"مەلا عیسامەددینی شەفیعی" لە نێوان  ئاییین و نەتەوەدا

لە شیعرە کوردییەکانیشی دا، کە بە داخەوە زۆر کەمیان لە بەردەست دان، دەردەکەوێ مەلا عیسامەددین لە باری زمانییەوە لە ژیر کارتێکەری شاعیرانی وەک "نالی" و "مەحوی" دایە و لە چەند دووبەیتیش دا، زمانێکی ساکار و ڕەوانی ڕۆژانەی بەکار هێناوە، کە نیشاندەری ئەوەیە ئەویش وەک شاعیرانی سەدەی بیستی موکریان حەولی داوە زمانی شیعر بەرەو ساکار بوونەوە و پاک کرانەوە لە وشەی عەڕەبی و فارسی بەرێ.

 

ناوچەی موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە درێژاییی مێژووی چەند سەد ساڵەی ڕابردووی ئێران و بە تایبەت لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە، گرینگییەکی تایبەتی بووە. هەم مەکۆی سەرهەڵدانی چەندین بزووتنەوەی بەهێزی نەتەوەیی بووە و هەم شوێنی ژیان و پەروەردەی سەدان ڕۆشنبیر و نووسەر و زانای ئایینی و ئەدیبی ناوبەدەرەوە بووە. لە لایەکی دیکەوە موکریان بە هۆی بوونی چەند بنکەی زانستی ئایینی لە شارەکانی مهاباد و بۆکان و ئاواییەکانی وەک حەمامیان و تورجان و ... بە دەیان زانای ئایینیی خوێندەواری تێدا هەڵکەوتووە کە لە بواری ئاییندا، خاوەن بەرهەمن و هەر لەناو ئەو  چینەدا تاقمێکیشیان خاوەنی بەهرەی ئەدەبی و زمانێکی پاراو لە نووسین بە زمانەکانی کوردی و فارسی و عەڕەبی بوون.

یەکێک لەو زانایانە کەسایەتیی خوێندەوار و شاعیری بەتوانا "مەلاعیسامەددینی شەفیعی" ناسراو بە "کامی"یە  کە سەرەڕای ئەوەی ناو و ناوبانگی وەک مەلایەکی خوێندەوار زۆرە، بەڵام لە پەنا ئەوەشەوە شاعیرێکی لێهاتوو بووە و ئەو دەقانەی کە لە کەشکۆڵ و کتێبە کۆنەکاندا لێی تۆمار کراوە توانای ئەو لە نووسین بە زمانی  کوردی و لە شیعردا بە باشی وەدەر دەخەن.

 بەڵام با سەرەتا بزانین مەلا عیسامەددین کێ بووە و کەی و لە کوێ هاتووەتە سەر دونیا. ئەو پیاوە زانایە ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی مانگی لە ئاوایی "عەمبار" سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە. کوڕی مەلا شەفیع بووە کە ئەویش لە مامۆستای ئایینی و وانەبێژی بنکە زانستییە ئایینیەکان بووە و پاش ٧٤ ساڵ تەمەن لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کردووە.

ئەو کەسایەتییە بە پێچەوانەی زۆربەی مەلاکانی دیکە، جودا لە کاروباری  ئایینی بەرانبەر ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوچە هەستیار بووە و ئەو ڕووداوانە لە شیعرەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. بۆ وێنە لە سەردەمی شەڕەکانی جیهانیی یەکەم و دووەم و هێرشی ڕووسیا بۆ عوسمانی و ئێران شیعرێکی حەماسیی نووسیوە کە تێیدا باسی داگیرکاریی ڕووسیە دەکا و هەڵبەت بە هۆی ئەوەی عوسمانییەکان سوننە مەزهەب بوون خۆی بە لایەنگری عوسمانی دەزانێ و ڕاشکاوانە لە شیعرەکەیدا باسی ئەو بابەتە دەکا.

 مەلا عیسامەددین لە لای باوکی واتە "مەلا شەفیع" دەرسی خوێندووە و لەگەڵ شاعیری گەورەی موکریان "سەیفولقوزات" پەیوەندیی هەبووە چون سەیفولقوزاتیش سەردەمێک لای مەلا شەفیع زانستی ئایینی خوێندووە. هەر دوو شساعیریش پەیوەندییەکی زۆریان لەگەڵ خانەقای "شێخ شەمسەددینی بورهانی" بووە کە لە ڕێبەرانی تەریقەتی نەقشبەندی بووە لە موکریان. ئەو پێوەندییە کاریگەریی لەسەر ناوەرۆکی شیعری مەلا عیسامەدین داناوە و بەشێک لە شیعرەکانی ڕەوتێکی عارفانە و خوداناسانەیان هەیە و بەهۆی هۆگرییشی بە کەسایەتیی شێخی بورهانەوە زۆر شیعری لە ستایش و پیاهەڵدانی ئەو کەسایەتییەنووسیوە. شایانی باسە کە خانەقای شێخی بورهان شوێنی خوێندن و سەهەڵدانی زۆر شاعیری ناسراوی کورد وەک هەژار و هێمنی موکریانی و سەیفولقوزاتیش بووە.

