هەڵسەنگاندنی ڕۆمانی: دەرگاکە دامەخەن، پەڕەسێلکەکان دەگەڕێنەوە

ئەگەر هێلانەکە لەناو نەچێت، کۆچکردوو دەگەڕێتەوە. کارەکتەرەکانی ئێمەش دەگەڕێنەوە سەر ڕەگ و ڕیشەی خۆیان، چونکە ناتوانن لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان دوور بکەونەوە، ئەگینا وشک دەبن، بەتاڵ دەبن، ون دەبن و ... ڕۆمانەکەی ئامیدا ڕۆمانی کۆچکردن و گەڕانەوەیە، بەڵام بۆ گەڕانەوە دەبێت دەرگاکە کراوە بێت، دەبێت هێلانەکە لە شوێنی خۆیدا بێت.

شێرکۆ ژانزێم

کوردشۆپ – "عیرفان ئامیدا" بە شیعر چالاکیی ئەدەبیی خۆی دەست پێ کرد. پاشان بە توێژینەوە و وەرگێڕان بەردەوام بوو، دواتریش بە ڕۆمان درێژەی بە ڕەوتی ئەدەبیی خۆی داوە. "دەرگاکە دامەخەن، پەڕەسێلکەکان دەگەڕێنەوە" سێیەم ڕۆمانی ئامیدایە.

"دەرگاکە دامەخەن، پەڕەسێلکەکان دەگەڕێنەوە" وەک ڕۆمانی پێشووی عیرفان ئامیدا، دیسان زمانێکی هەیە کە بە قسەی زۆرێک لە خوێنەران قورسە و بە بڕوای هەندێکیش جوان و بەجێیە. بە بڕوای من زمانەکە قورسە، بەڵام تا مرۆڤ زیاتر بچێتە ناو ڕۆمانەکەوە زمانەکە خۆشتر دەبێت و مرۆڤ دەگاتە زمانێکی شیعری و لەگەڵ ئەو زمانەشدا ڕستەی فەلسەفی و شیکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی زیاد دەکات و ئەمەش وا دەکات مرۆڤ سەرنجی لەسەر بابەت و ڕستە و وشەکان بێت.

وەک لە سەرەوە وتم زمانێکی قورس و ڕستەی کورت و ئاڵۆز و وێنەی زۆر لە ڕۆمانەکەدا هەیە. هەروەها سەدان وشە کە لە زمانی ستاندارددا بوونیان نییە بەکارهێنراون و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو خوێنەرانەی شارەزای بنزاری ماردین نین، لە زۆر شوێندا تووشی کۆسپ بن. ڕستە کورت و ئاڵۆزەکان، بارگرانیی مانا قورستر دەکەن، بۆیە کاری خوێنەر قورستر دەبێ. دیالۆگەکان کەمن. بەڵام سەرنج و ڕوونکردنەوەکان چ دوای دیالۆگەکان و چ لە کاتی دیالۆگەکاندا زۆر قورسن و زۆرجار خوێنەر دیالۆگەکان لەبیر دەکات. دیالۆگەکان لە ناو دروستکردنی فەزا و کارەکتەرەکان و باری دەروونیی کارەکتەرەکاندا ون دەبن و ئەمەش وا دەکات تێگەیشتن لە دیالۆگەکان سەخت بێت. ئەو کارەکتەرانەی لە کۆمەڵگادا لاڕێ بوون، دەست بە شیکاریی کۆمەڵایەتی دەکەن. هێندە فەلسەفیانە قسە دەکەن خەڵک ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا لەبیر دەکەن، واتە نووسەر دەست لە کارەکتەرەکانی وەردەدات.

چیرۆکێکی ناوەندی لە ڕۆمانەکەدا نییە. ناوەندی ڕۆمانەکە بەتاڵە، هەر چیرۆکێک خوێنەر بەرەو چیرۆکێکی تر دەبات و هیچ چیرۆکێک کۆتاییی نایەت، هەموو چیرۆکەکان ناتەواون. بەڵام بە گشتی دەتوانین بڵێین ڕۆمانەکە، ڕۆمانێکی کۆچبەرییە و چوار چیرۆکی کۆچبەریی تێدایە.

چیرۆکی یەکەم لەسەر نەسیما و زەریفایە، کە لە وڵاتێکی دوورەوە هاتوونەتە نسێبین و لەوێ گەورە بوون؛ هاوسەرگیرییان کردووە، ماڵ و منداڵیان پێکەوە ناوە، بەڵام هێشتا هەست ناکەن سەر بەو شوێنەن و بە چاوی کۆچبەران سەیری خۆیان دەکەن .

چیرۆکی دووەم باس لە زەرگا و شیلانی کچی دەکات. کە ئەوانیش لە لالەشەوە هاتوونەتە نسێبین و پیرۆی مێردی زەرگا لە ڕۆژاڤا شەڕڤانە. وەک نەسیما و زەریفا خۆیان بە هی ئەو شارە نازانن و چاوەڕێی پیرۆن بۆ ئەوەی لەوێ باربکەن و بڕۆن.

 

  "- دەگەڕێینەوە ڕۆژئاوا بۆ لای بابە؟"

"- نەخێر، با باوکت بێت بۆ ئێرە."

   "- دەچینە شنگال؟" (ل80) ...

 

  ئەم دیالۆگانەی نێوان زەرگا و شیلانی کچی زیاترن و لەم دیالۆگانەدا ئاشكرا دەبێ کە ئەوان دڵیان لەسەر ئەم شوێنە نەماوە.

