کەیفی جوانڕۆیی و ڕقی شاعیرانە و ئایینی و چینایەتی

شێخ ڕەزا هەجو نووس بووە و زیاتر تواناییی خۆی بۆ ئەو بوارە  تەرخان  کردووە، بەڵام سەیر نییە ئەگەر بڵێین جودا لەوەی ئەو شێوە نووسینە وەک شێوازێک ڕەچاوی کردووە وەک بەشێک لە تایبەتمەندیی دەروونیی شێخ ڕەزاش دەکرێ چاوی لێ بکرێ. چون لە هەر کوێ هەر کەسایەتییەکی بە دڵ نەبووبێ بەردی تێ گرتووە و شکاندوویەتی کە نموونەی لە نووسینی تایبەت بە کەیفیدا دەبینینەوە. بەڵام بۆ لەگەڵ کەیفی جوانڕۆیی شاعیری ئاوارە و دوورە وڵاتدا کارێکی وا دەکا؟

 

"کەیفی جوانڕۆیی" لەو شاعیرانەیە  لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا ژیاوە. بە ناوەکەیدا دەبێ خەڵکی لای جوانڕۆ بووبێ، بەڵام هەر لە مەڕ ژیانییەوە نووسیویانە بۆ خوێندن ڕووی لە "شارەزوور" کردووە و تەنانەت تاقمێک دەڵێن هەر لە شارەزوور لە دایک بووە و بۆ خوێندنی زانستە دینییەکان ڕووی لە شاری "کۆیە"  کردووە. بەڵام بەداخەوە  بە وردی ژیانی کەیفی ڕوون نییە، تەنانەت "دکتۆر مارف خەزنەدار" لە مێژووی ئەدەبەکەیدا، بە ناڕوونی  باسی  شوێنی لەدایکبوون و  تەنانەت پەیوەندییەکانی دەکا و دەڵێ:

کەیفی لە ساڵی ١٨١٤ لە گوندێکی ناوچەی جوانڕۆ لەدایک بووە. لەبەر ھەر ھۆیەک بێ یا وەک فەقێیەک مەڵبەندی خێزانی خۆی و باب و باپیرانی بەجێھێشتووە و لە کۆیە نیشتەجێ بووە، ئەو کاتە لە تەمەنی مێردمنداڵیدا بووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی حاجی قادری کۆیی دەریدەبڕێ، دەبێ کەیفی لە شارەزوور لەدایک بووبێ، لەبەر ئەوە بە (شارەزووری)ش ناوبانگی دەرکردووە. لەوانەیە ڕاستییەکە ئەوەبێ کەیفی خەڵکی جوانڕۆ بێ، قۆناغی یەکەمی کۆچکردنەکەی شارەزوور بووە، لەوێوە لە دەوروبەری ساڵی ١٨٦٣ ڕووی کردۆتە کۆیە. وەکوو ھەموو فەقێیەکی بێگانە بووە بە میوانی مزگەوت، بە مەبەستی زیندەگانی و تەواوکردنی خوێندنی حوجرە.

کەیفی لەلای مەلا عەبدوڵڵای جەلی خوێندوویەتی. لەو دەمەدا کۆمەڵێک لە مەلا و فەقێیانی مزگەوت دەمیان لە شیعر شیعرێن نابوو و شەڕە شیعریان دەکرد. وا ڕێک دەکەوێ شێخ ڕەزای تاڵەبانی، ماوەیەک بە مەبەستی خوێندن لە کۆیە دەژی و میوانی شێخ غەفووری مامی دەبێ. لەسەر شیعر وتن ناخۆشی دەکەوێتە نێوان کەیفی و شێخ ڕەزا و ئەو کەسانەی دەم لە شیعر دەدەن. ئەنجامی ئەم مەسەلەیە دەگاتە ئەوەی کەیفی ڕیسوا ببێ و ھیچی بۆ نەمێنێتەوە تەنیا ئەوە نەبێ لە ساڵی ١٨٦٩ کۆیە بەجێ بێڵێ ھەتا ھەتایە، بە ڕێگەی ھەولێر و موسڵ و حەلەبدا ڕوو بکاتە شاری ئەستەمبوڵ. لەوێ لەگەڵ حاجی قادر جارێکی تر دەست لەملی یەکتری دەکەنەوە.

دەڵێن کەیفی لە ئەستەمبوڵ پەیوەندیی لەگەڵ باڵیۆزخانەی فەڕەنسا بووە و شارەزایی لە زمانی فەڕەنسی پەیدا کردووە. وا دەگێڕنەوە کەیفی تەنیا ھۆنەرەوەی شیعر نەبووە، بەڵکوو دەست ڕەنگین و وەستای کۆڵین (زەنگوگراف و لیتوگراف) و دارتاشین و مۆزاییک و گرافیک و خەت خۆشیش بووە. کەیفی لە ساڵی ١٨٨٣ لە ئەستەمبوڵ کۆچی دوایی کردووە و تا ئێستا گۆڕی نەدۆزراوەتەوە.

