هەبوو نەبوو، من زمانێکم هەبوو (نەبوو)!

ئەو چەمکانەی کە نەمدەتوانی بە زمانی باڵادەست یان بێگانە لێیان تێبگەم، ئێستا لە سێبەری زمانی کوردیدا لە مێشکمدا ڕوونتر بوونەتەوە.

فەرات دەمیرئۆغلو

جارجار هەستم دەکرد شتێک کەمە، بەڵام نەمدەزانی ئەو شتە چییە؟ نەمدەتوانی شتەکان دەرببڕم، هەندێکجار دەمگوت هەست بە شتەکان ناکەم یان هەمیشە لە خۆمدا کەمن. چاوەڕێی ئەوە بووم خۆم ببینمەوە. هیچ شتێک نەبوو ڕۆحێکم پێ ببەخشێت. بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕام. لە زانکۆ لە تاریکیدا خەریک بوو خۆم لێ ون دەبوو. هیچ شتێک باش نەبوو، هەر تاریکی بوو، سەرم گێژی دەخوارد و نەمدەتوانی پشتم ڕاست بکەمەوە. لەنێوان بیرکردنەوە و بیر و باوەڕی ئەبستراکتدا دەهاتم و دەچووم. من لەنێو ئەواندا بەدوای ئازادیدا دەگەڕام، پێویستم بە ڕێگایەک بوو! هەر جارێک سەردانی شوێنێکم دەکرد، شتێک نەمابوو. من لە سێبەری ئەو ئایدۆلۆژیا و باوەڕانەدا لە زۆر شت تێگەیشتم، بەڵام هێشتا کەمیی هەبوو.

کتێبێکی کورمانجیم وەدەست کەوت و ویستم تێبگەم باسی چی دەکات، بەڵام نەمتوانی لە بابەتەکەی تێبگەم. زۆر وشەی ئاشنای تێدا هەبوون و پڕ بوو لەوانەی کە دەمزانی، ڕستە هەبوون کە من باش لێی تێدەگەیشتم، بەڵام لە دەقەکاندا ون نەدەبووم، لە پاڵەوانەکان تێنەدەگەیشتم - هەرچەندە دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەم کتێبانە، چ ڕۆمان، چ شیعر و چ چیرۆک، لە ڕووی ئەدەب و گێڕانەوەوە دەوڵەمەندن، بۆیە ئەرکی تێگەیشتن لێیانی قورستر کرد - پاڵەوانەکان لەبەرچاوم وێنا نەدەبوون. هەموو ئەو کتێبانە لەلایەن دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئەوروپا چاپ کراون و بە ڕێکەوت گەیشتوونەتە دەستم. یەکێک لەوانە ژانی گەل بوو لە نووسینی ئیبراهیم ئەحمەد و لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمالێوە لە تورکیا چاپ کراوە. لەنێویاندا کتێبی "مردنی پیاوێکی پیر"ی محەممەد ئوزون هەبوو کە لە ئەوروپا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی دۆزەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. زمانی محەممەد ئوزون زمانێکی فراوان بوو، لە ڕووی زمانەوە لە منەوە نزیک بوو.

لەبیرم نییە چەند جار ئەو کتێبانەم خوێندووەتەوە، چەند جار وشەی نەناسراوم لەبەر کردووە و لە ڕستەدا بەکارم هێناوە، تەنانەت کاتێک لە هاوڕێکانمم پرسی ئەم وشانە مانایان چییە، هاوڕێکانم گاڵتەیان پێ دەکردم و دەیانگوت ناتوانی خۆت باشتر بکەیت و لە دەرەوەی وڵات گەورە بوویت. بەڵام ڕاستییەکە بەو شێوەیە نەبوو، چونکە من سێ ساڵم لە دەرەوەی وڵات بەسەر بردبوو. دایک و باوکم کورمانجی و دملییان دەزانی و لێی تێدەگەیشتن، بەڵام من هەر شارەزای زمانی خۆم نەبووم. هەروەها فەرهەنگێکی گیرفانیی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دۆزم هەبوو، هەمیشە لەگەڵم بوو. هەمیشە زیاتر گرینگیم بە زمانەکە دەدا.