چیرۆکی سێیەم لەسەر عوسمانە. سەرەتا لە نسێبینەوە ڕووی لە ئەستەنبوڵ کردووە و جارێکی تر گەڕاوەتەوە. بەڵام لە چیرۆکی عوسماندا، بە پێچەوانەی ئەوانی تر، گەڕانێک بۆ ونبوون یان پشتبەستن بە خۆ نابینین. هەرچەندە هەندێک جار هەندێک کوڕ پێیان دەگوت بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تا ئێستا لێی بووە. "- تا دوێنێ لەو شوێنە بوو، با بچێتەوە ئەوێ." (ل94) عوسمان زۆر جاران ئەم قسانەی پێ دەگوترا، بەڵام هەرگیز گوێی لەو قسانە نەگرت. ئەگەر باسی کارەکتەری عوسمان بکەین دەتوانین بڵێین عوسمان دەنگی ناڕازیی ناو کتێبەکەیە. لە زۆر جێگادا خۆی و خەباتکارە گەنجەکان دەمەقاڵێ دەکەن و تەنانەت هەندێکجار دڵیان لە عوسمان دێشێ و کاردانەوەی توندیان بەرانبەری دەبێ. نموونەیەک لە دیالۆگەکانی نێوان عوسمان و گەنجانی شەڕڤان ئەمەیە؛ "- دونیا ئەمجارە قووتی دەدات. کورد قەت هێندە لە ڕۆژەڤی جیهاندا نەبووە. پشتگیریمان بکەن هەڤاڵان. ئێمە ئەمڕۆ باوەڕی هەموو گەلانین. ئێمه‌ ته‌نیا نین." (ل210) وڵامی عوسمان بۆ ئەم قسانە ئەوەیە:

 "- تا ئێستا هیچ بەرانێک نەگەیشتووەتە چەقۆی سمایلەکەمان."

"- ئێمەش لە پێش چەقۆی هیچکەس سمایل نین خاڵە عوسمان." (ل211)

چیرۆکی چوارەمی کۆچکردن، کۆچکردن بوو لە نسێبینەوە. لە ڕۆمانەکەدا لە زۆر شوێن باس لەوە کراوە کە خەڵکێکی زۆر کۆچیان کردووە و تا ئێستاش خۆیان بۆ کۆچ ئامادە دەکەن.

وەک لە سەرەوە وتمان ناوەندی ڕۆمانەکە چۆڵە و چوار چیرۆکی کۆچبەریی تێدایە. دوای ئەم نموونانە بە ئاسانی دەتوانین بڵێین ڕۆمان، ڕۆمانێکی کۆچکردنە و کۆچ لە ناوەندەکەیدایە، بەڵام سەرەتای هەر چیرۆکێک لە نسێبینە و لە نیسێبیندا پەناگەیەکی کەم هەیە.

کارەکتەری تریش هەیە کە ناکرێ باسی نەکرێ و بە بێ باسکردن لەو، بابەتەکە بە ناتەواوی دەمێنێتەوە، ئەویش سۆفی کیسەیە. سۆفی کیسە کارەکتەری تایبەتی کۆمەڵگای ئەمڕۆمانە، خاوەن موڵکێکە کە ئەوەندە چاوچنۆکە کە کیسە دەخاتە سەر گوانی بزنەکان بۆ ئەوەی کاریلەکان شیرەکەیان نەخۆن. هێشووی ترێ دەخاتە ناو کیسە، بۆ ئەوەی باڵندە و قەلەڕەش نەیخۆن. پێش ئەوەی سۆفی کیسە بار بکا، خەریکە کیسە بەسەر هێشووە ترێکاندا دەکێشێ و لە دیالۆگی نێوان خۆی و زەرگادا دەڵێت: "- زۆر حەیف و خەسارە گەنجۆ، باڵندە و جڕ و جانەوەر ئەمانە بخۆن و منداڵە ورکە تێیان وەربن”. (ل179) لێردا دەبینین سوفی کیسە کەسایەتییەکی چاوچنۆکە و هەرچی موڵکی خۆی بێ نایدا بە کەسی دیکە. ئەگەر لە شارەکەش بار کا و بڕوا، چاوەکانی بەرایی نادا باڵندە و ئاژەڵ و منداڵەکان ترێی ئەو بخۆن. خراپ بوون و ڕزینیان لە کیسەدا باشترە لەوەی مەل و ئاژەڵ و منداڵان بیانخۆن. وڵامی زەرگا بۆ سۆفی کیسە وای لێ دەکات ڕوو لە گۆشەیەکی تر بکات و بێدەنگ بێت. با سەیری وڵامی زەرگا بکەین؛ "- مادام تۆ خۆت دەڕۆی، چی دەیخوا و کێ دەیخوا با بیخوا خاڵە سۆفی. خۆ بەو دارەوە بمێنن دەڕزێن؟" (ل179)

ئەگەر هێلانەکە لەناو نەچێت، کۆچکردوو دەگەڕێتەوە. کارەکتەرەکانی ئێمەش دەگەڕێنەوە سەر ڕەگ و ڕیشەی خۆیان، چونکە ناتوانن لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان دوور بکەونەوە، ئەگینا وشک دەبن، بەتاڵ دەبن، ون دەبن و ... ڕۆمانەکەی ئامیدا ڕۆمانی کۆچکردن و گەڕانەوەیە، بەڵام بۆ گەڕانەوە دەبێت دەرگاکە کراوە بێت، دەبێت هێلانەکە لە شوێنی خۆیدا بێت.

ئەو شەوانەی شەوی کوندانن، بەربەیانیان خاوە کوڕی من، کوند لە هەیوانێ، بەرەبەیانان دەخۆن. پەڕە سێلکە ئاوا نین. بە هەناسەی ئەوان بەیانی دێتەوە. (ل151)

KURDŞOP
912 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!