یەکەم ڕۆژی پاییز و وەبیرهێنانەوەی ستەمێکی گەورە

"ئەرێ بەڕاستی! منی کورد، بۆچی دەبێ بە زمانی فارسی بخوێنمەوە و بنووسم؟! ئەرێ بۆچی منی کورد تەنانەت یەک کتێبی کوردیشم نییە کە فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایکیی خۆم بکات؟! ئەرێ بۆچی لەو کتێبانەدا بە منی کورد دەڵێن سنوورپارێزانی غەیوور (مرزداران غیور)؟! بۆچی منداڵی فارس مافی خۆیە بە زمانی دایکیی خۆی بخوێنێت و بنووسێت، بەڵام من ئەو مافەم نییە؟! و دەیان پرسیاری جۆراوجۆری تر...

 

- ڕۆژ قادری

 

کە منداڵ بووین، چەندە حەزمان لە نەورۆز و یەکەم ڕۆژی بەهار بوو، هێندەش حەزمان لە ١ی ڕەزبەر و یەکەم ڕۆژی پاییز بوو، چونکە قوتابخانەکان دەکرانەوە. بنەماڵەمان جلوبەرگ و پێڵاوی نوێ و کەلوپەلی قوتابخانەیان بۆ دەکڕین و دەچووینەوە قوتابخانە. هەڵبەت هەموو منداڵێک حەزی لە کرانەوەی قوتابخانەکان نەبوو، ئەوەی زیرەک بوو و لە وانەکانی باش تێدەگەیشت، حەزی لە قوتابخانە بوو.

منیش حەزم لە قوتابخانە بوو، لە وانەکانمدا باش بووم، لەوێ هاوڕێی نوێم دەدۆزییەوە و پێکەوە یاریمان دەکرد، نیگارمان دەکێشا و شتی نوێ فێر دەبووین و... بەڵام ئەوکات قەت لەو تەمەنەدا بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە لەو قوتابخانانەدا چ ستەمێکی گەورە لە خۆمان و نەتەوەکەمان و خاکەکەمان دەکرێت.

وردەوردە کە تەمەنم دەچووە سەرترەوە، ئەو پرسیارانەم لەلا دروست بوون: "ئەرێ بەڕاستی! منی کورد، بۆچی دەبێ بە زمانی فارسی بخوێنمەوە و بنووسم؟! ئەرێ بۆچی منی کورد تەنانەت یەک کتێبی کوردیشم نییە کە فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایکیی خۆم بکات؟! ئەرێ بۆچی لەو کتێبانەدا بە منی کورد دەڵێن سنوورپارێزانی غەیوور (مرزداران غیور)؟! بۆچی منداڵی فارس مافی خۆیە بە زمانی دایکیی خۆی بخوێنێت و بنووسێت، بەڵام من ئەو مافەم نییە؟! و دەیان پرسیاری جۆراوجۆری تر...

دوای دروستبوونی ئەو پرسیارانە لە مێشکمدا، ئیتر وەک سەردەمی منداڵی، تامەزرۆی ١ی ڕەزبەر و کرانەوەی قوتابخانە نەبووم، چونکە ئیتر هەستم بە ستەمێکی گەورە کردبوو کە دەرحەق بە من و منداڵانی کورد و نیشتمانەکەم کوردستان دەکرێت. چونکە ئیتر ئەو شوناسە سەپێندراوەم فام کردبوو و هەستم بەوە کردبوو کە "من کێم و جیاوازیم لەگەڵ ئەویتردا چییە."

پۆلی ١٠ بووم (یەکەمی دەبیرستان)، مامۆستایەکمان هەبوو کە هەمیشە لەگەڵ خۆی کتێبێکی کوردیی دەهێنایە پۆلەوە. دوای کۆتاییهاتنی وانەکانی و لە چەند خولەکی کۆتاییی پۆلەکەدا، کتێبەکەی پێ دەناساندین و چەند پەڕەیەکی بۆ دەخوێندینەوە. ئەوە هەوڵەی ئەو مامۆستایەمان، گەورەترین کاریگەریی لەسەر من دانا، هەرچەند دواتر زانیم کە مەبەستی ئەوە بووە کە: "فێری خوێندنەوەی کتێب ببین؛ حەزی خوێندنەوەی چیرۆک و شیعری کوردی لە ئێمەدا دروست ببێت؛ فێری نووسین و خوێندنەوە بە زمانی دایکیی خۆمان بین و وردەوردە لەنێو ئەو هەمووە ئاسمیلاسیۆنەدا خۆمان بدۆزینەوە و خۆمان ڕزگار بکەین."

ئەو پرسیارانەی کە لە مێشکمدا دروست ببوون، لەگەڵ هەوڵەکانی ئەو مامۆستایەم، منی لە دونیایەکی ترەوە بردە دونیایەکی دیکەوە. ئەو پارەگەلەی کە بنەماڵەم پێیان دەدام تاکوو لە قوتابخانە خواردنی پێ بکڕم، کۆم دەکردنەوە و چەند جارێک بەو مامۆستایەم دا تاکوو کتێبی کوردیم بۆ بکڕێت. پارەکە کەم بوو، بەڵام مامۆستاکەم قەت نەیدەگوت ئەوە کتێب ناکات، خۆی پارەی لەسەر دەخست و کتێبی بۆ دەکڕیم. ١٥ ساڵان بووم، شیعری مامۆستا قانع، مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمنم دەخوێندەوە و لەبەرم دەکردن و زیاتر لە هەمیشە هەستم بەو ستەمە گەورەیە دەکرد کە لێم دەکرێت.

