ئەحمەد هەردی ئارتۆر رێمبۆی کوردان

 

دوکتور ئازاد موکری

"ئەحمەد حەسەن عەزیز" ناسراو بە "ئەحمەد هەردی" ساڵی ١٩٢٢ی زایینی لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتاییی لەوێ تەواو کردووە. نازناوی هەردی لە لایەن شاعیرانی ناسراوی ئەو سەردەمەوە "موحەممەد تۆفیق وردی" و "ا.ب. هەوری" بەو بەخشراوە. ساڵی ١٩٤١ی زایینی بووە بە مامۆستا لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی شاری سلێمانی. ساڵی ١٩٥٧ یەکەم و دواهەمین کۆمەڵە شیعری خۆی بە نێوی "ڕازی تەنیایی" چاپ و بڵاو کردووەتەوە. سەردەمێک بەڕێوەبەری یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی بووە. لە ساڵی ١٩٧٣وە تا ساڵی ١٩٧٤ی زایینی، لە کۆلێژی ئەدەبییاتی زانکۆی سلێمانی مامۆستای ڕەخنەی ئەدەبی بووە. لە ساڵی ١٩٨١دا خۆی خانەنشین کردووە. کۆی بەرهەمە شیعرەکانی ئەحمەد هەردی ئەو شازدە شیعرەن کە لە کتێبی ڕازی تەنیاییدا چاپ کراون.

.

گۆران

 

ڕەوتی نوێبوونەوەی شیعری کوردی لە باشووری کوردستان، بە چەند نێوی دیاریکراوەوە دەست پێ دەکا. دیارە زۆربەی ئەو نێوانە بۆ توێژەران و خوێنەرانی بواری ئەدەبی کوردی ناسراون. لە "شێخ نووری شێخ ساڵح"ەوە تا "عەبدوڵڵا بەگی گۆران" لەو کەسانەن کە کاریگەرییان لەسەر هێنانە کایەی جۆرێکی جیاواز لە دەربڕینی شیعریدا بووە. ڕاستە نۆێبوونەوەی شیعر لە باشووری کوردستان بە ناوی عەبدوڵڵا بەگی گۆرانەوە گرێدراوە، بەڵام زۆر کەسایەتیی دیکە هەبوون کە هاوکات لەگەڵ گۆران شیعریان نووسیوە و لە شیعرەکانیاندا لە پێوانە و یاسا و ڕێساکانی پێشووی شیعری کوردی لایانداوە. ئەو پێوانە و یاسا و ڕێسایانە هەم لە باری فۆڕمەوە و هەم لە باری ناوەرۆکەوە تێکشکێندراون. بەشێک لەو شاعیرانە کەسانێکی وەک شێخ نووری شێخ ساڵحن کە زیاترین کاریگەرییان لە باری نوێکردنەوەی ئەندێشە لە شیعری کوردیدا بووە.

 

جگە لە شێخ نووری، شاعیرانێکی دیکە بوون کە کاریگەرییان هەم لە نوێکردنەوەی فۆڕم و هەم لە نوێکردنەوەی ناوەرۆکی شیعردا هەبووە. شێخ نووری کۆمەڵێکی زۆر بەرهەمی شیعری هەیە کە زۆرینەی ئەو بەرهەمانە لە باری فۆڕم و ناوەرۆکەوە سەر بە گوتاری شیعری کلاسیکی کوردی و بەشێکی کەمتر لە بەرهەمەکانی کەڵکەڵە و ڕوانینی نوێخوازانەیان تێدایە. بەڵام وەک بنەما و سەرەتای دەست پێکردنی ڕەوتێکی تازە پێویستە ئاوڕێیان لێ بدرێتەوە. هاوکات لەگەڵ شێخ نووری و گۆران، ئەحمەدی هەردی توانیویەتی بە کەمترین بارستای شیعرەوە، کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر نەوەیەک لە خوێندەواران و شاعیرانی کورد هەبێ. هەردی لە باری شێوەی نووسینی شیعرەوە واتە زەمانێک کە بۆ نووسینی شیعر دادەنرێ و تێیدا نووسەر زمان و شێوازی نووسینی بە پوختەیی دەگا و دەست لە قەڵەم هەڵدەگرێ، دەتوانین لەگەڵ ئارتۆر ڕێمبۆ هەڵیبسەنگێنین. ئەو هەڵسەنگاندنە هەڵسەنگاندنێکی بایەخدەرانە نییە. واتە نامانهەوێ بەرهەمەکانی ئەو دوو شاعیرە پێک بگرین. بەڵام هەم ڕێمبۆ و هەم ئەحمەد هەردی، ماوەیەکی کورت شیعریان نووسی و دەستیان لە نووسینی شیعر هەڵگرت. بەو جیاوازییەوە کە ئارتۆر ڕێمبۆ شیعرەکانی شیعرگەلێکی یاسا شکێنانەی لە ئاستی جەهانیدا بوون.

