محەمەد ساڵح دیلان گۆرانیبێژێکی شاعیر

دیلان لەسەردەمێکدا دەستی کردووە بە شیعر نووسین کە دەتوانین لە بواری ئەدەبی کوردیدا بە سەردەمی دابڕانی ناوبەرین. چون لەو سەردەمەدا یەکەم جووڵانەوەکانی شاعیر و نووسەرانی کورد بە ئاقاری نوێخوازیدا دەستی پێ کردووە.

 

"محەمەد ساڵح دیلان"، کوڕی "مەلا ئەحمەدی دیلان"، کوڕی مەلا ساڵح، کوڕی "مەلا قادری شەو خوێن"ە. بۆیە ئاوا ڕەچەڵەکی دیلان باس دەکەم، چون پێم وایە لەسەر بڕیاردانی بۆ هەڵبژاردنی بواری هونەرییەکەی کاریگەر بووە.

بنەماڵەی دیلان لە شاری "قەڵاچوالان" پایتەختی پێشووی ئەمارەتی بابانەوە هاتوون. ساڵح دیلان ساڵی ١٩٢٧ لە گەڕەکی گوێژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە. هەر لەوشارەش خوێندنی ناوەندیی تەواو کردووە و وەک مووچەخۆری فەرمانگەی تووتن دامەزراوە.

ساڵی ١٩٤٨ و لەتەمەنی نزیک بیست ساڵییەوە دەست دەکا بە شیعر نووسین. لە ماوەی تەمەنیدا بە هۆی کار و چالاکیی سیاسی و دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە، چەندین جار دەخرێتە بەندیخانەوە. ئەو هونەرمەندە سەرنجام ساڵی ١٩٩٠ کۆچی دوایی دەکا.

ئەوەی لەسەر ساڵح دیلان پێویستە بگوترێ ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی کورد ئەو هونەرمەندە بە گۆرانیبێژێکی گەورە و خاوەن شێواز دەزانن. دەنگی ساڵح دیلان لە ناو کۆی گۆرانیبێژانی کورددا دەنگێکی بێ وێنە و تایبەتە. ئەو گۆرانیبێژە هێند بە توانا و خاوەن دەنگێکی بەرز و لە گوتنی گۆرانی و بەتایبەت مەقامات دا مامۆستا بووە، زۆریەک لە گۆرانیبێژە بە ناوبانگەکانی کورد لە ژێر کاریگەریی ئەودابوون. بۆ وێنە گۆرانیبێژێکی وەک "عەزیز شاڕوخ" کە خۆی لە بواری مووسیقای کوردیدا خاوەن شێوازێکی تایبەتە، خۆی بە قوتابیی ئەو هونەرمەندە گەورەیە دەزانێ و لە چەندین وتووێژدا باسی ئاستی بەرزی دەنگ و مەقامبێژی و وەستایەتیی دیلان لە مۆسیقادا دەکا. بەڵام سەیر لەوەدایە کە دیلان خۆی پێ شاعیرە و تەنانەت دەگێڕنەوە کە بەوە قەڵس بووە خەڵک بە گۆرانیبێژی بزانن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئاستی هونەری ئەو لە گۆرانیدا یەکجار بەرزترە لە ئاستی هونەری لە بواری شیعردا.

لە ژیاننامەکەشیدا کە لە کۆتاییی دیوانەکەیدا و لە لایەن "دکتۆر عەبدوڵڵا ئاگرین"ەوە نووسراوە، هەموو وردەکارییەکانی ژیانی ساڵح دیلان وەک شاعیر و چالاکی سیاسی باس کراوە و تەنانەت ڕستەیەکیش باسی ئەوە نەکراوە کە هونەری گۆرانیبێژیی دیلان چ ئاستێکی بەرزی هەیە. "مەقامی ئەژدیها" و گۆرانیی "نەورۆز" و دەیان بەستە و ئاهەنگی دیکەی دیلان شایەدی بەرز بوونی کاری مۆسیقایی دیلانن. وێدەچێ پێشینەی بنەماڵەییی ئەو، لەو بڕیارەدا کاریگەریی بووبێ.

بەڵام سەرەڕای کاری گۆرانیبێژی، با بزانین دیلانی شاعیر کێ بووە و چیی کردووە؟

دیلان لەسەردەمێکدا دەستی کردووە بە شیعر نووسین کە دەتوانین لە بواری ئەدەبی کوردیدا بە سەردەمی دابڕانی ناوبەرین. چون لەو سەردەمەدا یەکەم جووڵانەوەکانی شاعیر و نووسەرانی کورد بە ئاقاری نوێخوازیدا دەستی پێ کردووە. کەسانی وەک "شێخ نووری شێخ ساڵح" و "عەبدوڵڵا بەگی گۆران" بە ناسینی ئەدەبی ڕۆژئاوایی، هەڵبەت شێخ نووری لە ڕێگای زمانی تورکی و ناسینی قوتابخانەی ئیستانبوڵ و گۆران لە ڕێگای زمانی ئیبگلیزی و فەڕەنسییەوە بزووتنەوەیەکی تازەیان لە شیعری کوردیدا ساز کرد.

