"ئەخۆل" و دەرکەوتنی لە دەلاقەی چەند بەرهەمی درەوشاوەوە

ماوەی چوار ساڵ مانەوە لە بنکەیەکی ڕۆشنبیری کە کەسێکی ڕۆژنامەوان و زمانزان و شاعیری وەک پیرەمێردی لێ بووە، بۆ ئەخۆل قوتابخانەیەک بووە. سەرەڕای  ئەوەی هەر لەو ڕۆژنامەیە لەگەڵ بەرهەمی هەموو ئەو شاعیر و نووسەرانەش کە ئەوکات بە کوردی دەیاننووسی و بابەتیان بۆ ڕۆژنامەکانی ژین و ژیان دەنارد ناسیاوی پەیدا دەکا.

 

لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا زۆر شاعیر هەن کە دیوانی قەبە و بە بارستایان هەیە و بە سەدان شیعریان لە بەرهەمەکانیاندا تۆمار کردووە کە زۆربەیان لە ئاستێکدان و وەک شاعیر و نووسەری جیددی و شوێندانەر ناسراون. بەڵام هەشن ئەو شاعیر و نووسەرانەی کە بەرهەمیان کەمە و لە ڕێی ئەو بەرهەمە کەمانەیانەوە جێگە و پیگەیەکیان بۆ خۆیان کردووەتەوە و تەنانەت تاقمێکیان بەرهەمیشیان زۆرە و لەناو کۆی بەرهەمەکانیاندا، چەند دەقێکیان بە باشی درەوشاوەتەوە و لە نێو ئەدیبان و ڕۆشنبیراندا جێگای خۆیان کردووەتەوە.

 یەکێک لەو شاعیرانە کە دیوانێکی ١٧٠ لاپەڕەیی لە پاش بە جێماوە، بەڵام بە هۆی چەند دەقی درەوشاوە و بە هێزەوە ناوبانگی دەرکردووە "ئەحمەد دەروێش عەبدوڵلا" ناسراو بە "ئەخۆل"ە. ئەخۆل ساڵی ١٩١١ی زایینی لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی دەرگەزێن لەدایکبووە. هۆی ناوە تاقانەکەی وەکی خۆی لە ژیاننامەکەیدا باس دەکا ئەوە بووە کە؛ دایک و باوکی لە خۆشەویستی هەر لەمنداڵییەوە پێیان وتووە ئەحۆل و ئامۆزایەکی منداڵێشی دەبێ بەهۆی زمان گیرانەوە پێی دەڵی ئەخۆل و ئیتر ئەو ناوەی بەسەر دادەبڕدرێ و دواتریش ئەو هەر ئەو ناوە دەکاتە نازناوی شیعری خۆی.

ئەخۆل بە هۆی بارودۆخی ئاڵۆزی سەردەمی منداڵی کە هاوکات بووە لەگەڵ شەڕی جیهانیی یەکەم و شێوانی شاری سلێمانی، نەیتوانیوە بەردەوام دەرس بخوێنێ و بە شێوەی پچڕپچڕ لە شارەکانی سلێمانی و بەغدا تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی دەرس دەخوێنێ و پاشان مل دەنێتە بەرکار. بەختی ئەخۆل لەوەدا بووە کە لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە دەبێتە کارەکەر لە چاپخانەی سلێمانی کە ئەوکات ڕۆژنامە ناسراوەکانی "پیرەمێرد"ی نەمریان لێ چاپ دەکرا. واتە دوو ڕۆژنامەی "ژ ین" و "ژیان".

ماوەی چوار ساڵ مانەوە لە بنکەیەکی ڕۆشنبیری کە کەسێکی ڕۆژنامەوان و زمانزان و شاعیری وەک پیرەمێردی لێ بووە، بۆ ئەخۆل قوتابخانەیەک بووە. سەرەڕای  ئەوەی هەر لەو ڕۆژنامەیە لەگەڵ بەرهەمی هەموو ئەو شاعیر و نووسەرانەش کە ئەوکات بە کوردی دەیاننووسی و بابەتیان بۆ ڕۆژنامەکانی ژین و ژیان دەنارد ناسیاوی پەیدا دەکا. لەوانە لەگەڵ بەرهەمی شاعیرانی نوێخواز و شوێندانەری وەک "گۆران" و "شێخ نووری شیخ ساڵح" ئاشنا دەبێ کە ئەوان خۆیان لە ڕێگای زمانی بیانی و ناسیاوی لەگەڵ شیعری هاوچەرخی تورکیا لە ڕەوتی شیعری نوێ گەیشتبوون و بناخەکەیان لە باشووری کوردستان دامەزارندبوو.

لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ شاعیرانی دیکەی وەک "فایق بێکەس"،"مەدهۆش"، "شێخ سەلام"، "ئیبڕاهیم ئەحمەد"یش پەیوەندیی بووە و براکەشی واتە "کامەران موکری" بۆخۆی لە پێشەنگانی واتای تازە و ڕێبازی نیۆکلاسیکی شیعری کوردی بووە. هەموو ئەو بابەتانە و توانایی و هۆگریی خۆشی دەبنە هۆی ئەوەی ئەخۆل سەرەڕای خوێندەواریی کەمی دەست بکا بە شیعر نووسین و بە دەیان شیعر لە ڕۆژنامەکانی ئەوکاتدا بڵاو بکاتەوە. وەک نووسەریش لە ڕۆژنامەکانی ژین و ژیان و گەلاوێژ و ڕۆژی نوێدا کاری کردووە و بەرهەمی بڵاو کردووەتەوە. یەکەم دیوانە شیعریشی بە ناوی "پەیمان و شیوەن" لە ساڵی ١٩٧٠ بڵاو دەکاتەوە.

 شیعری ئەخۆل لەباری پێکهاتە و ناوەرۆکەوە، بەسەر دوو سەردەمی جیاوازدا دابەش دەکرێن. سەردەمی یەکەمی شاعیرێتی ئەخۆل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی بەر لە ١٩٣٠. تا ئەوکاتە ئەو شاعیرە بە هۆی هۆگری  بە شاعیرە گەورەکانی کلاسیکی کوردی، وەک نالی و مەحوی و حەمدی و کەماڵی و بێکەس و ... زمان و دەربڕینی لە پانتای گوتاری شیعری کلاسیکدا دەخولاوە. واتە قاڵبە شیعرییەکان هەمان ئەو قاڵبانە بوون کە شاعیرانی پێش خۆی دەکاریان کردبوو. لەلایەکی دیکەشەوە، ناوەرۆکیش ناوەرۆکێک بوو کە هەموو شاعیرانی کلاسیک کاریان پێ کردبوون. فەزایەکی خەیاڵی کە دابڕاوە لە دەرد و ژانەکانی کۆمەڵگا. لەو شیعرانەدا شاعیر لە پلەی عاشقێکدا باسی عەشقی ئەفلاتوونیی خۆی و مەحبووبەیەک دەکا کە وەسفەکانی لە نێوان مرۆڤ و پەری و بوونەوەرێکی نائاسایی لە هاتوچۆدان. واتە شیعری ئەوسەردەمەی هەم ناوەرۆکی کۆنە و هەم مرۆڤی ناو شیعرەکان کەڵکەڵەی مرۆڤێکی مودێڕنیان تێدا نییە و زمانیش پڕاوپڕە لە وشە بیانییەکان کە لە زمانەکانی دیکەوە دزەیان کردووەتە ناو شیعرەکانەوە.

 سەردەمی دووەمی شیعری ئەخۆل لە ١٩٣٠ بەولاوە دەست پێ دەکا. واتە بە پێی ئەو گۆڕانانەی لە شیعری کوردی باشووریدا پێکهاتووە بەتایبەت لە بەرهەمی شاعیرانی نیۆکلاسیکی وەک نووری، کاکەی فەلاح، هەردی، کامەران موکری و... شیعری ئەویش هەم ڕوخسار و پێکهاتەی دەگۆڕدرێ واتە لە کێشی عەرووزییەوە ڕوو دەکاتە کێشی بڕگەیی کە بە کێشی خۆماڵی ناسرابوو، هەمیش کەڵکەلەی مرۆڤی کوردی سەردەم دەخزێتە ناو دەقەکانییەوە. ئەگەر شاعیرانی کلاسیک مەبەستیان عیرفان و فەلسەفەی ئیسلامی و عەشقی ئەفلاتوونی و... بووە لێرەدا مەبەست دەبێتە نیشتمان و دەرد و ژانی گەلی کورد لە لایەک و لە لایەکیش خۆی وەک مرۆڤێکی زەمینی ئەویندار دەبێ و ژان دەبینێ و لەکۆمەلگادا دێ و دەچێ .

