کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی چیرۆکەکان لەسەر خەیاڵی منداڵان - ١

چیرۆکی باش چەندە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر منداڵان و خەیاڵیان هەیە، چیرۆکیش خراپیش ئەوەندە کاریگەریی نەرێنی لەسەر یادەوەری، دەروون، هەست، خەیاڵ و شێوازی ژیان دادەنێت و کەسایەتیی منداڵان دەکاتە ئامانج.

ئەڤین تەیفوور

خەیاڵ لە چیرۆکی منداڵاندا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. ئەم شێوازە ئەدەبییە لە چیرۆکی منداڵاندا، خەیاڵی منداڵان ڕام دەکات و بەپێی کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی کاریگەریی بێ سنووری لەسەر دەروونیان هەیە. خەیاڵ لە چیرۆکی منداڵاندا توخمێکی سەرەکییە. ژیانی منداڵان ژیانێکی خەیاڵییە. بەپێی خەیاڵی خۆیان وێنەیەکی نوێ لە هەموو شتێک لە دەوروبەریان دروست دەکەن. بۆیە منداڵ کاتێک گوێ لە چیرۆکێک دەگرێت یان دەیخوێنێتەوە، هەموو ڕووداوێکی تێدا وێنا دەکات و ئەو خەیاڵەش دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیان، شێواز و ڕەفتار و سروشتی ژیانی هەبێت.

دایکان هەمیشە هەوڵیان داوە ئەو چیرۆکانە بۆ منداڵەکانیان بگێڕنەوە کە پێش خەوتن لە دایک و باوکی خۆیان بیستوویانە، هەم بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بخەون، هەم دڵخۆشیان بکەن و هەم لە ئەزموونەکانی ژیاندا فێری شتێکی نوێیان بکەن. لە سەردەمی ئێمەدا زۆرێک لە نووسەران و بەرهەمەکانیان بۆ منداڵان دەرکەوتوون و ئەو نووسەرانە هەوڵیان داوە بە بەرهەمەکانیان منداڵان سوودمەند بکەن.

چیرۆکی باش چەندە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر منداڵان و خەیاڵیان هەیە، چیرۆکیش خراپیش ئەوەندە کاریگەریی نەرێنی لەسەر یادەوەری، دەروون، هەست، خەیاڵ و شێوازی ژیان دادەنێت و کەسایەتیی منداڵان دەکاتە ئامانج.

بۆ نموونە چیرۆکەکانی وەک "بۆقێک کە دەبێتە شازادە" یان هاوشێوەی، بە شێوەیەکی سیستماتیک کاریگەریی لەسەر شێوازی حوکمدان لەسەر شتەکان هەیە. بەڵام خوێندنەوەی چیرۆک و ئەفسانە خەیاڵییەکان، جگە لە فراوانکردنی خەیاڵ، هاوکات یارمەتیدەری دروستبوونی ئاگاییی منداڵانە.

لێرەدا دەتوانین ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین: تا چەند ئەم چیرۆکانە نەرێنی بوون و تا چەند ئەرێنی بوون؟ ئەم چیرۆکانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر خەیاڵی منداڵان هەبووە و چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیان و داهاتووی منداڵان دەبێت؟

چیرۆک لە گەشەکردنی خەیاڵی منداڵاندا ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت، چونکە بیرۆکەی نوێ بۆ ئەوان و جیهانە بچووکەکەیان دەئافرێنێت کە پێشتر نەیانزانیوە. خەیاڵ یارمەتییان دەدات تاکوو جیاواز و داهێنەر بن. خەیاڵ دیارییەکە کە دەبێ لە منداڵاندا پەرەی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن ببنە مرۆڤێکی بلیمەت، ڕەنگە دەرهێنەر، هونەرمەند، یان بیرۆکەی داهێنەرانە و هەمەچەشنیان هەبێت کە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بوارە جیاوازەکاندا یارمەتییان بدات.