ئەو زانیارییانە هیچ کامیان بە داخەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە، ئەوە لە حاڵێک دایە کە سەردەمی  کەیفی لە ئێمە زۆر دوور نەبووە. ئەوەی لە ڕێگای  شیعرەکانی خۆی و "شیخ ڕەزا"وە دەردەکەوێ هیندێک ڕاستیمان لە تواناییی  شیعریی کەیفی بۆ دەردەخا. دەنا باقیی بابەتەکانی دیکە تا دەستکەوتنی بەڵگەی بڕوا پێکراو، هەر وەک شیمانە دەتوانین چاویان لێ بکەین. لەو بارەشەوە واتە لە مەڕ پەیوەندیی شێخ ڕەزا و کەیفییەوە دەبێ بڵێێن: کەیفی پاش ئەوەی دەچێتە کۆیە، لە "مزگەوتی جەلی"دا دەگیرسێتەوە و وەک فەقێیەکی پیتۆڵ و شایی بەخۆ، دەست دەکا بە خوێندن. بەڵام بە هۆی  ناسیاوی لە گەڵ ئەدەبی کلاسیکی کوردی و فارسی دەست دەکا بە نووسینی  شیعر و هەر زوو دەبێتە سیمایەکی ناسراو لە بواری  شیعری کوردیدا. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ شاعیرانی دیکەی ناوچەکە و بە تایبەت کەسێکی وەک شێخ ڕەزا تاڵەبانیدا  ببێ. سەرەتا پەیوەندیی کەیفی و شێخ ڕەزا پەیوەندییەکی دۆستانە و لە سەر بنەمای هاوڕێیەتی و گۆڕینەوەی  شیعر و بیر و ڕا گۆڕینەوە لەمەڕ ئەدەبی کوردییەوە بووە. بەڵام وەکی دەزانین هەم شێوازی نووسینی شێخ ڕەزا و هەم ئاکاری  تایبەت بەخۆی، وای کردووە  ئەو دۆستایەتییە بەرەو ئاقارێکی دیکە بچێ.

شێخ ڕەزا هەجو نووس بووە و زیاتر تواناییی خۆی بۆ ئەو بوارە  تەرخان  کردووە، بەڵام سەیر نییە ئەگەر بڵێین جودا لەوەی ئەو شێوە نووسینە وەک شێوازێک ڕەچاوی کردووە وەک بەشێک لە تایبەتمەندیی دەروونیی شێخ ڕەزاش دەکرێ چاوی لێ بکرێ. چون لە هەر کوێ هەر کەسایەتییەکی بە دڵ نەبووبێ بەردی تێ گرتووە و شکاندوویەتی کە نموونەی لە نووسینی تایبەت بە کەیفیدا دەبینینەوە. بەڵام بۆ لەگەڵ کەیفی جوانڕۆیی شاعیری ئاوارە و دوورە وڵاتدا کارێکی وا دەکا؟ دەست دەکا بە شەڕە  شیعر و  بە گوتەی دکتۆر خەزنەدار کەیفییش کەسێک نەبووە دەم ببەستێ و لێی بترسێ و هیچ نەڵێ، بۆیە کەیفی سەرەتا بە نیانی وڵامی هەجوەکانی شێخ  ڕەزا دەداتەوە، بەڵام دواتر کە هێرشی شێخ ڕەزا زیاد دەکا، ئەویش بە لێهاتوویییەوە  وڵامی دەداتەوە و ئەوەش هەم  لای شێخ ڕەزا و هەم موریدەکانی لە کۆیە و لەو مزگەوتەی ئەو لێی خوێندووە بڤە بووە. هەر بۆیە بە هەمووان فشار دەخەنە سەر کەیفی جوانڕۆیی و بە سووکایەتی و ناخۆشی لەو مزگەوتە وەدەری دەنێن و ئەویش وەک زۆر شاعیر و بەبەهرەی دیکەی کوردستان، دڵشکاو لە نیشتمانەکەی بارگەی سەفەر دەپێچێتەوە و ڕوو دەکاتە ئەستەمبوڵ.