سەرەتاکان بەزەحمەت کوردیم دەخوێندەوە، بەڵام هێندەم خوێندەوە تاکوو بەجوانی فێر بووم، دواتر خۆم فێری ڕێنووسیش کرد. مامۆستا قانع، مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن بوون بە یەکەم مامۆستاکانی زمانی کوردیی من. دواتر بەرەو نووسەران و شاعیرانی تری کورد چووم و ئەوانیش بوون بە مامۆستای من. هەڵبەت ئەوان تەنیا مامۆستای زمانی کوردیی من نەبوون، بەڵکوو بوون بە ڕێنیشاندەری من.

ئەوە ١٥ ساڵ لەو ڕۆژانە تێدەپەڕێت. من "خۆم" دۆزییەوە و لەم ١٥ ساڵەدا هەمیشە هەوڵم ئەوە بووە کە کوردانی تریش خۆیان بدۆزنەوە، تاکوو بگەینە ئەو ڕۆژەی کە هێندە هێزمان هەبێت کە یەکجارەکی خۆمان و خاکمان و زمانەکەمان ڕزگار بکەین. چونکە لەسەر ئەو باوڕەم کە تاکوو خۆمان نەدۆزینەوە و تاکوو مێشکمان لە داگیرکاری ڕزگار نەکەین، قەت ناتوانین خاکەکەمان لە داگیرکاری ڕزگار بکەین.

هەرچەند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوورم، هەرچەند قوتابخانە و زانکۆشم تەواو کردووە، بەڵام ئەوە دیسانەوە بە بیستنی هاتنی ١ی ڕەزبەر و کرانەوەی قوتابخانەکان، وێڕای بیرەوەرییەکانی ئەو سەردەمە، ئەو ستەمە گەورەیەشم وەبیر هاتەوە و زۆر زیاتر لە پێش، لە داگیرکەرانی خاکەکەم بێزارم.

ئێستا دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر وەک ئەو ساڵانەیە کە من قوتابی بووم، تەنانەت بگرە هەندێک بابەت زۆر توندتر بووەتەوە. ئاسمیلاسیۆنی حکوومەتی ئێران دژی کورد و منداڵانی کورد بەردەوامە؛ نەتەنیا خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان قەدەغەیە، تەنانەت خوێندن و نووسینی کوردیش لەوێ قەدەغەیە. هەموو کتێبەکان بە زمانی فارسین و ئێستاش شوناسی ئەویدی بەسەر منداڵانی کورددا دەسەپێنرێت. ئێستاش منداڵانی کورد بەپێی ئایدیۆلۆژیی سیستەمی زاڵ پەروەردە دەکرێن.

دۆخی ئابووریی بنەماڵەکانیش ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت. زۆرێک لە بنەماڵە کوردەکان تەنانەت ناتوانن جلوبەرگی نوێ بۆ منداڵانیان بکڕن، ناتوانن کەلوپەلی قوتابخانەیان بۆ بکڕن. هەر بەم هۆیەوە هەزاران منداڵی کورد لە چوون بۆ قوتابخانەکان بێبەری کراون. هەزاران منداڵی کورد لەسەر شەقامەکان و لە شوێنە پیشەییەکان کار دەکەن و...

وێڕای هەموو ئەمانە، بنەماڵەکان و مامۆستایانی کورد نابێ کەمتەرخەم بن. وێڕای ئاسمیلاسیۆن و سەپاندنی ئایدیۆلۆژیی سیستەمی سیاسی و زمانی نەتەوەی باڵادەست، دەبێ ئێمە لە پەروەردەکردنی منداڵانی کورد ڕانەوەستین. هانیان بدەین کتێبی کوردی بخوێننەوە. فێری نووسین و خوێندن بە زمانی کوردییان بکەین. فێریان بکەین کە ئەوان کێن و نیشتمانی ڕاستەقینەیان کامەیە. دەبێ فێریان بکەین شوناسیان چییە. دەبێ نەهێڵین ئایدیۆلۆژیی سیستەمی سیاسی و فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست، لە مێشکیاندا بچەسپێت. نابێ بهێڵین نەتەوەکەمان لەنێو نەتەوەی باڵادەستدا بتوێتەوە و نابێ بهێڵین زمان و فەرهەنگمان لەنێو بچێت. دەبێ منداڵانمان فێر بکەین کە لە بەرامبەر ناحەقی و پێشێلکردنی مافەکانیان بێدەنگ نەبن. دەبێ فێر بکرێن لەسەر مافی خۆیان پێداگری بکەن و هاوار بکەن کە "ئێمەیش هەین، ئێوە قەت ناتوانن ئێمە بتوێننەوە."

KURDŞOP
592 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!