زمانی چیرۆکەکان وەک وشە و ڕستە – ٢

کاتێک کەسێکی گەورە ئەم چیرۆکە بخوێنێتەوە، ڕەنگە جێگەی سەرنجی نەبێت، بەڵام منداڵان وەها نین. منداڵان زۆر پرسیارکەرن و پرسیاری سەیروسەمەر دەکەن.

ئەڤین تەیفوور

ناوەڕۆک، پەیام، بابەت و ڕامانی چیرۆکە باشەکان، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر منداڵان هەیە. توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر زیاتر لە ٣٠٠ منداڵی تەمەن چوار بۆ شەش ساڵ - واتە پێش ئەوەی بچنە قوتابخانە – ئەنجام درا، بۆ ئەوەی کاریگەریی چیرۆکەکان لەسەر پێشکەشکردنی یارمەتی بە کەسانی دیکە و لەسەر ڕەفتار و نیازی یارمەتیدانی منداڵان، ببینرێت. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە لە ڕاستیدا کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر منداڵان هەیە و بۆ یارمەتیدانی دەوروبەرییەکانیان بەهێزتریان دەکات. بۆیە چیرۆک لە پەرەپێدانی ڕەفتاری ئەرێنی و سوودبەخش لە منداڵاندا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت.

سەرەتا کاتێک نووسەرێک دەیەوێت چیرۆکێک بۆ منداڵان بنووسێت، بەدوای بیرۆکەیەکدا دەگەڕێت. کاتێک ئەو بیرۆکەیە دەدۆزێتەوە کە دەیەوێت لەسەری بنووسێت، جۆری نووسینەکەی دیاری دەکات. پاشان نووسەر ناوەڕۆکی چیرۆکەکە دەنووسێت و دواتر ئەو پەیامە دەنووسێت کە دەیەوێت لە ڕووداو و کارەکتەرەکانی نێو چیرۆکەکەدا نیشانی بدات. هەروەها ئەگەر نووسەر بییەوێت چیرۆکێکی فۆلکلۆر بۆ منداڵان بگوازێتەوە، سەرەتا بیر لە ناوەڕۆک و بیرۆکەی چیرۆکەکە دەکاتەوە. جگە لەوەی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان کاتێک بۆ نووسین دەگۆڕدرێن، بە هەمان شێوە دەنووسرێن کە بەرهەڤکار گوێی لێ بووە، بەڵام بۆ منداڵان ئەمە وا نییە. نووسەری چیرۆکی منداڵان سەرەتا هەموو ئەو شتانە دەگۆڕێت یان لایان دەبات کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەروونی منداڵان لە چیرۆکەکەدا دەبێت.

بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئەگەر نووسەر چیرۆکێکی فۆلکلۆر یان داهێنەرانە بۆ منداڵان بنووسێت و هەست، بیرکردنەوە، هۆشیاری و خەیاڵی منداڵەکان پشتگوێ بخات، چی ڕوو دەدات؟ چیرۆکێک کە بۆچوونێکی نەرێنیی هەبێت، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر کەسایەتیی منداڵ، هەتا کۆتایی تەمەنی، هەبێت. لە چیرۆکی "پیرەپیاو و سێو"دا، کە پێشتر لە کارەکانماندا ئاماژەمان پێ دا، هاتووە: "ڕۆژێک پیرەپیاو کچەکەی خۆی دەسبەسەر دەکات و دەیباتە نێو ئەشکەوتێکەوە و بە خۆی دەڵێت: ئەگەر خۆم سێوێکم هەبێت، بۆچی خەڵک بیخوات، خۆم دەیخۆم. هەر بۆیە ئەو دەخوازێت و هاوسەرگیریی لەگەڵ دەکات و حەوت منداڵی لێ دەبێت." (لە چیرۆکێکی فۆلکلۆرەوە) چیرۆکێکی وا کە بۆ منداڵان و بە تایبەتی بۆ کچان دەگێڕدرێتەوە، کاریگەریی نەرێنیی گەورەی لەسەر دەروونی منداڵان هەیە. منداڵ دوای گوێگرتن لە چیرۆکێکی وا چۆن سەیری پیاوەکانی دەوروبەری دەکات؟ بە تایبەت چۆن لەگەڵ باوک و براکانی ڕەفتار دەکات. هەروەها ڕەنگە ئەم منداڵە گەورە بێت و ڕووداوەکانی چیرۆکەکە لەبیر بکات، بەڵام ئەو زەبرەی کە ڕووداوەکانی ئەو چیرۆکە لەسەر دەروونی بەجێیان هێشتووە، لەبیر ناچێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەمیشە بە ترسەوە لە پیاوەکانی دەوروبەری نزیک ببێتەوە.