کافرە مەستە چاوەکەی غارەتی دین و دڵبەرە

پەرچەم و زولفە خاوەکەی بێنی لە میسک و عەنبەرە

زولفی  سیاهی وەک زرێ‌ ‌‌ تاکوو دەگاتە کەمبەرە

شکەن شکە ن گرێ گرێ حەڵقە و چین و چەنبەرە

لە چینی زولفی تابەتا خوتەن خوتەن خەتا خەتا

لە پێچی پەرچەمی هەتا نەزەر دەچێ موعەتتەرە

روومەتی ماهی نەوشەبی خەتتی غەریبی سەر لەبی

مەتڵەعی چاهی غەبغەبی خدری سەرابی کەوسەرە

قەددی بەڵا و ئافەتە قامەتە یا قیامەتە

نازکەری نەزاکەتە ئافەتی ڕووییی کیشوەرە

کەیفی لەبەر گرینی تۆ کوڵکنە مەنزڵی دڵی

سینە لە بەر گرینی تۆ کون کونە میسلی پەنجەرە

ئەو شێوە  شیعرەی  کەیفی میراتگری قوتابخانەیەکە کە کەسانی وەک "نالی" و "مەحوی" دایانمەزارند و کەسانی وەک شێخ ڕەزا و وەفایی و بێخود و...لەسەردەمی جیاوازدا درێژەیان پێ دا. ئەگەرچی سیستەمی تەعبیرە کان هەمان سیستەمی تەعبیری  شیعری پێشوویە، بەڵام هەر لەو چوارچێوەدا، کەیفیش وەک هەموو شاعیرانی دیکە زمان و تەبعی خۆی تاقی کردووەتەوە و  بەو چەند  شیعرەدا کە  لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا لێی تۆمار کراوە نیشانی داوە کە زمانی، زمانێکی ڕەوان و کوردینووسێکی بە توانا بووە؛ یاسا و ڕێسا ئەدەبییەکان و جوانکارییە ئەدەبییەکانی بە باشی زانیوە و تێیاندا وەستا بووە. کێشە عەرووزییەکانی ناسیوە و لەو  چەند نموونە کەمەدا، چەندین کێشی جیاوازی  شیعری تاقی کردووەتەوە.

 تەنانەت ئەگەر بە لەبەرچاو گرتنی بازنەی وشەکان شاعیر هەڵبەسەنگێنین، دەبین "بازنەی وشە"ی کەیفی لە چاو کەسانی هاوسەردەمی خۆی  بۆ خواستنەوەی وشەی تازەتر و تا ئەودەم  ناشاعیرانەتر، بازنەیەکی فراوانترە. لەو غەزەلەی سەرێدا دوو وشەی "نەوشەب" و "پەنجەرە"، یان بەر لەو کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە یان زۆر بەکەمی لە شیعری کوردیدا هەن. ئەویش وشەی دووەمیان کە کراوە بە قافیە هەم تازەیی و هەم جوانییەکی زیاتری بە شیعرەکە بەخشیوە. دیارە ئەگەر دەقی زیاتری کەیفی لەبەر دەست بایە دەکرا زیاتر ئەو توانایەی کەیفی هەڵبەسەنگێنن.

 لە غەزەلێکی دیکەیدا، دیسان لە هێنانەوەی قافیەدا وەستایەتیی بە خەرج داوە. هەم وشەی ڕ ەسەنی بەکار هێناوە هەم لەو شێوە قافیەیە بە تازەییەوە لای ئەو  تاقی کراوەتەوە. وشە گەلی وەک "تەواوە" و "سواوە" و "بەسراوە" و "نەماوە" و ...  بوونەتە قافیە و هەموویان لە شێوەی قافیەسازیدا نوێن.

ئەم دڵ ڕەشە  بێ ڕەحمە فەڕەنگێکی تەواوە

رەش قەلبی ڕەشە  فیتنە بە چاو ناوی نراوە

قەوسی بە سوپەر کردووە  گرتوویە بە دەستی

سەد خەنجەری خوێنڕێژ و دوو سەد تیری سواوە

زنجیری عەداڵەت نییە ئەم زاڵمە زولفە

هە ڕچەند بە بەنێ بەندە بە ڕووی عەڕشی خوداوە

دایناوە لەسەر مەسحەفی ڕووی داوی سیاهی

 لەم وەجهە بە دەست کفرەوە ئیمانمی داوە

رەمزی دەمە ئەو نوقتە لەسەر شانەیی هەنگوین

نەقشی قەدەمی  مێشە  کە نێوێکی نەماوە

 خەتتی نەزەرت گرتییە ڕشتەی کەمەرت بۆچ

لەم کێوە کە وەک زێوە بە حەسرەت بەسراوە

ژێری کەمەری باسی بکەم باری گوناهە

کەیفی لەبن ئەم باری گوناهە ملی ناوە

 

KURDŞOP
637 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!