مولازم تەحسین و ڕوخساری ئیدئۆلۆژیکی ئەوین

ئەو چیرۆکەی فەرهاد پیرباڵ سەرکێشییەکی لە جۆری پەروەردەکردنی کەسایەتیی مرۆڤی کورد تێدایە. ئەوەندی لە ڕۆمان و نووسینی کوردیدا کەسایەتیمان دیوە، زیاتر مرۆڤی کورد لە بەرانبەر ئەویترەکەیدا پێناسە کراوە و کەسایەتییەکەی نەخشێنراوە. مەگەر کەسانێک کە خۆفرۆشن و ڕەگەڵ ئایدیا و بیری دژە نەتەوەیی کەوتوون و وەک خۆفرۆش و خائین و جاش پێناسەکراون. ئەوانەش لە گێڕانەوە کوردییەکاندا کەسایەتیگەلێکی ناخۆشەویست و دژە قارەمانن.

دوکتور ئازاد موکری

 

نۆڤلێتی "مولازم تەحسین و زۆر شتی تریش" یەکێک لە نووسینەکانی شاعیر و چیرۆکنووسی بەتوانای کورد "فەرهاد پیرباڵ"ە. فەرهاد پیرباڵ چ لە شیعر و چ لە چیرۆکەکانیدا، بە نووسەرێکی داهێنەر و نوێکار ناسراوە و لە زۆربەی کارەکانیشیدا، ئەوەی زیاتر لای خوێنەر زەق دەبێتەوە تەکنیک و فۆڕمە لە گێڕانەوە و نووسیندا. لە نۆڤلێتی مولازم تەحسینیشدا، پیرباڵ هەر لە سەرەتاوە حەولی داوە ئەوە بە خوێنەر بسەلمێنێ کە لەگەڵ بەرهەمێکی تایبەت و تەکنیکی بەرەوڕوویە. ئەو ویستەشی لە هەڵبژاردنی تەکنیکێکی گێڕانەوەدا بەرجەستە دەکاتەوە، کە چیرۆک بە دوو هێڵی جودادا دەچێتە پێش و هەرکام بەسەرهات و ڕەوتێکیان بۆ ڕووداوەکان تێدا پێشبینی کراوە. لەسەر ئەو جۆرە تەکنیکە لە نووسینی دیکەدا زیاتر دەدوێین و بە جێی دێڵین بۆ مەجالێکی دیکە. ئەوەی لەم نووسینەدا دەمهەوێ جەختی لەسەر بکەم هەڵگرتنی پەردە لە ڕووی کۆی چیرۆکەکەیە، لەباری کاریگەریی ئایدۆلۆژییەوە. ئەو چیرۆکەی فەرهاد پیرباڵ سەرکێشییەکی لە جۆری پەروەردەکردنی کەسایەتیی مرۆڤی کورد تێدایە. ئەوەندی لە ڕۆمان و نووسینی کوردیدا کەسایەتیمان دیوە، زیاتر مرۆڤی کورد لە بەرانبەر ئەویترەکەیدا پێناسە کراوە و کەسایەتییەکەی نەخشێنراوە. مەگەر کەسانێک کە خۆفرۆشن و ڕەگەڵ ئایدیا و بیری دژە نەتەوەیی کەوتوون و وەک خۆفرۆش و خائین و جاش پێناسەکراون. ئەوانەش لە گێڕانەوە کوردییەکاندا کەسایەتیگەلێکی ناخۆشەویست و دژە قارەمانن. ئەوەش هەر لە قەدیمەوە هەبووە و کۆنترین سەرچەشنیشی "بەکری مەرگەوەڕ"ە لە چیرۆکە شیعری "مەم و زین"ی "ئەحمەدی خانی" و دەقی فۆلکلۆرییەکەشیدا کە دژە قارەمانێکی ناخۆشەویستە و هەڵبەت ڕۆڵێکی گرینگیشی لە کۆی گێڕانەوەکەدا هەیە.