دیسان دەتوانین نموونەیەک لە هەر پێنج چیرۆکی "ئارا زارۆک" بهێنینەوە. پێشتر باسمان لەوە کرد کە بەهۆی چیرۆکەکەوە، کچەکە هاوسەرگیری بە تاکە ڕێگای ڕزگاریی خۆی دەزانێت. هەروەها لە چیرۆکی "شمک زێرین"دا، کچەکە هەمیشە ڕووبەڕووی خراپەکارییەکانی باوەژن و کچەکەی دەبێتەوە، تا دواجار پیاوێک کە خۆشی دەوێت، دێت و لە دڕندەییەکانیان ڕزگاری دەکات.

"دوای ئەوە، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ و حەوت شەو، تەپڵ و زوڕنا لێ دەدەن و ئاهەنگی هاوسەرگیری دەگێڕن و بۆ هەمیشە بە خۆشی دەژین." (ئارا زارۆک ئا ١)

لە کۆتایی چیرۆکەکەشدا بەرهەڤکار دەڵێت: "ئەوان بە مورادی خۆیان شاد بوون، ئێوەش بڕۆن بە مورادی خۆتان شاد بن!" کچەکە لە سەرەتای چیرۆکەکەوە تا کۆتایی بە دڕندەیی و زۆرەملێ دەژی و لە کۆتاییدا بە هاوسەرگیری پاداشتی دەدرێتەوە و لەو دڕندەیی و زۆرەملێیە ڕزگاری دەبێت. مورادی کچەکە هاوسەرگیری بوو، بەڵام ئەو منداڵەی ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە یان گوێی لێ دەگرێت، چیی بەسەر دێت؟ ئەم جۆرە چیرۆکانە وای کردووە کچان وا بیر بکەنەوە کە تاکوو هاوسەرگیری نەکەن، ژیانیان بێ مانایە. ئەو ژیانەی دەژین ژیان نییە و لەگەڵ هاوسەرگیری وەک ئەوە وایە تازە لەدایک بووبێتنەوە. واتە تەنیا مورادی ئەوان، هاوسەرگیرییە.

کە منداڵانی پۆلی یەکەمی قوتابخانەی مشتەنوور لە شاری کۆبانی چیرۆکی "زەرکا زێران"یان (ئارا زارۆک ئا ٢)، خوێندەوە، یەکسەر ئەم پرسیارەیان کرد: ئایا ئێمەی منداڵان دەتوانین هاوسەرگیری بکەین و منداڵمان هەبێت؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت ورچ بخوازێت؟ ئەگەر مرۆڤەکان ورچ بخوازن، ئایا منداڵی مرۆڤ دەبێتە ورچ؟ دایکەکە چۆن دەیتوانی منداڵەکانی تێر بکات و بۆچی باوکیان ئەوی کوشت؟ یان کاتێک دایکم ماڵ بەجێ بهێڵێت، باوکم دەمکوژێت؟

کاتێک کەسێکی گەورە ئەم چیرۆکە بخوێنێتەوە، ڕەنگە جێگەی سەرنجی نەبێت، بەڵام منداڵان وەها نین. منداڵان زۆر پرسیارکەرن و پرسیاری سەیروسەمەر دەکەن. لەم چیرۆکەی "زەرکا زێران"دا ئەوەندە ڕووداوی لەو جۆرە هەیە کە میشکی منداڵەکان بە کۆمەڵێک پرسیارەوە ئاڵۆز دەکات. "زەرکا زێرین و هاوڕێکانی ڕۆژێک دەچنە بیابان. دوای خواردنی نان، زەرکا زێرین بە هاوڕێکانی دەڵێت کە من بۆ ماوەیەک لەژێر دارەکەدا دەخەوم، ئەگەر کارەکانتان تەواو کرد، بەخەبەرم بێننەوە، با پێکەوە بچین. هاوڕێکانی زەرکا زێرین دوای تەواوکردنی کارەکانیان، ئەو بەخەبەر ناکەنەوە و بە تەنیا لە بیابان بەجێی دەهێڵن. پاشان ورچێک دێت و ئەو دەبا و بۆ خۆی دەخوازێت و ئەویش دوو بەچکە ورچی دەبێت. بەڵام براکانی زەرکا زێرین دێن و ڕزگاری دەکەن، منداڵەکانی لە شوێنی خۆی بەجێ دەهێڵێت و کاتێک ورچەکە دەگەڕێتەوە، دەبینێت دایکیان هەڵاتووە، بەچکەکانی دەکوژێت." کاتێک منداڵان ئەو جۆرە چیرۆکانە دەخوێننەوە و پرسیاری لەو شێوەیە دەکەن، مرۆڤ سەرسام دەبێت کە چۆن وڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە و قەناعەتیان پێ بکات.

KURDŞOP
785 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!