هاوکات لەگەڵ گۆران، زۆریەک لە شاعیرانی دیکە دەستیان کرد بە ئەزموونی نوێ و شێوازەکەی گۆرانیان تاقی کردەوە. شێوازی گۆرانیش بریتی بوو لە جۆرێک ناتۆرالیسمی نوێ و گەڕانەوەیەک بۆ کێش و سەروای شیعرە فۆلکلۆرییەکان و واز هێنان لە عەرووزی عەڕەبی.

لە لایەکی دیکەوە شیعر لەو سەردەمەدا ناوەرۆکیشی گۆڕانی بەسەرداهات و فەزای کۆمەڵایەتی و سیاسی، ڕەنگدانەوەیەکی زۆری لە شیعردا هەبوو. هەر دوو باسی پێشوو لە شیعری ساڵح دیلاندا ڕەنگیان داوەتەوە. شیعرێک بە زمانێکی ساکارەوە کە لە زمانی خەڵکی ڕەشۆکی وەرگیراوە و هەموو کەس لێی تێدەگات و کێش و فۆڕمیش هەمان کێش و فۆڕمی ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردییە.

ئەو جۆرە نووسینە ئەگەرچی ڕواڵەتەکەی ساکارە بەڵام ئەگەر بتهەوێ دەقێکی هونەریی لێ بەرهەم بێنی کە هەم ساکار بێ و هەم هونەری بێ، پێویستی بە داهێنان و نوێگەریی "گۆران" هەیە و کەمتر شاعیری دوای گۆران ئەو کارەی پێ ڕاپەڕێندراوە و تەنانەت دیلانیش کەمتر توانیوێتی تێیدا سەرکەوتوو بێ. بەڵام ئەوەی لە شیعری دیلاندا گرینگە، نیگای ئەوە بۆ ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی کوردستان و ئاوڕدانەوە لە ڕووداوە سیاسییەکانی جیهانیش لە لایەکی دیکەوە. بۆ وێنە دیلان لە شیعری بەرز و درێژی "شەڕ و ئاشتی"دا ئاوێتەیەک لە ژانی جیهانی و ناوچەیی دەبێتە ناوەرۆکی شیعرەکەی و لە زمان "مامە پیرە"یەکەوە باسی شەڕی یەکەمی جیهانی دەکا، بەڵام لە شیعری "کوندەپەپووی شەڕ"دا باسی دەرد و ژان و چەوسانەوەی نەتەوەی کورد دەکا. یان شیعری "شێخ مەحموودی زیندووی" بۆ کەسایەتییەکی شوناس سازی کورد نووسیویە. لە لایەکی دیکەوە ئاوڕی لە دیاردە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردیش داوەتەوە و لە پەنجەرەی ئەو دیاردانەوە دۆخی کوردی وێنا کردووە. ناسراوترین شیعری ساڵح دیلان ڕاست شیعرێکە کە لەو بوارەدا نووسیوێتی. شیعری "مامە کوڕنوو" ناسراوترین دەقی دیلانە.

ئەو شیعرە زۆر گۆرانیبێژ ئاهەنگیان لەسەر داناوە و کوتوویانەتەوە. بیسەر و خوێنەر بە هۆی ناوەرۆکی کۆی شیعرەکەوە وا هەست دەکا دەبێ "مامە کوڕنوو" قارەمانێکی گەورە بووبێ. بەڵام لە ڕاستیدا کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی شاری سلێمانی بووە کە بە "ئەحەی کوڕنوو" ناسراوە و پیشەی فرۆشتنی نۆکی کوڵاو بووە و قسە خۆش و نوکتە بێژ بووە. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە دیلان ئەو کەسایەتییە شۆخی باز و تەنز بێژەی کردووەتە بەردەنگی شیعرەکەی و زۆر وریایانە تەزادێکی سەیری دروست کردووە.

مامە کوڕنوو شۆخی باز و دەم بە پێکەنین بووە و شاعیر بانگی دەکا کە:

 

مامە کوڕنووی ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم

سەر ڕەحەت دڵ بێ گرێ، گوێ شل کە بۆداستانەکەم

 

جا ئەو داستانەی کە بۆ مامەکوڕنووی ئێستا مردووی دەگێڕێتەوە پڕە لە ناخۆشی.

 

جودا لەو شێوازە شیعرە، کارێکی دیکەی کە دیلانی شاعیر کردوویەتی شیعر نووسینە بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی گەلانی ژێر دەستی دونیا. بۆ وێنە شیعری بۆ "لۆمۆمبا" نووسیوە. شیعری بۆ "مارتین لۆترکینگ" نووسیوە. بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەلجەزایر و کۆنگۆ و ... زۆر لایەنی ڕزگاریخوازی دیکەی شیعر نووسیوە کە نیشاندەری ئاگایی ئە لە ڕەوت و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی جیهانە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش ساڵح دیلان گۆرانیبێژێکی گەورە بوو کە شیعری دەنووسی و بەشێک لە شیعرەکانی لە لایەن گۆرانبێژە گەورەکانەوە پێشوازییان لێ کرا و ئاهەنگیان لەسەر دانرا. وەک شیعری  "مامە کوڕنوو "، "ئەی باڵداری ناو هێلانەی سەر پۆپی درەخت" و "ئەی تریفەی مانگە شەوی زێوینی ئاسمان".

KURDŞOP
665 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!