 بە هۆی ساکار بوونی زمانییەوە زۆر بەرهەمی ئەخۆل لە لایەن گۆرانیبێژانەوە ئاوازیان لەسەر دانراوە و لە نێو خەڵکیدا ناسراون. ئەو شیعرانە هەم شیعرە عەرووزییەکان و هەم شیعرە بڕگەییەکانی دەگرێتەوە. بۆ وێنە شیعری بەناوبانگی "سکاڵا لەگەڵ بولبولدا"لەلایەن زۆر هونەرمەندی گۆرانیبێژەوە گوتراوە کە ئاوا دەست پێدەکا:

بەهارە بولبوول، بولبوول بەهارە

سەرەتای ناڵەی سەودایی زارە

وەرە بناڵین بە جووت لە شەودا

ئێمە شەو بێدار بێ خەم لەخەودا

شیعرێکی دیکەی کە لەسەر  کێشی بڕگەییە و لە لایەن زۆر کەسەوە وەک گۆرانی کوتراوەتەوە شیعری "بەیادی جارانە".

ئەو شیعرەش ئاوا دەست پێدەکا:

ئای چەند گرفتاری تۆم

 جگەر برینداری تۆم

 دڵبەستەی زنناری تۆم

 ئای چەند گرفتاری تۆم.

 شیعرە نیشتمانییەکانیشی کە بە زۆر بۆنەوە بۆ شەهیدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردستانی نووسیون بەشێکن لە بەرهەمی ئەخۆل. بەڵام ناسراوترین و پوختترین شیعری ئەخۆل غەزەلێکە بە ناوی "پەیمان و شیوەن" ئەو شیعرە زمان و دەربڕینەکەی تازەیە و لە ناورۆکیشدا لەگەڵ کۆی حەولە شیعرییەکانی پێش خودی ئەخۆل جیاوازە. شایانی باسە ئەو شیعرە بەرزەش لە لایەن مامۆستا "عەلی مەردان"ەوە ئاوازی لەسەر داندراوە.

شەرتە تا ڕۆژی حەشر خولیای من بێ چاوی یار

وێڵی سەحرابم هەمیشە تەرک ئەکەم خوێش و دیار

شەرتە خوێنم یا بە گریان ئەڕژمە سەفحەی عەدەم

یا بە شمشێری ڕەقیبانا ئەبێ بتکێتە خوار

شەرتە وەک مەجنوونی بێکەس دەشت‌وکێو بێ مەسکەنم

تا بەداخی لەیلەوە دەمنێنە قەبری تەنگ‌وتار

شەرتە وەک فەرهاد قوڵنگی یادی شیرین هەڵگرم

تا لە پای کێوی فیراقا جێ دەهێڵم یادگار

شەرتە وەک یەعقووب لە دووری یوسفی گومگەشتەکەم

سینە پڕ غەم، دیدە پڕ نەم تا ئەبەد نەگرم قەرار

شەرتە وەک ئازیزمردە سەر لە ئەژنۆ بەرنەدەم

بۆ دڵەی وێڵ و غەریبم دائیما بگریم بە زار

شەرتە وەک بولبول بە شیوەن قەت لق و چڵ بەرنەدەم

تا دەمی خونچەی ئەمەل نەکرێتەوە سوبحی بەهار

شەرتە وەک دێوانە کەشکۆڵ و عەسایەک هەڵگرم

بیخەمە لاوە بە جارێ عیززەتی نەفس و ویقار

شەرتە بمبێ تاجی خەسرەو گەنجی قاڕوون تەختی کەی

هەر لە دەرگای ئەوا بمرم کەساس و خاکسار

شەرتە ڕەنگین کەم لە داخی تۆ بە ئەشکی دیدەکەم

عەرد و بەرد و شاخ و داخ و لالەزار و جوێبار

شەرتە یا حەسرەت لەگەڵ خۆما ئەنێمە قەبرەوە

یا ئەبێ بمژم لە خونچەی نەو شکۆفەی لێوی یار

KURDŞOP
729 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!