لەنۆڤلێتی مولازم تەحسیندا، بە پێجەوانەی ئەو نەریتە، کەسایەتیی مرۆڤی کوردی قارەمانی چیرۆک – هەڵبەت قارەمان بە واتای کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆک نەک بە واتایەکی بایەخدانەرانە- سۆزانییەکە بە ناوی ئەختەر. کەسی بەرانبەریشی کە کەسایەتیی دووەمی بەهێزی ناو ئەو چیرۆکەیە، ئەفسەرێکی جەللادی بەعسییە بە ناوی مولازم تەحسین. کەسایەتیی سێهەم و گرینگ جوامێرە کە کۆنە ئەوینداری ئەختەرە.

بەشی زۆری چیرۆکەکە لە غیاب و نەبوونی جوامێردا دەگێڕدرێتەوە، بەڵام جوامێر لە ناو گێڕانەوەی ژنانی کۆڵاندا حوزووری هەیە و لەو ڕێیەوە نووسەر ڕۆڵی جوامێر نیشان دەدا و پێگەی کۆمەڵایەتی و جۆرەی کەسایەتییەکەی دادەڕێژێ. دوو کەسایەتیی گرینگی دیکە ئەختەر و مولازم تەحسین، لە دوای ئەوەی ڕۆژێک مولازم دەچێتە پشکنینی ماڵی ئەختەر، لەگەڵ یەک ناسیاوی پەیدا دەکەن و تا دوا دێڕی چیرۆک، ئامادەیی و حوزووری ئەوان ترپەی دڵی چیرۆکەکەی بە دەستەوەیە.

سەرەتا ناسیاوییەکی ئاسایی و دواتر ئەوینێکی گەرم و گوڕ لە نێوان ئەو دوانەدا دەست پێ دەکا.

ئەختەر لە لایەک پەیوەندیی لەگەڵ جوامێر هەر نەپساندووە و تا ئێستای ناو چیرۆکەکەش، هەر پەیوەندییان گەرم و گوڕە و جار جار شەوان جوامێر لە شاخەوە دادەبەزێتە شار  و دەچێ و سەردانی ئەختەر دەکا. بەڵام ئامادە نییە لەگەڵ خۆی بیباتە شاخ و وەک پێشمەرگەکانی دیکە ژنەکەی ڕەگەڵ خۆی خا. لە لایەکی دیکەوە هەموو جارێک کۆڵێک بەیانییە و نوسراوەەی حیزبی دەداتە ئەختەر و لە ڕێگای ئەوەوە لە نێو شاردا بڵاوی دەکاتەوە. ئەوەش کارێکی ئەستەم و مەترسیدارە و لە سیستەمی خوێنخۆری بەعسدا واتاکەی تەنیا کوژران و ئیعدامە.

هەرچی کاتی چیرۆک زیاتر تێدەپەڕێ، ئەوینی مولازم تەحسین بۆ ئەختەر ئاورینتر دەبێ و وای لێ دێ بەردەوام داوای ئەوە لە ئەختەر دەکا ڕەگەڵی کەوێ و بچنە بەغدا و وەک ژن و مێرد پێکەوە بژین.

جار لەگەڵ جار نووسەر بە گێڕانەوەی کاتی پێکەوە بوونی ئەو دوو کەسایەتییە و گێڕانەوەی دیالۆگەکانیان خوێنەر لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە ئەختەریش خەریکە گیرۆدەی جەللادی خۆی و گەلەکەی دەبێ و وردە وردە ئەو بڕوایە لە زەینی دەردەکا کە ئەو، عەڕەب، دوژمن و بەعسییە.

ئەوین پەردەکانی مێژوو لەسەر ڕوخساری تۆزگرتووی ناسین لادەبا و ئەوەی لای ئەختەر دەمێنێتەوە ڕووناکی و خۆشەویستییە.

لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵگاش کە نوێنەرەکەیان چەند ژنی ناو کۆڵانن، بیر و ڕای جیاواز لەسەر کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆک واتە ئەختەر دەردەبڕن؛ تاقمێک بە سۆزانییەکی بێ ئەخلاق و تاقمێک بە جاسووسی پێشمەرگە و تاقمێکیش بە سیخوڕی بەعسی دەزانن.

ئەختەر لە نێوان دوو ئەویندا گیری کردووە. ئەوینی پێشمەرگەیەک کە نایخوازێ و کاری مەترسیداری شۆڕشی پی ڕادەپەڕینێ و ئەوینی ئەفسەریکی بەعسی کە شێتانە خۆشی دەوێ و حازرە هەموو کارێکی بۆ بکا و تەنانەت دەست لە پیشەکەی خۆشی هەڵبگرێ.

