دوکتور ئازاد موکری
قوتابخانەی شیعری بابان بە هەبوونی کەسایەتی و قەڵەمی ناسراوی وەک"نالی شارەزووری" لە هەموو کوردستانی باشووردا کاریگەریی خۆی دانا و لە سەدەی نۆزدەهەمەوە پەلوپۆی کێشایە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە. لە ناو شاعیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەسایەتیی زانا و هەڵوارتەی سابڵاغی واتە "میرزا عەبدولڕەحیمی سابڵاغی" ناسراو بە "وەفایی" یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو کە هەموو بەرز و نزمییەکانی ئەو قوتابخانە شیعرییەی ناسی و لێی ورد بووەوە و بە ڕادەی تایبەت کاریگەریی لێ وەرگرت و زۆر شتی تازەشی لێ زیاد کرد.
راستە دوا بە دوای وەفایی و هاوکات لەگەڵ ئەویش شاعیرانی دیکەی کورد هەبوون کە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی ئەو شێوازە تازە ئەدەبییەوە و، دەسەڵاتی زمانی و شێوازی خوڵقاندنی مانا و تەنانەت خواستنەوەی وشەکان و سازکردنی ڕێکەوەندی تازە، لە لایەن نالییەوە، وای کردبوو کەم شاعیر بتوانێ لەو جەغزە دەرباز ببێ و لە جەغزی لاسایی بێتە دەرێ، بەڵام وەفایی شاعیرێکی کارامە بوو. ئەو توانی هەم کاریگەری لەو زمان و دەربڕینە وەربگرێ و هەم لێشی دەرباز ببێ.
وەفایی شاعیرێکی دەستەوەستان نەبوو کە کتومت شێوە زمانی نالی دووپات کاتەوە. ئەگەر بە شێوەی نێواندەقی لە بەرهەمی شیعری وەفایی و نالی بڕوانین، کاریگەریی نێواندەقی وەبەرچاو دەکەوێ. بەڵام وەفایی خۆی کەسێکی داهێنەر بوو و هەڵبەت بواری خوێندنەوە و ڕۆشنبیریشی ئەوەندە بەربڵاو بووە کە بتوانێ خۆی تاق بخاتەوە و زمانێکی تایبەت بۆخۆی دەستەبەر بکا. بە دەیان شیعری وا لە دیوانی وەفاییدا هەن، کە نەتەنیا مۆرکی نالی، بەڵکوو مۆرکی هیچ شاعیریکی دیکەیان بەسەرەوە نییە و ئەوەش تەنانەت ئەو وتەیەی مامۆستا "موحەمەد عەلی قەرەداغی" ڕەت دەکاتەوە کە پێی وایە وەفایی هەر لەو بازنەیەدا خولاوەتەوە.
زمانی شیعری وەفایی لە زمانی شیعری نالی نەرم و نیان و سەمیمیترە. داڕشتنی تەعبیرەکانی لە زۆر پارچە شیعریدا، لە هی نالی تەنانەت شاعیرانەترە و ئەوەندەی لە شیعری نالیدا، تەکنیک و کایە بە "ئەلفازی خۆکردی"، لە لووتکەدایە و عەقڵییەتی پیکهێنانی فەزای زمانی و تەکنیکی زاڵە، بەو ڕادەیە لە شیعری وەفاییدا، هەست بە سەر ئەو کایە دەستکردەدا زاڵە و کەشێکی ناسک و شاعیرانەتر بەرچاو دەکەوی. ئەو بەراوردە بەو واتایە نییە کە لە پلە و پایەی بەرزی نالی کەم بێتەوە. بەڵکوو بەراوردەکە زیاتر بەو بارەدایە کە لەیەکیاندا هزری داهێنەرانە کارایە و لەیەکیاندا هەستی داهێنەرانە چالاکە. ئەوەش بەو مانایە نییە کە یەکیان لەو لایەنەی دیکە بە تەواوی بێ خەم بووبی، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە قورسایی کاری یەکیان لەسەر هزری داهێنەرانەیە و قورسایی بەرهەمی ئەوی دیکەیان، بەلای هەستی داهێنەرانەدا دەشکێتەوە. هەڵبەت لە بەرهەمی هەر دوو شاعیردا، نموونەی واش هەیە کە ئەو قسەیە ڕەت بکاتەوە.
بۆ وێنە وەفایی لەو غەزەلەدا شەپۆلی هەستی بە سەر هزریدا زاڵە:
لەو ڕۆژەوە دوور بۆتەوە سایەت لەسەری من
سووتاوە لەتاوت هەموو جان و جگەری من
جەرگم هەموو لەت لەت بوو بە سێڵاوی سروشکم
چ بکەم کە بە دەریا چووە لەعل و گوهەری من
دەیفەرموو لەسەر خاکی دەری خۆی کە منی کوشت:
جەننەت بەسە بۆ خوێنی شەهیدی نەزەری من
قەت وا دەبێ خاکی دەری تۆ تاجی سەرم بێ؟
ئەو دەوڵەتە بۆ من نییە، هەی خاک بە سەری من!
زولفت کە وەکوو شامی غەریبانە لەوێدا
حاڵی چییە داخۆ دڵەکەی دەربەدەری من؟!