ئەحمەد هەردی

 

بەڵام ئەحمەد هەردی لە شیعرەکانیدا حەولی داوە لە یاسا و ڕێساکانی شیعری کوردیی پێش خۆی لا بدات و تێشیدا سەرکەوتوو بووە. ئەو تا ڕادەیەکی زۆر ئەدەبیاتی ڕۆژئاوای ناسیوە. لە پەراوێزێک کە بۆ شیعرەکانی نووسیووە ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە ئاگادارییەکی باشی لە شیعری زۆرێک لە شاعیرانی ڕۆژئاوایی بووە هەر بۆیە هەوڵی داوە لەسەر ڕیتم و شێوازی بەشێک لەو شیعرانە بە زمانی کوردی شیعر بنووسێت. یەکەم لادانە فۆڕمییەکانی لە شیعری خۆیدا دەتوانین لەو شیعرانەدا دەستنیشان بکەین. بۆ وێنە لە شیعری "بێ ئارامی"دا دەتوانین ئەو تایبەتمەندییە ببینین. یا لە شیعرەکانی وەک "تانگۆی کوردی" یا "لە یارەوە"دا ئەو دیاردەیە دەبیندرێ. بەڵام جودا لەو شیعرانە، باقی شیعرەکانی ئەحمەد هەردی چوارچێوەکانی شیعری کلاسیکی کوردی واتە کێش و سەروایان تێدا پارێزراوە.

تەنیا جیاوازییەک کە شیعری هەردی لە شیعری کلاسیکی کوردی جودا دەکاتەوە، ڕوانینی جودای ئەوە بۆ دیاردە کۆمەڵایەتی، ئینسانی و تەنانەت چینایەتییەکان. ئێمە لەو شیعرانەی هەردیدا زمانێکی جیاواز لە زمانی شاعیرانی پێشوو دەبینین. زمانێک کە تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر لە وشە و ڕستە و تەعبیرە غەیرە کوردییەکان داماڵراوە. جودا لەوە سیستەمی جوانیناسیی هەردی لەو شیعرانەدا، سیستەمێکی تازەیە کە وەک هیچ کام لە شیعری شاعیرانی کورد و فارس و شاعیرانی بیانی ناچێ. جوانی ناسییەک کە دەتوانین بڵێین جوانیناسییەکی تایبەت بە خودی هەردییە و لەسەر بنەمای ئەو شتانەی کۆمەڵگای کوردی لە لای بایەخە دامەزراوە. ئەو حەولی داوە ئیستاتیکای خۆماڵی کەشف بکا و لە شیعرەکانیدا ڕەچاوی بکا. ئێمە ئەو دیاردەیە دەتوانین لە شیعرەکانی وەک "ست فاتمە"و "دوو چەشن دڵداری"و شیعری هەرە بەرزی "دڵێکی تێکشکاو"دا ببینینەوە.

