مەلا غەفوور دەباغی لە پەندی پێشینیانەوە تا شیعری بەرەنگاری

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە مەلا غەفوور ئەگەرچی نابینا بووە، بەڵام وەسفەکانی هەم لە سروشت و هەم لە ژن یەکجار ورد بینانە و دەقیقن. تەعبیرەکانی هەموو تازە و شاعیرانەن و لەو بەشەدا کەمتر ڕەنگی لاسایی بە شیعرەکانییەوە دەبینرێ. بەشێکی دیکەی شیعرەکانی مەلا غەفوور شیعری بەرەنگارییە لەگەڵ زوڵم و زۆر و کەش و فەزایەکی سیاسییان بەسەردا زاڵە و ڕەنگدانەوەی بارودۆخی نالەبەری سیاسیی کورستانن.

 

"مەلا غەفوور دەباغی" کوڕی "دەروێش عەبدوڵلا" ساڵی ١٣٤٦ی کۆچیی مانگی، بەرانبەر لەگەڵ ١٣٠٦ی کۆچیی هەتاوی لە شاری سەقز لە دایک بووە. پاش ساڵێک ماڵیان دەچێتە شاری بانە و باوکی خەریکی کاری دەباغچێتی دەبێ، هەر بۆیە بە دەباغی دەناسرێن. هەر لە سەردەمی منداڵیی ئەودا، باوکی سەفەری  مهاباد دەکا و لەو دەمەدا ئەو نەخۆشیی خروێلکە دەگرێ و بە هۆی ئەوەی ناتوانن دەرمانی پێ بگەیەنن هەر دووک چاوی لە دەست دەدا.

بە هۆی نابینایی، باوکی هەر لای مەلا  و لە مزگەت و  حوجرە پێی دەخوێنێ تا خوێندنی قورئان تەواو دەکا.

ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی ماڵیان دەچێتە مهاباد. لەوێش لە لای مامۆستایانی ئایینی درێژە بە خوێندنی زانستە ئایینییەکان دەدا. تەفسیری قورئان و شەرع و فەلسەفە و ئەو زانستانە لە مزگەوتەکانی مهاباد تەواو دەکا. لە ساڵی ١٣٣٠ ڕا دەست دەکا بە نووسینی شیعر. سەرەتا شیعرەکانی بریتی بوون لە تاریف و زەممی خە ڵک، واتە زیاتر شتێک بوون بۆ گاڵتە و گەپی نێو هەڤاڵەکانی. پاشان وەکی بۆخۆی دەگێڕێتەوە لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوییەوە لەو ڕێیە لادەدا و دەست دەکا بە نووسینی شیعری جیددی وەک غەزەل و قەسیدە و پێنج خشتەکی.

لە ساڵی ١٩٥٦ ، ١٩٥٧ی زایینیدا هۆگری "رادیۆ کوردیی قاهیرە" دەبێ و ئەو ڕادیۆیە لە بووژاندنەوەی هەست و بیری ئەودا کاریگەریی دەبێ و دەبێتە هۆی زانیاریی زیاتری ئەو لەسەر ئەدەب و تۆرەی کوردی و زمانی پاراوتر دەبێ. لە ساڵی ١٩٥٨ی زایینی و پاش "شۆڕشی چاردەی تە مووز"ی عێڕاق، هەستی شاعیر گۆڕانێکی دیکەی بەسەردا دێ و ئەوجار کورادیەتییەکی بەهێز دێتە ناو دەقەکانییەوە. کاریگەریی شۆڕشی کوردی لەسەر دەقەکانی مەلا غەفوور ئەو لە شاعیرێکی گاڵتە نووسەوە دەکاتە شاعیرێکی دەروەست و نیشتمانپەروەر و جودا لەوەش زمان و دونیای بیری بەربڵاوتر دەکا.

لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاویدا فێری "خەتی بریڵ" کە تایبەتی نابینایانە دەبێ و بەو شێوەیە لە ئەزموونی قوتابخانەکانی ئێرانیشدا بەشداری دەکا و بڕوانامەی شەشەمی سەرەتایی وەدەست دێنێ.  بەوشێوەیە ئەوجار ئەوەی دەیهەوێ وەک شیعر بیڵێ بەو خەتە دەینووسێ و  لە سەر  کاسێت تۆماری دەکا.

یەکێک لە کارە هەرە دیارەکانی مەلا غەفووری دەباغی، کارێکی نایابە  بە ناوی "پەندی پێشینیان". مەلا غەفوور هەوڵی داوە بە هۆی  ئەوەی لەبەر نابینایی و بۆ وەرگرتنی خێر و سەدەقە هەموو دێهات و ئاوییەکان گەڕاوە، لەو گەڕان و پشکنینانەدا، لە هەر کوێیەی پەندێکی پێشینیانی بیستبێ لە مێشکی خۆیدا ڕایگرتووە و بیری لێ کردوەتەوە تا سەرنجام لە ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی، بڕیاڕ دەدا هەموو ئەو پەندانەی کە بیستوویەتی و دیانزانێ بکاتە شیعر. ئەو کتێبە نایابە ئێستا لە ٥٤٠ لاپەڕەدا و هەر بە ناوی "پەندی پێشینیان"ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

