ئەم تاقمە مومتازە - هێزی تایبەتی سوپای میرنشینی بابان لە شیعری نالیدا-بەشی1

شیعرەکەی نالی بە باسی دەستەیەکی تایبەتەوە دەست پێ دەکا کە بە "خاسسە" ناویان دەبا. لە مێژوی چەکداریدا و بە تایبەت لە ئیمپڕاتوورییەکانی عوسمانی و سەفەوی دا، هەر کام لە بەشەکانی سوپا ناوی تایبەتی خۆیان بووە. زاراوەی خاسسە، کە پێشگری خوڵامیشی لەگەڵ بووە، لە سەرەتاوە لە دەزگای دەسەڵاتی سەفەوییەکانەوە سەری هەڵدا.

 

وەکی "مامۆستا مەلا عە بدولکەریمی مودەڕیس" نووسیویە، نالی ئەو شیعرەی لە بارەی خوڵامە تایبەتەکانی دەرباری "بابان"ەوە نووسیوە کە دیارە هەڵبژاردەترین و شۆخترین و تازە هەڵچووترین کەسی ئەو دەوروبەرە بوون. واتە ئەو شیعرە بە گویرەی نوسخەیەکی کۆنی شیعری نالی کە مودەڕیس بە سەرچاوە وەریگرتووە لەسەری نووسراوە "لە پیاهەڵدانی خوڵامەکانی ئەحمەد پاشای بابانە".

شیعرەکەی نالی بە باسی دەستەیەکی تایبەتەوە دەست پێ دەکا کە بە "خاسسە" ناویان دەبا. لە مێژوی چەکداریدا و بە تایبەت لە ئیمپڕاتوورییەکانی عوسمانی و سەفەوی دا، هەر کام لە بەشەکانی سوپا ناوی تایبەتی خۆیان بووە. زاراوەی خاسسە، کە پێشگری خوڵامیشی لەگەڵ بووە، لە سەرەتاوە لە دەزگای دەسەڵاتی سەفەوییەکانەوە سەری هەڵدا. "شا عەبباسی سەفەوی" لە شەڕکەران و خوڵامانی ئەرمەنی و چەرکەس و گورجی فەوجێکی لە ناو سوپادا پێک هێنا، کە زۆری لێ نزیک بوون و دەستەڵاتی بەشەکانی دیکەی سوپای وە ک قزڵباشەکانی پێ کۆنتڕۆڵ دەکردن. یەک لەوان کەسێک بوو بە ناوی "ئیمام قوڵی خانی گورجی". بە هۆی نزیکیی ئەو دەستەڵادارییە لە کوردەکانی بابان، دیارە ئەوانیش ئەو جۆرە زاراوانەیان لە سوپای تازە پێکها توویاندا هەبووە. تاقمێکی هەڵبژاردە کە خوڵامامانی خاسسە و تایبەتی شای کوردان بون.

ئەم تاقمە مومتازە کە وا خاسسەیی شاهن

ئاشووبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن

لە پێکهاتەی سوپادا بەشەکان ئاوا دابەش کراون، ئەوانەی لە لای ڕاستی سوپاوە بوون بە مەیمەنە ناسرابوون، ئەوانەی لای چەپەوە بوون بە مەیسەرە ناویان دەهات. ئەوانی پاش و پێشی سوپا بە موقەدەمە و موئەخەرە و دەستەیەکیش لە ناو دڵی سوپادا سازمان دەدران بۆ هێرشی کاریگەر کە بە قەلبی سوپا یان سەربازانی جەرگەی سوپا ناویان دەهات.