کۆی شیعرەکانی هەردی لە دوو توێی کتێبێکدا بە نێوی "ڕازی تەنیایی" و لە ساڵی ١٩٥٧ی زایینیدا بڵاو کراونەتەوە. ئەو شیعرانە بە ژمارە یەکجار کەمن. شیعرە جیدییەکانی هەردی لە دوازدە شیعر تێناپەڕن، بەڵام هەر ئەو دوازدە شیعرە نێو و نێوبانگێکی یەکجار زۆرتر لە ژمارەی شیعرەکانیان بۆ هەردی لە پانتای شیعری کوردیدا دەستەبەر کردووە. دوو هۆکار دەتوانین بۆ ناسین و ناوبانگی ئەدەبیی هەردی دەستنیشان بکەین. هۆکارێکیان لە نێوخۆی ئەدەبیاتدا دەبێ بە دوایدا بگەڕێین، واتە هۆکارێکی ناوخۆییە لە بواری ئەدەبیاتدا. ئەویش تازەگەرییەکە کە هەردی لە کۆی ناوەرۆکی شیعرەکانیدا کردوویەتی. سیستەمی تەعبیری تازە، شێوە ڕوانینی تازە بۆ ئینسان، شێوە ڕوانینی تازە بۆ ئەوین، شێوە ڕوانینی تازە بوو شکست و بێ هیواییی مرۆڤ و شێوە ڕوانینی تازە بۆ کێشەی چینایەتی لە کۆمەڵگادا. ئەو شێوە ڕوانینانە کە پێشتر لە ئەدەبیاتی کوردیدا کەمتر لە بواری شیعردا ئاوڕێیان لێ دراوەتەوە و ئەو بە شێوەیەکی یەکجار هونەری نەخشاندوونی. لە بەشی دووەمی شیعرەکانیشی کە ئەو شیعرانەن فۆڕمیش تێیاندا نوێ کراوەتەوە هەم مۆسیقای شیعرەکان مۆسیقایەکی ڕیتمیکە و کاریگەریی لەسەر خوێنەر و لەسەر بەردەنگی ئەدەبیات هەیە و هەم ناوەرۆکی شیعرەکانیش دیسان ناوەرۆکێکی نوێن. بەڵام هۆکاری دووەمی ناسرانی هەردی وەک شاعیرێکی یەکجار بەتوانا بە کۆمەڵە بەرهەمێکی کەمەوە هۆکارێکی دەرەوەی ئەدەبیاتە.

ئەو هۆکارە کە بە هۆکاری دەرەکی، واتە هۆکارێک لە دەرەوەی ئەدەبیات ناوی دێنین، دەگەڕێتەوە بۆ بوارێک بە نێوی مۆسیقا. کۆی ئەو شیعرە باشانەی ئەحمەد هەردی کە باسمان کردن، لە لایەن باشترین مووزیسیەن و گۆرانیبێژەکانی کوردەوە ئاوازیان لە سەر دانراوە و بە درێژاییی شەست ساڵی ڕابردوو کۆمەڵگای کوردی بەردەوام ئەوانەی بیستووەتەوە. لە دەنگی گۆرانیبێژانی وەک "حەسەن زیرەک"، "ئومەر دزەیی"، "عەدنان کەریم"، "موحەممەدی ماملێ"، "تایەر تۆفیق"، "عەلی مەردان" و زۆر هونەرمەندی دیکەوە کوتراونەتەوە. واتە بە هۆکاری دەرەکیی ئەدەبیات و هۆکاری ناوەوەی ئەدەبیات ئەحمەد هەردی بە کۆمەڵە شیعرێکی کەمەوە نێوبانگێکی یەکجار زۆری لە بواری شیعری کوردیدا بە دەست هێناوە. بە پێی ئەو باسانەی کران، ناکرێ باسی نۆێبوونەوەی ڕەوتی شیعری لە کوردستاندا بکرێ و هەوڵ و تازەگەرییەکانی ئەحمەد هەردی لەبەر چاو نەگیرێت.

KURDŞOP
794 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!