دایک و باوک و منداڵ. ئەگەر چیرۆکەکان وانەی بەسوود بە منداڵان بگەیەنن، ئەو سوودە یەکسەر لە میتۆدەکەیاندا دەردەکەوێت. هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ دایک و باوکیان بەهێزتر دەکات.
پەروەردە لە ڕێگەی چیرۆکەکانی پێش قوتابخانە، یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکان کە بۆ دابینکردنی دواڕۆژی منداڵان، دەبێتە یارمەتیدەر. بەڵام ئەگەر منداڵەکە خاوەنی بەها و ئەخلاقی باش نەبێت، تەنانەت ئەگەر بگاتە بەرزترین ئاستەکانی پەروەردەش، کۆمەڵگە قەبووڵی ناکات. بۆیە پێویستە منداڵ بەباشی بۆ پێویستی و گرینگیی ئەخلاق ئامادە ببێت، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەدا ببێتە کەسایەتییەکی هەڵبژێردراو.
منداڵ یەکەم پەروەردەی خۆی لە دایک و باوکییەوە وەردەگرێت، پاشان لە کۆمەڵگە. هەر بۆیە پەروەردەی خراپ، کەسایەتیی منداڵ لە خێزان و کۆمەڵگەدا دەکوژێت. لە هەمان کاتدا ئەو چیرۆکانەش کە بۆ منداڵان دەخوێندرێنەوە، دەتوانن ئەم کارە بکەن. ئەمەش کاریگەریی لەسەر داهاتووی منداڵەکان هەیە و دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشیی دەروونییەوە. هەروهها ههندێک چیرۆک ههن وا دهکەن منداڵان ههمیشه له دایک و باوکیان ڕابکهن و له خۆیان و گیاندارهکانی دهوروبهریان بترسن. هەروهها ئهمه کاریگەریی لهسەر ههڵسوکهوتی لهگهڵ کۆمهڵگهدا ههیه.
نموونەی ئەم چیرۆکانە زۆرن، وەک چیرۆکی "نیسکۆ" کە لە وتارێکی پێشوودا بە ناوی "کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی چیرۆکەکان لەسەر خەیاڵی منداڵان" باسمان کرد، کە دایکی بەهۆی تووڕەبوونەوە هەموو منداڵەکانی کوشتووە. هەروەها وەک چیرۆکی "ئەگەر درۆ بکەیت، خودا زمانت دەبڕێت"، "ئەگەر ئەمە بکەیت، خودا دەستت دەبڕێت"؛ چیرۆک و وتەی وەک ئەمانە لە داهاتوودا ڕەنگدانەوەی لەسەر کەسایەتی و ڕەفتارەکانی منداڵان دەبێت. بۆیە چیرۆک و گفتوگۆی لەم جۆرە جگە لە زەبروزەنگ بۆ منداڵان، هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیی نییە. لە داهاتوودا وایان لێ دەکات بە ترسەوە لە هەموو شتێک نزیک ببنەوە و بێ کەسایەتی بن. بۆیە پێویستە مرۆڤەکان بەپێی تەمەنیان و بە شێوەیەکی تایبەت لەگەڵ منداڵاندا هەڵسوکەوت بکەن.