کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی چیرۆکەکان لەسەر خەیاڵی منداڵان - ٢

لەو چیرۆکانەدا، هەرگیز باسی پیاوێکی خراپ ناکرێت، بەڵکوو هەمیشە باسی ژنێکی خراپ و باوەژنێکی خراپ و قەرەچی دەکرێت. ئەمە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟!

ئەڤین تەیفوور

ترس بەشێکی گرینگی ژیانە. بەردەوامبوونی ژیان بەبێ ترس نابێت، بەڵام دەبێ ترس کۆنترۆڵ بکرێت. دایک و باوکان چیرۆکی وەک "سەگەکە دەتخوات، ئەگەر نەخەویت گورگی مانجۆ دێت و دەتخوات" یان "قەرەچی دەتبات"یان دەگێڕایەوە.

چیرۆکی "قەرەچی دەتبات" نەتەنیا کاریگەریی لەسەر منداڵەکان هەبوو، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر دەروونی دایکانێک هەبوو کە تازە منداڵەکانیان لەدایک ببوو. وەک، ئەگەر منداڵەکە بە تەنیا لە ژوورەوە جێ بهێڵیت، ژنێک دێتە ژوورەوە و کاتێک کەس لەوێ نەبێت، دەیدزێت.

لە گوندێک بە ناوی قنێ سەر بە شاری کۆبانی، ژنێک هەیە کە چوار منداڵی دوای لەدایکبوون گیانیان لەدەست داوە. بە باوەڕی ئەو، ژنێک هاتووە و منداڵەکەی بردووە. دەیگوت: "ئێوارە دوای ئەوەی هەموویان خەوتبوون، ئەو ژنە هات و منداڵەکەمی برد. بەڵام منداڵی پێنجەمم تا بەیانی هەڵنەستام و لەلای مامەوە، بۆیە ئەو ژنە نەیتوانی منداڵەکەم لە من وەربگرێت." (لە زاری ژنێکی دووگیانەوە کە خەڵکی گوندێکە بە ناوی قنێ، کە سەر بە شاری کۆبانییە).

چیرۆکی گورگی مانجۆیش یەکێکە لە چیرۆکە ترسناکە کوردییانە کە تەنیا بۆ ترساندنی منداڵان دەگێڕدرێتەوە. گورگی مانجۆ لە تاریکیدا دەردەکەوێت و منداڵ دەدزێت و بۆ خۆی دەیانبات. لە هەندێک لقی جیاوازی چیرۆکەکەدا گورگی مانجۆ منداڵ نادزێت، بەڵکوو دەیانخوات.

جگە لە بابەتی ترس لەو چیرۆکانەدا، بابەتێکی دیکەش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ژن باش نییە. لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکاندا، بەپێی ئەو خەیاڵەی کە بۆ منداڵان دروستی دەکەن، ژنان زۆر جار وەک لووتبەرز و ڕووناخۆش و پیس وێنا دەکرێن. و دواتر بە یارمەتیی پیاوێک ئەو کچە لە ستەمی ژنی قەرەچی، سێحرباز و پیرەژن ڕزگاری دەبێت. لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکاندا، ژنان هەمیشە بچووک دەکرێنەوە. هەر بۆیە کچان کاتێک گەورە دەبن هەمیشە خۆیان لەژێر سێبەری پیاودا دەبیننەوە و لە خەیاڵیاندا بەبێ ئەوان ناتوانن هیچ بکەن. لە هەنووکەدا ژن هەیە بەبێ پیاوەکەی ناتوانێت لە ماڵەوە دەربچێت و پیاو هەمیشە خۆی بە دەسەڵاتدار دەزانێت.

لە چیرۆکی "فوولا و سندرێلا"دا دەردەکەوێت کە باوەژن چەندە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و ئەویش تەحەمولی ئەو فشارە دەکەن، تا شازادە دێت و ڕزگاری دەکات. ئەمڕۆ ئەم کاریگەرییە لەسەر دەرونی کچان دەبینین کە هاوسەرگیری شتێکی گەورەیە بۆیان و گەورەترین دیارییە بۆیان و ئەگەر هاوسەرگیری نەکەن دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆیان.