زمانی پەندەکان زمانێکی ڕەوان و پوختی کوردییە. پەندەکانی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و بە تایبەت موکریانی تێدایە، بەڵام ئەگەر پەندی ناوچەیەکی دیکەشی کردبێتە شیعر هەر بە زاراوەی سۆرانی نووسیویەتەوە. جودا لە زمانی ساکار و ڕەوانی پەندەکان، مەلا غەفوور، زۆر وریایانە کێشێکی خۆماڵی و بڕگەیی کە لە گۆرانییە کوردییەکاندا نموونەیان دەبینین بۆ شیعرەکان هەڵدەبژێرێ. ئەو بەرهەمە بەشێکی زۆر لە پەندی پێشینیانی کوردی لە فەوتان پاراستووە و زمانەکەشی هێند شیرین و ڕەوانە، زۆر یەک لەو شیعرانە کەوتوونەتە سەر زار و زمانی خەڵکی.

چەند نموونە لە پەندەکان کە مەلا غەفوور کردوونی بە شیعر:

 ١

ئەگەر قسەی حەق لە من دەپرسی

 تێر ئاگای نییە هەرگیز لە برسی

٢

هەرچی خۆت نەیکەی بێسوودە کاکە

بە دەستی خەڵکی مار بگری چاکە

٣

جارێکت خواردم بە سندانت بێ

دوو جارت خواردم نۆشی گیانت بێ

٤

زۆر بە نەفامم دێتە بەر نەزەر

کەسێک لەئەسپ دابەزێ بۆ کەر

 

ئەو نموونانە نێشان دەدەن کە مەلا غەفوور لە پەندەکاندا لە پێشدا کاکڵ و مەبەستی پەندەکەی گرتووە، پاشان هاتووە پێشەکییەکی نیو بەیتی بۆ ئەو واتا قووڵەی پەندەکە داڕشتووە و پێشەکیی پەندەکەی  لە نیوە  بەیتێ و خودی پەندەکەشی لە نیوە بەیتێکی دیکەدا هێناوە.  بۆ وێنە لە نموونەی یەکەمدا ئەسڵی پەندەکە ئەوەندەیە "تێر ئاگای  لە برسی نییە" ئەو لە پێشدا پێشەکییەکی بۆ ئەو پەندە داناوە و دواتر پەندەکەی هێناوە بۆوەی ڕیتمیکی بکا سەروا و قافیە ی بۆ ساز کردووە و  بەو شێوەیە پەندەکە لەسەر زمان خۆشتر دەکوترێ و چاکتریش لە بیر دەمێنێ.

بەرگی دووەمی بەرهەمەکانی مەلا غەفووری دەباغی بە ناوی "ئاسۆی ڕوون" بریتییە لە هەموو شیعرەکانی مەلا غەفوور، بە غەزەل و قەسیدە و پێنج خشتەکی و ...ەوە. لە شیعرەکانی مەلا غەفووردا چەند تایبەتمەندی دەبینرێن. بەشێک لە شیعرەکانی ئەو شاعیرە پێوەندییان بە ژیانی تاکەکەسیی خۆیەوە هەیە و باسی مەینەتی و نەداریی خۆی دەکا. لە بەشێک لە شیعرەکانیدا لە ڕێگای ئەو شیعرانەوە بە تەمای دروست کردنی پردی پەیوەندی لە نێوان خۆی و خەڵکدا بووە. بەشێکی جوانی شیعری مەلا غەفوور شیعری ئەویندارانەیە کە لەوپەڕی جوانیدان و شان لە شانی غەزەلی ئەویندارانەی باشترین شاعیران دەدەن.

 

ئەی جووتە مەمت عەینی هوڵووی تازە فەریکە

 فێداری دەسی تۆیە دڵم چارەسەری کە

گیان بۆتە پەپوولێک و لەدەوری شەمی ڕووتە

تا باڵ و پەڕی پاکی نەسووتاوە دەری کە

چاوت کە بەهاوکاری برۆت خەڵکی دەکووژێ

ئەگریجە لە پای چی لەگەڵ ئەو جووتە شەریکە

 دوژمن دەیەوێ تۆ بەتەڵا هەڵخەلەتێنێ

یا جوابی بە تێڵا بدە یا جارێ کەری کە

ئەو شاعیرە بێچاوە کە سەودا سەری تۆیە

تاوێ وەرە دەست باوە ملی بەختەوەری کە

 

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە مەلا غەفوور ئەگەرچی نابینا بووە، بەڵام وەسفەکانی هەم  لە سروشت و هەم لە ژن  یەکجار ورد بینانە و دەقیقن. تەعبیرەکانی هەموو تازە و شاعیرانەن و لەو بەشەدا کەمتر ڕەنگی لاسایی بە شیعرەکانییەوە دەبینرێ. بەشێکی دیکەی شیعرەکانی مەلا غەفوور شیعری  بەرەنگارییە  لەگەڵ زوڵم و زۆر و  کەش و فەزایەکی سیاسییان بەسەردا زاڵە و ڕەنگدانەوەی بارودۆخی نالەبەری سیاسیی کورستانن.

 

KURDŞOP
680 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!