"حاجی قادری کۆیی" قەڵافەتێک بە قەد نیشتمان

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە هێندێک دەنگی دلێر لە نێو نووسەر و رۆشنبیرانی کورد دا بە دژی ئەو حەولانە بەرز بوونەوە. یەکێک لە سیما و دەنگانە شاعیری نیشتمان پەروەری کورد حاجی قادری کۆیی بوو.

"حاجی قادری کۆیی" قەڵافەتێک بە قەد نیشتمان

کورد لەسەردەمی مودێڕندا لە درێژەی تەمەنی سیاسی و کولتووریی خۆیدا لە لایەن داگیرکەرانییەوە پلانی بۆ داڕێژرا و لە سێ بواری کولتووری و سیاسی و جوغڕافییەوە خرایە ژێر گوشار. لە بواری کولتوورییەوە بە ساز بوونی دەسەڵاتە ناسیۆنالیستییە فارسی و عەڕەبی و تورکییەکان، حەول درا ئەو کولتوورە جیاوازەی کە بە کولتووری کوردی دەناسرا و هەڵگری هێماکانی نەتەوەیی کورد بوو بخرێتە ژێر گوشار و ڕێگا بە پەرەگرتنی بگیرێ و جودا لەوەش حەول درا بە گۆڕینی سەرچاوەی نومادە کوردییەکان و ساز کردنی مێژووی ساختە ئەو بەشە لە کەلتووری کوردی کە ئیمکانی هەیە، بخرێتە سەر سامانی کولتووریی وڵاتانی داگیرکەر و بە پەیڤێکی ساکارتر بدزرێ.

لە بواری سیاسییەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، جودا لە نیوەی پارچەیەکی کوردستان هیچکام لەبەشەکانی دیکەی کوردستان هەلی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە ببنە خاوەن کیانێک کە بتوانن بڕیاری سیاسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە لایەن خۆیانەوە بدرێ و هەموو ئەو حەولانەش کە لەوبوارە دا دراون دژایەتییان کراوە و چالاکانی ئەو بوارە هەستیارە لەگەڵ کێشەی مەترسیدار بەرەوڕوو بوونەتەوە.

لەباری جوغڕافیاییەوە حەولی وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردوستاندا ئەوە بووە هەر ناوچەیەکی کوردستان کە ئیمکانی ئەوەی هەیە لە کوردستان داببڕدرێ داببڕن و بە گۆڕینی دێموگڕافیی ئەو ناوچانە، جوغڕافیای کوردستانیان بریندار کردووە.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە هێندێک دەنگی دلێر لە نێو نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورددا بە دژی ئەو حەولانە بەرز بوونەوە. یەکێک لەو سیما و دەنگانە شاعیری نیشتمانپەروەری کورد حاجی قادری کۆیی بوو.

حاجی قادر بە نووسین و هەڵبەت بە ئاگاداریشەوە ڕووبەڕووی هەر سێ پلانی باس کراو لەسەر کوردستان بۆتەوە.

لەو بارەوە حاجی قادر وریایانە چەند شیعری نووسیون کە لە ڕاستیدا بابەتی هیچ کامیان شاعیرانە نین و بە گشتی دەربڕینەکەشی دوورە لە دەربڕینێک کە دەکرێ ناوی شاعیرانەی لەسەر دابندرێ. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو شیعرانە وەک بناخەیەک بۆ سازکردنی شوناسی جوغڕافیایی و کەلتووری و زمانی و سیاسی گرینگن.

حاجی قادر لە شیعرێکیدا باسی شاعیرانی کورد دەکا. لە موستەفا بەگی کوردییەوە باس دەکا. هەر کام لەو کەسانەی ناویان دێنێ خشتێکی نوێیان خستوەتە سەر بینا و پێکهاتەی شوناسی زمانی کولتووری کورد.

 

شەهسەواری بەلاغەتی کوردان

یەککەتازی فەساحەتی بابان

مستەفایە تەخەللوسی کوردی

غەزەلی کردە بەر بوتی کوردی

ناوی ساحیبقڕانی خاسسی ئەوە

چونکە لەم عەرسە ئەسپی ئەو بەدەوە

ئەو قالبە شیعرەی لەو سەردەمەدا میللەتانی دیکەی ناوچە بوویانە و بڕەوی بووە غەزەل بووە و حاجی لەو بوارەدا کوردی بە شاسوار دەزانێ .

لە بواری ماناسازی لە شیعردا دیسان ئاماژە بە ناوێک دەکا کە ژیانی تاهەتایی بە واتای تازە و جوان لە شیعر دا بەخشیوە.