بەگشتی کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە هەرچەندە ئەو چیرۆکە فۆلکلۆرییانەی کە دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان دەگێڕنەوە ئەرێنی بوون، بەڵام ئەوەندەش هۆکار هەن کە کاریگەرییان لەسەر هەڵوێستی منداڵەکان هەبووە و ڕێگەمان پێ دەدات بە چاوێکی نەرێنیشەوە سەیری بکەین. لە هەمان کاتدا ئەو چیرۆکە فۆلکلۆرییانەی کە کراون بە دەق و نووسەران بە قەڵەمەکەیان بۆ منداڵانیان دەنووسن، دەتوانن لەسەر خەیاڵی منداڵان کاریگەری دابنێن.

نەرێنیبوونی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە نووسەر بەبێ ئەوەی گرینگی بە دەروونی منداڵان بدات، بەرهەمیان بۆ بنووسێت. هەروەها کاتێک دایک و باوک بەبێ سەرنجدانی تایبەت چیرۆک دەگێڕنەوە یان کتێب بۆ منداڵەکانیان دەخوێننەوە، ئاگاداری ئەوە نین کە تا چەند ئەم چیرۆکانە بەهۆی ترسەوە دەبێتە هۆی زەبردان لە منداڵان و لاوازبوونی خەیاڵیان. هەروەها کاریگەریی لەسەر داهاتوویان دەبێت.

هەندێک لە دایکان پێش خەوتن چیرۆکی شازادە بۆ منداڵەکانیان دەخوێننەوە و ئەم چیرۆکانە ئیلهامبەخشی زۆرێک لە فیلمەکان بوون و مایەی دڵخۆشییەکی گەورەن بۆ منداڵان، بەتایبەتی بۆ کچان، بەڵام ئەو چیرۆکانە پڕن لە بیرکردنەوەی کۆن کە زیانیان بۆ منداڵان هەیە. چونکە زۆربەی ئەو چیرۆکانە وەک "سیندرەلا" کە هەر لە منداڵییەوە لە مێشکماندا بوون، چونکە کۆمەڵێک بیرکردنەوەی ڕەگەزپەرستانەیان تێدایە، دەتوانن کاریگەریی خراپیان لەسەر کەسایەتیی منداڵ هەبێت.

هەمیشە پرەنس گیری کردووە و ناتوانێت هیچ بکات تا شازادە دێت و ڕزگاری دەکات. چیرۆکی وەک ئەمانە وا لە منداڵان دەکات وا بیر بکەنەوە کە کچ نابێ جگە لە جوانی و باشی، هیچی تری هەبێت و هیچی تر بزانێت. هەروەها پێویستە هەمیشە چاوەڕێی هاوسەرگیری بکات تا ئەو پیاوە بێت و ڕزگاری بکات. ئەم چیرۆکە هەمیشە دەتوانێت ژنێکی ملکەچ لە خەیاڵی منداڵاندا دروست بکات.

جگە لەوەش لەو چیرۆکانەدا هاوسەرگیری گەورەترین پاداشتە، ئەم چیرۆکانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر بیرکردنەوەی منداڵ هەیە و وایان لێ دەکات منداڵییان خۆش نەوێت.

جگە لە چیرۆکی وەک ئەمانە، هەندێک چیرۆک هەن کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر خەیاڵی منداڵان هەیە و ترسیان تێدا دروست دەکەن. لە ڕابردوودا دایکان و باوکان چیرۆکی ترسناکیان بۆ منداڵەکانیان دەگێڕایەوە بۆ ئەوەی شەوانە نەچنە دەرەوە و زوو بخەون، بەبێ ئەوەی بزانن ئەم چیرۆکانە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داهاتووی منداڵەکانیان دەبێت. لێرەدا پرسیارمان لە هەندێک کەس کرد کە تەمەنیان لە سەرووی ١٨ ساڵەوەیە سەبارەت بەوەی کە لە چی دەترسن و چ چیرۆکێکیان لەبیرە کە تا ئێستاش وەک ترسێک لەگەڵیاندایە؛ وڵامیان ئەوە بوو کە چیرۆکەکانی وەک "سەگ تۆ دەخوات، گورگی مانجۆ، قەرەچی، نەسزی، پیرهەبۆک، گورگی حەوت سەر و هتد."

درێژەی هەیە...

KURDŞOP
1484 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!