ئەو ڕەوتە لە چیرۆکەکەدا کاتێک بە هاوسەنگی دەگا کە خوێنەر هەست دەکا وردە وردە هەست و سۆزی ئەختەر بەرەولای مولازم تەحسین قورسایی دەکا. بەردەوام خۆ ڕازاندنەوەی بۆ مولازم تەحسین و سازکردنی کفتەی سابوونکەران و مانەوەی بە ڕووتی لە ئامێزی و ... زۆر شتی تریش، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەختەر لە ناسینیدا خەریکە شیفت و وەرچەرخانێک ساز دەکا. ئەو خەریکە دوانەی عەڕەب-کورد، بەعسی-پێشمەرگە، لە بیر دەباتەوە و بەرەو تاقانەیی و یەکبوون لەگەڵ ئەوینەکەی دەبزوێ. ئەگەرچی هیچ کات بە تەواوی مل نادا بۆوەی ڕەگەڵ مولازم تەحسینی  ئەوینداری جەللادی بکەوێ و بچێتە بەغدا.

رووداوێک هەموو ڕووداوەکانی دیکە و تێکڕای پێشینەی چیرۆکەکە دەخاتە دۆخێکی نائاساییەوە. هەروەها ئەو ڕووداوە توانای پێشبینیی خوێنەریش تووشی کێشە دەکا.

تەقینەوەی نیو کیلۆ تی‌ئێن‌تی لەناو بازاڕی سلێمانیدا، کە بڕیاڕ بووە لەبەر دەرکی بانکێک دابنرێ و کەمێک سەرووتر تەقیوەتەوە و خەلکێکی زۆری کوشتووە.

دوا بەدوای ئەوە، ڕفێنرانی کوڕی کابرایەکی دەوڵەمەند لە لایەن پێشمەرگەوە دۆخەکەی هێندی دیکە شێواندووە. مولازم تەحسین دەبێ وڵامدەر بێ. چون بەرپرسی سیستەم و پارێزەری ئایدۆلۆژیای بەعسییە لە سلێمانیی ناو چیرۆکەکەدا.

کابرای دەوڵەمەند کە کوڕەکەی ڕفێنراوە و پێشمەرگە لە بەرانبەر پارەدا کوڕەکەی دەدەنەوە، پازێلی ئاڵۆزی پشێوییەکانی شار بۆ مولازم تەحسین ڕێک دەخاتەوە. ئەختەر وەک بکەر و جاسووس دەناسێنێ. ئەختەر کە مولازم تەحسین ئەوەی پێ دەڵێ بێ درۆ هەموو شتێکی بۆ باس دەکا و باسی ئەوینی خۆی و جوامێریش دەکا. مولازم تەحسین داوای لێ دەکا بڕۆنە بەغدا و ببنە ژن و مێرد. ئەختەر بۆ یەکەم جار قەبووڵی دەکا.

بڕیاڕە وەک دوا شەو لە ماڵەکەی ئەختەردا میوانی بێ. بەڵێنی دەداتێ کە تەنانەت ئەگەر جوامێر بشبینێ کاری پێی نەبێ.

ئەختەر گیرۆدەی ئەوین و ئامادەی هەڵفڕین لەگەڵ مولازم تەحسینە. بەڵام مولازم تەحسین ئاوری ئایدۆلۆژیای بەعسی لە دڵیدا بڵێسەی ستاندووە و بەتەمای تۆڵەیە و هەموو ئەوانەی شاردووەتەوە. لەئاکامدا شەوێک لەماڵی ئەختەر سەری جوامێر دەبڕن و وەک دوا ڕستە بە سەربازەکانی دەڵێ: ئەو قەحبە پیسەش ببەن لێرە جێی نەهێڵن. ئەختەر ئابڵۆقەدراو لە نێو چەکدارەکان، هەر دەگریا و بە هەر دوو دەست قژی خۆی دەڕنییەوە و بەدەم چەمۆڵە لە خۆنانەوە دەڵاڵایەوە و لە ڕووی خۆی دەدا:

وەیش...وەیش...وەیش...ئەختەر لەوە زیاتر نەیدەزانی هیچی تربکا و هیچی تر بڵێ...

KURDŞOP
641 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!