ئەوکات دەزگای چاپ و پەخشی ئاڤێستا لە ئامەد لقێکی کردەوە و ئیتر من هەر کوردیم دەخوێندەوە. کاتێک خۆمم بینی کە پێشکەوتووم و زیاتر لە دەقەکان سوودمەند بووم، پاڵنەرم بۆ خوێندنەوە زیادی کرد. چەند مانگێک جگە لە کورمانجی بە هیچ زمانێک قسەم نەدەکرد، سەیری هیچ تەلەڤیزیۆنێکی بیانیم نەدەکرد.

هاوڕێ کۆنەکانم کە ماوەیەکی زۆر بوو یەکترمان نەبینیبوو، کە منیان بینی، بەهۆی کورمانجی قسەکردنمەوە سەرسام بوون. پاشان سەرنجی ئەو ڕۆژانەم دا کە کورمانجییەکەم لاواز بوو. لەو ساتەدا تێگەیشتم کە زمانم کراوەتەوە، زیاتر قسە دەکەم، تەنانەت لەبەر ئەوەی کورمانجیم باشتر بووە، لە بواری فێربوونی زمانی بێگانەدا سەرکەوتوو بووم. لە هەمووی خۆشتر ئەوە بوو کە بۆم دەرکەوت کە بە کورمانجی بیر دەکەمەوە و ئیتر بە زمانی سەردەست بیر ناکەمەوە. سەرلێشێواوی و بێدەنگیی من لەو کاتەدا هەمووی بەهۆی ئەمەوە بوو.

ئەو چەمکانەی کە نەمدەتوانی بە زمانی باڵادەست یان بێگانە لێیان تێبگەم، ئێستا لە سێبەری زمانی کوردیدا لە مێشکمدا ڕوونتر بوونەتەوە. ڕستە و وشەکانی زاراوەی تر یان ئەوانەی لەبیرم چووبوون، هەموویان یەک بە یەک دەهاتنەوە بیرم و هیچ کێشەیەکم نەبوو کاتێک لە ڕستەدا بەکارم دەهێنان و هەمیشە دەمناسین.

دوای ئەم ئەزموونە زیاتر بایەخم بە زمان و تێگەیشتن دا. هەرچەندە ئەم بابەتە لە جیهاندا نوێ نییە، بەڵام بۆ من تازە بوو و ناچار بووم زیاتر بخوێنمەوە و سەرنجی لەسەر بدەم، بۆ ئەوەی مێشکم پاک بکەمەوە. لە کتێبەکانی Noam Chomskyەوە تا دەگاتە کتێبەکانی Jacques Derrida، گۆڤار و لێکۆڵینەوە لە وڵاتانی فرەزمان و فرە کولتوور، تا توانیم دەستم خست و خوێندمەوە. هەرچەندە زمانی تورکی لە گۆڤارەکەدا بەکار هێنراوە، بەڵام لەنێو بڵاوکراوە کوردییەکاندا، ژمارەیەکی گۆڤاری بیر لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ من ڕێنوێنێک بوو و گۆڤارەکە سەبارەت بە کاریگەریی ستەم لەسەر تێگەیشتن بوو.

دەزانم ئەم بابەتە دوورودرێژە و کاری من نییە لەبارەیەوە شتی نوێ بڵێم و لە ڕوانگەی زانستییەوە شتی نوێ بدۆزمەوە. به‌ڵام هه‌موو که‌سێکی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هەمان شت ده‌ژی، ئه‌گەر ئه‌و که‌سانه‌ی نێو وڵات، زمانی خۆیان نه‌زانن و له‌بیریان کردبێت، به‌هۆی کاریگەریی سته‌م لەسەر دەروون و تێگه‌یشتنه‌وه، به هه‌مان کێشه ده‌ناڵێنن و ئه‌وان لەوانەیە ئاگاداری هۆکارەکانی دۆخەکە نەبن، بەڵام ئەزموونەکانمان هاوشێوەن و ڕەنگە دەرمانەکەش هەمان دەرمان بێت.

KURDŞOP
688 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!