 لەو شیعرەدا نالی باسی ئەو تاقمە مومتازە دەکا کە قەلب و جەرگەی سوپای بابانەکانن. دەستەیەک کە هێندە تایبەت و هەڵبژاردە و مومتازن، دڵی مەملەکەتی کوردان بۆیان کەتووەتە کوتە و ئاشووبی تێکەتوە و خۆشەویستییان لە دڵی مەملەکەتدا پەرەی سەندووە. چون ئەوانە پارێزەری نیشتمان و ماڵ و گیانی خەڵکن و شیکپۆش و کۆک و پۆشتەشن. لە لایەکی دیکەوە دڵی سوپای کوردانیان پێکهێناوە. کە لێرەدا ئاماژە بە گرینگیی ڕۆڵی ئەوان دەکا. چون سوپایەک ئەگەر بە گیاندارێک شوبهێندرابێ و لە ڕێی جوانکاریی گیان بەخشییەوە وای دانێین ئەو گیاندارە دڵێکی هەبێ، ئەوە ئەو دڵە تاقمە مومتازەکەن. ئەگەر دڵێک لە لێدان بکەوێ ئەو جەستەیە بە گشتی دەمرێ و ئەگەر بە پێچەوانەش کار بکا و وزە و ترپەی بێ، ئەوە گیاندارە شیعرییەکە واتە سوپا، لە سەر پێ و بە کەیف و دەماخە. ئەگەر بە ماناکەی دیکەشی بگرین ئەوە وەکی مودەڕیس دەڵێ ئەوانە لە ناو جەرگەی سوپا دان و پلە و پایەیەکی گرینگیان لە ڕاگرتنی سوپا و لەشکری کورداندا هەیە. لەو بەیتەدا شاعیر پێکهاتەی مەملەکەتێکی لە ڕێگای جوانکاریی تەناسوبەوە ساز کردووە. دیارە مەملەکەتێک لەو سەردەمدا، لەو بەشانە پێکهاتووە. شا، سوپا، شەڕکەری کارامە و خەڵک، لەو بەیتەدا هەموو ئەو ماکانە ئامادەن. مەملەکەت هەم بە مانای وڵات و هەم بە مانا مەجازییەکەی دانیشتووانی وڵاتێک، شای بابان، تاقمی شەڕەکەی هەڵبژاردووە، سوپای وڵاتیش کە بە گشتی پێکهاتەی وڵاتێکیان پێک هێناوە.

نالی پاش ئەوەی لە بەیتی یەکەمدا تاقمی مەبەستی خۆی ناساند، ئەوجار وەسفی لایەنە جۆراوجۆرەکانیان دەکا تا هۆکاری گرینگ بوونیان بدرکێنێ:

سەف سەف کە دەوەستن بە نەزەر خەتتی شوعاعن

حەڵقە کە دەبەستن وەکوو خەرمانەیی ماهن

لە مەشقی لەشکریدا، سەربازەکان سەف بە سەف بە تەکووزییەکی سەیرەوە دەوێستن. هەرچی ئەو تەکووزییە زیاتر بێ، ورەی خاوەن سوپا و تەنانەت فەرماندەکان بەرزترە. لە پێشەوەی سەف، کەسێک ڕادەوەستێ و لەبەر ڕێکوپێکی، ئەوانی دیکە هەموو هەر لە سیمای ئەودا دەبینرێن. واتە یەکێک کە هەمووانە و هەموان کە یەکێکن. وەک هێڵی نوور و تیشک و پڕشەنگ کە لە میلۆنەها زەڕرە پێکدێ و لەبەر ڕاستی و ڕێک و پێکێکەی ئێمە هێڵکی ڕاست و بێ گرێ و گۆڵ دەبینین. لێرەشدا لە میسڕەعی یەکەمدا شاعیر ئەو یەکیەتییە باس دەکا. "وەحدت لە عەینی کیسرەت"دا واتە "تاقانەیی هاوکات لەگەڵ زۆر بوون".

سەربازەکانی تاقمی مومتازی سوپای بابان، کە لە سەفدا ڕادەوەستن، لەبەرچاوی هەر بینەرێک یان بە نەزەری هەر بینەرێک، وەک خەتتی نوورێک ڕاست و بێ گرێوگۆڵن و هەر خەریکی تیشکدانەوەن. دەکرێ لایەنێکی ماناییی دیکەش زیاد بکرێ کە ئەوانە ڕووناکیبەخشی وڵاتیشن، وەک تیشک کە وڵات ڕووناک دەکاتەوە. لە نیوە بەیتی دووەمدا وێنەیەکی دیکە دەنەخشێنێ. هەر ئەو تاقمە ئەگەر ڕیزەکان تێک بدەن و لە هێڵی ڕاستەوە ببنە هێلی چەماوە و خڕ، واتە بە دەورە کۆ ببنەوە، دیسانیش هەر پێکهاتەیەکی تایبەت پێک دێنن کە ڕووناکی بەخشە، وەک ئەوەیان لێدێ بە دەوری مانگێکدا خەرمانەیان دابێ کە شکۆی ئاسمانە و تاریکی تێک دەشکێنێ. لێرەدا مانگ هەمان شا و خەرمانەش کە جوانی و شکۆی مانگەکە زیاتر دەکەن سەربازانی تاقمی خاسسەن کە لە دەوری کۆبوونەتەوە و دەیپارێزن.