وەک بولبولی شەیدا بە هەزار نەغمە دەناڵێم
جارێکی گوڵم گوێ بدە ناڵەی سەحەری من
دیم هاتە عەیادەت دەمی پڕ خەندە بوو یەعنی
ڕۆح و دڵی بیمارە دەوای گوڵشەکەری من
بێ نۆرە دڵم هێندە لەسەر یەک مەشکێنە
ڕوو وا بکە شەوقێکی بدا تا فەنەری من
زولفت سەبەبی جەزبی دڵم بوو، بە برۆی تۆ
کافر بووە بۆ قیبلەیی من ڕاهبەری من
خۆش بەو دەمە ساقی لە دەری مەیکەدە فەرمووی:
ئەو جامە لە من بگرە وەفایی بەسەری من
کەچی ئەگەر لەوشیعرەی نالی بڕوانین، دەبینین هزری داهێنەرانە لە لەفز و واتادا شەپۆل دەداتەوە و باری تەکنیکی و جوانکاری لە بواری وشە ڕۆنان و دەستەواژەی نوێ داڕشتن، بەسەر هەستدا زاڵە:
حلقه در گوشی کەفی ڕەنگینی تۆیە ئەم دەفە
با نەناڵێ، لێی مەدە عَنْ لَطْمِهِ كفَّ الْكفَه!
نەی، کە ساحیب سێرڕە، سەر تا پا بە ئەمری کنْ کونە
باتینی قِفْ قِفْ عَلی سِرِّی، بە زاهیر قەف قەفە
خۆشترە عوزری گونەهکاران لە سەد زیکری ڕیا
ئەم بە نەرمی عەفوە عەفوە، ئەو بە توندیی عەف عەفە
شێخی و سەر لنگە دەستاڕی بە دەستاری بوزورگ
ڕەندم و، دەستاری کەللـەی من دەفە، نەک میندەفە
خادیمی مەخدوومییە، ماقووڵی ناماقووڵییە
لەم دەرە ئاسەف سولەیمانە، سولەیمان ئاسەفە
ساحێبی علم الکتابە موتریبی هودهود نەفەس
یا سولەیمانە لە اخوان الصفا، ئاسەف سەفە
جامی تاقی مەیکەدە میشکاتی قەندیلی دڵە
شیشە پڕ قەرقەف لە ڕەفڕەف شاهی عالی ڕەفڕەفە
تەبعی نالی توندە ئەمڕۆ، یا بە نەشئەی نیم نیگاهـ
مەستی ڕەحڕاح و مەی و ڕاح و قەراح و قەرقەفە؟!
بەڵام سەرەڕای ئەوەش حاشا لە کاریگەریی نالی لەسەر بیری وەفایی ناکرێ. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە وەفایی ئەو کاتانەش کە لە ژێر کاریگەریی بیر و پێکهاتەی شیعری نالیدایە، بیری لە سەربەخۆییی شاعیرانە کردووەتەوە. بۆ وێنە نالی لە شیعری "مەستوورە"دا، هەوڵ دەدا جۆرێک ئەدەبیاتی جیاواز تاقی بکاتەوە کە تا ئەو کات لە شیعری کوردیدا نموونەی نەبووە. زمانێکی ڕووت و شیعریکی مەیلەو ئیرۆتیک بە دەربڕینێکی پڕ لە سەنعەت و سوار و دەوڵەمەندەوە. وەفاییش لە شیعری "شیرین تەشی دەڕیسێ"دا، لەو بوارەدا تاقیکاریی خۆی کردووە. کەچی هەوڵی داوە سنووریک هەبێ لە نێوان ئەو دوو ئەزموونەدا. زمانی وەفایی دیسان زمانێکی داپۆشراوتر و نەرم و نیانترە لە نالی. جودا لەوانە وەفایی بە هۆی ناسیاوی لەگەل مووسیقا و ئاوازی کوردیدا، لە زۆر غەزەلیدا زمانی تا ئەوپەری ساکاری بردووە کە لەو بابەتەدا تەنیا چەند نموونە لە شیعری نالیدا هەیە. بۆ وێنە وەفایی لە غەزەلی:
نەخۆش و مەستی دوو چاوی کاڵم
حەقم بە دەستە ئەگەر بناڵم
بە غەمزەی چاوت بە خەندەی زارت
بردیان بە غارەت خەو و خەیاڵم
زمانی تا ئاستی زمانی ڕۆژانە سادە کردوەتەوە و جاری وایە پاڵی وە زمانی شیعری فۆلکلۆری داوە. ئەزموونی وا کە بۆ شاعیرانی کلاسیک شتێکی ناباوە. ئەو ئەزموونە ناباوە لە شیعری وەفاییدا نموونەیان زۆرە و دەتوانین ئاماژەی دیکە ببینینەوە وەک:
ئەو چاوانەی وا خوماری نازن
بە ئیما ئیمانم لێ دەخوازن
هاتە دەر وەک ڕۆژ شای شەکەر لێوان
غەمزەکە و ڕەمزی تورکی پێش تازن
دەستی هێنا دەر پێی لە سەما دا
چاو مەستن چاو بەستن یا سیحر بازن
ئەو ئەزموونەی وەفایی لەگەڵ ئەو شین گێڕییەی بۆ "شێخ عوبەیدوللای نەهری"ی نووسیوە ڕێگایەکی تازەی لە ئەدەبیاتی کوردیدا کردەوە، کە لەنووسینەکانی داوتردا زیاتری باس دەکەین.
کەسی سێهەم لە چەپەوە: وەفایی