کامی یان مەلا عیسامەددین لە شیعرە فارسییەکانی دا، لە ژێر کاریگەریی شیعری شاعیرانی وەک حافز و سەعدی شیرازیدا بووە.

مەلا عیسامەددین لە شیعرێکی ناسراوی فارسیی خۆی دا، لە بەرانبەر شاعیری گەورەی فارس "مەولانای ڕۆمی" ڕادەوەستێ. مەولانا شیعرێکی ناسراوی هەیە بە ناوی "نەی نامە" کە پێشەکی کتێبە مەزنەکەی واتە "مەسنەوی مەعنەوی"یە. مەولانا لەوێدا بە بەیتێکەوە شیعرەکە دەست پێدەکا کە ئەو بەیتە شیعرە، لە ئەدەبیاتی فارسیدا یەکجار ناسراوە

بشنو از نی چون حکایت میکند

 از جداییها شکایت  میکند

از نیستان تا مرا ببریدەاند

از نفیرم مرد و زن نالیدەاند و ...

واتە  گوێ بۆ نەی ڕادێرە، بزانە چی دەڵێ، باسی جودایی و لێکدابڕانەکان دەکا. لەو سەردەمەوە کە منیان لە قامیشەڵان بڕیوە و دایانبڕیوم، لەبەر ئاه و ناڵەم ژن و پیاو وە ئامان هاتوون.

 مەلا عیسامەددین وڵامی ئەو شیعرە ناسراوەی مەولانای داوەتەوە و دەڵێ:

مشنو  از  نی نالەاش از بی دلیست

 بیدلان ڕا عاقبت بی حاصلیست

بشنو از من شور عشقم در سر است

نالەی عاشق نوای دیگر است ، ...

واتە

گوێ لە نەی ڕامەگرە و ناڵەکانی هی ئەوەیە ئەویندار نییە

ئەوانەی ئەویندار نینو هیچ ئاکامێکی باشیان دەست ناکەوێ

گوێ بدە منو کە تین و تاوی ئەوین لە سەرم دایە

ناڵەی ئەویندار، دەنگ و ئاوازێکی دیکەی هەیە.

 ئەوەی  کەسێکی وەک مەلا عیسامەددین لە بەرانبەر کەسێکی وەک  مەولانا ڕادەوستێ و ڕێگایەکی دیکە دەخاتە بەردمی خوێنەر و بەردەنگی خۆی، کارێکی گرینگ و بوێرانەیە لە  بواری  ئەدەبدا.

لە شیعرە کوردییەکانیشی دا، کە بە داخەوە زۆر کەمیان لە بەردەست دان، دەردەکەوێ مەلا عیسامەددین لە باری زمانییەوە لە ژیر کارتێکەری شاعیرانی وەک "نالی" و "مەحوی" دایە و لە چەند دووبەیتیش دا، زمانێکی ساکار و ڕەوانی ڕۆژانەی بەکار هێناوە، کە نیشاندەری ئەوەیە ئەویش وەک شاعیرانی سەدەی بیستی موکریان حەولی داوە زمانی شیعر بەرەو ساکار بوونەوە و پاک کرانەوە لە وشەی عەڕەبی و فارسی بەرێ.

 ڕووح وا لە سەری لێومە بۆ ماچی دەمی تۆ

ناڵێم ئەوە سەودایە  کەمی من کەرەمی تۆ

باڵات وەکوو ئاڵایە لە ژێر پەرچەمی زولفت

کێ بێ کە بە پێی خۆی نەیەتە ژێر عەلەمی تۆ

من کوردم و خزمەت دەکەم و تۆش لە جەزادا

 خوێنم دەڕژێنی بە نیشانەت عەجەمی تۆ

هەر لەو سێ بەیتە دا، توانای زمانی و هەڵبەت ئاراستەی فکریی مەلا عیسامەددین دەردەکەوێ. لە شیعرێکی ئەویندارانە دا،  نیشان دەدا کە ئەو چون کوردە خەریکی خزمەت و ئەویندارییە و یارەکەشی چون خەریکی ئازاردانییەتی و خوێنی دەڕژێنی، نیشانەی عەجەم، واتە دژە کوردەکانی پێوەدیارە. جودا لە هەموو جوانکارییە ئەدەبییەکان زمانی شیعرەکەش ڕەوان و دەوڵمەندە.

من کە شەیدایی عیشقی تۆم مەستم

چی دەڵێ دوژمنم چ دەربەستم

 لێوی لەعلت جنێوی داوە بە من

قینی بنیادەمە منیش گەستم

ئەو دوو بەیتیەش خاوەن زمانێکی ڕەوان و سادە و خۆماڵییە کە نیشانەی کاریگەریی ڕەوتی سادەکردنەوە و پاک کردنەوەی زمانی کوردی لە زمانی بێگانەی پێوە دیارە.

 

 

KURDŞOP
758 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!