 

نەرگس نیگەهـ و ساق سەمەن، کورتە بەنەفشەن

موو سونبول و، ڕوومەت گوڵ و، هەم لالە کولاهن

 

لە بەیتی سێهەمدا شاعیر بە ڕاونینێکی ئەویندارانەوە لەو تاقمە دەڕوانێ و ئەو وەسفانەیان بۆ دەکار دەکا کە عاشقێک بۆ خۆشەویستەکەی بەکاری د ێنێ. ئەو سەربازانە نیگایان وەک نەرگس وایە. واتە هەموو کەسانی چاوکراوە و بە ئەزموونن، هەرچەند لە ئەسڵدا نەرگس وەک خوازە بۆ چاوی گەورە و تەنانەت چاوی خەواڵوو دەکار کراوە، بەڵام لێرەدا خودی خوازەکەش بە واتایەکی دیکە دەکرێ مانای لێ هەڵبهێنجێنرێ. چاوکراوەیی واتە لێزانی و بە ئاگایی کە بۆ کەسی ئەندامی سوپا پێویستە. ساق سەمەن و و کورتە بەنەفشە، دوو شوبهاندنی دیکەن کە نالی بە مەبەستی ڕەنگڕێژیی جلوبەرگی سەربازەکان لە یەک نیگادا بەکاری هێناوە. چاوی کراوە و لاقی سپی وەک سەمەن و کەوای شینی وەک کورتە وەنەوشە، سیمایەکی جوان لە جلوبەرگیان دەنوێنێ و وەسفەکانی وەک موو سونبول ڕوومەت گوڵ کە ئاماژە بە تازە لاوی و ڕوو سوور بوونیانە لە بەرانبەر وڵاتدا و کڵاوی سووری وەک گوڵی لالەش بە سەریانەوە کە هەموویان لە کاتی پشکووتندا نیشان داوە. لەو بەیتەوە وردەکاری و وردبینیی نالی هێندی دیکە دەردەکەوێ و هەر بەو بەیتەوە دەتوانین سیمای سەربازێکی سوپای بابان بکێشینەوە.

سەربازێک بەو سیمایەوە کە باسی دەکرێ دەبێ ئاوا بووبێ؛ چەکمەی سپی لەپێدا، چاکەتی شین و بنەوش لە بەردا، مووی تازەیان لێهاتووە و نەرم و نیانن، ڕوومەتیان سوور و چاوگەش و چاو کراوەن و کڵاوێکی سووریشیان لەسەر ناوە.

گوڵزاری دەر و دەشتن و غیلمانی بەهەشتن

ئاهوو سەف و، ئاتەش بە کەف و، تیز نیگاهن

ئەو سوپایە لە بەیتی دواتر لەگەڵ زەمینە کۆمەڵایەتییەکەیدا دەبیندرێ. هەر ئەو کەسانەی باسیان کراوە کاتێک لە شار وەدەر دەکەون، واتە کاتی جەولەی لەشکر، دەر و دەشت دەکەنە گوڵزار، هێند جوان و ڕەنگا و ڕەنگن. دەرو دەشت کە بۆخۆی هێما ی خەمـڵان و جوانی و ڕەنگاوڕەنگیە، بەوانەوە دەخەمڵێ و ڕەنگاوڕەنگ دەبێ. دەر و دەشتێک کە خۆی گوڵزارە، ئەوان دەبنە گوڵزاری. واتە جوانین لە جوانیدا. چون هە ڵبژاردەی هەڵبژاردەکانن.

جودا لەوەش وەک ئاسک ڕیز بە ڕیز دەڕۆن. بەپەلە دەڕۆن. ئاوریان لە دەست دایە واتە چەکیان پێیە و نیگایەکی تیژ و وردیان هەیە. لەو نیوە بەیتەدا، دەتوانین دوو شت ببینین؛ هەم ئەگەر یەکە یەکەی وەسفەکان باس بکەین ئەوە سەربازەکان سفەتی ئاهوویان هەیە کە بریتییە لە ڕەوەک و سرک و سڵ بوون، ڕێک و پێکی و گورجی لە هەڵاتندا. ئاتەش بە کەفیشن، واتە هەم چەک بە دەستن هەم وەکی مودەڕەیس دەڵێ بە جوانییەکەیان ئاور لە دڵی عالەم بەردەدەن کە هەڵبەت ئەوە مانایەکی جوان بەڵام دوورە و لە ئاخریشدا تیز نیگاهن. واتە وردبینن و لەهەمو شت ورد دەبنەو و هەم بە وردی هەموو شت دەبینن و هەمیش هێند ورد بینن هیچ لە چاویان ون نابێ.

هەر ئەو نیوە بەیتە یەک بابەتی دیکەشی دەتوانین لێ زیاد بکەین، ئەویش ئەوەیە کە خێرایی و گورج و گۆڵی لەهەموو پاژەکانیدا ببینینەوە کە تایبەتمەندیی بەر چاوی سەربازەکان و سوپاکانە. ئەو سەربازانەی وەک ئاسک خێرا و گورجن لە ڕۆیشتندا و ئاوریان لە دەستدایە و چەک بەدەست ئامادەی شەڕن و نیگای خێرایان هیچی لێ ون نابێ. کۆی ئەوانە تاقمێکی گورج و گۆڵ و ئامادە نیشان دەدا.

KURDŞOP
741 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!