لەو چیرۆکانەدا، هەرگیز باسی پیاوێکی خراپ ناکرێت، بەڵکوو هەمیشە باسی ژنێکی خراپ و باوەژنێکی خراپ و قەرەچی دەکرێت. ئەمە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟! کە پیرەژنێک لەسەر کۆڵانێک دەبینین، وادەزانین دەمانڕفێنێت یان دەمانکوژێت، بۆیە یەکسەر ڕادەکەین یان کۆڵانەکە دەگۆڕین.

لێرەدا هەندێک لەو چیرۆکە فۆلکلۆرییانە دەستنیشان دەکەین کە بەو جۆرە نووسراون. لە چیرۆکی "شمک زێڕین"دا هاتووە: "باوکی کچێک دوای مردنی دایکی کچەکەی، نایەوێت بەبێ ڕەزامەندیی کچەکەی هاوسەرگیری بکات، بۆیە دوای ئەوەی قەناعەت بە کچەکەی دەهێنێت، هاوسەرگیری دەکات و ژنێک دەهێنێت کە ئەویش کچێکی هەیە. ئەو ژنە زوڵم و ستەمی لە کچی مێردەکەی دەکات و کچی خۆیشی دەکات بە خاتوون. باوەژنی کچەکە ئەم کچە هەموو ڕۆژێک دەنێرێت بۆ شوانی و ستەمی لێ دەکات، بەڵام لە کۆتایی چیرۆکەکەدا کچەکە هاوسەرگیری دەکات و لە دڕندەیی باوەژنەکەی ڕزگاری دەبێت." (ئارا زارۆکی ١، شمکا زێرین)

لێرەشدا دەتوانین هەمان نموونە ببینین کە کچەکە بە هاوسەرگیری خەڵات دەکرێت. نەک هەر ئەوە، ئەگەر گرینگی بە وێنەکانی نێو چیرۆکەکان بدەین، دەبینین باوەژنەکان وەک لووتبەرز، قەڵەو و ڕووناخۆش پیشان دەدرێن. هەروەها چەندین چیرۆکی دیکەی وەک ئەمانە هەن، وەک چیرۆکی "کوتێ، تەیری ئەجەل" و...

جگە لە چیرۆکەکانی ترس و ژن، کۆمەڵێک چیرۆکی تریش هەن کە نەتەنیا لەسەر خەیاڵی منداڵان کاریگەریی نەرێنی دادەنێن، بەڵکوو لەسەر کاردانەوە و هەڵوێستەکانی منداڵان، کاریگەریی نەرێنی دادەنێت.

دەیان چیرۆکی تری وا هەن کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خەیاڵ و ڕەفتاری منداڵان هەیە. چیرۆکی "گیزەر و نیسکۆ" نموونەی ئەو ڕاستییەن کە توندوتیژی لە خەیاڵی منداڵاندا دروست دەکەن و ڕێگە بە منداڵان دەدەن کە بۆ بەدەستهێنانی پارە، ڕێگەی توند و توندوتیژانە بەکار بهێنن.

لە سەرەتای چیرۆکەکەدا گرووپی "نیسکان" کە خۆیان منداڵن، لەلایەن دایکیانەوە دەکوژرێن و لە کۆتاییدا تەنیا منداڵێک دەمێنێتەوە و ئەویش مانگایەک دەکوژێت. لەم چیرۆکەدا توندوتیژیی زۆر بەکار هاتووە. لەو کاتەدا منداڵ چۆن سەیری دایک و ئاژەڵەکانی دەوروبەری دەکات؟

نموونەی ئەمەش لە قسەی منداڵاندا دەبینرێت کاتێک جلە پاکەکانیان پیس دەکەن یان شوێنێک پیس دەکەن، دەڵێن: "دایکم دەمکوژێت، دایکم لێم دەدات، سەگ یان پشیلە دەمخوات و...". منداڵەکان چۆن بیر لەم چیرۆکانە دەکەنەوە؟ ئایا گونجاوە ئەم چیرۆکانە بۆ منداڵان بگێڕدرێتەوە؟ ئایا زەبر لە منداڵان نادات؟ بۆیە دەبێ زۆر ئاگادار بین کە چ چیرۆکێک بۆ منداڵانمان دەگێڕینەوە.

KURDŞOP
779 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!