نالی ئوستادەکی گەلێ چا بوو

خدری ئابی حەیاتی مەعنا بوو

پاش ئەوە حاجی قادر بە نەزم مێژوویەکی شیکارانە لە نووسینی کوردی بە دەستەوەدەدا. یەکە یەکە باسی ئەو شاعیرانە دەکا کە لەبوارە جوداکان دا دەقیان بە زمانی کوردی ئافراندووە. ئەو تەنانەت ناوی چەند شاعیر دەبا کە بە نووسینی خۆی بەدناویش بوون، ئەگەرچی هۆکاری بەدناوییەکان باس ناکا بەڵام چون بە کوردی نووسیویانە هەر بە گرینگیان دەزانێ. واتە حاجی بۆ سازکردن و دەوڵەمەندی شوناس و زمانی نەتەوەیی، هیچ شتێک جگە لە دوژمن بە بەربەست نازانێ.

مەلکەقۆڕ و حیماری و کیسەشکەل

قِس مِن اسمائِهِم و لا تَسأَل

شیعریان جوانە بەس نییە کوردن

گەرچی بەدناون و گەلێ وردن

بە فیدایان دەکەم سەد ابن یمین

چونکە دەربەستی غیرەتی کوردین

لەو بوارەدا بیر و پێوانەی حاجی قادر دەربەستی ناوچە و پارچەیەکی کوردستان نەبووە. واتە ئەو لە نووسەر و ڕۆشنبیری ئێستا زیاتر لە حەولی شوناسی هاوبەش دابووە. باسی شاعیری هەموو ناوچە و بەشەکانی کوردستان دەکا و هیچیان هەڵناوێرێ. ئەگەر سەرەتا باسی کوردی و نالی لە سلێمانی دەکا دواتر لە شێخ ڕەزای کەرکووکی دەدوێ و ئەوجار ئاماژە بە خانی و فەقێ تەیران لە ناوچەیەکی دیکەی کوردستان دەکا.

لە جزیرە یەکێکە شێخ ئەحمەد

ساحیبی ناو و مورشیدی ئەرشەد

ئەوی جامی گوتوویەتی ئەمەیە

لەو قسە و مەدحە مەقسەدی ئەمەیە

پیر مردی بدیده‌ام ز جزیر

نیک مردی بدیده‌ام ز حریر

ئەحمەدی خانی ساحیبی مەم و زین

شاهبازی فەزای عیللیین

خەلەفی ئەو دەبن لە گۆدینگان

لە جزیر پێی دەڵێن فەقێ تەیران

جودا لەوانە باسی وەفایی مەهاباد و ئەحمەدی کۆری شنۆ و ئەحمەدبەگی کۆماسی باشوور و ...دەکا.

لە لایەکی دیکەوە ئەدەبی زارەکی بە گرینگ دەزانێ و بە مەکۆیەک بۆ پاراستنی شوناسی کوردی پێناسەی دەکا. لەو وارەش دا لە بەیتی دمدمەوە تا حەتەم و عەبدوڕەحمان و ... باس دەکا و تەنانەت پێی وایە هێند گرینگن بە شاعیرێکی وەک فیردەوسیش نانووسرێن.

حاجی قادر بە ئانقەست ناوی فیردەوسی دێنێ، چون ئەویتری کورد ئەو بە لووتکەی زمانی خۆیان دەزانن و تەنانەت فیردەوسی بۆخۆشی پێی وایە بە شیعرەکانی کۆشکێکی ساز کردووە کە لە ڕووخان نایە.

پی افکندم از نظم کاخی بلند

کە از باد و باران نیابد گزند

لەبەرانبەر ئەو خۆڕانانە کولتووری و زمانییەیە کە حاجی قادر دەڵێ:

بەیتی دمدم کە قەدری نازانن

پاکی سیحری حەڵاڵی کوردانن

وەکی شانامە گەر بنووسرایە

لێت موعەییەن دەبوو چ وەستایە

ئەسپی ڕەش بەیتی تا بڵێی چاکە

نەزمی یەگجار سوار و چالاکە

ئەسپی شەش پێیی قەهرەمانی عەجەم

مەحزی کیزبە بە ئیتتیفاقی ئومەم

چونکە نووسراوە خەڵکی دەیخوونن

لەم هەموو بەیتی ئێمەدا کوورن

وەرە ئەمجا لە حەسرەتان مەمرە

چوار پەلی ئەسپی سوننییان مەگرە

وەکوو بەیتی حەتەم لە دەعوادا

نییە، فیردەوسی سەد کلک بادا

 

KURDŞOP
859 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!